گفتوگۆى ئالان ودز دەربارەى شۆڕشی فەنزەویلی لەمڕۆدا

وەرگێڕانی : حسن حسێن

پێشەکی وەرگێڕى کوردى:

ئەم گفتوگۆیەى ئالان ودز ئەگەرچی لە ساڵی 2007 دا ئەنجام دراوە بەڵام لەبەر ئەوەى لەلایەکەوە خوێنەرى کورد بەگشتی زانیاریی زۆریان لەبارەى بار و دۆخی فەنزەویلاوە نییە، لەلایەکی دیکەشەوە چەند بابەتێکی وەک شۆڕش، سۆسیالیزم، هەڵبژاردن و ئازادى رۆژنامەگەرى لە روانگەى مارکسیزمەوە و لە چوارچێوەى ئەزمونی فەنزەویلادا دەوروژێنرێت، ئەمە جگەلەوەى لەوەتاى ئەم گفتوگۆیە ئەنجام دراوە گۆڕانێکی بەرچاو و جێ سەرنج لە فەنزەویلادا رووینەداوە. هەڵبەتە ئالان ودز پێش و پاش ئەم گفنوگۆیە چاوپێکەوتن و گفتوگۆى دیکەى کردووە بەڵام بەگشتی تەوەرى چاوپێکەوتنەکانی تریش هەر ئەم تەوەرانەن و ئەم گفتوگۆیە تارادەیەک لەهەموویان گشتگیرترە، بۆیە ورگێڕانی ئەم بابەتەم بە پێویست زانی.

گۆڤارىHumania delSur تایبەت بە زانکۆى Los Andes لە میریدا لە فەنزەویلا، گفتوگۆیەکی لە تەک ئالان ودز دا ئەنجام داو، تێیدا باس لە شۆڕشی پۆلیڤاریی ئەمڕۆکە دەکات، لەو گفتوگۆیەدا چەند بابەتێکی وەک ئازادى رۆژنامەگەریی و ئەرکەکانی بەردەم شۆڕشی پۆلیڤاریی خراوەتە بەرباس.

جۆن ریدڵ لە خستنە رووى کتێبەکەت" شۆڕشی فەنزەویلی، تێڕوانینێکی مارکسییانە"دا پرسیی، داخۆ رەوتێکی مارکسیی بچووکی وەک ئەوەى تۆ رابەرایەتی دەکەیت دەتوانێت کاربکاتە سەر رەوتی رووداوەکانی جیهان، وتیشی، لایەنی کەم بەشدارییەکی پۆزەتیفتان لە رەوتی شۆڕشی پۆلیڤاریی لە فەنزەویلادا هەیە، ئەمە چۆن بوو و چۆن توانیتان ئەمە بکەن؟ ئایا ئەوان پەیوەندیتان پێوە دەکەن؟ باسی یەکەم چاوپێکەوتنتمان لەگەلڕ هۆگۆ چافێز بۆ بکە، چۆن بوو ئەى پەیوەندی رەوتی نێونەتەوەیی مارکسیی لەگەڵ حکومەتەکەى هۆگۆ چافێز و ئەو کەرتانەى کە پشتگیرییان دەکەیت، چۆن گەشەى کرد؟ ئایا پێت وایە کە بەڕاستی دەتوانن بەشێوەیەک لە شێوەکان کاربکەنە سەر رووداوەکانی فەنزەویلا؟

ئەزمونی مێژوویی دەریخستووە کە کە گروپێکی بچووک، بەباوەڕى دروستەوە، دەتوانێت رۆڵێکی یەکلاکەرەوە لەنێو بارودۆخە مێژووییەکاندا بگێڕێت، لە کاتێکدا پارتێکی جەماوەریی بەهێز، بەباوەڕى هەڵە و نادروستەوە، لە هەل و مەرجی دیاریکراودا ببێتە سفرێکی گەورە. ئەوەندە بەسە کە پارتی بەڵشەفی بهێنینەوە یادمان کە لەسەرەتاکانی شۆڕشی 1917دا کەمینەیەکی بچووک بوون، لەبەرامبەردا ساڵی 1933 هەرەسی پارتی سۆسیال دیموکراسی و پارتی کۆمۆنیست لە ئەڵمانیا دەبینین. راستە رەوتی شۆڕشگێری مارکسیی هێشتاکە لە فەنزەویلادا زۆر بچووکە، وەلێ لەپەیوەند بە تێڕوانین و هزرەوە زۆر بەهێزین. دواجار ئەمەش تاقە گرەنتییەکە بۆ سەرکەوتن. دەتوانم بڵێم ئەوە رێک بەهێزى هزرمان بوو کە بووە هۆى یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەلڕ سەرۆک چافێز، کە کتێبەکەم Reason in Revolt ( ئاوەز لە شۆڕشدا: مارکسیزم و زانستی نوێ)خوێندبووە و پێی سەرسام بوو و لەچەندین بۆنەیشدا ئاماژەى پێدا.

