ململانێ‌ی ئۆکراینا: ئایا ئەمە دەستپێکی جەنگی جیهانیی سێهەمە؟

ئەمجارەیان ئالان ودز سەرنوسەری ماڵپەڕی "لە بەرگری مارکسیزمدا " زانیارییەکان دەربارەی بارودۆخی ئۆکراینا نوێ ئەکاتەوە. لەگەڵ داگیرکارییەکانی ڕوسیا گورزێک پڕوپاگەندە لە لایەن میدیاکانی ڕۆژئاواوە پەمپ ئەدرێت، کە لەگەڵ هاواری ڕۆژنامەکان دەربارەی مەترسی جەنگی جیهانی سێهەم بووەتە هۆکاری خوڵقاندنی هەلومەرجیکی هستریای بێئەدازەو ڕەها. لە کاتێکدا سەرکردە ئیمپریالیستییەکان بەردەوامن لە پیشاندانی دووڕوویی شەرمەزارانە لە سەرکۆنەکردنی پێشێلکردنەکانی پوتین بۆسەر "شکۆی نیشتمانیی ئۆکراینا"، هیچ شەرمیان لە ڕابردووی جەنگخوازیی خۆیان بە دوای بەرژەوەندییە تایبەتەکاندا نییە. پێویستە لەسەر مارکسیستەکان پەیامی گاڵتەجاڕانەی " نیشتمانپەروەریی" و " یەکێتی نیشتمانیی" لەو کاتانەی لەنێوخۆدا بەردەوامن لە بەگژداچوونەوەی چینە باڵادەستەکان لە هەر جێیەک ڕەد بکەنەوە.

[Source]

زۆرکات ئەوترێت کە قوربانی یەکەمی جەنگ ڕاستی‌یە. لەنێو ئەم هەموو تەمومژە ژەهراوەییەی پروپاگەندەی درۆ و ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییەکان، بە ڕاستی ئەستەمە هەڵسەنگاندنێکی ورد دەربارەی مەیدانیی بارودۆخی جەنگ بدەین بەدەستەوە.
داگیرکردنی ئۆکراینا بە کۆڕاڵێکی گوێکەڕکەری سەرکۆنەکردن لە لایەن ئیمپریالیستەکان وەڵامدرایەوە، لێشاوێک لە پڕوپاگەندەی هەڵبەستراو هەن ئەیانەوێت سەرجەم تۆمەتەکان بخەنە ئەستۆی ڕوسیا، و ئەوە نیشان بدەن هێرشی سەربازییانەی پوتین بەهۆی بەرگری و قارەمانی پاڵەوانەکانی سوپای ئۆکرایناوە شکستی هێناوە.

ئەبێت بە ئاگاهییەکی زۆرەوە دەربارەی پڕوپاگەندەکانی وەستانی هێرشەکانی ڕوسیا، و خۆ سازو کۆکرنەوەی سوپای ئۆکراینا و ناچارکردنی دوژمن بە پاشەکشە بۆ خاڵی بەرگریی مامەڵە بکەین. ئەوانەی ئەیانەوێت ئەم وێنایە نیشان بدەن هەر کێیەکن بن، بە دڵناییی‌یەوە هیچ وێنایەکی وردو ڕاستەقینەی بارودۆخەکە نادەن بەدەستەوە. بەڵام ئامانجی ئەم کۆراڵە گوێ کەڕکەرە مەبەستی لە هاندانی خەڵک بۆ بیرکردنەوەی عەقلانیی نییە. بەڵکو بە پێچەوانەوەیە، هەرئەمەشە لەبەردەم هەر بەڵگەیەکی عەقلانیدا بە تەواویی کەڕیان ئەکا و بیرکردنەوەیان بە تەواوی ڕائەوستێت. ئەم گورزە لە پرووپاگەندە بێپێشینەیە لە پێناو خوڵقاندنی بارودۆخێکی هستریایی دیزاین کراوە. لەم ڕووەوە سەرکەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە، لانی کەم لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیدا.

ئامانجی سەرەکی ڕازیکردنی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوایە بە پێداویستی یەکخستنی ڕیزەکان، بۆ یەکگرتن دژ بە مەترسی هێرشی دوژمنکارانەی ڕوسیا لەژێر ناوی "یەکێتی نیشتمانیی". بەڵام یەکێتی لەگەڵ کێ؟ و بۆچی؟ یەکێتی لەگەڵ سەرکردەو حکومەتەکانی ئێستایاندا، لەگەڵ ئەمریکییەکان و هاوپەیمانی ناتۆ، بە کورتی لەگەڵ چینە بالادەستەکەیان و هێزە ئیمپریالیستە هەرە دژمنکارو دواکەتووەکان.

