ئۆکسفام ئاشکرای ئەکات چۆن خوێنمژە ملیاردێرەکان سوودیان لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە

لە ڕاپۆرتێکی قوڵدا کە لە لایەن ئۆکسفامەوە لە ژێر ناونیشانی هێز، قازانجەکان و پەتای کۆرۆنا پیشانی ئەدات کە چۆن چینی سەرمایەداریی گیرفانی خۆی لە ڕێگای پەتاکەوە پڕتر کردووە.


[سەرچاوە]

لە کاتی قوڵترین قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە مێژووی سیستمەکەدا- لە کاتێکدا کە دەیان ملیۆن ژیانیان لە بەردەم هەڕەشەی مەترسی ڤایرۆسێکی کوشندەدایە، نزیک بە ٤٠٠ ملیۆن کار لە ناوچوون، و زیاد لە ٤٣٠ ملیۆن کارگوزاری بچووک ڕووەو داڕمان گلۆر ئەبنەوە، لەگەڵ چوونە سەری ڕێژەی ئەو خەڵکانەی کە دووچاری لەبرسا مردن ئەبنەوە ڕووەو دوو ئەوەندە ٢٦٥ ملیۆن هەڵئەکشێت. ئەم ڕاپۆرتە نەفرەتلێکراوە پیشانی ئەدات کە چۆن دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵگا بەردەوام بوون لە قازانجکردنی ڕەها و چۆن بارودۆخی نالەباری جیهانیان لە پێناو قازانجی خۆیاندا بەکارهێناوە.

هەڵسوکەوتی ئابڕووبەرانەی ئەو خاوەنکارە ملیاردێرانە لەگەڵ کۆمپانیا فرە ڕەگەزییەکانیان لەبارودۆخی قازانجکردن بەسەر ژیان و گیانی مرۆڤەکان شتێکی تازەو ناوازە نییە. لە ماڵپەڕی بەرگری لە مارکسیزمدا لە چەند بابەت و دۆکیومێنتی پێشتردا چەند لایەنی ئەو ڕاپۆرتەی ئۆکسفام ڕوونکراونەتەوە- وەک ترس و تۆقین دووچاری چینی کرێکاری جیهانی ئەبێتەوە لە هیندوستانەوە تاکو ئەمریکا، دوو وەشانی جیاوازی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەژاران و دەوڵەمەندان، قازانجکردنەکانی کارگا دەرمانسازییە گەورەکان، گەشەی بازاڕی پشکەکان و شێتی(ناتەواویی) سیستمی سەرمایەداریی.

هەرکەسێک کە چاو و گوێیەکانی ساغ بن لە بینین و بیستن درک بەو نایەکسانییە نەبڕاوەیە ئەکات کە ئەم قەیرانە پەردەی لەسەر هەڵماڵی. بەڵام ئەو وردەکارییە مەترسیدارانەی کە لە زانیاری و نمونە کۆکراوەکانی ئۆکسفامدا دەرئەکەون کەمتر تووشی داچڵەکین و توڕەییمان ناکەن! لەگەڵ ئەوەشدا مەودای بەرینی پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنی چینی دەسەڵاتدار لە بەرامبەری ژیانی مرۆڤەکان و ئەو نمونانەی کە بە ژمارە ئەخرێنە ڕوو، هەروەها ئەو پێناسەکردنانەی کە لە ڕاپۆرتەکدا هاتوون، وێنایەکی ڕاستەقینەی بۆگەنبووی سیستمەکەمان پیشان ئەدەن کە هەرگیز وهەرگیز توانای چاکسازیی تێدا نییە.

قازانج لە بارودۆخی هەژاریدا

ژمارەی سەردێڕی ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام ئەوەیە کە ٣٢ لە گەورەترین کۆمپانیا مەزنەکانی جیهان ڕێژەی قازانجەکانیان بە بڕی ١٠٩ ملیار دۆلار لە هەڵکشاندا ئەبێت لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەمەش لە کاتێکدایە پەتاکە نزیک بە نیو ملیار خەڵک ڕووەو هەژاری پاڵپێوە ناوە.

واچاوەڕوان ئەکرێت کە پێنج کۆمپانیا تەکنەلۆژیا گەورەکانی جیهان (GAFAM) ( گۆگڵ، ئەپڵ، فەیسبوک، ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت) بە پێ‌ی بەرنامەڕێژییەک کە کراوە بڕی ٤٦ ملیار دۆلار قازانجیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە دەستبکەوێت.سەرباری ئەمە وا بڕیارەگەورەترین حەوت کۆمپانیا دەرمانسازییەکانی جیهان لەمساڵدا بە ڕێژەی ٢١% قازانجیان بچێتە سەر کە ئەمەش ئەکاتە زیادکردنی ١٢ ملیار دۆلار قازانج بۆسەر سەرمایەکانیان بەهۆپی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

١٠٠ گرانترین کۆمپانیاکانی جیهان بڕی ٣ تریلیۆن بەهای پشکی بازاڕیان لە ساڵی ٢٠٢٠ زیادیکردووە. جێف بیزۆس(Jeff Bezos) ی خاوەنی ئەمازۆن سامانی تایبەتی خۆی هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە بەرەو ٩٢ بلیۆن هەڵکشاوە. هێشتا ئەو بڕەی هەیە لە مانگی مارسدا بەدەستی هێناوە. ڕێکخراوی ئۆکسفام هەژماری ئەوە ئەکات ئەم سەرمایەیە بەسە بۆ ئەوەی کە بڕی ١٠٥هەزار دۆلار وەک خەڵات ببەخشێت بە کرێکارەکانی کە ژمارەیان ٨٧٦ هەزارە. بەڵام هێشتا بارودۆخی کرێکارانی ئەمازۆن لەوپەڕی خراپیدایە لە رووی کەمی کرێ و لە بارودۆخێکی ناپارێزراودا بە چەند شفت کارئەکەن.