بەڵام سەبارەت بەوەى دەتوانین چ کاریگەرییەکمان هەبێت لە فەنزەویلادا، ئەوە لەلایەکەوە بەستراوەتەوە بە کارى مارکسییەکانی فەنزەویلاوە، لەلایەکی تریشەوە بەستراوەتەوە بە شارەزایی جەماوەرەوە. بەگشتی جەماوەر لەکتێبەکانەوە فێر نابن بەڵکو لە ئەزموونەوە. لە شۆڕشدا، جەماوەر لە هەفتەیەکدا هێندەى ماوەى دە ساڵ ژیانی ئاسایی فێر دەبن. لینین دەیگوت مسقاڵێک ئەزمون بەلاى جەماوەرەوە لەیەک تۆن تیۆریی، هەرچەندە مەزنیش بێت، بەنرخترە. جەماوەر لەماوەى ئەم دەساڵەدا زۆر شت فێر بوون، ئیدى دەتوانن چۆن دۆستە راستەقینەکانیان لە دوژمنیان جیابکەنەوە( تەنانەت ئەگەر ئەو دوژمنانە کراسی سوریشیان لەبەردابێت). دەکرێت پرسەکە بەم شێوەیە بخەینە روو: لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت جەماوەر بەتەواوى نەزانێت چی دەوێت، بەڵام بەتەواوى دەزانێت کە چی ناوێت. گەشە کردنی هوشیاریی بەردەوامە: کاریگەریی ریفۆرمیستەکان روو لەپاشەکشەیە، لەکاتێکدا کاریگەریی باڵی شۆڕشگێڕ، لە نێوێشیاندا رەوتی مارکسی کە شەرەفی نوێنەرایەتیی کردنیم پێبەخشراوە، لەهەڵکشاندایە.

پێشتر بە ئاشکرا سەرسامیت خۆت بەسەرۆک چافێز نیشاندا. لەگەڵ ئەوەشدا گوتت کە پێتوایە شۆڕشی پۆلیڤاریی" ناکامڵە"، مەبەستت لەمە چییە؟

شۆڕشی پۆلیڤاریی بەو مانایەى کە ترۆتسکی لە کتێبەکەى" مێژووى شۆڕشی روسیی" راڤەى کردووە شۆڕشە. واتە هەل و مەرجێکە تێیدا جەماوەر راپەڕیوە تاکو چالاکانە بەشداریی لە ژیانی سیاسیدا بکات و دەستی داوەتە تێکۆشان بۆ ئەوەى چارەنووسی خۆى بگرێتە دەست و کۆمەڵگە لە خوارەوە بگۆڕێت. بەڵام شۆڕشێکی ناتەواویشە، چونکە هێشتا نەیتوانیوە دەست بەسەر گشت موڵکی ئۆلیگارشییەکاندا بگرێت و دەزگاى کۆنی دەوڵەتیش تا رادەیەک وەک خۆى ماوە. تائەو کاتەى بار و دۆخەکان ئاوا درێژە بکێشن، ناتوانین بڵێین شۆڕش لە پاشەکشەکردن پارێزراوە. پێشتر سەرۆک چافێز لە بۆنەیەکدا بە ئەفسانەکەى سیزیفی شوبهاند، کە فەرمانی بەسەردا درا تاشە بەردێکی قورس سەربخات بۆ سەر لووتکەى شاخ، هەموو جارێکیش بەردەکە تلۆر دەبێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا. گرفتەکە لەوەدایە ئەگەر لەم حاڵەتەى فەنزەویلادا بەردەکە تلۆر بێتەوە، ئەوا خەڵکانێکی زۆر دەپلیشێنێـتەوە.