ساموئێڵ جۆنسون جارێکیان وتی: "نیشتمان پەروەریی دواین پەناگای بێویژدان و چەقۆکێشەکانە "، ئەمەی زۆر بە جوانی لە سەدەی هەژدەدا وت. ئەم ڕاستگۆیییە لەمڕۆشدا هیچ کەمی نەکردووە. بە دەستلێدان لە هەر یەکێک لەم خانم و پیاوە بەڕێزە " نیشتمان پەروەرانە" هەمیشە گاڵتەجاڕترین، درۆزنترین، دڕندەترین ئەو خەڵکانەی کە تا ئەتوانی وێنایان بکەیت بەرچاو ئەکەوێت.

زۆرترین ڕۆڵی جێ شەرمەزاری و قێزهاتنەوە ئەو ڕۆڵەیە سەرکردە ڕیفۆرمیستە ڕاستڕەوەکان لە سۆسیال دیموکرات و یەکێتییە کرێکاریەکان لە ئەوروپا ئەیگێڕن. کە هیچ کاتی خۆیان بەهەدەر نەدا بۆ چوونە پاڵ سەرمایەداری و ئیمپریالیستیەکان لە کەمپەینە هستریاکەیان دژ بە ڕوسیا. ڕووپۆشی خۆیان وەک یەکێک لە لاوازترین شوێنکەتووەکانی دوژمنی چینی کرێکار لە هەر وڵاتێک لادا.

هەروەها مامەڵەی ڕیفۆرمیستە چەپەکانیش بە دەوری خۆیان لەوان باشتر نەبوو. بەم پلە یان ئەو پلە ڕێگایان بە پەلکێشکردنیان بە دوای هاتوهاواری کۆرسی " ڕزگارکردنی ئۆکراینای هەژار" دا ، بێ خۆماندووکردنیان لە لێکدانەوەی بەرژەوەندییە چینایەتییە شاراوەکانی پشت ئەم ناکۆکیانەی ئێستا.

جەنگی جیهانیی سێیەم؟

سرشتی گشتی زاڵبوو لە نێو جەماوەری ڕۆژئاوا تێکەڵەیەکی شێواوە لە هاوسۆزییەکی سروشتیانە بۆ ئازارەکانی خەڵکی ئۆکرایناو ئاوارەکان، و ترس لە پەلهاویشتی زیاتری ناکۆکییەکان، کە ببێتە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم بە هەموو لێکەوتە وێرانکارییەکانییەوە بۆ سەر جیهان.

ئەم ترسانە هێندەی تر بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییانەی سەرۆکی ڕوسیا فلادیمیر پوتین توندتر بووەتەوە کە هێزەکانی بەرگری ناوەکیی ڕوسیای خستە ئامادەباشییەوە. هەرچەندە بە تەواویی هیچ زەمینەیەکی نییە. ڕێگا بدەن با زیاتر ڕوونی بکەینەوە. هیچ جەنگێک لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، نە لە ئێستا و نە لە داهاتووی پێشبینکراودا ڕوونادات.

ڕێگە بدەن ئەو شتانەی بۆ هەر مارکسیستێک (ئەلفو بێ‌) یە دووبارە بکەینەوە. سەرمایەداریی جەنگ لە پێناوی نیشتمانپەروەریی، دیموکراسی، یان هەر یەکێک لە پرنسیپە باڵاکان بەرپاناکات. کێشی جەنگ لە پێناو قازانج، بۆ دەستبەسەرداگرتنی بازاڕی دەرەکی، سەرچاوەکانی مەوادی خاو( وەک نەوت)، و بەرفراوانکردنی دامێنەو ناوچەکانی هەژموونگەراییان ئەکەن.

ئایا ئەم پێشنیازە بنەڕەتییە بە تەواویی ڕۆشن نییە؟ ئایا هەروەها زۆر ڕۆشن نییە کە جەنگی ناوەکی هیچکام لەم ئامانجانە ناخاتە ڕوو، بەڵکو وێرانکردنی هاوبەشانەی هەردوولا. تەنانەت دەستەواژەشیان بۆ پێناسەی ئەم دەربڕینە داڕشتووە  [وێرانکردنی دڵناییی هاوبەشانەی هەردوولا  (MAD).]