ئۆکسفام هەروەها ئاماژە بە نمونەی کۆمپانیاکانی هیندوستان ئەدات کە پارێزگارییان لە هەمان بڕی قازنج و جێ‌یو ڕێ‌ی ئابوری خۆیان کردووە لە کاتی پەتاکەدا لە ڕێگای نەدانی کرێ‌ی کرێکارانی ژنی کارکردووی مەزراکانی چا(Tea). کۆمپانای جلوبەرگی Kohl بە بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلار داخوازی کۆمپانیا و کۆگاکانی جلوبەرگی ڕەکردووەتەوە و کرێکارانی جلوبەرگی ڕووەو ماڵەکانیان لە بەنگلادش و کۆریای باشوور بێ پێدانی هیچ مووچەیەک ڕەوانە کردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە بڕی ١٠٩ ملیار دۆلاری وەک قازانجی پشکە بەشداربووەکان دابەشکردووە. لە ڕاستیدا تەنها لە بەنگلادش نزیکەی ٢،٢ ملیۆن کرێکاری جلوبەرگ و ڕستن و چنین بەهۆی ڕەدکردنەوەی داخوازییەکانی جلوبەرگ لە لایەن کۆمپانیا و کۆگاکانەوە کاریگەرییان لەسەر بووە لەمساڵدا. تەنها داخستنی کارگەکان بووەتە لە دەستدانی بڕی ٣ ملیار دۆلار لە داهاتی ئەو وڵاتە. ئەمە لە کاتێکدا کە ١٠ گەورەترین کۆمپانیا مەزنەکانی جلوبەرگ بڕی ٢١ بلیۆن دۆلاریان وەک قازانج بەسەر پشکە بەشداربووەکانی خۆیاندا دابەشکردووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا!

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە کۆمپانیای سووتەمەنی فوسیڵی شیفرۆنی ئەمریکی ئەدات لە ڕێگای کەمکردنەوەی ١٠-١٥ %ی هێزی کارەوە کە ژمارەیان ٤٥ هەزار کرێکارە چۆن توانیویەتی ڕێژەی قازانج و دووبارە کڕینەوەی پشکی بەشداربووەکان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا داهاتە سەرەکییەکانی بەرێتە سەر. بە هەمان شێوە چۆن کۆمپانیای چیمەنتۆی دانگۆت لە نایجیریا (Dangote Cement) هەر لە سەرەتاوە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای دەرکردنی ٣٠٠٠ کرێکارەوە چۆن توانیویەتی بڕی ١٣٦% ی قازانج بەسەر پشکە بەشداربووەکانیدا لەمساڵدا دابەشبکات.

پێدانی پشکی بەشداربووەکان

پێدانی پشکی بەشداربووەکان پرسێکی سەرەکییە لە ڕاپۆرتەکەدا. بێگومان زۆرینەی پشکی کۆمپانیاکان ئەگەڕێتەوە بۆ سامانترین دەوڵەمەندەکانی جیهان. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە ئەدات کە ١٠%ی دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا خاوەندارێتی بڕی ٨٩%ی پشکەکانی هەموو ئەمریکا ئەکەن. لە کاتێکدا کە ٤٦%ی سامانی هەموو خانەنشینی ئەچێتە ژێر موڵکدارێتی ١٠%ی بەسامانترین دەوڵەمدەکانی بەریتانیاوە – بە بەراورد لەگەڵ ٥٠%ی هەژارترینەکان کە کەمتر لە ١%یان هەیە. بێگومان لە دەرەوەی دەوڵەمەندترین ولاتانی جیهانیشدا جیاوازییەکان لە ڕاددەبەدەر بەرینترن.

لەڕاستیدا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان زۆرینەی بەهای پشک و بەشەکان لە دەستی کەمایەتییەکدا کۆبووەتەوە کە توێژێکی یەکجارکەمینەی کۆمەڵگای جیهانیی پێکئەهێنن. لە بارودۆخێکی مێژوویی سەرمایەگوزاری نزمدا لە ڕووی هێزی بەرهەمهێنانەوە لەچاو تێکڕایی داهاتی ئابوریی، ئەم کەمینە یەکجار کەمەی کۆمەڵگا پارچەیەکی گەورەی کێکەکە بۆ خۆیان قۆرخ ئەکەن – بەسادەیی بەهۆی خۆزیاتر بردنە پێشەوە- لە ڕێگای دابینکردنی زیاتری قازانجی پشکی بەشداربووەکان یان دووبارە کڕینەوەی پشکەکان یان لە ڕێگای مووچەی لە ڕاددەبەدەر و مووچەخەڵاتی تایبەتەوە(بۆنس). ئەوەی ئۆکسفام ئاماژەی پێئەدات (سەرەتا خاوەن پشکەکان) تەنها بریتییە لە چینی سەرمایەدار کە زامنی بەردەوامی زیادبوونی سامانەکانیان ئەکەن لە کاتێکدا کە بازاڕ ڕوو لە پاشەکشە ئەکات و پێئەچێت سەرمایەگوزاری لەسەر ڕێچکەی ئاسایی خۆی بێسەرئەنجام و بێهوودە بێت.