جارێک ترۆتسکی گوتی:" راستی نەک درۆ بزوێنەرى مێژووە". بەبڕواى ئێوە حەقیقەتی شۆڕشی شۆڕشی فەنزەویلی چۆنە؟ درۆکان کامانەن؟ ئایا ئەمە گۆڕانێکی راستەقینەى واقیعی فەنزەویلایە بەئاراستەى سۆسالیزمی سەدەى بیست و یەک یاخود تەنها تەفرەدانێکە و هەر هێندەى پێگەى دەستەبژێرى نوێی سیاسیی و ئابوورى بەهێزبوو، کۆتایی دێت و هیچ پەیوەندییەکی بە شۆڕش و سۆسالیزمەوە نییە؟

گەورەترین راستیی ئەوەیە کە لە شۆڕشدا، بەشۆڕشی پۆلیڤاریشەوە، هەر دەبێت لە کۆتاییدا چینێک سەرکەوێت و چینێکیش بدۆڕێت، لەمێژوودا هیچ چینێکی دەسەڵاتدار نەبووە کە بەبآ ململانێیەکی سەخت تەسلیم بووبێت. دۆرى گەورەش خۆى لەو راگەیەندنە فشەکەرەدا دەبینێتەوە کە دەڵێت شۆڕَشی پۆلیڤارى" ئیتر پارێزراوە لە پاشەکشە کردن"، جگەلە چەندین هەڵیت و پەڵیتی گەوجانە و نابەرپرس کە تەنها دەیەوێت چاو و ڕاو لە گەل بکات و بەنجی بکات تاکو لەجیاتی ئەوەى لە دژى مەترسییەکانی دژە شۆڕش رابێت، بیخەوێنێت. سەبارەت بەوەش کە پێیدەگوترێت تیۆرەى سۆسیالیزمی سەدەى بیست و یەک، ئەوا من پێم وایە بۆتێکدانی هزر و تێڕوانینی سەرۆک چافێز و گۆڕینی زنجیرى شۆڕشگێرانەیە بەرەو ریفۆرمیزم. خەڵکانێکی وەک هاینز دیتریخ هەموو تواناى خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ شل و شاوکردنی ئەو پەیامە شۆڕشگێڕانەیەى کە سەرۆک چافێز دەیدات و دەیکەنە پەیامگەلێکی تەواو ریفۆرمیستیانە. ئەوان دژ بە پرۆسەى خۆماڵی کردنەکان دەوەستنەوە، داواى پێکهاتن و سازانی نێوان چینەکان دەکەن، واتە دەیانەوێت پڵنگ فێرى گیا خواردن بکەن، بەم شتە پڕوپوچانەش دەڵێن" واقیعی بوون"! من خەریکی دانانی کتێبێکم لە دژى باوەڕەکانی هاینز و ریفۆرمخوازەکان و هیوادارم جیاوازى نێوان تیۆرى شۆڕشگێڕیی راستەقینە واتە مارکسیزم و ئەم کاریکاتێرە روون بکەمەوە.

جگەلەوەى کە شۆڕشی پۆلیڤاریی بەناتەواو دائەنێیت، رەخنەکانی دیکەت چین؟

ماوەیەک لەمەو پێشیش هۆگۆ چافێز هەر ئەم پرسیارەى لێمکرد. منیش ئاوام وەڵام دایەوە: شۆڕشەکەتان سەرچاوەى ئیلهامێکی راستەقینەیە بۆ ملیۆنەها مرۆڤ. ئەمەش گرنگترین شتێکە. بەڵام چەند خاڵێکی لاوازى هەیە، بۆ نمونە نەبوونی بەرنامە و سیاسەتێکی دیاریکراو و روون، نەبوونی کادرى سیاسیی وشیار، بەمانایەکی تر، نەبوونی پارتێکی شۆڕشگێڕ و سەرکردیەتییەکی شۆڕشگێڕ. ئەوە راستە دواتر هەندێک هەولڕ دران بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەم و کوڕییانە. بۆ نمونە، سەرۆک چافێز سروشتی سۆسالیستیی شۆڕشەکەى راگەیاند ئەمەش هەر ئەو شتە بوو کە رەوتەکەمان هەر لەسەرەتاکانەوە بانگەوازى بۆى کرد، بەڵام ئەم هزرە لەلایەن ریفۆرمیستەکان و ستالینییەکانەوە بەرەنگارییەکی زۆر دەکرێت. هێشتا شەڕەکە نەبراوەتەوە.

