سەد ڕۆژمان بۆ دەستپێکردنی خوێندنگای جیهانیی کۆمۆنیزم  ماوە: ڕاگەیاندنی بەرنامە!

سەد ڕۆژ ماوە کە مەیلی مارکسی نێونەتەوەیی (IMT) میوانداری کۆنفرانسێک لە لەندەن بکات: خوێندنگای جیهانیی کۆمۆنیزم. کە ماوەی شەش ڕۆژی پڕ لە گفتوگۆ و وتووێژ ئەبێت، و تیایدا ئینتەرناسیۆناڵیزمی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ دەستپێئەکەین!

هەر لە ئێستاوە لە سەرجەم جیهانەوە کۆمۆنیستەکان نوێنەرانیان هەڵئەبژێرن تا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری ئەم چالاکییە لە ئیتالیا بکەن. جگە لەمەش هەموو ئەم وتارانە بە شێوەی ئۆنلاین پەخش ئەکرێن، و ئەتوانن بە شێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ (ستریم)چاویان لێبکەن، یان لە دوا کاتەکانی هەمان ڕۆژدا چاو لە تۆمارکراوەکان بکەن. لە ئێستادا ناوی خۆت تۆمار بکە بۆ وەرگرتنی زانیارییە نوێکارییەکان لەسەر خوێندنگاکە،و هەروەها زانیاری لەسەر ئاهەنگەکانی بینین و زۆر بابەتی تر!

ئێمە زانیاری زیاتر بڵاو ئەکەینەوە – لەوانەش خوێندنەوە پەسەندکراوەکان – لە چەند هەفتەی داهاتوودا، شانازی ئەکەین کە لە خوارەوە ئەو تەوەرانەی لە چالاکییەکەدا باس ئەکرێن بخەینە ڕوو.

لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسدا ئالان ودز ناساندنێک لە دەستپێکردنی نوێ‌ی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ پێشکەش ئەکات ،و هەروەها مانیفێستی نوێ‌ی خۆی ئەخاتەڕوو، کە لەلایەن نوێنەرانەوە گفتوگۆی لەسەر ئەکرێ و دەنگی لەسەر ئەدرێت.

لە ڕۆژی کۆتاییدا حەمید عەلیزادە ڕاپۆرتێک دەربارەی کارە مەزنەکانی کۆمۆنیستەکان لەم ماوانەی دواییدا لە سەرانسەری جیهان، و ڕوونکردنەوەی پلانەکانمان بۆ داهاتوو پێشکەش ئەکات. هەروەها لە ماوەی هەفتەکەدا ئالان ودز وتارێک دەربارەی ‘دیالێکتیک: جەبری شۆڕش’ پێشکەش ئەکات.

ئەگەر ئەمە کفایەت نەبێت، لە ماوەی هەفتەکەدا ١٨ گفتوگۆ سازئەکرێن، کە هەر ٣ گفتوگۆیەک لە یەک کاتدا بەڕێوەئەچن. خۆشبەختانە هاوڕێیان ناچار نابن هیچ بڕیارێکی سەخت بدەن چونکە هەر دانیشتنێک کە ناتوانن ئامادەی بن، دواتر بە چاولێکردنیانی تۆمارکراوەکان لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەمانەوە دەستیان پێ‌ی ڕائەگاتەوە، ئەتوانن دەستیان بە هەر دانیشتنێک ڕابگات کە ئامادەی نەبوون.

خۆشحاڵین لە خوارەوە لیستی باسەکان ئەخەینەڕوو:

پێداویستی فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕانە: ماتریالیزمی دیالکتیک

لینین جارێکیان وتی “بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە، بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەش بوونی نییە”. لەپێناو ئەوەی کە خەبات بۆ کۆمۆنیزم سەرکەوتوو بێت، ئەبێت بە بیرۆکەیەکی دروستەوە ڕێنمایی بکرێت. ئەم باسە سروشتی کۆنەپەرستانەی هەموو جۆرە تیۆرێکی کۆنەپەرستانەی وەک پۆستمۆدێرنیزم نیشان ئەدات، کە بە ڕووپۆشێکی شۆڕشگێڕانەوە ڕووەو گەنجان پاڵی پێوە ئەنرێت. تەنیا فەلسەفەی مارکسیزم – ماتریالیزمی دیالکتیک – ە کە لە توانایدایە کاری شۆڕشگێڕان بەرەو سەرکەوتن ڕێنمایی بکات.