ڕاپۆرتەکە تیشک ئەخاتە سەر ساڵانی نێوان ٢٠١٦ تا ٢٠١٩، کاتێک کە ٥٩ گەورەترین کۆمپانیای قازانجکردوو بە بەهای ٢ تریلیۆن دۆلار قازنجیان بەسەر بەشداربووەکانیاندا بەخشیوەتەوە، کە ئەکاتە تێکڕای ٨٣%ی قازانجەکان. لە زۆربەی پرسەکاندا بەخشینەوەی قازانج بەسەر سوودمەندان بڕی قازانجی کۆمپانیاکانیشی تێپەڕاندووە. لە نمونەیەکدا بە تایبەت لە پەیوەند بە کۆڤید -١٩ گەورەترین سێ کۆمپانیای چاودێریی تەندروستی لە باشووری ئەفریکا (Netcare, Mediclinic and Life Healthcare) ڕێژەیەکی یەکجار زۆری باوەڕپێنەکراو! ١٦٣%ی بەسەر بەشداربووەکانیدا بەخشیوە لە ڕێگای دابەشکردنی قازانج و دووبارە کڕینەوەی پشکدا. ڕێکخراوی ئۆکسفام پەیوەندی ئەم بەخشینە یەکجار گەورانە و ئاستی ئەو زیانە تەندروستییەی کە بەهۆی پەتاکەوە دەرگیری ئەفریکا بووە وێنا ئەکێشێت، بەهۆی لاوازی بەردەوامیی خزمەتگوزاری تەندروستی و چەوساندنەوەی کرێکارانی تەندروستی و ئامادەنەبوون لە مامەڵەکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا.

بەتایبەت لایەنێکی قێزەون و دڵتێکهێنەری ئەم ڕاپۆرتە وردەکاری خستنەڕووی چۆنیەتی مامەڵەی کۆمپانیاکانە لە سەرتاسەری جیهان بۆ بەردەوامی لە سەرنجڕاکێشانی بەشداربووەکانی لە ڕێگای داخوازی– و وەرگرتنی- هاوکاری و پشتگیریکردنە بەلێشاوەکانی حکومەتەکان بەهۆی پەتاکەوە. حکومەتی بەریتانیا ١،٦ بلیۆن پاوەندی بە کۆمپانیا مەزنەکانی مەوادی کیمیاییBASF و Bayer بەخشی لە کاتێکدا خۆیان سەرگەرمی ئامادەسازی بەخشینەوەی قازانجی ٦ بلیۆن یورۆ بوون بەسەر بەشداربووەکانیان. حەوت کۆمپانیای فەڕەنسی لە کاتی بەخشینەوەی قازانج بەسەر بەشداربووەکانیاندا لە هەمان ئەو ساتانەدا بوو کە داهاتی گشتییان بۆ مووچەدانی کارمەندەکانیان بەکارهێنا. تێکرا گەورەترین ٤٠ کۆمپانیا لە فەڕەنسا بڕی ٣٥-٤٠ ملیار یورۆیان لەمساڵدا بەسەر بەشداربووەکانیان بەخشییەوە. لە ئەمریکا ڕۆیاڵ کاریبیەن، هالیبوترون، جەنەراڵ مۆتۆڕز، مەکدۆناڵدس، ١٠١ کاتاپیلار، لیڤی ستراوس، ستانلی بلاک و دێکەر، ستیڵکەیس و دامەزراوی زۆرانبازیی جیهانی (World Wrestling Entertainment) بە هەمان ئاست لە پێدانی قازانج بە بەشداربووەکانیان بەردەوام بوون ئەو کاتانەی سەرگەرمی وەرگرتنی هاوکارییەکانی حکومەت بوون و هەمان کات دەستیان کرد بە کەمکردنەوەی بەزۆری سەعاتکاری کرێکاران و بڕینی مووچەکانیان. لە ئەڵمانیا کۆمپانیای BMW لە کاتێکدا خەریکی بەخشینەوەی قازانجی ١،٦ بلیۆن یورۆ بوون بە سەر بەشداربووەکان لە کاتێکدا کرێکارەکانی بە پاکێتی هاوکاری ماددی حکومەت مووچەیان پێئەدرا. هەروەها لە قێزەونترین نمونەشدا سێ گەورەترین کۆمپانیای دەرمانسازیی لە ئەمریکا – Johnson & Johnson و Merck و Pfizer – بە بڕی بلیۆنەها دۆلار لە لایەن حکومەتەوە هاوکارییان کرا بۆ بڕەودان بە پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتێکدا خۆیان هەر لە سەرەتای مانگی جەنیوەرییەوە بڕی ١٦ بلیۆن دۆلاریان وەک قازانج بەسەر بەشداربووەکانیان دابەش کردووە.