ڕاستیی ئەوەی جەنگێکی لەو جۆرە لە بەرژەوەندی خاوەنانی بانک و سەرمایادراندا نابێت ، تەنانەت بۆ منداڵێکی تەمەن شەش ساڵانە کە زۆر ژیریش نەبێت ڕوون ئەبێتەوە، هەرچەندە ئەمە، بۆ ژمارەیەک خەڵک کە خۆیان بە مارکسیست ناو ئەبەن ئاشکراو ڕۆشن نییە. فاکتەرێکی یەکلارەکەرەوەی تر بەرهەڵستکاریی خەڵکە بۆ جەنگ. بە تایبەت (نەک بە تەواویی ) لە وڵاتی ئەمریکا. ڕاپرسییەکی ئەم دواییانە ئاماژە بەوە ئەکات کە تەنها ٢٥%ی دانیشتوانی ئەمریکا لەگەڵ دەستتێوەردانی سەربازییانەی ڕاستەخۆی ئەمریکان لە ئۆکراینا، کە بە دیوێکی تردا مانای بەرهەڵستکاری زۆرینەی خەڵک ئەگەیەنێت.

بە لەبەرچاوگرتنی شکستی شەرمهێنەرانەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان کە وەک ڕاستییەکی سەرزەنشتکراو و بەداخ لە هۆش و بیری خەڵکدا جێکەوتووە، ئەم بێزاری و توڕەیی‌یە لە جەنگ مەسەلەیەکی سەرسوڕهێنەر نییە. ئەمە هەر ئەو کاتانە دەرکەوت کە ئۆباما لە ڕێگەپێدانی دەستێوەردانی سەربازیی لە سوریا بەکردەوە شکستی هێنا.

خەڵكی ئەمریکا بە تەواوی لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان و جەنگەکان بێزارو توڕەن، کە لە خۆیدا فاکتەرێکی بەهێزە و مانۆڕی هەریەکە لە بایدن و پنتاگۆن سنووردار ئەکات. هەر ئەمەیە، نەک ترس لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم، کە بەربەستەو ڕێگرییان لە ناردنی هێزە سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سوپای ڕوسیا لە ئۆکراینا لێئەکات. ڕاستی ئەوەیە کە پوتین چەند لێدوانی دیماگۆجیانەی دەربارەی خستنە ئامادەباشی هێزەکانی ناوەکی لە چەند وێستگەیەکی چالاکدا بڵاوکردەوە کە هیچ بایەخ و گرنگییەکی سەربازییان نییە. ئەمە زۆر ڕۆشنە بۆ ستراتیژ ناسەکانی سەرمایەداری و پنتاگۆن، کە وەک خۆی ئەیبینن- هەوڵدانێکی گەوجانەی شەڕی سایکۆلۆژیی. بەم بۆنەیەوە ، ئەمریکا خۆی لەم ڕووەوە لە ساڵی ١٩٧٣دا بە تەواویی تاوانباربوو، لە کاتی جەنگی ڕۆژی لێخۆشبوون لە نێوان ئیسرائیل و میسر، ئەو کاتانەی ڕایانگەیاند بەرگرییە ناوەکییەکانیان خستووەتە پلەی سێ‌ی ئامادەباشییەوە ( پلە یەک بە مانای جەنگە).

ئەم جۆرە مانۆڕانە ئەبنە هۆکاری شڵەژان و دڵەڕاوکی لە بەرلین و بروکسل، بەڵام هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ناکۆکی ئێستای ئۆکراینا و نە لەسەر حسابکردنەکانی ستراتیژناسە جدییەکانی سەرمایە نابێت.

ئایا سزاکان کاریگەری خۆیان ئەبێت؟

پاش ئەوەی ئیمپریالیستەکان بە کردەیی ئیمکانیەتی ناردنی هێزیان بۆ ئۆکراینا دوور خستەوە- کە تەنها هەنگاوی جدییە بتوانێت کاریگەریی لەسەر دەرئەنجامی ناکۆکییەکە دابنێت – ئیتر ئیمپریالیستەکان ئەبێت تەنها بە تۆمارکردنی چەند خاڵی پڕوپاگەندەی هەرزان بەها لە ڕێگای کەمپەینە هیسترییەکەیانەوە بە ئاراستەی ئیهانەکردنی دژ بە ڕوسیا بگیرسێنەوە ، هاوشان لەگەڵ چەسپاندنی چەند سزای نوێ دژ بە بانک و کۆمپانیا ڕوسییەکان و ناردنی چەند هاوکارییەکی سەربازیی دیاریکراو بۆ کیێڤ. 

