تورکیا : ئەردۆگان لە زەمەنێکی بەسەرچوودا ژیان ئەکات

قەیرانێکی ئابووری کە تورکیای داگرتووە چینی دەسەڵاتداری ڕووەو قەیرانێکی سیاسی پاڵپێوەناوە. جیابوونەوەو دابەشبوونەکان لە نێو پارتی دادو گەشەپێدان (AKP)و هاوبەشە هەڵبژێردراوەکانیدا لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی ڕاستڕەو (MHP) سەری هەڵداوە. ئەم ڕووداوانە مژدەبەخشی ئاڵوگۆڕن.

[Source]

لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەکان، پێگەی پارتی دەسەڵاتداری دادو گەشەپێدان لە ڕاپرسییەکاندا ڕووی لە لێژی کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەنگی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە ڕاپرسییەکان ڕوو لە هەڵکشان نین، دەرخەری ڕادیکاڵبوونەوەی نێو کۆمەڵگای تورکیا و ئەو ڕاستییەن کە جەماوەری خەڵک بە دوای دەرچەیەکدا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیستمەکەدا ئەگەڕێن، تاکو ئێستاش متمانەیان بە هیچ حزبێکی سیاسی نییە.

ئەردۆگان لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتیدا، هاوپشتی هەڵبژاردنەکەی لە سەر بنەمای گەشەی ئابووری پتەوکرد، هەر ئەمەش زنجیرەیەک سەرکەوتنی دوورماوەی پێبەخشی. بەڵام لە ئێستا ئەو ڕۆژانە لە ڕابردوودان. و ئەردۆگان بە دوای ڕێگایەکدا بۆ مانەوەی لە دەسەڵات بێهیوایانە پەل ئەکوتێ. پارتی گەلی کۆماریی (CHP) بێتوانایی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لە ڕوولەلێژیی ئەردۆگان سەلماندووە، سەرباری ئەوەی هاوپەیمانییەکی لەگەڵ شەش لایەنی تردا پێکهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەلاتی ئەردۆگان کە ماوەی بیست ساڵە درێژەی هەیە، هێشتا لە هەوڵدایە بە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ مسۆگەر بکات.

شەڕی ئۆکراینا زەبرەلێدانێکی مەزنیی وزەی بە ئابووری تورکیا گەیاندووە، کە نزیکەیی سەرجەم پێداویستییە وزەییەکانی لێوە هاوردە ئەکات، بە دەوری خۆی ئەبێتە هۆکاری زیادبوونی هەڵئەوسان. لە کاتێکدا ئامارە فەرمییەکانی هەڵئاوسان پێشبینی 60%ی بۆ مانگەکانی مەی و جون ئەکرد بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە بە کردەوە ڕێژەی هەڵئاوسانی بۆ سەروو ئەم ئاستە بەرزکردەوە. پەیمانگای ئاماری فەرمی تورکیا (TÜİK) ڕێژەی هەڵئاوسان بە 69.97%هەڵئەسەنگێنێت، بەڵام کۆمەڵەی توێژینەوەی (ENAG) کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە ڕێژەی هەڵئاوسان بە 156.86% هەژمار ئەکات. بۆ دەستخستنی توێژینەوەی زیاتر لەسەر قەیرانی ئابووری و قوڵبوونەوەی زیاتری لە تورکیا کرتە لەم  بەستەرە بکە 

ناڕەزایەتییەکان

هەرەسهێنانی ئاستەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک بوونەتە هۆکاری چەندین ناڕەزایەتی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە  سەرتاسەری تورکیا و خەڵک داخوازی گێڕانەوەیان ئەکەن. ڕق و تووڕەیی دژ بە ڕژێم تا دێن کەڵەکە ئەبن، و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا کێش ئەکەن.

زۆربەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە بەرزبوونەوەی نرخ بە شێوەیەکی خۆبەخۆییانە سەریان هەڵداوە ئەو کاتانەی لە شوێنی ژیانیان ئەڕژانە سەر شەقامەکان. چەند ناڕەزایەتی تر لە لایەن یەکێتیە کرێکارییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە لە ژێر پەرچەمی (‘Geçinemiyoruz) (ناتوانین هەڵبکەین و بژین) رێکخراون. خۆپیشاندەران لە ناڕەزایەتییەکاندا فاتوری ئینێرژییان ئەدڕان و هاواریان ئەکرد "پارە نادەین" ، "جەنگیز ئەتوانێت فاتوورەکان بدات"، وەک ئاماژەکردنێک بۆ یەکێک لە کۆمپانیاکانی وزە کە بڕی ملیارەها دۆلاری بۆ سڕێنرایەوە.

پێشتر خەڵک لە قسەکردن دەربارەی ئەردۆگان بەهۆی پاشهاتە یاساییەکانەوە ئەترسان. ڕژێمەکەی ئەردۆگان کەش و بارودۆخێکی وای خوڵقاندبوو کە هەرجۆرە لێدوانێکی کراوەو دژ بە ئەردۆگان لە تۆرە کۆمەلایەتییەکان ببێتە هۆکاری پەلکێشکردن ڕووەو زیندان. و تەنانەت چەندین  منداڵی نێو خوێندگەکانیش لە کاتی پشووەکانی نانخواردن بەهۆی خراپباسکردنی سەرۆکەوە دەستگیر ئەکران، لەگەڵ ئەمەشدا، هەرئێستا لێشاوێک لە ڕق و توڕەیی دژ بەخۆی و ڕژێمەکەی (AKP) لە نێو خەڵک شەپۆل ئەدات.

لە خۆپیشاندانەکان چەندین شیعار دژ بە پارتی دادو گەشەپێدان ئەوترانەوە ئەو کاتەی جەماوەری خەڵک هاواریان ئەکرد:"ئێمە بێزار بووین لە (AKP ) ". هێرشەکان بۆسەر ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک ڕووەو تێکەیشتنێکی زیاتر بە سروشتی سیستمی سەرمایەداریمان ئەبات. جەماوەری خەڵک چەندین لافیتەیان بەرز ئەکردەوە کە لە سەریان نوسرابوون :"ئەو خەڵکانەی بوونەتە هۆکاری قەیرانەکان ئەبێت باجەکەی بدەن" یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی هاواریان ئەکرد ڕایگەیاند :"یان ئەبێت ژیان لەسەرماو تاریکیدا لە پێناو قازانجی مشتێک لەو کۆمپانیایانەی ناچار بە پێدانی قەیرانەکانمان ئەکەن قبوڵ بکەین، یان ئەبێت فاتوورەکان بدڕێنین".