شێما ڤێرا بەڕێوەبەری جێبەجیکاری نێونەتەوەیی ڕێکخراوی ئۆکسفام ڕاستگۆیانە هۆکارەکانی بارودۆخی ئێستای جیهان دەستنیشان ئەکات:

“ئەو قەیرانە ئابورییەی کە بەهۆی پەتاکەوە لە ئێستادا ئازاری پێوە ئەکێشین بە مۆدێلێکی ئابوری ساختەکردوو دەرخوارد ئەدرێت. گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان لەسەر حسابی کرێ‌ی کەمی کرێکاران ملیارەها دۆلار ئەچننەوەو قازانجەکانیان بەسەر خاوەن پشکەکان و ملیاردێرەکان ئەبەخشنەوە”

مودێلی ئابوری ساختەکردوو لەپرسیارەکەدا سەرمایەداری‌یە.

چەوساندنەوەی مەرگئامێز

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا چەندین نمونەی گرافیکییمان بەرچاو ئەکەون کە چۆن کۆمپانیاکان لە کاتی تەشەنەی پەتاکەدابەرپرس بوون لە مەرگی هەزاران لە کرێکارەکانیان.

کارگاکانی بەرهەمە گۆشتییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەک ئاگر بە هەموو لایەکدا بڵاو کردەوە. لە ئەمریکا نزیکەی ٢٧ هەزار کرێکاری کارکردوو لە کارگاکانی گۆشت لە کاتی تێستکردنیان بە ڤایرۆسەکە پۆزەتیڤ چوون. بەڵام گەورەترین کۆمپانیای گۆشت لە وڵاتدا خواردەمەنییەکانی تایسۆن (Tyson Foods) هەوڵ و پارەو فشارێکی زۆریان بە خەرج دا تا حکومەت ناچار بە ڕێگریکردن لە داخستنی کارگەکەیان بکەنەوە. لە بەرازیل کۆمپانیای گۆشتی( JBS) کە لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی مێژوویەکی پڕ لە بەرتیلدانیان بە بەرپرسیانی حکومیی هەیە بەردەوامن لە فشارەکانی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بە گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی نوێ لە پەیوەند بە دابڕانی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی خواردەمەنییەکان. سەدان کرێکارانی کارگەکانیان لە کاتی تێستکردنیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پۆزەتیڤ دەرچوون.

پێشەکی ڕاپۆرتەکە بە وتەی کرێکارێکی بێوەژن لە پەلەوەرێکدا دەستپێئەکات کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماریلاندی ئەمریکا گیانی لەدەستدا:

” پێویستییان بە کرێکارانە بۆ کارکردن تا قازنج بکەن، بەڵام هیچ گوێ بە ژیانی خەڵک نادەن. تاکو ئێستا پەلەوەرەکە لە کارکردن بەردەوامە و قازانج ئەچنێتەوە… ئەگەر مێردەکەم- ئەگەر گوێیان بە تەندروستی بدایە، ئەگەر ئاگاداری( تا)کەیان بکردایەتەوە – تاکو ئێستاش لە ژیاندا ئەبوو”

ئەم قسانە ئەوە لە خۆئەگرن کە کێڵگە پەلەوەرییەکە پێشوەخت ئاگاداری نیشانەکانی نەخۆشی مێردەکەی بوون، بەڵام ناچار بە بەردەوامبوون لە کارکردنیان کردووە. لەمەش بناغەییانەتر، قسەکانی ئاماژە بە چوونەسەری ئاگاهی چینایەتی چینی کرێکار ئەدەن. بەهۆی پشتگوێخستنی بکوژانە و ئازارچەشتنی لەدەستدانی ژیان و گوزەرانیان لە سەر دەستی خاوەنکارەکانیان لە کاتی تەشەنەسەندنی پەتاکەدا. کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردەمەنی ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەیەکی توندی کرێکاران بوون کاتێک پەردە لەسەر نمونە ساختەکراوەکان لە (کاری ئازاد) هەڵدرایەوە بێ بوونی هیچ جۆرە مافێکی بنەڕەتی لە مۆڵەت بەخشین لە کاتی نەخۆشی یان بەهرەمەندبوون لە چاودێریی تەندروستی. ڕاپۆرتەکە باس لە نەبوونی ئەم مافانە ئەکات وەک نەبوونی هیچ جۆرە ئامێرێکی خۆپارێزیی تەندروستی بۆ شوفێرەکان. ئەم بێ مافییانە بوونە هۆکاری ناڕەزایەتی گەورە لە سەرتاسەری جیهان وەک کرێکارانی ئینستاکارت لە ئەمریکا(Instacart) و هەردوو کۆمپانیای گەیاندنی زۆماتۆ (Zomato) و سویگی (Swiggy) لە هیندوستان.

لە جێگایەکی تردا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە کرێکارانی ناوەندی گەیاندنی تەلەفۆرمەنس ئەدات کە چۆن دژ بە نەبوونی ڕێکارە خۆپارێزییەکان لە لایەن خاوەنکارەوە دەستیان دایە مانگرتن و ڕەدیان کردەوە کە کرێکاران ناوەندی خزمەتگوزاری زەنگلێدان (call-centre) لە ماڵەوەوە کارەکانیان ڕاپەڕێنن. کۆمپانیاکە چەند ڕێکاری تۆڵەکردنەوەیان دژ بە ناڕەزایەتی کرێکاران لە ١٠ وڵاتی جیاواز گرتە بەر.