هیچکام لەم هەنگاوانە سادەترین کاریگەرییان لەسەر دەرئەنجامەکانی جەنگ نابێت.

زۆرترینی ئەو سزایانەی شانازییان پێوە ئەکەن شکست دێنن، یەکەم لەبەر ئەوەی، ئەم سزایانە لە ڕابردوو هیچ سەرکەتوو نەبوون، و هەروەها پوتینیش بە کردەیی زنجیرەیەک لە ڕێکاری پەیگیرانەی تایبەتی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕوسیا بە بازرگانی و مامەڵە داراییەکانی ڕۆژئاواوە داڕشتووە، لەهەر حاڵێکدا سزا ئابوورییەکانی کاتێکی درێژخایەنیان ئەوێت تا کاری خۆیان بکەن – چەند مانگێک، ئەگەر نەڵێین چەند ساڵێک – ئیتر لەو دەمانەدا ناکۆکیی ئێستا ئۆکراینا ماویەکی زۆرە کۆتایی پێهاتووە.

بەڵام هۆکارێکی تر هەیە و ئەکرێت لای هەر کەسێکی سادەش ڕۆشن بێت. هەر ئێستا خۆیان هەڵئەکێشن و شانازی بەوەوە ئەکەن کە بانکەکانی ڕوسیایان لە سیستمی (سویفت) دەرکردووە، ئەو دامەزراوە داراییەی تایبەتە بە مامەڵە داراییەکانەوە لە بازرگانی جیهانیدا . بەڵام ئەم ڕێکارە لە پلەی یەکەمدا، تەنها کاریگەری لەسەر چەند بانکێکی کەم دائەنێت، ئەوە زۆر ڕوونە بە تەواویی کە بانکە سەرەکییەکانی مامەڵەکردن بە نەوت و گازی ڕوسیا ڕووەو ئەوروپا کاریگەرییان لێناکرێت.

ئەڵمانیا پاش قاچ لێڕاکێشانی بۆ ماوەیەک، ڕایگەیاند مۆڵەتنامەی هێڵە بۆرییەکانی غازی نۆرد ستریمی٢ ڕائەگرێت، بۆ ئەوەی وردتر ڕوونی بکەینەوە، مەسەلەکە پەیوەندی بە وەستانەوە نییە، بەڵکو بە هەڵپەساردن، کە ئەمەش شتێکی تەواو جودایە. ئەتوانین زۆر بە دڵناییەوە ئەوە ڕابگەیەنین کە هەر ئەو ساتەی ناکۆکیی ئێستا (بەهەر ڕێگایەک بێت . و ئەشبێت ) کۆتایی دێت، ئا ئەو کاتە ئەم سزایەو هەندێکی تریان وازیان لێئەهێنرێت، بە تایبەت لەو جێیەی کاریگەرییە زیانبەخشەکان لەسەر ئابوری ئەوروپا، و بە پلەی یەکەمیش ئەڵمانیا، هێندە ئازاربەخش ئەبن کە توانای بەرگەگرتنیان نییە.

ئەڵمانیا ، سەرباری هەموو بانگەشەکان بە پێچەوانەوە، ناتوانێت هیچ سەرچاوەیەکی تری جێگرەوەی بەردەوام بۆ نەوت و غاز بە نرخی گونجاو بدۆزێتەوەو دابین بکات. هەروەک ئەزانین پرنسیپ پرنسیپە بەڵام بزنزیش بزنسە [واتە بەرژەوەندی لە پێشە]! . بڕیاری خێرای ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا- ئەو مەسەلەیەی هەمیشە ئەڵمانەکان بە بەردەوامی ڕەدیان کردووەتەوە – کردەیەکی گاڵتەجاڕانەیە، هەم زۆر کەمە و هەم زۆر درەنگ کەوتووە لە ڕاگرتنی پێشڕەوەییەکانی ڕوسیا، بەلام هاوکاری و کۆمەک بە درێژەکێشانی ناکۆکی ئازاربەخش و خوێناویی لەسەر حسابی ئازارچەشتنەکانی خەڵک ئەکات، کە هەمیشە ڕۆژئاوا بانگەشەی ئەکات کە گوایە تەنها پرسێکە مەبەستی بێت. 