ناڕەزایەتییەکان بەئاگاهێنانەی چینی کرێکاریان لەگەڵ خۆیاندا کێشکردووە. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ئێستا تورکیا شایەدی گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانە، ئەو ساڵانەی تیایدا تورکیا لە جەرگەی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا بوو. شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە مانگەکانی جەنیوەری تا مارسی ئەمساڵ سەرتاپای تورکاییان گرتووەوە، کە کرێکارانی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان تیایدا بەشداربوون، تەنها لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی ٢٠٢٢دا لانی کەم 108 مانگرتن ڕوویان داوە لە نێویشیاندا ئەو جێگایانەی بە لایەنگری سەرسەختی ئاکەپە هەژمار ئەکرێن.

لە گازی عەنتاب، شارێکی پتەوی لایەنگرانی ئاکەپە، تەنها لە ماوەی ٦ هەفتەدا ٣٠ مانگرتن ڕویانداوە بە بەشداری ١٢ هەزار کرێکار. کە زۆربەی ناڕەزایەتیەکان بە بێ گەڕانەوە بۆ نەقابە کرێکارییەکان ڕوویان داوە. کرێکاران لە ڕێڕەوی خەباتیاندا چەند وانەی مەزن فێر بوون: لە پرۆسەی بەرهەمهێنادا یەکجار گرنگن، ئەو هێزەیان هەیە شوێنی کارەکان و قازانجی خاوەنکارەکان دابخەن، و هێزیان لە خۆڕێکخستن و یەکگرتووییاندایە. کرێکاران خەباتی خۆیان لە سایەی کەمپەیەکاندا یەکگرتووانە کرد، و ڕووتێکردن رووەو یەکێتییە کرێکارییەکان خێراتر بوون ئەو کاتانەی چاویان لە خۆڕێکخستنە بۆ بەگژداچوونەوەی هێرشەکان. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوساندا، کرێکاران خوازیاری چەند ڕێکەوتنی دەستەجمعی نوێن. باساران ئەکسو (Başaran Aksu)  ڕێکخەری (Umut-Sen) لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند:

"تەنانەت ئەو کرێکارانەی دەنگیان بە (AKP) و (MHP) [ هاوپەیمانی ئاکەپەیە] داوە ، باوەڕیان بەو ڕاگەیاندنانە نییە لە لایەن (TÜİK)ەوە بڵاو ئەکرێنەوە، بەڵکو بەوانەی لە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆندا ئەوترێن " هەربۆیە کرێکاران خوازیاری ڕێکەوتنی نوێن و لە نێویاندا پێداچوونەوە بە مووچەکانیان، دەنا هیچ ڕێگایەکی تریان بۆ مانەوە لە ژیاندا نەماوە"

پێئەچێت گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی گرێبەستی ڕێکەوتنی بەکۆمەڵ دەستپێبکەن، کە ئەبنە ڕووداوەی هەڵگیرسانی شەپۆلی چەند ناڕەزایەتی نوێ‌ی تر.

لە پایزی رابردووەوە خوێندکارانی زانکۆکان دژ بە چوونەسەری نرخی کرێ خانوو، و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری نیشتەجێبوونی گشتی ناڕەزایەتی جۆراوجۆر دەرئەبڕن. ناڕەرزایەتییەکانی (Barınamıyoruz) [ پەناگایەک نادۆزینەوە ] لە شاری ئیستانبول دەست پێکرد و هەر بە خێرایی بە زانکۆکانی سەرئاستی وڵات لە پارێزگای ڕۆژئاوای (Çanakkale)ەوە تاکو  پارێزگای کوردی باشووری ڕۆژهەڵات (Diyarbakir) پەلیان هاویشت. ڕژێم بە سەرکوتگەری وەڵامی ناڕەزایەتیەکانی خوێندکارانی دایەوەو بە هەزارانی لێدەستگیر کردن. بەڵام لەگەڵ ئەم سەرکوتگەریەشدا هێشتا نەیتوانیوە بزووتنەوەکە لەناو بەرێت.

لە مانگی ئاپڕڵدا، خانەنشینان لەسەرجەم شارەکانەوە ڕووەو ئەنکارای پایتەخت بەرێکەوتن. خوازیاری زیادکردنی مووچەکانیان و داشکانی نرخی کەلوپەل و کاڵاکان بوون. خانەنشیان چەند جار ڕوویان لە پەرلەمان کرد و بە درێژایی قەیرانەکان چەند ناڕەزایەتیان دەربڕی. خانەنشینان لە کاتی ڕیپێوانیان بەرەو پەرلەمان ڕق و توڕەیی خۆیان لە شیعارەکاندا بەسەر ڕژێمدا دەرئەبڕی: "لە زیادکردنی نرخەکان کە جێگای بەرگەگرتن نین پاشگەز ببنەوە" ئازاردانی خەڵک ، ئا ئامەیە ئاکەپە، خۆمان ڕادەستی ئاکەپە ناکەین." و ئاماژەیان بە تێگەیشتنی ڕوولەسەری خەباتی یەکگرووانەیان دا:" بژی هاوپشتی کرێکاران"

هەروەها چەند ناڕەزایەتی خۆبەخۆیی لە نێو جوتیارانی سەرتاسەری تورکیا سەریان هەڵدا. جوتیاران بە تراکتۆرەکانیان هەستان بە داخستنی ڕێگاو ڕێگاخێراکان دژ بە چوونەسەری نرخەکانی سوتەمەنی و زیادبوونی تێچوەکانی بەرهەمهێنان. لەگەڵ هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان، جوتیاران لەسەراسەری وڵات یەکیان گرت و بۆ بەرزکردنەوەی داخوازییەکانیان ڕووەو ئانکارا بەڕێکەوتن. زۆرێک لە جوتیارەکان لە شوێنە بەهێزەکانی لایەنگری ئاکەپە کارو ژیان ئەکەن و مەیلیان کۆنسێرڤایتڤایە، بەلام بارودۆخی ژیان و کاریان ڕووەو چوونەسەری ئاگاهاییان ئەبات. جوتیارێکی گازی عنتاب بە یوتیوبەرێکی ڕاگەیاند:" نرخی ٥٠ کگم سەماد بووە بە ٤٠٠ لیرە، ئایا دین تێرمان ئەکات؟ ئێمە هەموومان موسڵمانین ، بەڵام دین شتێکەو سیاسەت شتێکی تر، شوێن ئەو پارەیە ئەکەوم لە گیرفانمدایە، نەک ئەردۆگان و نەک کلیچیدائۆغلوو، خەڵک برسییەو لە هەژاریدا ژیان ئەکەن" و دواتر قسەکانی بە "بژی سۆسیالیزم، بژی شۆڕش" کۆتایی پێهێنا.