ڕێکخراوی ئۆکسفام ئاماژە بە هەریەکە لە وڵاتەکانی پیرۆ، مەکسیک، گواتیمالا ئەکات کە چۆن کانەکانی خەڵوز بێ هیچ جۆرە پێشینەیەکی خۆپارێزیی بە کراوەیی مانەوە، لە کاتێکدا کە سەدان کرێکار وەک هەڵگرانی ڤایرۆسەکە ڕاپۆرتکران. هەروەها ئاماژە بە چوونەسەری کاری منداڵان لە مەزراکانی کاکاو لە ڕۆژئاوای ئەفریکا ئەدەن لە کاتی پەتاکەد کاتێک داخستنی بەزۆریان بووە کەمبوونەوەی کرێکارانی پێگەیشتوو لەو مەزرایانەدا. لە تایلاند کرێکارانی خواردەمەنییە دەریایەکانی بە فەرامۆشکراوی بەجێهێڵران تا خۆیان چارەی خۆیان بکەن چونکە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری توندی کردووەتە سەر زنجیرەی دابینکردنە جیهانییەکان ، بەجێهێڵران تا خۆیان کەلوپەلی خۆپارێزیی لە کەشوهەوایەکی ناپارێزراودا بۆ خۆیان دابین بکەن.

قەترە بەخشندەییەکان لە ئۆقیانووسدا

لە کاتی پەتاکەدا هۆکارەکانی ڕاگەیاندن(میدیا)ی باو پڕاوپڕبوون لە چیرۆکی بەخشندەیی و خێری ئەم کۆمپانیا زەبەلاحانە. بەڵێ، پێئەچێت خاوەنکارەکان هێشتا مێگا قازانج بچننەوە و کرێکارکانیان تاڕاددەی مەرگ کار پێئەکەن بەڵام ئەم کارانە لە پێناوی خۆشەویستییان بۆ مرۆڤایەتی ئەنجام ئەدەن. پێمان وترا ئەمە سەلمێنراوە لە رێگای ئەو بڕە پارە زۆرانەی کە خۆیان و کۆمپانیاکانیان پێشکەشی ئەکەن- بە ئامانجی بەخشندەیی لە دڵیانەوە- بە ئامانجی کاری خێرخوازیی.

ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام بەم ئاقارە خەیاڵاوییە ئاراستەمان ئەکات. دەریئەخات بە تێکڕایی زۆربەی کۆمپانیاکانی جیهان خۆبەخشانە بە بڕی ٠،٣٢ لە داهاتیان کۆمەکیان کردووە لە ساڵی ٢٠١٩. لە کاتێکدا ئەمریکا تەنها لە ساڵی ٢٠١٧دا بە بڕی ١٣٥ بلیۆن دۆلار لە رێگای خۆدزینەوە لە باج زیانی پێگەیشتووە بەڵام هەموو بەخشندەیی و کۆمەکی خێرخوازانەی کۆمپانیاکان پێکەوە سەرجەمیان کەمتر بوون لە ٢٠ بلیۆن دۆلار.

هەروەک ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێئەدات، زۆرێک لە کۆمپانیاکان پێیان باشترە کە خۆیان خۆبەخشانە بەشداری بکەن لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک لەوەی ئیجباری بەسەریاندا بسەپێندرێت- وەک پارەدانەکانی باجی داواکراو لە باری یاساییەوە یان پێدانی مووچەی ژیانی کرێکارەکانیان. لەبەر ئەو هۆکارەیە کە کۆمپانیاکان ئەوەی کە خۆی پێ‌ی باشە پێشکەشی بکات، یان بە باشترین ڕووپوش خۆی بە دەرەوە پیشان بدات. ئەم شێوە کارکردە سەرنج لەسەر ئەو قازانجە گەورانە لائەدات کە خۆیانی لێ لائەدەن تا بیدەن بە حکومەت یان کرێکارەکانیان. وەک ستراتیژیەتی بازاڕکردن ئەم جۆرە لە کارکردن بڕێکی زیاتر لە قازانج پاشەکەوت ئەکەن لە کاتێکدا هیچ کارکردێک ناکەن بۆ بەگژداچوونەوەی هەژاریی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان.

ڕۆڵی حکومەتەکان

هەورەها ڕاپۆرتەکە چڕیی ئەخاتە سەر چڵێسی کۆمپانیاکان لە پەیوەند بە کۆڤید ١٩، بەڵام ڕٶڵی حکومەتەکانیش لەسەرتاسەری جیهان بە تەواوی ڕوونە لە پەیوەند بە هاوبەشیکردنیان لەگەڵ کۆمپانیاکان. پێشتر چەند نمونەیەکمان باسکرد کاتێک حکومەتەکان هاوکاری ماددی بە کۆمپانیاکان ئەبەخشن کاتێک کە ڕێکارە یاساییەکانیان بە خواستی ئەوان دائەڕشت و ئەچەماندەوە. لە کاتێکدا کە ئەم کۆمپانیایانە بەردەوام بوون لە قازانج چنینەوە بۆ خۆیان و پشکە بەشداربووەکانیان لەسەر حسابی کرێکاران. لە راستیدا پاکێجی هاندانەکانی کینیزم کە لە لایەن زۆرێک لە دەوڵەتانەوە لە سەرتاسەری جیهان پێشکەش کران هۆکارێک بوون بۆ هاوکاریکردنی کۆمپانیا مەزنەکان.