بۆچی پێویستمان بە تیۆری مێژووە: ماتریالیزمی مێژوویی

مێژوونووسی بۆرژوازی ئارنۆڵد تۆینبی جارێکیان وتی “مێژوو تەنها ڕاستییەکی نەفرەتلێکراوی یەک دوای یەکە”. ئەم باسە ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە بنەمای هەموو ئەو ڕووداوانەی کە مێژوو پێکئەهێنن یاسای گشتی هەن، کە ئەتوانرێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و لێی تێبگەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە لێکۆڵینەوە لە مێژوو ئەتوانێت هاوکارمان بێت لە هەندێک پێشبینیکردن بە ئامانجی ڕێنماییکردنی خەباتەکانی داهاتوو ڕووەو سەرکەوتن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە زۆر گرنگە کۆمۆنیستەکان تیۆری مێژوویان هەبێت.

سەرمایەداری چییە؟ – پێشەکییەک بۆ ئابووریی مارکسیستی

دوژمنایەتییەکی گەشەسەندوو بەرامبەر بە دۆخی ئێستا و بەو هۆیەوە بەرامبەر سەرمایەداری بوونی هەیە، کە لەنێو ڕیزەکانی چینێکی کۆمەڵگادا گەشە ئەکات. بەڵام لە ڕاستیدا خودی سەرمایەداریی چییە؟ ئەم باسە کارە شاراوەکانی سیستەمی سەرمایەداری ئاشکرا ئەکات، کە بە باشترین شێوە لە لایەن کارل مارکسەوە ڕوون کراوەتەوە. بە تەواوی باس لەوە ئەکات کە سیستمەکە چۆن کارئەکات، و چۆن ئەتوانرێت بڕوخێنرێت.

بەلشەفییەکان لە دەسەڵات‌دا

لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، بەلشەفییەکان لە حیزبێکەوە کە پەرچەکردار تێکیشکاندبوو، بوو بە چرایەکی درەوشاوە بۆ جەماوەری شۆڕشگێڕ لە سەرانسەری جیهاندا گۆڕدرا. سەرەڕای داگیرکاریی ٢١ سوپای دەرەکی، بەڵام لە شەڕێکی نائومێدکەر، بۆ مانەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، لە هەمان کاتدا هەنگاوی گەورەیان بۆ چینی کرێکار بەدەستخست، یەکەم خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەرامبەریان دامەزراند، جیابوونەوە و لەباربردنی منداڵیان بە یاسایی کرد، هاوڕەگەزبازییان بە تاوان نەناساند و زۆر پرسی تر. ئەم باسە سەرەتاکانی دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەت و قۆناغی شەڕی ناوخۆ لەخۆئەگرێت لەگەڵ ئەو ئەرکە دەستبەجێیانەی کە شۆڕشێکی سەرکەوتوو ڕووبەڕووی ئەبێتەوە.

چۆن ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست بنیات نرا

ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست لەلایەن لینین و ترۆتسکییەوە وەک ئامرازێکی شۆڕشی جیهانیی دامەزرێنرا. کۆکردنەوەی پارتە کۆمۆنیستەکان لە سەرانسەری جیهان، ڕێگەیەک بوو بۆ توندکردنەوەی توانا تیۆری و پراکتیکییەکانی کۆمۆنیستەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا. ئەم باسە بەدواداچوون بۆ سەرچاوە و ساڵانی سەرەتای دەمەزراندنی ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست ئەکات، کە پێداویستیمان بۆ بنیاتنانی ڕێکخراوێکی هاوشێوە لە جیهانی ئەمڕۆدا نیشان ئەدات. ئەو پارتانەی کە ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیستیان پێکهێنابوو، بنەچە(origin)ی جیاوازیان هەبوو، هەندێکیان لە ڕێکخراوە بچووکەکانی پڕوپاگەندەییەوە گەشەیان کرد و هەندێکی تریان ە پارتە گەورە چاکسازیخوازەکان جیابوونەوە. ئەگەر بمانەوێت پارتە کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕە جەماوەرییەکان سەرلەنوێ دابمەزرێنینەوە، پێویستە لێکۆڵینەوە لەو ڕابردووە بکەین کە چۆن دروست بوون.