بنەمای حوکمی ئەردۆگان

چۆنیەتی مامەڵەی ئەردۆگان لەگەڵ قەیرانی ئابووری تەنها بووەتە هۆکاری داخورانی بنکە جەماوەرییەکەی. داشکانە یەک دوای یەکەکانی پایزی ڕابردوو بۆ ڕێژەی سوود بووە هۆکاری داڕمانی دراوی تورکی. لە ساڵی پاردا لیرە بەهای 45%ی خۆی لەدەستدا. ئەردۆگان هەوڵی دا وای نیشان بدات ئەمە "شەڕی سەربەخۆ بوونە" و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی بە "بڵاوکردنەوەی ترس" و"حەزکردن بە هێرش بۆ سەر حکومەتەکەی "تاوانبارکرد کە خوازیاری بەرزکردنەوەی نرخەکانی سوود بوون بۆ چارەسەری هەڵئاوسان.

ڕاستی ئەوەیە ئەردۆگان بە نیازە لە تەقینەوەی کۆمەڵایەتی خۆی لابدات. زیادکردنی ڕێژەی سوودەکان لە ئابورریەکی قورسکراو بە قەرزی زۆر ئەبنە هۆکاری هەڵتۆقینی حاڵەتەکانی مایەپووچی، ئەو شتەی لەوانەیە کۆتایی بە ڕژێمەکەی بهێنێت. بە کردەوە تەنها لە ساڵی پاردا ٢٥ ملیۆن حاڵەتی مایەپووچی تۆمارکراوە، کە تەنها 2.3 ملیۆنیان بۆ سەرەتای ساڵی نوێ ئەگەڕێنەوە. بەڵام هێشتنەوەی ڕێژە نزمەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ئابووری ئەبێتە هۆکاری هەڵئاوسان، و بەو پێیەش داخورانی کرێ. کە بوونە هۆکاری چەند پشێوی یەک دوای یەک کە هەڕەشە لە ڕژێمەکەش ئەکات.

لەجەرگەی ئەم بارودۆخەدا، ئەردۆگان لەڕێگای یەدەکی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی، سیستمی پاراستنی سپاردە، و بەئامانجکردنی "ئاڵتوونی ژێر بەڕەکان" لە مانگەکانی دیسەمبەر و جەنیوەری توانی جۆرێک لە سەقامگیریی مسۆگەر بکات. ئەردۆگان گرەوی خۆی لەسەر هێنانی هاوردە هەرزان بەهاکانەوە کرد. بەو هیوایەی ئەمە دراوی دەرەکی (لە نێویدا کەرتی گەشتوگوزار) بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانی هەژماری ئێستا، بەو پێیەش سەقامگیری بۆ دراوی تورکی و کەمکردنەوەی هەڵئاوسان بگەڕێنێتەوە. بەلام پلانەکەی بەردەوام نەبوو، و داگیرکردنی ئۆکراینا لە لایەن روسیاوە بووە هۆکاری ڕاگرتنی بە شێوەیەکی کتوپڕ، لەبەر ئەوەی وڵات بە بڕێکی زۆر پشتی بە وزەی ڕوسیا، بازرگانی و گەشتوگوزار بەستووە. جگە لە دانەوێڵەی ئۆکرایناو گەشتیارەکانی. وا پێشبینی ئەکرێت لەمساڵدا  تەنها فاتووری هاوردەکردنی غاز لە ڕوسیاوە  ٤٠ ملیاری دۆلار بێت، کە تێکڕای 15.96 ملیار دۆلاری یەدەکی ئێستا لە بانکی ناوەندی یەکجار بچووک ئەکاتەوە.

ئێستا ئەردۆگان زۆر لە هەوڵدایە بۆ دەستخستنی دراوی کاش و سەرمایەگوزار. حکومەت هاوردەکاران ناچار بە فرۆشتتی 40%ی داهاتی دراوی بیانییان ئەکات بە بانکی ناوەندی. واتە زیادکردنی بە ڕێژەی 25% لە چاو ئەو کاتانەی لە مانگی جەنیوەری ڕاگەیەندرا، ئەم ڕێکارە هەروەها لە کەرتی گەشتوگوزاریشدا سەپێنراوە. 

ڕژێم لە ژێر باری یەدەکی دراوی بیانیی ڕوو لەکەم و قەرزێکی زۆری دەرەکیدایە. سەرباری ئەمە سیاسەتی رێژەی سوودی "نا تقلیدی" کە ئەردۆگان پەیڕەوی ئەکات بووەتە هۆکاری بردنەدەرەوەی سەرمایە، و بەو هۆکارە ڕاستەقینەیەش کە وڵاتە پێشکەوتووەکان سەرمایە دەرەکییەکانیان لەگەڵ کەڵەکەبوونی قەیرانی ئابووری جیهانیی ئەکشێننەوە، کەڵەکەتر بووە. ئەردۆگان بە هەموو تواناکانی خۆی هەوڵیدا، بەڵام ناتوانێت بەرهەڵستکاری یاساکانی سەرمایەداریی بکات. تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتیش بەجێ بهێڵێت، جێگرەوەکەی دووچاری هەمان قەیران ئەبێتەوە.

سەرباری ئەو ڕاستییەی وڵاتەکە بە دەست چەند قەیرانەوە ئەناڵێنێت، سەرباری ئەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بریار وایە لە مانگی جونی ٢٠٢٣دا بەڕێوە بچن لە هەر جۆرە هاندانێکی ورەی بژاردە سیاسییەکان شکستی هێناوە.

(ئاکەپە) و هاوپەیمانە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی لە (مەهەپە) ڕێژەی ٢٥% و ٥% ئەهێنن بە دوای یەکدا، کە ئەبێتە دەنگدانێکی پێشبینیکراوی نزیکەی ٣١% واتە ڕێژەی پێویستی 51% سەرکەوتن بۆ سەرۆکایەتی و دامەزراندنی حکومەت پێکهناهێنن.