لە لیستی ئەو کۆمپانیایانەی کە هاوکاریی ماددیان پێشکەش کراوە هەزاران کۆمپانیای تێدایە کە مێژوویەکیان لە نابەرپرسیارێتی و خۆدزینەوە لە دانی باجدا هەیە. ڕۆیتەرز ئەوەی دەرخست کە ٤٠% ی ئەو کۆمپانیایانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی کۆمەکی چوار ملیۆن دۆلار یان زیاتر لە بەرنامەی پارێزگاریکردنی کۆمپانیاکاندا هیچ جۆرە باجێکیان لە ساڵی پاردا نەداوە. لەهەمان کاتدا کۆمپانیا مەزنەکانیش سوودمەندبوون لە هاوکارییەکانی حکومەتی ئەمریکا بە تایبەت ئەو کۆمپانیایانەی کە بڕی سەرمایەکانیان گەیشتووەتە ٣٥٠ ملیۆن دۆلار. وا بڕیارە کە ١٩ کۆمپانیای سووتەمەنی فۆسیڵ( وەرگێڕ: جۆرێک سووتەمەنیی سروشتییە کە لە مانەوەی جەستەی گیانلەبەران لە ژێر خۆڵ و بەرددا بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ دروست دەبێت) بە بڕی ١،٩ بلیۆن دۆلار وەک لێخۆشبوونی باج لە سەر ڕێچکەی بەرنامەی فریاگوزارییەکانی حکەمەت بۆ کۆمپانیاکان هاوکارییان پێبگات. لە بەریتانیا ٢٩%ی ئەو کۆمپانیایانەی کە سوودمەندبوون لە هاوکارییەکانی حکومەت لە کاتی پەتاکەدا گرێدراوی پەناگاکانی(وڵاتانی) باجی زانراون(( وەرگێڕ: مەبەست لەو وڵاتانەیە کە بە نهێنی هەژماری خاوەنکارئەپارێزن تا هاوکارییان بکەن لە خۆدزینەوە لە باجدان لە وڵاتەکانیاندا)) . ڕێژەیەکی زۆری باقییەکەی پێئەچێت هێشتا نەگیرابێتن.

بۆ دڵنیابوونەوەی تەواوەتی لەوەی کە نوێنەرەکانیان لە ژوورە بازرگانییەکانی حکومەت لە کاتی پەتاکەدا بە پێ‌ی بەرژەوەندەییەکانی ئەوان کار ئەکەن و ئەجوڵێنەوە، چینی دەسەڵاتدار بە شێوازێک کە پێشتر نەیکردووە لۆبییەکانی خۆی بۆ فشارخستنە سەر حکومەت خستبووە گەڕ. تەنها لۆبییەکانی چینی دەسەڵتادر لە ئەمریکا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی ٩٠٣ بلیۆن دۆلاریان بەگەڕخست- تەنها بەخەرجدانێکی کەم. ڕێکخراوی ئۆکسفام باس لە چەند ڕێگایەک ئەکات کە گرتیانەبەرو لەو ماوەیەدا تیایدا سەرکەتووبوون. ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان توانییان بەردەوام بن لەسەر کارو کارکردی خۆیان و بە تەواویی دژ بە ڕێکارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکارەکانی حکومەتەکانی خۆیان وەستانەوە. لە کارگاکانی خواردمەنییەوە بگرە لە ئەمریکا تا ئەگاتە کارگاکانی جلوبەرگ لە مەکسیک. لۆبییەکانی هیندوستان توانییان لێخۆشبوونی باج لە کاتی دووبارەکڕینەوەی پشکدا بسەپێن. ژمارەیەکی زۆری کارگاکانی کانی خەڵوز بە شێوەی یاسایی لێخۆشبوونی باج گرتنیەوە.لە یەکێتی ئەوروپا ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان – بە تایبەت کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کۆڤید ١٩یان وەک بەهانەیەک بەکارهێنا لە نەدان و دواخستنی ڕێکارە ژینگەییەکان و کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.

سەرباری ئەوەی حکومەتەکان لە سەرتاسەری جیهان بێمەیلانە (ناڕەزایانە) چەند ڕێکاریان گرتەبەر بۆ کەمکردنەوەو سووککردنی کارەساتی ئابوری و کۆمەلایەتی کە لەسەرەتادا لە لایەن خەڵکانی ئاساییەوە وەک وەلامدانەوە بە پێداویستییەکانی مرۆڤ چاوی لێکراوو لێکدرایەوە. بەڵام ئەم ڕاپۆرتە ئەو لایەنە بە تەواوی دەرئەخات کە حکومەتەکان لە گەڵیدان. حکومەتەکان یەک لە دوای یەک و لە هەر کات زیاتر لە کاتی پەتاکەدا پێشانیان داین کە حکومەتی سەرمایەدارانن و لە پێناو بەرژەوەندی ئەواندا هەڵئەسوڕێن.