جەنگ و شۆڕش: ڕوانگەی لینینی

ئەکرێت ئاسان بێت لەگەڵ پەرەسەندنی لیستی جەنگەکان لەسەرتاسەری جیهان و بەرزکردنەوەی دەستەکانت لە نائومێدیدا سەیری جیهان بکەیت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هۆکارانە کامانەن کە ئەبنە سەرهەڵدانی جەنگەکان؟ وە چۆن ئەتوانین جیهانێکی بێ جەنگ بنیات بنێین؟ ئەم  باسە ڕوانگەی لینین دەربارەی جەنگ ڕوون ئەکاتەوە و نیشانمان ئەدات کە چۆن بۆ ئەمڕۆش ئەو ڕوانگەیە ئەکرێت گونجاو بێت.

کۆمۆنیستەکان چۆن ئەتوانن جەماوەر لەخۆبگرن؟

وەک خەڵکانێکی کۆمۆنیست ئەرکی ئێمە تەنیا باسکردنی بیرۆکەکانی مارکسیزم لە بازنە داخراوەکاندا نییە. بۆ ئەوەی شۆڕشێک سەرکەوتوو بێت، پێویستە کۆمۆنیستەکان هەوڵبدەن بگەنە بەرفراوانترین ڕیزەکانی چینی کرێکار و گەنجانی شۆڕشگێڕ، و قەناعەتیان بە پێداویستی ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری پێبکەن. لەم باسەدا وتووێژی ئەوە ئەکەین کە چۆن کۆمۆنیستەکان ئەتوانن بیرۆکەی شۆڕشگێڕانە لەنێو بەرفراوانترین توێژەکاندا بڵاوبکەنەوە و خەبات بۆ بنیاتنانی پارتێکی کۆمۆنیستی جەماوەریی لە هەر جێیەکدا بکەن.

ئایا بەڕاستی کۆمۆنیزم شکستی هێنا؟

بە بەردەوامی پێمان ئەوترێت کە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بەڵگەیەکی جێی مشتومڕ نییە بۆ سەلماندنی شکستی کۆمۆنیزم. ئەم هەڵمەتە هاوئاهەنگانەی بوختان و درۆکردن، کە بە هەڵەو نادروستیی، کۆمۆنیزم بە تاوانە بیرۆکراتیکییەکانی ستالینیزمەوە گرێ ئەدەن، لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە بانگەشەی بۆ ئەکرێت و بڵاو ئەکرێتەوە، تا خەباتی ڕووخاندنی سەرمایەداری لەمڕۆدا بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم باسە ڕوونی ئەکاتەوە کە چۆن و بۆچی یەکێتی سۆڤیەت داڕما و ئەوە نیشان ئەدات کە ئەوەی هەرەسی هێنا کۆمۆنیزم نەبوو، بەڵکو شێواندنێکی بیرۆکراتییانە بوو کە شکستی هێنا.

ئیمپریالیزم چییە؟

لە کاتێکدا زۆرێک لە چەپەکان بەدروستی ترس و تۆقینەکانی ئیمپریالیزم سەرکۆنە ئەکەن، بەڵام کەم کەسیان بەڕاستی لێی تێئەگەن. لە ململانێی ئۆکرانیا، تا شەڕی غەززە، تا کێبڕکێی نێوان چین و ئەمریکا، ئیمپریالیزم زاڵە بەسەر پەیوەندییە جیهانییەکان و بەو پێیەش ئەرکی کۆمۆنیستەکانە لێی تێبگەن. ئەم باسە شیکارییەکی وردی مارکسیستی بۆ ئیمپریالیزم و ئەو دێدگایە ئەخاتە ڕوو کە کۆمۆنیستەکان لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەبێت بیگرنەبەر، باسەکە لەسەر بنەمای شاکارە تیۆرییەکەی لینین ئیمپریالیزم: باڵاترین قۆناغی سەرمایەداری، ڕەگی داکوتاوە.