دابەشبوونەکان لە ڕیزی چینی دەسەڵاتدار

ئەردۆگان پاش لە دەستدانی زۆرینەی نێو پەرلەمان سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕووی لە پارتی نەتەوەپەرسەتەکان (MHP) کرد. بەلام هەر بەخێرایی بۆ مانەوەی زیاتری لە دەسەڵات وابەستەیان بوو.

پاش ئەوەی ئەردۆگان بە ڕێژەی زۆر لە ٢٠٠٢دا بە دەسەڵات گەیشت، لە توانیایدا بوو پارێزگاری لە بنکەی جەماوەری خۆی بەهۆی گەشەی ئابووری تورکیا لە سەر پایەو بنەمای گەشەیەکی ئابورری جیهانیی بکات. تورکیا توانی قەیرانی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٨ تێپەڕێنێت، بەڵا ئابووری تورکیا بە شێوەیەکی زۆر پشبەستوو بوو بە گەشەیەکی جامبازانە، هەربۆیە حسابکردنەکان لە ساڵی ٢٠١٣ەوە وردە وردە دەرکەوتن.

گەشەی ئابووری خاو بووەوە، بێکاری و هەڵئاوسان ڕوویان لەسەر کردو نرخی دراویش ڕووی لە دابەزین کرد. هێرشکردنەکانی ڕژێم بۆسەر ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک لە ڕێگای قەیرانە سروشتییەکانی ڕژێمەکەوە دەرکەوتن، و بنکەی جەماوەری ڕووی لە کەمی کرد. ئەم پرۆسەیە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە خێراتر کرا.

لە کاتێکدا ملیۆنەها خەڵک لە پێدانی باجی قەیرانەکان بەوپەڕی هەژاریدا ڕۆئەچن، تەنها لە نێوان نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ تاکو نۆڤەمبەری ٢٠٢١ نزیکەی( ١٨١ هەزار) ملیۆنێری تر زیادیان کردووە. ژیانی پڕ لە رەفاهیەتی ئەردۆگان و چینی دەسەڵاتدار، ناکۆکی لەگەڵ هەژاریی ڕوو لەسەرو بەربڵاو لە تورکیا کەشێکی پڕ لە قین و توڕەیی چینایەتی خوڵقاندووە کە ڕووەو جەمسەرگیریی چینایەتی هەنگاو ئەنێت.

بە درێژایی ساڵانێک، لەگەڵ داخورانی بنکەی جەماوەریی ئەردۆگان و لاوازبوونی ڕژێمەکەی، بە توندی دەسەڵاتی خۆی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت لە پێناو سەقامگیریی سیاسی،  و لابردنی هەر جۆرە نیشانەیەکی بەرهەڵستکاریی لە نێو حزبەکەی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دامەزراوە کۆمەلایەتییەکانی پاکتاو کردووە  بە چەندین  لایەنگری پارتەکەی خۆی جێ‌ی گرتوونەتەوە. ئەردۆگان لە پێناو سەقامگیری ڕژێمە لاوازەکەیدا ماف و ئازادییە دیموکراتییەکانی بەرتەسکتر کردووەتەوە و لە ریگای ڕاپرسی دەستووری ساڵی ٢٠١٧دا تەواوی دەسەڵاتەکانی لە دەستی خۆیدا چڕ کردەوە. سەرجەمیان نیشانەکانی لاوازین. بەدوور لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی زیاتر، بگرە کاریان لەسەر بێهێزی و لێسەندنەوەی شەرعیەت لە دەسەڵاتەکەی کردووە.

بێزاری لە ڕێڕەو و ئاراستەی وڵات لەژێر سایەی ئەردۆگان بۆ نێو حزبەکەی شٶڕ بووەوە، دوو کادر لە دامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند، کە ئەوانیش ئەحمەد داودئۆغڵوو و عەلی باباجانن، بەهۆی بۆچوونە جیاوازەکانیان لە پارتی دایک هەریەکەیان پارتێکی خۆی بە ناوی پارتی پاشەڕۆژ (GP) و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (DEVA) ڕاگەیاندووە.

لەگەڵ قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابووریدا، کاریگەری و فشاری خۆی لەسەرجەم بالە جیاوازەکانی چینی دەسەلاتدار دائەنێت، ئەم گرژییانە ئەبنە هۆکاری دابەشبوونی و جیابوونەوە. بە پێ‌ی ڕۆژنامەی (Yeniçağ) هەرئێستا ٤٠ ئەندامی پارتی دادو گەشەپێدان کە لە پەرلەماندان لە دانوستاندان لەگەڵ پارتی پاشەڕۆژ (GP) جگە لە ٢٠ ئەندام پەرلەمانی پێشووتر. سەلجوک ئۆزداغ (Selçuk Özdağ) لە پارتی پاشەڕۆژ رایگەیاندووە کە وەزیرەکان وا بیر ئەکەنەوە کە پارتی دادو گەشەپێدان کارەکانیان خراپ ئەکات، چەند ڕاپۆرت هەن کە باس لەوە ئەکەن کە پارتەکە لە ناوەوە جۆش ئەدات و ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی پەرلەمانیان لەژێر گوساری جەماوەرەکانیادان، هەر لەسەرەتای ساڵەوە دوو ئەندام پەرلەمان، پارتی دادوگەشەپێدانیان جێهێشتووە و پەیوەست بوون بە پارتی (DEVA)ەوە.

قەیرانەکان هەروەها بوونەتە هۆکاری جیابوونەوەو بەجێهێشتن لە ڕیزی هاوپەیمانە نەتەوەپەرستە ڕاستڕەوەکانی وەک مەهەپە. باسی باکی ئەرسۆی(Baki Ersoy) ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی مەهەپە سەردێڕی ڕۆژنامەکانی لە مانگی ئاپڕڵدا تەنییەوە پاش ئەوەی ناڕەزایەتی بەچەند ئاماری فەرمی هەڵئاوسان نیشاندا و بە ئاشکرا باسی لە هەڵکشانی نرخەکان کرد. ڕێگری لە ئەرسۆی لە کاری پەرلەمانی کرا، بەڵکو هەرزوو لە کاتی هەڵپەساردنەکەیدا ئیستقالەی لە پارتی ناوبراو دا. بەدوایدا ئەندام پەرلەمانێکی تر بە ناوی سادات بیلینچ Sedat Bilinç) کە رایگەیاند لەسەر ڕەخنەی هاوشێوەی ئەرسۆی دووچاری هەمان هەڕەشەی بێدەنگبوونی لێکراوە لە لایەن پارتەکەوە و  ئیسقالەی دا . هەرئێستا ئەندام پەرلەمانێکی تر لایەنگری بۆ لێدوانەکانی ئەرسۆی دەربڕیوە.