ئەفسانەی “دووبارەبیناکردنەوە بە شێوەی باشتر”

بە چاوپیاخشاندن بە چڕبوونەوەی سامانی وابەستەنەکراوو ڕاددەی چەوساندنەوە کە لە ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفامدا وێنای کێشراوە، ئاگادارکردنەوەیەکی جدییە بۆ ئەو کەسانەی کە پێیان وایە ئاقاری جیهان بەهۆی پەتاکەوە بە ئاراستەیەکی باشتردا گوزەر ئەکات.

“کۆڤید ١٩ هەڵەیەک نییە، ئەگەر جیهان لەسەر ئەم رێچکەیەی خۆی بەردەوام بێت پێئەچێت پەتاکە گۆڕانکاری پێکهاتەیی و درێژماوە دروست بکات. پێئەچێت کە ڕاددەی دابەشبوونە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاییەکان قوڵتر بکاتەوە. پێئەچێت کە سەرکەوتووە سەرەکییەکانی ئابوری دوای پەتای کۆرۆنا کۆمپانیا مەزنەکان و بەشداربووە دەوڵەمەندەکانیان بن کە توانا و وزەو سەرچاوەی زیاتریان لەبەردەستدا ئەبێت بۆ شکڵپێدانی سیاسەتی گشتی”

بە شێوەی یەکلاکەرەوانە، ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام بەڵگەکانی خۆی نەک لەسەر بنەمای ئەو قەیرانەی کە کۆڤید نۆزدە هێناویەتە ئاراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای ” ڕێڕەوی ئابورییەکی نیگەرانئامێز” کە کۆڤید نۆردە خێرایی زیاتری پێ بەخشی چوارچێوە ئەکێشێت. قەیرانی سەرمایەداری پێش پەتاکەش بوونی هەبووە، کە هەردووکیان هێنانەیە سەر ڕووکاری کۆمەڵگا و قوڵتریان کردەوە. قوڵی و قڵشتی دابەشبوونی سامان لە نێوان چینەکانداکە ڕاپۆرتەکە لە چەند خاڵدا ئاماژەی پێئەدات بە درێژایی ماوەیەکی زۆرە کە کەڵەکەی کردووە.

هیچ پاشەڕۆژێک لە سایەی سەرمایەداریدا نییە

هەرچەندە ئۆکسفام پێ‌ی خۆشە وا وێنا بکرێت لە سەر بنەمای سەرمایە ئەکرا شتەکان جیاوازتر بوونایە، ئەگەر کۆمپانیا گەورەکان قازنجی وا گەورەیان بەسەر پشکە بەشداربووەکانیاندا دابەش نەکردایە. هەروەها پێشنیاری ئەوە ئەکەن کە ئەکرێ پاشەڕٶژێکی جیاوازتر هەبێت لە سەر بنەمای ئەم خاڵە ئەگەر ئەو کەسانەی لە لوتکەدان بژاردەیەکی تریان بکردایە. ڤێرا ئەڵێت ” ئێمە بژاردەمان هەیە” بۆ گەڕانەوە بۆ کارگوزاری هەروەک کاتی ئاسایی یان فێربوون لەم ساتانە لە پێناو داڕشتنی ئابورییەکی جێگیر و یەکسانتر. ئەو ” ئێمە”یەی کە ڤێرا ئاماژەی پێئەدات بریتین لە چینی دەسەلاتدار کە سیستمەکە بۆ هەر شتێک کە بتوانن سوودو قازانجی لێ بەدەستبهێنن ئەچەوسێننەوە لەگەڵ نوێنەرە مووچەپێدراوەکانیان لە لایەن حکومەتەکانی سەرتاسەری جیهانەوە!

کارڵ مارکس ١٥٠ ساڵ لەمەوپێش لە کتێبی سەرمایەدا ڕوونیکردووەتەوە کە کەڵەکەبوونی سەرمایە بە شێوەیەکی حەتمی ئەبێتە چڕبوونەوەی لە دەستی کەمایەتی یەکجار کەم و کەمتردا. ئۆکسفام خۆی دان بەوەدا ئەنێت میکانیزمەکانی وەک دووبارە کڕینەوەی پشک- کەوا لە چینی دەسەڵاتدار ئەکات داوای بەشێکی زیاتر لەو سامانە بکات کە کرێکار بەرهەمی ئەهێنێت- شتێکی تازە نییە. کاتێکیش ڤێرا باس لە چینی دەسەڵاتدار ئەکات کە هێزو سەرچاوەیەکی زیاتر و زیاتری ئەبێت لە شکڵپێدانی سیاسەتی گشتیدا چۆن ئەتوانێت وێنای ئەوە بکات کە ئەم هێزو سامانە ئەکرێت جڵەوگیر(کۆنترۆڵ) بکرێن لە سنورەکانی سیستمێکدا کە خۆی لە بنەڕەتدا بۆ قازانج و کۆنترۆڵکردن لە لایەن چینی دەسەڵاتەوە دامەزراوە؟

بێگومان هۆکارێک هەیە کە ئۆکسفام ناتوانێت لەودویو سنوورەکانی سیستمی سەرمایەدارییەوە ببینێت. ئەم دامەزراوە خێرخوازییە خۆی بەڕێوەبەریی جێبەجێکارەکانی لەم ساڵانەی دواییدا بە دوو ئەوەندەو بە مووچەی ٦ ژمارەییەوە زیادکردووە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە ئەدات کە چینی سەرمایەدار پێ‌ی خۆشە کە ورتکەیەک(تۆزقاڵێک) لە سەر مێزەکە بە خۆبەخشی ببەخشێت- بە دڵناییەوە بۆ چەند دامەزراوەی وەک ئۆکسفام کە پارچەیەکی سیستمەکە خۆیەتی هەوەک لە ڕاپۆرتەکەدائاماژەی پێئەدات.