هیچ گومانێک لە هەستی دڵسۆزانەو هاوپشتیکردنی کرێکاران لەهەر جێگایەک لەگەڵ ئازارچەشتنەکانی خەڵکی ئۆکراینا نییە، کاتێک کرێکارانی ڕوس، ئەڵمان، فەڕەنسی، و ئەمریکییەکان هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئۆکراینەکان دەرئەبڕن، باوەڕیان پێئەکەین، بەڵام کاتێک بایدن و جۆنسۆن و ماکرۆن و شۆڵز هەمان شت بڵینەوە ئەوا خەڵکە بەشکۆکان تەنها ئەتوانن لە قێزلێهاتنەوەیان ڕوویان وەربگێڕن.

 

ئایا هێرشەکە شکستی هێنا؟

ماشێنی پڕوپاگەندەی ئیمپریالیزم پێداگری لەوە ئەکات کە پوتین لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکەی شکستی هێناوە، و پێشرەوییەکانی سوپای ڕوسیا بەهۆی بەرگریی سوپا قارەمان و پاڵاوانەکەی ئۆکرایناوە ڕاوەستێندراون، لەبەر نەبوونی هیچ جۆرە زانیارییەکی پشتڕاستکراو، ئەستەمە دڵنیایی لە کەشی ڕاستەقینەی بارودۆخەکە بخەینە ڕوو، بەڵام ئەم لێدوانانە ناکرێت وەک سەرچاوەی ڕاستیی چاویان لێبکەین.

ڕاستی یەکەم سەرنجی بدەین ئەوەیە، کە تەنها ژمارەیەکی یەکجار کەمی سوپا ١٩٠ هەزار سەربازییەکە بڵاکراونەتەوە، کە لەسەر سنوری ئۆکراینا جێگیر کراوبوون. و ئەکرێ هێواشی پێشڕەوییان تا ڕاددەیەک بە پێویستی هێنانی ئازووقە، خۆراک و زەخیرەی سەربازیی و ،...هتد لێک بدەینەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە لە هەر وەستانێکی سوپادا، دانوستان لە لایەن پوتینەوە پێشکەش کراوە، پێئەچیت ئەم ستراتیژییە دەسئەنقەستانە بێت، ئەوە ڕوونە بەو هیوایە بوو تەنها داگیرکارییەکە لە ناچارکردنی ئۆکرانییەکان بە دانیشتن لەسەر مێزی گفوگۆ کافی بێت، کە لە تواناییدایە داخوازییەکانی جێبەجێ بکات، و چەند ئاماژەیەک هەن کە نیشاندەری ئەوەن ئەم ستراتیژییە لە واقیعدا سەرکەتوو بووە.

شەوی هەینی چەند ئاماژەیەکی ڕوون هەبوون بۆ ئامادەیی دانوستانی سەرۆکی ئۆکراینا فلادیمیر زیلینسکی، ئەوە ڕوون بوو کە لە دۆخێکی ترس و شڵەژاندا بوو. بەڵام زۆرینی فشارەکان لە لایەن توخمە ڕاستڕەوەکان و هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکییەکانەوە بۆ گۆڕینی بیروڕای لەو بارەیەوە بەس بوون و دواتر هەڵوێستێکی ئالنگارییانەی نیشاندا. ئەو شتەی کە مەبەست لێ‌ی بەردەوامی جەنگە.

بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی بارودۆخی شەڕ ئەوە مومکینە کە سوپای ڕوسیا دەرگیری چەند شکستێک بووبێت، و بەشێک لە هێزەکانی سوپای ئۆکراینا بە دوای لێدانی یەکەمدا خۆیان ڕێکخستبێتەوە بۆ ئەوەی بەرگرییەکی زیاتر لە خۆ نیشان بدەن. 

ئەمە پرسێکەو ڕێ‌ی تێئەجێت. هاوکێشەکانی جەنگ زۆر ئاڵۆزن، شکستەکان ئەکرێ پێشڕەوی خێراتریان بە دوادا بێت و بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە. بەڵام ناکرێ ئاماژە بە حاڵەتێکی تایبەت بکەین کە ئۆپەراسیۆنە سەرتاسەرییەکە بە ئاراستەیەک یان بەوی تردا ئەڕوات. لە دواین جاردا هاوسەنگی هێزەکان ئامانجەکان دیاری ئەکەن، و هاوسەنگی هێزەکان بە شێوەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی ڕوسیادایە. 