بۆچوونت لەسەر ئەو رەخنانەى ئۆپۆزسیۆنی فەنزویلی چییە کە دەڵێن، سەرۆک هەڵوێستی دیکتاتۆرییانەى هەیە و کەسێکی سەربازییە ئەمەش لەگەلڕ یاساکانی گەمەى دیموکراسیدا ناگونجێت؟ هەر بۆ نمونە رات چییە لەسەر ئەوەى بە نیازە ماوەیەکی دیارینەکراو لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و ئەو قسانەى لەسەر شۆڕشێکی" ئاشتیخوازنە بەڵام چەکدار" دەیانکات؟ ئایا سۆسیالیزم و دیموکراسی ناکۆکن؟

کی گوتوویە ناکۆکن؟ سۆسالیزم یا دەبێت دیموکراتیک بێت یان ئەوەتا هیچ نییە! بێگومان کاتێک لەبارەى دیموکراسییەوە دەدوێم مەبەستم لە دیموکراسیی رواڵەتیی و کاریکاتۆریی بۆرژوازى نییە کە هیچ ناوێکی دیکەى نییە دیکتاتۆرییەتی گەورەى سەرمایە نەبێت. ئایا دیموکراسیی لە ئەمریکا هەیە، لەوێ کە دوو پارت هەیە و لە راستیشدا، وەک گۆر فیداڵ بە روونی نیشانی دا، جگە لە یەک پارت کە نوێنەرایەتی باڵەکانی بۆرژوازى دەکات هیچی ترنییە. کەسێک گەر بیەوێت ببێتە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێت ملیۆنێر بێت، ئەمە چ دیموکراسیەتێکە. ناڕەزایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی فەنزەویلا جگەلە دوو رووییەکی تەواو هیچی ترنییە. ئەوان هەڵبژاردن و راپرسییەکانیان یەک لەدوا یەک، دۆڕاند. لەدیسمبەرى رابردووشدا( مەبەست لەو کاتەیە کە گفت و گۆکەى تیا ئەنجام دراوە ـ و.ک)، هەر دۆڕاندیان کاتێک چافێز لە مێژووى فەنزەویلادا زۆرترین رێژەى دەنگەکانی بەدەستهێنا. ناشتوانن بڵێن ئەو هەڵبژاردنە ساختە بوو! لە راستیدا وردترین هەڵبژاردن بوو لەمێژووى جیهاندا! هەر هەموویان بە شەقامەکانی کاراکاسدا بە بڵندگۆوە دەسووڕانەوە، دەگەڕان بۆ بچووکترین بەڵگەى ساختەکارى، خۆ ئەگەر شتێکیان بۆ دەرکەوتبایە ئەوا رایاندەگەیاند، بەڵام هیچیان بەدى نەکرد. ئەم هەڵبژاردنە رێپێدانێکی تەواوى دا بە حکومەتی فەنزەویلا، دەستی ئاوەڵاکرد لەپێناو گۆڕینی ریشەیی کۆمەڵگا. لەراستیدا جەماوەر هەر ئەمە داوا دەکات! پێویستە لەسەر هۆگۆ چافێز خزمەتی ئاواتەکانی ئەو کەسانە بکات کە هەڵیان بژاردووە، کرێکاران و جوتیاران، میللەتی هەژار و گەنجان و هەڵەوەڕیی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیش، کە هیچ نین جگەلە زمانی ئۆلیگارشیای گەندەڵی کۆنەپەرست و ئاغانیان لە واشنتۆن، بەتەواوی پشت گوآ بخات. پێویستە لەسەرمان ر و شوێنی ریشەیی و بەپەلە بگرینە بەر. ئیتر کاتی دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی ئۆلیگارشی هاتووە!

سەبارەت بە پرسی رۆژنامە و میدیا لە فەنزەویلا، لەوەتاى هۆگۆ رافائیل چافێز فریاس، لەکانونی یەکەمی 1998ەوە جڵەوى سەرۆکایەتی کۆمارى گرتۆتە دەست، حکومەت ئازادى رۆژنامەوانیی کە "زەمانەتی سەربەخۆیی راى ئازادى هاوڵاتیان و کۆمەڵەکانە بەوانەشەوە کە تایبەتن بەکۆکردنەوە و پەخش کردنی زانیارییەکان" بەرتەسک دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا کار بۆ بەهێزکردنی هۆکارەکانی راگەیاندنی حکومی دەکات، کە تایبەتن بە پەخشکردنی ئەو بەرنامانەى سروشتێکی "ئایدۆلۆژییان" هەیە. ئایا ئەمە لەگەلڕ مافەکانی مرۆڤدا ناکۆک نییە؟ ئایا سۆسیالیزم دژى ئازادییەکانە؟