لە ڕاستیدا پێشبینی ڕاپۆرتەکە بە ئاراستەی ستراتیژەکانی سەرمایە ئاراستە ئەکرێت لە کاتێکدا داهاتوویەکی شووم دووچاری سیستمەکەیان ئەبێتەوە. بەڵام لە بەدبەختی سەرمایەدارن زیاتر داخورانی متمانەی خەڵک بە حوکمی دیموکراتی و چوونە سەری ئاڵۆزی و پشێوییە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی حەتمی ئەم بارودۆخە قەیراناوییەی ئێستان. هیچ بوارێک بۆ چاکسازیی سیستمێێک کە لە بنەڕەتدا دەرگیری داڕمان بووەتەوە نەماوەتەوە، و هیچ جۆرە چاکسازییەکی بەش بەشیش(جوزئی) ناتوانێت توڕەیی و هەڵچوونی کەڵەکەبووی ڕیزەکانی چینی کرێکاری جیهان کەم بکاتەوە.

وەڵامدانەوەی سۆسیالیستیی

بەدوور لە هەوڵدانی چاکسازیی سیستمێک کە توانای چاکسازیی تێدا نییە کە گرێدراوی خوڵقاندنی برسیەتی لە ڕاددەبەدەری جەماوەەرێکی فراوانە هاوشان لەگەڵ چەند مشەخۆرێکی کەمینەدا، تەنها چارەسەر بریتییە لە خۆڕزگارکردنی تەواوەتیی لە سیستمەکە.

چۆنیەتی وەڵادانەوەی کۆمەڵگای سۆسیالیستی بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشە ئابورییەکان کە دەرگیری خەڵکانی ئاسایی ئەبنەوە لەمڕۆدا بە تەواوەتیی جیاواز ئەبێت. تەنها کورتناکرێتەوە لە کەمکردنەوە دابەشکردنەکانی قازانج یان هێشتنەوەی کرێکارانێک کە کرێییەکی یەکجار کەم وەرئەگرن لە بارودۆخێکی ناپارێزراودا بەڵکو بە مانای هەڵڕشتنی تەواوی سەرچاوەکانە لە کۆمەڵگا لە پێناو گەرانتیکردنی تەواوی وەلامدانەوە بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کە لە نێویاندا هێشتنەوەی تەواوەتیی کرێکارانێکە بە مووچەی تەواوەوە بۆ هەمووان و بێجیاوازیی لە کاتی بارودۆخی ڕێکاریی خۆپاریزیی داخستنەکاندا لەگەڵ دابینکردنی چاودێریی تەندروستی خۆڕایی و بۆ هەر کەسێک کە پێویستی پێیەتی. کرێکاران خۆیان – لە شوێنکارەکانی خۆیاندا ئەبنە شارەزایانی کارەکانیان – خۆیان بەرپرسیار ئەبن لە بڕیاردانی دیموکراتییانە کە چۆن بارودۆخی کارکردنیان پارێزراو و جێگیر بکەن. تروسیکایەکانی ئەم پرۆسێسەی ئەمساڵ بینیمان لە چەند وڵاتێکدا گشتگیر ئەکرێنەوە و لە تەواوی کۆمەڵگا هانئەدرێن.

شتێکی بابەتئاسای وەک کەمی ئامێرەکانی خۆپارێزیی بۆ کرێکارانی چاودێریی تەندروستی بوونی نییە، شتێک نابێت بە ناوی بژاردەکردن لە نێوان بژاردەی مەترسی لەسەر لەدەستدانی ژیانکردنت یان مەترسی لەسەر لەدەستدانی گوزەرانت- یان ئەو بژاردەیەی کە بۆ تۆ بڕیاری لەسەر دراوە. ئەو بڕە فەلەکئاسایەی کە ئۆکسفام ئاماژەی پێئەدات لە ساڵی پاردا بە سەرۆک و خاوەن پشکەکان بەخشراوە – کە لە زۆربەی پرسە تاکە کەسییەکانی هاوکاری حکومەتدا کەمتر ئەبنەوە- پیشانی ئەدات کە سامانێک بوونی هەیە بۆ وەڵامدانەوە بە زۆرێک لە پیداویستییە سەرەتاییەکان و دابینکردنی بۆ سەرجەم کۆمەڵگا، ئەمەش لە سەر بنەمای سیستمێکی بێکەڵک و وێرانبوو کە زۆر دوورە لە سوودوەرگتن لە تواناییە بەرهەمهێنەرەکانی ئێمە.

ڕاپۆرتی بەخێرهاتووی ئۆکسفام سوتەمەنی بەسەر ئەو ئاگرەدا ئەکات لە خەباتماندا کە تەواوی تواناییەکانی مرۆڤایەتی لە کۆت و بەند ئازاد ئەکات.

سەرچاوە:

لە بەرگری مارکسیزمدا