سوپای ڕوسیا زۆر لەوە دووترە پاشەکشە بکات. هەموو بارودۆخەکان ئاماژە ئەکەن کە پێشرەوی پلە بە پلە لە بەردەوامیدایە. دەست بەسەر خاڵە سەرەکییەکان یەک دوای یەک ئەگرێت. هێزەکانی ڕوسیا تەوقی کیێڤ پایتەختیان لە چەند ناوچەی جیاوازەوە داوە، هەروەها تەوقی خارکیێڤ شاری دووەمیشی داوە. ڕووەو قرم لە باکورو باکوری ڕۆژئاواوەوە لە پێشڕەویدایە بۆ ئەوەی بە میکولایف بگات، هەروەها ڕووەو باکوری ڕۆژهەڵات، بە درێژاریی کەناری دەریای ئازۆف، کە دەستیان بەسەر هەردوو شاری ميليتوبول وبيرديانسك گرتووە. هەروەها توانیویەتی ڕێگا سەرەکییەکانی شاری گرنگی ماریۆپۆل دابخات، دواتریش لێکگرێدانەوەیان بە هێزەکانی گەیشتوو لە باشوورەوەوە لە دۆنیتسک.

لە هەمان کاتدا هێشتا ڕووسەکان فشار بە ئامانجی دانوستان ئەکەن. ئەم هەنگاوە بە ئاشکرایی بەشێکی پلانەکەیە. ئەوە هەروا بەڕێکەوت نەبوو کە ئۆکراینییەکان کۆبوونەوەیان لە مینسک ڕەد کردەوە، بە بیانووی ئەوەی لە ببیلاڕوسیا هاوپەیمانی ڕوسیایە و هاوکارییەتی لە داگیرکردن. دواتر هەریەکە لە ئیسرائیل و ئازەربایجان خزمەتی خۆیان پێشکەش کرد، ئەمە ئەوە شتەیە پۆتین بەپەلە پێ‌ی ڕازی ئەبێت. دانووستانەکان دەست پێئەکەن، درەنگ یان زوو، پرسیار لێرەدا ئەوەیە : ئایا سەرکەتوو ئەبێت؟

هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ڕووتێنەکردنی زیلنسکی بۆسەر مێزی دانوستان زۆر ڕوونە. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی واقیعی، هەر دانوستانێک حکومەتی ئۆکرانیا ئەکاتە بارۆدخێکی نەخوازراوەوە. هۆکاری یەکەم ئەوەیە : ئایا زیلنسکی چ شتێکی هەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانوستانی پێوە بکات؟ هاوشێوەی قوماربازێکە کە لەسەر مێزێک دانیشتووە بەڵام بێ هیچ کاغەزێکی یاریکردن. دانوستانی بەم شێوەیە، نزیکە لە خۆبەدەستەوەدان. بەڵام بەهاندانی واشنتۆن و بەرلین پێئەچێت ئامادەی خۆبەدەستەوەدان نەبێت.

بەو هۆیەوە ئاکامی دانوستان جگە لە شکستی زۆر هیچی تر نییە، هەر بۆیە پرسەکە – هەروەک لە سەرەتاوە ڕوون بوو – بە دانوستان یەکلایی ناکرێتەوە، بەڵکو لە مەیدانی جەنگدا نەبێت. ئا لێرەدا ئۆکراینەکان خۆیان لە جێگاوڕیگایەکی شکستخواردوودا ئەبییننەوە، و ئەو بارە هاوکارییە کەمانەی چەکیش کە لە بەرلینەوە ئەگەن هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو دروست ناکەن.

 

ئیمپریالیستەکان چۆن خیانەتیان لە ئۆکرانیا کرد

پێئەچێت ئیمپریالیستەکان و هەروەها حکومەتی کیێف بۆ تێکدانی هەژمارکردنەکانی پۆتین پشت بە ئاڵوگۆڕییەک لە نێوخۆی ڕوسیا ئەبەستن، و لە مانۆرێکی گاڵتەجاڕانەدا چەند بانگەوازی دیماگۆجییانەیان ئاراستەی گەلی روسیا کردووە تا دژ بە دەسەڵاتدارەکانیان هەڵگەڕێنەوە.