دە بەسە گاڵتە مەکە! چۆن دەکرێت باس لە ئازادى میدی و ئازادى هۆکارەکانی پەیوەندیی بکەین، لەکاتێکدا هەر هەمووى لەلایەن چەند دەوڵەمەندێکی وەک رۆبەرت مەردۆخەوە قۆرخ کراوە؟ ئەوەى پێیدەوترێت ئازادى میدیا لە بەریتانی و ئەمریکا هیچ نییە جگەلە نوکتەیەکی زۆر سەخیف! بێگومان پێویستە لەسەر سۆسیالیزم رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت. بەڵام با لەبەرگرى کردن لە مافی زۆرینەوە دەست پێبکەین، ئەوانەى، کە تائێستا هیچ مافێکیان نەبووە و هیچ دەنگێکیان نەبووە بۆ ئەوەى راکانیان دەربڕن. ئەوەى کە پێویستە بیکەین خۆماڵی کردنی رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانە، بەڵام بۆ ئەوە نا کە بخرێنە ژێردەستی دەوڵەتەوە( ئێمە دەوڵەتێکی تۆتاڵیتارییمان ناوێت وەک ئەوەى یەکێتی سۆڤییەت بەخۆیەوە بینی) بەڵکو بۆ گرەنتی کردنی مافی سوود وەرگرتنی گشت پارت و رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و سەندیکاکان، بەگوێرەى ژمارەى ئەندامانیان و ئەودەنگانەى لەهەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە، لە راگەیاندنەکان. بەم جۆرەش پارتی سۆسیالیستیی یەکگرتوى فەنزەویلا ژمارەیەک رۆژنامەى رۆژانە و چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دەبێت، خاوەنانی کەناڵی RCTV رۆژنامەیەکی مانگانەى چکۆلەى وەک El Militante یان دەبێت، ئازادیش دەبن لەوەى لە وێستگاى پاس و شەمەندۆفێرەکاندا بیفرۆشن... واتە هەر ئەو مافانەى بۆرژوازییەکان دابوویانە ئێمە ، بەبآ زیاد و کەم، دەدەینەوە خۆیان.

رات لە بارەى RCTV چییە کە کۆمپانیایەکە مێژوویەکی زیاتر لە 50 ساڵی هەیە و لە مانگی ئایارى رابردوودا حکومەت رازى نەبوو مۆڵەتەکەى بۆ تازە بکاتەوە؟

سەبارەت بە RCTV ، هەموو کەس دەزانێت کە ئیزگەیەکی golpista") (کۆدێتاگەر)ى دژ بە شۆڕش بوو. ئەگەر من رەخنەیەکم لەسەرۆک چافێز هەبێت ئەوەیە کە دەبووا خێراتر هەنگاوى بنایە دژى ئەم کونە مارە. دەبوو هەر بە داخستنی نەوەستێتەوە، بەڵکو خاوەنەکانی دەستگیر و دادگایی بکردایە. جارێکی دیکە دەیڵێمەوە ئەو کەمپینەى دژ بەم پرسە بەڕێخراوە جگەلە دوو روویی هیچی ترنییە. دەتوانم بە پێداگرییەوە بڵێم ئەگەر کۆمپانیایەکی تەلەفزیۆنی بەریتانی بەو شێوازەى کە ئەو تاقمە هێرشیان کردە سەر چافێز، هێرش بکاتە سەر بلێر و داواى کودیت و بگرە تیرۆرکردنی سەرۆکی وڵات بکات، بە زووترین کات دەخرێتە زیندانەوە. نەخێر! مەسەلەکە ئەوە نییە ئێمە زیاد لەپێویست رۆیشتووین، وەک ئەوەى هاینز دیتریخ و کەسانێکی تر پێیان وایە، بەڵکو لەوەدایە زۆر چاوپۆشیمان کردووە، بۆ نمونە، ژمارەى پیلانگێڕانی کۆدیتاکەى نیسانی 2002 کە ئێستا لە زیندانەکاندان چەندە؟ ئەوەندەى من بزانم، هیچ کەس. دڵنیابە ئەگەر ئەمە لەئەمریکا بووایە ئاوا نەدەبوو!