کۆمۆنیستەکان و دەوڵەت

زۆرجار پێمان ئەڵێن کە سیاسەتمەداران و دادگاکان و پۆلیس و هەموو تەڵەکەکانی تری دەوڵەت لە دادپەروەریدا تەنها ناوبژیوانانێکی بێلایەنن کە لە بەرژەوەندی گشتی و هەموواندا کارئەکەن. بەڵام لە واقیعدا کۆمۆنیستەکان لەوە تێگەیشتوون کە ئەمە تەنها پەردەپۆشێکە بۆ بەرژەوەندییە چینایەتییە کۆنکرێتییەکان کە بنەمای دەوڵەتن. ئەم باسە ئەو ڕۆڵە ئاشکرا ئەکات کە دەوڵەتانی سەرمایەداری لە بەرگریکردن لە سیستەمی ئێستای ستەم و چەوساندنەوەدا ئەیگێڕن و ڕوونی ئەکاتەوە کە چۆن دەوڵەتێکی کرێکاریی لە دوای شۆڕشەوە هەنگاوەکانی قۆناغی گواستنەوە ڕووەو کۆمۆنیزم مسۆگەر ئەکات.

چی لە پشت ‘پۆپۆلیزمی ڕاست’ەوەیە و چۆن بەرەنگاری  ببینەوە؟

چی لە پشت سەرهەڵدانی کەسایەتییە ڕاستڕەوەکانی وەک ترامپ و لاپێن و مێلۆنیەوەیەن؟ میدیای لیبڕاڵ بۆ مردنی دیموکراسی ئەگری و تاوانەکە ئەخاتە ئەستۆی دەنگدەرانی ‘نەزان’. بەڵام ئەرکی کۆمۆنیستەکان گریان نییە، بەڵکو تێگەیشتنە. ئەم باسە ئەو جەمسەرگیرییە قووڵە ڕوون ئەکاتەوە کە لەم قۆناغەی قەیرانی سەرمایەداریدا جیهانی گرتووەتەوە، و هەروەها سەرهەڵدانی ڕاستەکان بۆ نەبوونی تەواوەتی هیچ بەرنامەی ئەڵتەرناتیڤێک کە لەلایەن ‘چەپ’ گوماناویەکانەوە پێشکەش بکرێن، ئەگەڕێنێتەوە. کە بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیەو لە توانایدایە ئەو کەسایەتییانە تێکبشکێنێت.

شۆڕشی ڕووسیا: گەورەترین ڕووداوی مێژووی مرۆڤایەتی

لە ساڵی ١٩١٧دا چینی کرێکار لە ڕووسیا کارێکیان بە ئەنجام گەیاند کە پێشتر نەکرابوو. بۆ یەکەمین جار سەرمایەداری ڕووخێنرا و چینی کرێکار هاتە سەر دەسەڵات و دەستی  پێوەگرت، بە ڕابەرایەتی پارتی بەلشەفیک. ئەم ڕووداوە مەزنە شەپۆلێکی شۆکی لە سەرانسەری جیهاندا خوڵقاند،و هیوا و خواستی ملیۆنانەها خەڵکی چەوساوە و زەحمەتکێشی داگیرساند. ئەم باسە وتووێژ دەربارەی شۆڕشی ڕووسیا ئەکات و بەرگری لێئەکات، جەخت لەسەر دەوڵەمەندی ئەو ئەزموون و وانانە ئەکاتەوە کە کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ ئەتوانن سوودی لێوەربگرن.

شۆڕشی جیهانیی یان سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا

دوای مردنی لینین، کاتێک ڕوون بووەوە کە یەکێتی سۆڤیەت لە ئاستی نێونەتەوەییدا لە دەریای سەرمایەداریدا گۆشەگیرە، بیرۆکراسی ستالینیستی دەستی گرت بە تیۆری بەناو سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا. ئەم بیرۆکە ناسیۆنالیستی و دژە شۆڕشە بەتەواوی لەگەڵ دێدگای مارکس و ئەنگڵس و لینین ناکۆک بوو، کە شۆڕش پێویستی بە پەلهاویشتنی لانیکەم بۆ هەموو ئەو ئابوورییە گەورانە هەیە تا زامنی سەرکەوتن بکات. ئەم باسە دەرەنجامی کۆنەپەرستانەی سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا ئەخاتە ڕوو، و وەک لادان(aberration)ێکی تیۆری مارکسیستیی ئەیناسێنێت کە نابێت هیچ ڕۆڵێکی لە خەباتی چینایەتی ئەمڕۆدا هەبێت.