بە وتەی ئەدام پەلرلەمانێکی پیشتری مەهەپە، پێئەچێت سبندوقە ئەفسانەییەکەی پاندۆرا (Pandora’s Box)لە نێو پارتەکە کرابێتەوە. هەرئێستا پارتەکە لەنێوخۆیدا دابەشبووە. پشتگیری بێئەملاو ئەولای باخچەلی (سەرۆکی مەهەپە) لە ئەردۆگان بووەتە هۆکاری بێزارییەکی یەکجار زۆر لە نێو پارتەکەدا.

دابەشبوونێکی تر لەڕیزی چینی دەسەڵاتدار کەتووەتە ڕوو ئەویش لە دامەزراوەی پیشەسازی و کارگوزاری تورکیا(TÜSİAD) یە. کە هاپەیمانییەکی تەقلیدی بۆزرژوازییە کەمالیست و پارتی گەلی کۆماری(CHP) ئۆپۆزسیۆنە. دامەزراوکە خۆی لەو ئاگادارییە بەرتەسکردنەوانەی مانگی ئۆکتۆبەرو دیسەمبەر بەدوور گرت و داوای سەربەخۆبوونی لیژنە ڕێکخراویی و چاودێرییەکان ئەکات، و خوازیارە پارتی دادو گەشەپێدان بە بنەماکانی زانستی ئابوورییەوە پەیوەست بێت پاش ئەوەی کە زیادبوونی ڕێژەی سوودەکان لە لایەن ئەردۆگانەوە بوونە هۆکاری هەرەسهێننای دراوی لیرە. بە دوای هاتنە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان لەسەرتاسەری وڵات بەهۆی قەیرانەکانەوە، فیدراسیۆنی کارگوزاری "بەرنامەیەکی"ڕاگەیاند.

لە دانیشتی گشتی ٢٩ی مارسدا، ئەندامی بۆرد و سەرۆکی پێسووتری (TÜSİAD) تونجای ئۆزیلهان (Tuncay Özilhan)  وتارێکی پێشکەش کرد کە ڕاستەوخۆ بەرپەرچی بانگەشەکانی ئەردۆگانی دایەوە 'گوایە ڕوو لە باشی ئەکات' و رایگەیاند:

"مافی هەڵسوکەوتکردنی ڕەهامان نییە بەو پێوابوونەی کە 'ئیمکانیەتی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ قەیرانی نوێدا نییە' ، و قەیران، و بێتوانایی لە پێشبینیکردن، و ناسەقامگیریی بوونەتە بەشێک لە سروشتی نوێمان "

ئۆزیلهان بەردەوام ئەبێت:

" ئەو ڕەخنانەی ئەیگرین سیاسین و ڕوو لە کەسایەتییەکان نین "

بە دەربڕینێکی تر ڕوو بە ئەردۆگان، "ئەمە تەنها کارگوزارییە، بەڵام بەداخەوە، تۆ بوویت بە هەڕەشەیەک بۆسەر سیستمەکەمان "

ناڕەزایەتییەکان لەسەرتاسەری وڵات دژ بە گرانبوونی نرخەکان سەریان هەڵدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەی وڵاتی گرتووەتەوە، بەرەوپێشچوونێکی جێنیگەرانییە بۆ چینی بۆرژوازی. بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە پێویستییان بە خۆڕزگارکردن و کۆتاییهێنان بە ئەردۆگان هەیە. لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانەکان، فشار لە نێو ڕیزەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا ئەبنە هۆکاری زیاتربوونی دابەشبوونەکانی لوتکەی نێو چینی بۆرژوازی. گرژییەکان لە نێو چینی دەسەڵاتدار هەڵکشاوانە لە سەرخاندا ئەتەقنەوە، ئەو کاتانەی بۆرژوازی لە هەڵپەدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چینی کرێکارو ڕزگارکردنی ڕژێمەکەیان. 

ئۆپۆزسیۆن (یان نەبوونی)

سەرباری ئەوە ڕاستییەی کە پشتگیریی ئاکەپە ڕووی لە داکەوتنەو پارتەکە روو لە لاوازی ئەکات، بەڵام پشتگیریکردن لە ئۆپۆزسیۆنیش لە هەڵکشاندا نییە. 

ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی – کەملایسەتەکانی جەهەپە (CHP) جارێکی تر مایەپووچی و بێتواناییان لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان سەلماندەوە. ڕابەرایەتی پارتەکە تەنانەت پێشنازی ئۆپۆزسینێکی راتەقینەی لەبەرامبەر ئاکەپە نەکردووە، و چارەسەری قەیرانی ئابووری بە "گەڕانەوە بۆ ڕژێمی پەرلەمانیی"، و "کۆتاییهێنان بە ئەردۆگان " قەتیس کردووەتەوە. پارتی جەهەپە تا دێت زیاترو زیاتر ڕووەو ڕاست ئەچەرخێ. پارتەکە ئیدارەی چەند هەڵبژێردراوی نەتەوەپەرستی راستڕەوو دینی ئەکات. بە ڕاددەیەک لە بانگەوازکردنی بنکەی جەماوەری ئەردۆگاندا بووە شوێنکەوتەو پەسەندکەری ڕەوانبێژە ئیسلامییەکان و لە بنکەی کەمالیستیی عەلمانییەکەشیان دوورکەوتنەوە، هاوبەشەکەیان پارتی باشە (İYİ)، کە باڵێکن و لە پارتی نەتەوەپەرستی ڕاست جیابوونەتەوە، یان پاری سەعادەتی ئیسلامی، و پارتی کۆنسێرڤاتیڤە دیموکراتەکان (DP).

تەنانەت لەگەڵ هەردوو پارتی جیابووەوە لە ئاکەپە واتە (DEVA) و (GP) هاوپەیمانی حزبەکان ناتوانن دەنگی لەبار بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان دەستبخەن. هەر شەش پارتەکە لە ڕاسییەکانی ئێستا نزیکەی 40% بەدەستدێنن، سەرباری ئەوەش تاکو ساڵی ٢٠٢٣ شتگەلێکی زیاتر ڕووئەدەن و ئەگۆڕێن. 