ئەوە یەکجار ڕۆشنە کە پۆتین و ئۆلیگارشییەکانی خزمەتداری ئەو، دوژمنی کرێکارانی ڕوسیان. و بنکەی پشتگیریکردنەکانی بە شێوەیەکی باڵا لە پاشەکشەدایە، کە زۆر ڕوونە یەکێکە لەو هۆکارانەی پاڵی بە پۆتینەوە نا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا. ئەوە ڕاستە ئەم هەنگاوە بە چەند دەرئەنجامی پێچەوانە لە قۆناغێکی دیاریکراودا کاریگەری لەسەری ئەبێت.

بەڵام هەر ئاماژەدانێک بەوەی ئیمپریالیستە دواکەتووەکان ئەتوانن بەهەر شێوەیەک لە شێوەکان، و لە هەر جۆرە فۆرمێکدا بێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی ڕوسیا یان ئۆکرانیا یان هەر وڵاتێکی تر بکەن درۆیەکی گەمژانەیە.

گەلی ئۆکرانیا بەهای ڕاستەقینەی هاوکاری و هاوسۆزی بەڵیندراوی هاوپەیمانی ناتۆو ڕۆژئاوایان لە ساتە وەختی جارەنوسسازدا بۆ دەرکەوت، ئەوان گەلی ئۆکرانیا تەنها وەک دەسکەلایەک لە یارییە قێزەونەکەیاندا چاو لێئەکەن، وەک سەربازانێکی بێبەها لەپێناو ناشرینکردنی ناوبانگی ڕوسیا، بە بێ ئەوەی زیان بە هیچ تاکە سەربازێکی خۆیان بگات.

نابێت بە هیچ شێوەیەک متمانە بەم خەڵکە تاوانبارو چەتانە بکەین،  و ئەمەش بە تایبەتی بەسەر کرێکاران  و سۆسیالیستەکان لە ڕۆژائاوا دروستە. ئەرکی خەبات دژی تاقمە چەتەیەکی دواکەتوو لە کرملین ئەرکی کرێکارانی ڕوسیا خۆیانە و ئەرکی ئێمەش خەباتکردنە دژ بە بۆرژوازی وڵاتی خۆمان، دژ بە ناتۆ و دژ بە ئیمپریالیزمی ئەمریکا،کە گەورەترین هێزیدژە شۆڕشی سەر هەسارەکەن.

ئەستەمە سایکۆلۆژیەتی جەماوەری روسیا لەم کاتەدا هەڵسەنگێنین. بەڵام زۆرینەی زۆری گەلی ڕوسیا بیرۆکەی جەنگ و شەڕ دژ بە براو و خوشکەکانیان لە ئۆکرانیا ڕەد ئەکەنەوە کە جێگایەکی تایبەتی لە دڵیاندا هەیە. ئەوان لەوە تێئەگەن ناتۆ و ئیمپریالیزمی ئەمریکا دوژمنیانن و ئامادەی شەڕکردنن لەگەڵیان، بەڵام هەرگیز بۆ خەڵکی ئۆکرانیا بەو شێوەیە ناڕوانن، کە ئەمەش غەریزەیەکی دروست و ڕاستە.

ئەوەی بە شەڕی پۆتین ڕەزامەندن (کە زۆربەیان ڕەزامەند نین) ئەوە بە ناحەزی دوودڵییەوەیە، بەهۆی کردەوە و ڕەفتاری گەمژانەی حکومەتی کیێڤ،و هاوکاریکردنیان لەگەڵ فاشیستە دواکەتووەکان و شوێنکەوتوانی نازییەکانی جەنگ، ستیبان باندریا و چەوسانەوەی ئەو خەڵکانەی بە زمانی ڕوسی لە دۆنباس ئەخاوتن، و چەند کردەوەی گەندەڵکارو سەرکوتگەرانەی ترن. لە پشتی حکومەتی کیڤەوە دەستە خوێناوییەکانی ئیمپریالیزمیان چاو لێ‌یە.

خەباتکارانی ڕەوتی مارکستی جیهانی لە ڕوسیا لەم ڕووەوەوە بە ئەرکەکانیان هەڵئەستن. ئەوە کاری ئێمەیە شوێنەکەوتەی نمونەی ئەوان بین  و زۆر بە ڕوونی و پیداگرانە دژ  بە چینی دەسەڵاتدار و ئیمپریالیستەکان لە وڵاتەکانی خۆمان بێینە مەیدان. هیچ سیاسەتێکی تر بۆ شۆڕشگێر و پرۆلیتارییە نێونەتەوەییە ڕاستەقینەکان نییە.