گەلێک لەلایەنگرانی چافێز هەست بەرەشبینی دەکەن لەوەى بانگهێشتی پێکهێنانی پارتی سۆسیالیستی یەکگرتووى کردووە، لەبەرئەوەى دەترسن ئەمە هەوڵێک بێت بۆ فراوان کردنەوەى دەسەڵات و کپ کردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن، رات لەم بارەیەوە چییە؟ ئایا پارتی تاقانە ئامڕازێکی گونجاوە بۆ بەدیهێنانی" شۆڕش لە ناو شۆڕشدا" کە تۆ بەرگرى لێدەکەیت؟

لەلایەکەوە بەدڵنیاییەوە چینی کرێکار پێویستیی بە پارتێکی سیاسییە، ئەو پارتانەش کە جووڵانەوە لەپێناو کۆماری پێنجەمیان پێکدەهێنا، زۆر خراپن و بەتەواوى لەلایەن پیرۆکراتی و ریفۆرمیستەکانەوە کۆنترۆلڕ کراوە. پاشان وا دێتە بەرچاوم کە راگەیاندنی پارتی سۆسالیستی یەکگرتوو دەشێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ پێشەوە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەى کە پارتێکی شۆڕشگێڕیی راستەقینە بێت، واتە پارتێکی دیموکراسیی چینایەتی لەژێر چاودێریی بنکە کرێکارییەکاندا بێت و هەر بەتەنها دەزگایەکی بیرۆکراتیی دیکە نەبێت بەدەست هەلپەرستەکان و ئەوانەى هەڵپەیانە بگەنە دەسەڵات. لێرەشدا دیسانەوە ئامادەیی رەوتێکی بەهێزى مارکسیی پێویستییەکی تەواوە.

کتێبەکەت دەربارەى فەنزەویلا بۆ چەندین زمان وەگێڕدرا، بە زمانی ئۆردویشەوە، ئەمەش وای لە چافێز و شۆڕشی پۆلیڤارى کرد لەچەندین وڵات وەکو هیند و پاکستان ناسراو بێت، ئایا بەڕاستی پێت وایە ئەوەی لە فەنزەویلادا روودەدات، دەبێتە نمونەیەک بۆ جیهان؟ ئەگەر وەڵامەکەت بەڵێیە، بۆچی؟