هاوپەیمانی نەتەوە(ئەو هاوپەیمانییەی جەهەپە ڕابەری ئەکات) ڕەشنوسی ڕێکەوتنێکی ٤٨ لاپەڕەیی دروست کردووە، بەڵام لەهیچ شوێنی نوسراوەکەدا باس لە چارەسەری ئەو قەیرانە ئابوورییە ناکات کە جەماوەری خەڵکی هاڕیوە. رایگەیاندووە کە تەنها بە " کۆتاییهاتنی توێژینەوەی ئابووری کە هەر لایەنێک سازو ئامادەی ئەکات" شارەزایانی لایەنەکان کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام ئەدەن بۆ هەڵهێنجانی بەرنامەیەکی ئابووری لەهەموو توێژینەوەکان. ئای لەم وشانە کە چەند بێناوەرۆک و بەتاڵن بۆ ملیۆنەها خەلک کە هەرئێستا دەرگری هەژاری، برسیەتی و بێکاری بوونەتەوە! ئەو دۆکیومێنتەی ئامادەیان کردووە مەودای دابڕانیان لە ئێش و ئازارەکانی جەماەری خەڵک نیشان ئەدات.

لە جەرگەی قەیرانی دراوی پایزی ڕابردوودا، پارتەکە لە ژێر فشاردا بۆ گردکردنەوەی خەڵک، بەرنامەی کۆبوونەوەکانی راگەیاند، یەکەم کۆبوونەوەیان زیاد لە ٢٠ هەزار کەسی هێنایە سەرشەقام، بەڵام ڕووکێشکردنی هەزاران خەڵکی تر بۆ کۆبوونەوەکان بەڕاددەیەک مەترسیدار بوو بۆ پارتەکە کە ناچار بوو چیتر باس لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەی جەماوەری تر نەکات. کلیچدارئۆغڵوو (Kılıçdaroğlu) ڕایگەیاند کە چیتر چڕی زیاتری چالاکییەکانیان ئەخەنە سەر کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوە پیشەییەکان،رابەرانی ڕێکخراوەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و گەنجان".

جەهەپە هەوڵ ئەدات ڕق و توڕەیی جەماوەری خەڵک بە ئاراستەیەکی هێمنانەو ئامندا ببات، داوای لە جەماوەر کرد "ناڕەزایەتی لەسەر شەقامەکان دەرنەبڕن"، بەڵکو هانی دان بۆ "گۆڕینی حوکمی پارتی دەسەلاتدار ڕووبکەنە سندووقەکانی دەنگدان". سەرباری ئەوەی جەهەپە بە سیاسەتەکانی ئەردۆگان ڕەزامەند نییە، بەڵام زۆر زیاتر لە ئەردۆگان لە هاندانی ئەو بزووتنەوەیە ئەترسن لە ژێر دەستیان دەربچێ و ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سیستمەکەیان. قەیرانی ئابووری لە تورکیا لە سیستمی سەرۆکایەتی یان لە سیستمی تاکڕەوی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵکو لە قەیرانی سیستمی سەرمایەداریی تورکیاوە سەرچاوەی گرتووە.

هۆکاری بێتوانایی پارتی کۆماریی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر هەر ئەوەیە کە لە چاوی جەماەری خەڵکەوە متمانەیان لەدەستداوەو باوەڕیان پێیان نییە. سەرباری ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی ئەردۆگان پشتیان تێ‌ێ کردووە بەڵام ناتوانن هیچ ئەڵتەرناتیجێکی تر بدۆزنەوە تا ڕووی تێبکەن.  جوتیارێک کە لە ئەکسەرایەوە بەرەو ڕێپێووانێک ئەچوو بە ڕۆژنامەی (Evrensel Daily) ڕاگەیاند کە :"لەمەودوا چیتر پرسەکان پەیوەندییان بە پارتی دادو گەشەپێدان ، یان پارتی باشەوە نییە، بەڵکو بە پارتی نانەوە، دەنگ بە کەسێک ئەدەن کە لە برسیەتی ڕزگارم بکات، تەنانەت دەنگ بە (هەدەپە)ش ئەدەم".

پارتی دیموکراتی گەلان (The HDP)

لەم دۆخە سیاسییەدا، پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) ، چەپڕەو، پارتێکی بنکە کوردی، دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی زیندوو، پارتەکە دەستپێشکەری سێهەمین هاوپەیمانی چەند لایەنی چەپ، و چەپی توندڕەو کردووە. بوونی بەرەیەکی ڕاستەقینەی یەکگرتوو بۆ سەرجەم پارتە چەپەکان، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینە، هانی سازدانی جەماوەر ئەدات. 

پارتەکە چەند داخوازی گرنگی دیموکراتی بەرز کردووەتەوە: لە پێناو ئازادییە نەتەوەیی و دینییەکان، دژ بە چەوساندنەوەی ژنان، لە پێناوی دادپەروەریی و ئاشتی، ...هتد. هەروەها چەند پرۆژە یاسای بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری پێشکەش بە پەرلەمان کردووە، لەوانە: زیادکردنی لانی کەمی کرێ هەر ماوەی سێ مانگ جارێک، پێدانی 250kW کارەبای خۆڕایی بە هەر خێزانێک، هەڵوەشاندنەوەی قەرزی خوێندکاران، پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران بە بڕی 2,500 لیرەی تورکی، دابینکردنی خۆرایی نیوەی نرخەکانی سوتەمەنی دیزڵ و سەمادی کیمیایی بە جوتیاران لە لایەن   حکومەتەوە، دیاریکردنی لانی کەمی مووچە بە 5,000 لیرەی تورکی (ئەم بڕە سەرووی لانی کەمی کرێیە، بەڵام خوار هێڵی هەژارییە).

هەروەها پارتەکە چەند پرۆژە یاسای بۆ خۆماڵیکردنی کۆمپانیاکانی وزە، و یاسای پێداچوونەوەی وردبینی بە سیاسییەکان و خەڵکانی تر بۆ دڵنیابوونەوە لە پێدانی دادپەروەرانەی خەرجیی و باجەکانیان پێشکەش بە پەرلەمان کرد. 