ناتوانین پشتگیری هیچ لایەک بکەین لەم جەنگەدا، لەبەر ئەوەی جەنگێکی کۆنەپەرستانەی هەردوو لایە. لە دواین لێکدانەوەدا ئەوە ناکۆکی دوو گروپی ئیژمپریالیستییە. ئێمە پشتگری هیچ لایەکیان ناکەین، خەڵکی هەژاری خوێن لێڕۆێشتووی ئۆکراینا قوربانی ئەم ململانێیەن کە نە خوڵقاندوویانە و نە ئارەزوویان پێیەتی.

کەس ناتوانێت بە وردی پێشبینی دروستی دەرئەنجامەکانی جەنگ بکات، بەڵام جەنگێکی ئیجابی بۆ چینی کرێکار لە ئۆکراینا یان لەسەر ئاستی جیهان نابێت. کاریگەری ڕاستەوخۆی بریتییە کە لە هێنانەخواری ئاستی ژیان و گوزەران، بەرزبوونەوەی نرخەکان لە هەر جێگایەک. بە جەماوەری خەڵک ئەوترێت ئەم نرخە پێداویستییە بۆ پارێزگاریکردن لە "ئاشتی و دیموکراسی". 

ئەمە نەهامەتییەکی تر ئەبێت بۆ ملیۆنەها خەڵک کە دووچاری هەژاری، بێکاری و ئازارچەشتن بوونەتەوە.

بەریەکهەڵوەشانی دەرئەنجامی شەڕ، کە بەهۆی سزاکانەوە کەڵەکەبوون، ئەبێتە هۆکاری زیاتر پەککەوتنی بازرگانی جیهانیی، و ڕێگا بۆ هەرەسهێنانی ئابووری جیهانیی لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا ئەکاتەوە، دەرئەنجامەکەی ئەبێتە داڕمانێکی جیهانی ،و بەو پێیەش ئەبنە بنچینەی ناسەقامگیرییەکی مەزنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، و تیژبوونەوەی زیاتری ناکۆکی چینایەتی.

لە سەرەتای هەر جەنگێکدا هۆشیاریی جەماوەر بەهۆی تەمومژی بانگەشەی میدیایی‌یەوە ئاڵۆزاویی و پەرتەوازە ئەبێت، ئەبنە هۆکاری هستریایەک هاوشێوەی بێهۆشی سەرخۆشێک، لە سایەی بارودۆخێکی وادا توێژە هەرە دواکەوتووەکانی نێو چینی بۆرژوازی ئەتوانن لە دامەزراندنی وەهمی "یەکێتی نیشتمانی" سەرکەتوو بن.

هاوار ئەکەن: پێویستە هەموومان یەکگرتوانە لە بەرامبەر دوژمنی دەرکی بێینە مەیدان! ئەبێت هەموومان قوربانی بدەین بۆ باشترکردنی بەرگریی نیشتمانیی، و لەم بابەتە. بەڵام وەک ئەوەی هەیە لە هەموو وڵاتاندا، ئەو بەرچاو ڵێڵییە لە کۆتاییدا ئەڕەوێتەوە، و بانگەشەی میدیایی بەهای خۆی بەهۆی دووبارەکردنی بێ کۆتایی لە دەست ئەدات. چەندەها پیاو ژن بە لەدەستدانی پیشەو کار، ماڵ و هیواکانیان چەندەها دروشمی نیشتمانیی و یەکێتی نیشتمانیی ئەبنە چەند بانگەشەی بێناوەرۆک و بەتاڵ.

مێژوو پێمان نیشان ئەدات کە جەنگ، ئەو کردە خوێناوییە قێزەونە، ئەکرێت ڕاستەوخۆ دەرهاویشتەی شۆڕشگێڕانە بەدوای خۆیدا بهێنێت. مێژووش هێشتا دواین ڕەشنوسی یەکلاکەرەوەی خۆی نەگەیاندووە.

بڕوخێ سەرمایەداری و ئیمپریالیزم

بژی شۆڕشتی سۆسیالیستی جیهانیی

بژی رەوتی نیونەتەوەیی مارکسی! کرێکارانی جیهان یەکگرن!

ئالان لەندەن ٢٨ی فێبریەوەری ٢٠٢٢

سەرچاوە : لە بەرگریی مارکسیزمدا

https://www.marxist.com/the-ukrainian-conflict-is-this-the-start-of-world-war-iii.htm