راستە کتێبەکەم سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێنا چونکە بۆشاییەک پڕدەکاتەوە. بەداخەوە، بەشی زۆرى چەپ لە جیهاندا لەماناى شۆڕشی پۆلیڤاریی تێنەگەیشت، بەڵام هەرکە چەندان کەس زانییان لە فەنزەویلا چی دەگوزەرێت، دۆخەکە بەخێرایی دەستی بەگۆڕان کرد. هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکەمان" دەست لە فەنزەویلا هەڵگرن" تائێستاش لەم بارەیەوە رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت. بۆچی شۆڕشی فەنزەویلی بۆ سەرجەمی شوێنەکانی جیهان بایەخی هەیە؟ باشە، بەپلەى یەکەم لەبەرئەوەى گریمانەکە وایە کە ئەم هەموو شتانە روونەدەن کە روودەدەن! چونکە دواى هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤییەت بۆرژوازى سەرگەرمی ئاهەنگ گێڕان بوون. دەستیان کرد بە قسەکردن دەربارەى کۆتایی هاتنی سۆسیالیزم، پایانی کۆمۆنیزم و شۆڕش، بگرە تەنانەت کۆتایی مێژوویش. بەڵام ئێستاکە فەنزەویلا هەموو ئەو وەهمانەى سەرەو ژێرکردەوە! شۆڕشی پۆلیڤاریی وەک دەنگدانەوەى ئەو رستە بەناوبانگەى گالیلۆ وایە کە گوتی: "Eppur si muove!" (لەگەلڕ ئەوەشدا دەسوڕێتەوە!). سەرمایەداریی، لەم قۆناغەى دواییدا، ئەو بەڵگەیەى داوە کە دەسەوسانە لە بەدیهێنانی پێداویستییە زۆر زەروورەکانی جەماوەردا. لە هەموو جێیەک برسێتی زیاتر دەبینین، کارەساتی زیاتر، کڵۆڵی زیاتر و جەنگ و کاولکارى زیاتر. بەڵام لەولاشەوە کاردنەوەی روو لەهەڵکشانی گەلان دەبینین. فیزیاى کلاسیک دەڵێت هەموو کارێک کاردانەوەیەکی هەیە کە لە هێزدا یەکسانە پێی و لەئاراستەشدا پێچەوانەیەتی. ئەمە لە سیاسەتیشدا راستە! بزووتنەوەى جەماوەریی بەشێوەیەکی روو لە زیاد بەرەو لێپێچینەوەى زیاترى سەرمایەدارى دەچێت، تەنانەت لە خودى وڵاتە یەکگرتووەکانیشدا. فەنزەویلا خاڵێکی مەرجەعی ئەم بزووتنەوانە ج هەر ئەم هۆیەیە کە وا لە هێزە ئیمپریالیستییەکان دەکات مکوڕ بن لەسەر ئەوەى بەهەر نرخێک بووە شۆڕشی پیۆلیڤاریی لەناو ببەن. نمونەیەک پێشکەش دەکات کە ملیۆنان مرۆڤی چەوساوە و ستەملێکراو لە ئەمریک و دەرەوەى چاوى لێبکەن. فەنزەویلا ململانێیەکی چینایەتی بەخۆوە دەبینێت کە سیماکانی توندتر و دڕتر دەبن. هێشتا نازانین چۆن کۆتایی پێدێت، بەڵام دەزانین سەر بە چ مەتەرێز و سەنگەرێکیانین! ئێمە لەگەلڕ کرێکاران و جوتیارانداین، دژى بۆرژوازى و خاوەن بانک و خاوەن زەوییە گەورەکانین! لەگەلڕ گەنجانی شۆڕشگێڕ و پێشڕەوانێکین کە دەیانەوێت شۆڕش بەرەو پێش بەرن، ئەوانەى توندترین جەزربە دەگەیننە کۆنەپەرستان، دژى ریفۆرمیستە شەرمن و بیرۆکراتییە ترسنۆکە فێڵبازەکانین! ئەگەر کەسێک هەبێت دڕدۆنگ بێت لەوەى داخۆ پێویستە لەسەرمان پشتگیریی شۆڕشی پۆلیڤاریی بکەین، ئەوەندەى بەسە کە سەیرێکی هەڵوێستی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بکات، کە پلانەکانی بۆ روخاندنی چافێز و پشتیوانیی کردنی لە هێزى دژە شۆڕش ناشارێتەوە. تەنیا ئەم واقیعە بەسە بۆ باوەڕ پێهێنانی هەر کەسێک بە پێویستیی پەیوەست بوون بە کاروانی بەرگرى لە شۆڕشی پۆلیڤارییەوە. بەڵام بۆ ئەوەى بەشێوەیەکی جیددى بەرگرى لێبکرێت، پێویستە بەتەواوى بەرەو پێشەوە بچین، پێویستە کە دەسەڵاتی ئۆلیگارشی بەسەر ئابووریدا کۆتایی پێبهێنرێت. باس کردن لە سۆسیالیزم بەس نییە، پێویستە ئەمە بگۆڕین بە راستی! ئەمەش مومکین نییە ئەگەر چینی کرێکار دەسەڵات بەدەستەوە نەگرێت. هەر ئەوەندەى چینی کرێکار دەسەڵاتی گرتە دەست، شۆڕشی پۆلیڤاریی لە سروشتە لێڵ و دڕدۆنگەکەى رزگارى دەبێت و هێزێک بەدەست دەهێنێت کە نابەزێت، سنوورى بەرتەسکی نیشتمانی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە بزووتنەوەیەک لەسەر ئاستی کیشورەکە. هەل و مەرجەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە زۆر زیاتر پێگەیشتوون! ئەمڕۆکە هیچ رژێمێکی بۆرژوازى سەقامگرتوو لە هەموو ئەمریکاى لاتینیدا شک نابەین، لە تییرا دیل ئەلفۆیگۆوە تا ریۆگراندى. بۆ یەکەمجار دەتوانرێت ئاواتەکەى سیمۆن پۆلیڤار، واتە یەکخستنی شۆڕشگێڕانەى ئەمریکاى لاتین، بهێنرێتە دى. ئەمەش لەسایەى فیدراڵیزمێکی سۆسیالیستی ئەمریکاى لاتیندا نەبێت، بەدى نایەت، ئەو فیدراڵیزمەى کە دەبێتە یەکەمین هەنگاو بەرەو جیهانێکی سۆسیالیستی.

Source: http://hawpshti.com/kurdi