لەهەمان کاتدا کە پارتەکە ئەم پرۆژە یاسایانەی (گەرچی سادەش بن) لە پێناو چاکسازیی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە، بە ڕٶڵی خۆیان هاوکاری چینی کرێکار ئەکەن. بەڵام هەر لە کاتی خۆیدا بووە بەرزبوونەوەی قیژەو هاوار... بۆ دوورخستنەوەیان لە هاوپەیمانیی نەتەوەیی (جەهەپە). لە ڕاستیشدا پارتی دیموکراتی گەلان بەردەوام بوون لە پێداگرییان لە ئامادەیی پشتگیرییکردنیان لە بەربژێری سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نەتەوە، تا ئەو جێیەی توانای گەیشتن بە ڕێکەوتن "لەسەر بنەمای پرنسیپ" لەگەڵیان لەتوانادا هەیە. 

هاوپەیمانییەکی لەم چەشنە ئەبێتە هاوپەیمانییەک لەگەڵ چینی دوژمن، هەر ئەم مەسەلەیە بووە هۆکاری کاردانەوەیەکی توند لە نێو ئەندامانی پارتی گەلان، کە هەندێکیان وەک ئەوەی بانگەشەئەکرێن دەمکوتکران لە ڕەخنەو قسەوباسیان دژ بە احتمالیەتی هاوکارییان لەگەڵ جەهەپە لە  پەیوەند بە پرسی کوردەوە.

پارتەکە ئەگەر لەسەر ئەم ڕێچکەیەی هاوکاری کە بە باڵی لیبراڵی بۆرژوازی ئەناسرێت، ئەوا ڕابەرایەتی پارتەکە زیاتر لە توێژە ڕادیکاڵ و پێشکەوتووەکان دوور ئەکەوێتەوە.

گومانێک هەیە پارتی دیموکراتی گەلان بەدوای ڕێکەوتنێک لەگەڵ بەشێک یان کەسانێکی تر لە چینی دەسەڵاتدار لە پەیوەند بە پرسی کوردەوە ئەگەڕێن. ئەگەر لە پەیوەند بەم پرسەوە لەگەڵ پارتی کۆماریی بە ڕێکەوتنێک بگەن، واتە لەگەڵ ئەو پارتەی ئامادەیە مل بە تەنازولاتی کاتیی لە پەیوەند بە پرسی کوردەوە بدات لە بەرامبەر ڕازیبوونی پارتی دیموکراتی گەلان لەسەر پرسە کۆمەڵایەتی و ئابووریییەکان، ئەوا بە خێرایی هەڵئەگەڕێنەو خیانەتیان  لە پرسی کوردیشدا لێ ئەکات ، لە هەرکاتێک کە پشتگیریی سیاسییان نەکات. کوردەکان ئەزموونێکی تاڵیان لەسەر هەمان پرسی کورد لە باری سیاسییەوە لەگەڵ ئەردۆگان هەیە، کە بە ١٨٠ پلە بایدایەوە.

ئەو ڕاستییەی پارتی دیموکراتی گەلان شکستی هێنا لە ڕابەرایەتیکردنی شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتییانەی سەرتاپای وڵاتی تەنی دووپات کردنەوەی ئەو خاڵە بێت کە سەرکردەکانیان لە عەقڵیەتی صفقەو ڕێکەوتنە پەرلەمانییەکاندا گیریان خواردبێت. لە کاتیکدا هەزاران کرێکاری نێو کارگەکان دەستیان لەکار ئەکێشایەوە، پارتی دیموکراتی گەلان تەنها بە پێشکەشکردنی پرۆژە یاسایەک بە پەرلەمان بۆ پێداچوونەوە بە لانی کەمی کرێ هەر سێ مانگ جارێک چالاکییان بەرتەسک ئەکردەوە. لە جیاتی مانۆڕەکانی نێو پەرلەمان، پێویستە پارتەکە سیاسەتی چینایەتی پێشنیاز بکات و سەرجەم هێزەکانی چینی کرێکار لە شەقامەکان سازو ئامادەو ڕێکخراو بکات. 

مارکسیستەکان دژ بە ترویجکردنی بیڕوڕاکان لە نێو پەرلەماندا نین. ئەکرێت ببێتە بڵندگۆیەکی بەسوود بۆ چینی کرێکار و سازو ڕێکخستنیان، بەڵام ئەو کاتانەی جەماوەر ئەکەونە جووڵە، چڕکردنەوەی ڕەهای چالاکیی لەسەر یاریکردنە پەرلەمانییەکان ئەکرێت جەماوەری خەڵک دووچاری شەڵەژان و پەرتەوازەیی بکات. لە پشتی دیموکراسی پەرلەمانییەوە هێزی خاوەنکارو خاوەن بانکەکان وەستاون، و هیچ مانۆڕێکی نێو پەرلەمان ناتوانێت بەسەر ئەمەدا زاڵ بێت. تەنها ڕێگا بۆ دەستخستنی داخوازییە ئابووری و دیموکراتییەکان بریتییە لە سازدان و ڕێکخستنی جەماوەری خەڵک بۆ خەبات و تێکۆشانێک لە پێناو ڕووخانی سەرمایەداریی – لە پێناو شۆڕش. 

ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان ببێتە جەمسەرێکی بەکێشکردنی زۆرترین توێژە ڕادیکاڵ و پێشکەتووخوازەکانی کۆمەڵگا، ئەوا سەرباری بەرتەسکردنەوەکانی ڕابەرایەتییەکەی هەر ئەبێت. ئەگەر (HDP) پەیڕەویی لە بەرنامەیەکی چینایەتی بکات– خەبات لە پێناو داخوازییە ڕۆژانەییەکانی چینی کرێکار بە خەبات لە پێناو سۆسیالیزم گرێبداتەوە- ئەتوانێت بە ئاسانی هێڵەکانی نەتەوە تێپەڕێنێت و چینی کرێکاری تورک و کورد یەکگرتوو بکات، و سەرجەم پارتەکانی تریش لە گۆرەپانە کەنار بخات. تا ئەندازەیەکی زۆر، هیچکام لە داخوازییە پێشنیازکراەکانی هەدەپە لە سایەی سیستمێکدا کە دەسەڵاتی ئابووری لە چنگی کەمایەتیەکی کەمدا قۆرغ کراوە، بەجێ ناگەن.

هەرەشەی چینی کرێکاریی یەکگرتوو

لەگەڵ لاوازبوونی ڕژێمەکەی ئەردۆگاندا، بێهوایانە بە دوای ڕێگایەک بۆ مانەوەی لە دەسەڵات ئەگەڕێت. لە جوڵانێکی شکستخواردوودا، ڕژێم پرسی قەدەغەکردنی هەدەپەی دووبارە کردەوە. ئەمە لەوانەیە هاوکاری بە هاندانی هەستی دژ بە کورد و دابەشکردنی ٦ ملیۆن دەنگدەری هەدەپە بکات. پارتێک کە بە پۆتێنشیاڵی خۆی بتوانێت چینی کرێکاریی تورک و کورد یەکبخات سیناریۆیەکی مەترسیدار ئەبێت بۆ سەرمایەداریی تورک. 