لینین و ترۆتسکی: بەڕاستی ئەوان بەرگرییان لە چی ئەکرد

لینین و ترۆتسکی ڕابەرانی حاشاهەڵنەگری شۆڕشی ڕووسیای ساڵی ١٩١٧ بوون، ئەم دوو بەلشەفیکە گەورەیە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە دابینکردنی ئەو ڕوانگە و تاکتیکانەی کە جەماوەری ڕووسیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات پێویستیان بوو، گێرا. سەرەڕای ئەمەش، تا ئەمڕۆش ئەفسانەیەکی بێ بنەما پڕوپاگەندەی بۆ ئەکرێت، کە گوایە لینین و ترۆتسکی لە بنەڕەتدا چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی کەسییەوە، دژایەتی یەکتریان کردووە. ئەم باسە ڕاستی پەیوەندی نێوان لینین و ترۆتسکی نیشان ئەدات، و ئەوە ئەخاتە ڕوو کە لەسەر هەموو خاڵە بنەڕەتییەکان و لە گشت ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا ئەم دوو شۆڕشگێڕە گەورەیە یەکگرتوو بوون.

چۆن پارتی بەلشەفیک بنیات نرا؟

پارتی بەلشەفی شۆڕشگێڕترین پارت بووە کە تا ئێستا بوونی هەبووبێت. بەڵام بە تەواوی پێکهاتە نەبوو. لە ماوەی چەندین ساڵدا لینین پارتەکەی بنیاتنا، لە بنەڕەتەوە لە بازنە بچووکەکانی خوێندنەوەوە، تا ئەوەی کە بووە ڕێکخراوێکی جەماوەری چینی کرێکاری ڕووسیا فراوان بووەوە. ئەمە تاکە پارتە لە مێژوودا کە چینی کرێکاری ڕووەو ڕووخاندنی سەرمایەداری سەرکەوتووانە ڕابەرایەتی کردبێت. بۆیە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە مێژووەکەی ئەتوانێت ڕێنمایی و کۆمەکمان لە بنیاتنانی حیزبێکی هاوشێوە لە دۆخی ئەمرؤدا بکات.

کۆمۆنیستەکان و پرسی نەتەوەیی

پرسی ستەمی نەتەوەیی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی، خەباتێکی گرنگە کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی جیهان ئەبێتەوە. ئەم باسە ڕێبازی مارکسیستی بۆ ئەم پرسە چارەنووسساز و لە هەمان کاتدا سەختە، وتووێژ ئەکات، لەگەڵ خستنەڕووی جەند نموونەی سەرەکی لەمڕووەوە کە خەباتی شۆڕشگێڕانە دژی ستەمی نەتەوەیی لە حاڵەتە جیاوازەکاندا چۆن ئەبێت.

خەبات دژی ستەم – یەکگرتوویی چینی کرێکار یان سیاسەتی ناسنامە؟

سیاسەتی ناسنامە ڕێبازێکی بەربڵاوە لە لایەن چەپەوە، کە هەوڵ ئەدات مرۆڤەکان بەپێی ڕەگەز، جەندەر،و سێکسوالێتی و هتد دابەش بکات، کۆمۆنیستەکان لە بەرامبەردا، لە خەباتێکی یەکگرتووانەدا دژی ستەمکاریی بۆ زۆرترین یەکڕیزیی چینی کرێکار تێئەکۆشن و ئەجەنگن. ئەم باسە ڕوونی ئەکاتەوە کە چۆن کۆمۆنیستەکان بە پێچەوانەی شێوازە بێدەسەڵات و دابەشکەرییەکانی سیاسەتی شوناسییەوە، هەوڵئەدەن بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە کۆتایی بە چەوساندنەوە بهێنن.

ئایا کۆمۆنیزم بە مانای بیرۆکراسییە؟

کۆمۆنیزم لەگەڵ مێژووی یەکێتی سۆڤیەت و تاوانەکانی بیرۆکراسی و ستالین تێکەڵ کراوە. ئەوانەی لەگەڵ مارکسیستەکاندا ناکۆکن، خودی کۆمۆنیزم بە هۆکاری ئەمە ئەزانن. لە ڕاستیدا لینین خۆی دانی بە بیرۆکراسی(تازە گەشەکردوو) نا و لە دژی شەڕی بەرپا کرد. ئەم باسە شەڕی لینین لە دژی بیرۆکراسی و بۆ ڕژێمێکی تەندروست لەنێو ڕیزەکانی پارتەکەدا ئەگرێتەوە.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد

سەرچاوە: لە بەرگی مارکسیزم‌دا