نیشانەیەکی تری بێهوایی؛  ڕژێم هەوڵی مانەوەی خۆی لە ڕێگای یاریکردنە پەرلەمانییەکانەوە ئەدات. لە ئامادەیی هەردوو پارتی (AKP) و (MHP) بۆ دۆڕاندنیان لە هەڵبژاردنەکان، هاوبەشە هاوپەیمانەکانیان باس لە چاکسازیی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ئەکەن، لە کەمکردنەوەی بەربەستی چوونە نێو پەرلەمان لە ١٠% ەوە بۆ ڕیژەی ٧% . ئەمە سەرباری زامنکردنی ڕزگاربوونیان، بەڵام پێئەچێت ببێتە هۆکاری دابەشبوون و لاوازبوونی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن، بە تایبەت هەردوو پارتی جیابووەوە لە پارتی دادو گەشەپێدان، کە دەنگ لە بنکەی جەماوەریی ئاکەپەوە بۆ خۆیان ئەبەن.

لە پشت وێنەی  پیاوە بەهێزەکە، مرۆڤێکی شکستخواردووی، ڕژێم یەکجار لاواز هەیە کە تا دێت کات و بژاردەکان لەدەست ئەدات. ئەردۆگان و ڕژێمی ئاکەپە ئەکرێن زۆر بە ئاسانی لەناو ببرێن، بەڵام هێشتا هیچ ئەڵتەرناتیبڤێک نییە.

قەیرانی تورکیا دەستی کردووە بەوەی لە ژێر کۆنترۆڵ دەربچێت. ژمارەیەکی یەکجار خەڵک تاو ئەوپەڕی هەژاری نوقم کردووە، تا کەمایەتییەک لە دەوڵەمەندەکان پارێزگاری لە قانج و زیادکردنی سەرمایەکانیان بکەن. هیچ جۆرە چارەسەرێکی ئەو گرفتانەی دووچاری خەڵک بوونەتەوە لە سایەی سەرمایەداریدا نییە، جگە لە ئازارچەشتنی زیاتر هیچی تر نییە. ناکرێت جەماوەری خەڵک تا ساڵی ٢٠٢٣ لە چاوەڕوانیدا ژیان بکەن، هەرئێستا چینی کرێکار لە تورکیا بە کردەوە دەستی کردووە بە جووڵە، و چەندەها توێژی زیاتر و زیاترن هەن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی چینی دەسەڵاتداردا ئەڕژێنە سەر شەقامەکان. لەگەڵ توندبوونەوەی زیاتری ناکۆکی چینایەتیدا ژمارەیەکی زۆرتر لە کرێکاران ڕوو لە گۆرەپانی چالاکی ئەکەن. لە نەبوونی ئەڵتەرناتیڤی سیاسیدا ، لەوانەیە کرێکاران روو لە بەرەی یەکێتیە کریکارییەکان بکەن و هەوڵ بۆ کردنیان بە چەند ڕێکخراوی خەباتکار بدەن. بەڵام لە ڕێگای شەڕە پەرتەوازەکانەوە لەگەڵ چینی دەسەلاتدار، خۆبەخۆیانە بە بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکان ئەگەن.

پێویستە دەربڕینێکی بەئاگاهانەتر لەم تێگەیشتنە ڕوولەسەرە خۆبەخۆییانەی کرێکاران بخەینە ڕوو. ئەمەیە ڕۆڵی پارتێکی شۆڕشگیڕ، کە  هەرئێستا بیناکردنی گرنگترین پرسە لە تورکیای ئەمڕۆدا. پێویستمان بە دامەزراندنی حزبێکە لە زۆرترین بە ئاگاهاتووانی چینی کرێکار کە توانای روونکردنەوەی ئەوەیان هەبێت کە تەنها چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی دەرگیری کرێکاران ئەبنەوە بریتییە لە ژێردەست دەرکێشانی کۆمپانیاکانی وزە، کۆمپانیا مۆنۆپۆڵە گەورەکان، و بانکەکان لە چنگی کەمایەتییەکی دەوڵەمەند و خستنە ژێر دەسەلاتی کرێکارانەوە. بەکورتی تەنها لە رێگای ڕووخانی سیستمی سەرمایەدارییەوە ئەتوانین چارەسەری هەموو ئەو کێشەو گرفتانە بکەین کە دووچاری جەماوەری خەڵک بوونەتەوە لە تورکیا.

پرسیار لە داهاتوودا ئەوەیە کەی شایەدی ئەو تەقینەوە شۆڕشگێرانە ئەبین لە تورکیا. بارودۆخی سیریلانکا دیمەنێکە بۆ پاشەڕۆژی تورکیا. جەماوەری خەڵک لە جەرگەی بارودۆخێکی بەرگەنەگیراودا ڕژانە سەر شەقامەکان، هەمان ئەو مەرجانە لە تورکیاش ئامادەییان هەیە، بەڵام لە کاتی ڕووداونی کەشێکی لەم چەشنە، بە بێ بوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ بە بوونی بەرنامەیەکی ڕۆشن لە ئاراستەکردنیدا، وزەو تواناکانی جەماوەر بە هەدەر و هەوادا ئەچن، هەمان هەڵمی ئەو مەنجەڵەی سەرقاپێک نەبێت بۆ نانەوەی. 

چینی کرێکاری تورکیا، کە بەهێزترین هێزی چینی کرێکارە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هاتووەتە گۆرەپان و ئامادەی تێکۆشان و خەباتێکی مەزنە، بەڵام پێویستی بە ڕابەرایەتییەک هەیە ڕووەو سەرکەوتن ئاراستەی بکات. لە ڕێگای بەرنامەیەکی شۆڕشگێڕییەوە کرێکاران ئەتوانن چینەکانی ناوەڕاست، خوێندکاران، جوتیاران، و هەژاران بەکێش بکەن، سەرمایەداران و سیستمەکەیان بخەنە زبڵدانی مێژووەوە، ئەمەیە ئەرکی دەستبەجێمان. 

سەرچاوە : لە بەرگریی مارکسیزمدا