ساڵێکی نوێ‌ی خۆش- بۆ هەندێک!

ئالان ودز سەرنوسەری ماڵپەڕی لە بەرگری مارکسیزمدا لە سپێدەی ٢٠٢١دا ئەڕوانێتە بارودۆخی ئاڵۆزاویی جیهان. سەرمایەداری لە قەیرانێکی قوڵدایە. لە کاتێکدا کەمینەیەکی ملیاردێر خۆیان دەوڵەمەند ئەکەن ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لە نێوان پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەژاردیدا گەمارۆ دراون. بەڵام مارکسیستەکان هەر گەشبینن. چینی کرێکار و گەنجان قۆڵی خۆیان لە ئامادەسازی بۆ شەڕەکانی داهاتوودا لێهەڵماڵیوە.


[Source]

ئەو کەسەی کە پێئەکەنێت هێشتا هەواڵە ناخۆشەکەی نەبیستووە ( بێرتۆڵد برێخت)!

"هیوای هەمیشەیی (هەتاهەتایی) لە هەناسەکانی مرۆڤەوە هەڵئەقوڵێت". وشە بەناوبانگەکانی شاعیری ئینگلیزی سەدەی هەژدەم ئالێکساندەر پۆپ Alexander Pope ڕاستیەکی قوڵ لە هەناوی مرۆڤەکاندا لەخۆئەگرن. لە دواین لێکدانەوەدا، ئەوە هیوایە کە بەردەوامی بە ئێمە ئەدات و پشتگیریمان ئەکات لە تاقیکردنەوەو چەرمەسەرییەکانی ژیان.

تەنانەت لە تاریکترین ساتەکاندا، ئەو کاتانەی هەست بە ماندوێتی گرفتەکان لە هەموو ڕوویەکانەوە ئەکەین. ئەوە ئەو باوەڕە سەرسەختەیە کە هەموو شتەکان لە دواین وێستگەدا باشتر ئەبن و ئەو هێزە ئەخلاقی‌یە پێویستەمان بۆ بەردەوامی لە ژیان و خەباتکردن پێئەبەخشن لە کاتێکدا هەموو ئەگەرە ناجۆرەکانیش دژ بە ئێمە بن.

بەڵام چی ڕوو ئەدات گەر هەموو هیواکان بکوژێنەوە؟ جیهانێکی بێ هیوا بە دڵناییی‌یەوە تاریکستانێکە. ئەستەمە ژیانکردن لە جیهانێکی لەم چەشنەدا. ئەگەر هیوای خەڵک بە داهاتوویەکی باشتر زەوت بکەیت، هەموو ئەوانەش کە لە مرۆڤایەتی و شکۆیاندایە زەوت ئەکەیت.

سڕینەوەی هیوا تەنها یەک ئەگەری وەڵامدانەوە بە دوای خۆیدا جێئەهێڵێت، ئەو وەڵامەش بێ ئومێدی‌یە. خەڵک ئەتوانێت بە چەند ڕێگای جیاواز وەڵام بە بێئومێدی بداتەوە. لە بنەڕەتدا، تەنها دوو ڕێسا بۆیان کراوەیە. ڕێگایەکیان بێدەربەستی، خەمساردی، لە کۆتاییدا ژیانکردن هیچ بەهایەکی نییە. بەڵام ڕێگایەکی تریش هەیە. مرۆڤەکان بوونەوەرێکی سەرسەختن، هەروا بە سادەیی و کەیفەوە لە دەرئەنجامی نەبوونی ڕێگاچارەدا ناکشێنەوە. ڕێگای دووەم ڕێگای شۆڕشە.

هیوای ساڵێکی خۆش؟

لە دواین ساتەکانی نیوەشەودا ، ئەو کاتانەی ٣١ی دیسەمبەر بۆ یەکی جەنیوەری ئەچەرخێت. نەریتێکی ئاسایی‌یانەیە هیوای ساڵێکی پڕ لە خۆشی بۆ هاوڕێ و خێزانەکەت بخوازیت. ئەمساڵیش هیچ جیاوازییەکی نابێت. پۆپی شاعیر بە تەواوی ڕاست بوو :" "هیوای هەتاهەتایی لە هەناسەکانی مرۆڤەوە هەڵئەقوڵێت"

هەربۆیە، هەروەک باوە، چاویلکەکانی خۆمان بەرزکردەوەو ساڵێکی پڕ لە خۆشی و تەندروستی و خۆشگوزەرانیمان بۆ هەمووان خواست بەو هیوایەوە کە ساڵی ٢٠٢١ لە ساڵی ٢٠٢٠ باشتر بێت. سەرباری هەموو ئەمانە پێئەچێت کە زۆر بە سەختیش خراپتر بێت.

هێشتاو هێشتا، لە قوڵایی دڵی ئێمەدا، چەند کەس لە ئێمە بەڕاستی باوەڕیان بەم پێشبینی‌یە گەشبینە ئەکرد؟ ڕاستییەک کە پێویستە بوترێت، زۆرکەم بەڵگەی ئەزموونی هەن بۆ ڕەوایەتیپیدانی ئەمە. پەتاکە هێشتا لە دەست دەرچووەو سەرکێشی ئەکات، ملیۆنان خەڵکی دووچاری ئازارو مەرگێک کە هیچ پێویست نییە کردووەتەوە. سەرجەم ژمارەی کەیسەکان لە سەرتاسەری جیهان لە کۆتایی ٢٠٢٠ بووە بە ٨٢،٣٢١،٤٤٧ و ژمارەی مردووانی تۆمارکراویش بوون بە ١،٧٩٩،٠٧٦.

هەرچەندە هیچ گومانێک لەوەدا نییە ئەم ئامارە فەرمیانەش لە بارودۆخی ڕاستەقینە لە بڕی بەرچاوی قوربانییەکان کەم ئەکەنەوە. کێ هەیە لە عەقڵی دروستی خۆیدا باوەڕ بەو ئامارە فەرمیانەی گیانلەدەستدانی ئەو خەڵکانەی لە هیندوستان گیانیان لە دەستداوە بکات.

تەنیا ئەوە بەسە کە ئاماژە بە ساختەکردنی ئاشکرای ئەو ئامارانە بکەین بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیانی کۆڤید ١٩ لە بەریتانیا، یان ئەو ولاتە کە بە پێشکەوتوو ئەناسرێن بۆ جەختکردنەوە لەم خاڵە.

وهەر لەوە کاتەوەی ڤایرۆسەکە هیچ ڕێزێک بۆ سنورەکانی نەتەوە دانانێت، هیچ وڵاتێکی دەوڵەمەندیشی نەپاراستووە. ئەکرێت هەندێک لە خراپترین ئامارەکانی هەرولاتێک لە ئەمریکا بدۆزرێنەوە، کەهەر ئێستا فلۆریدا بووەتە کانگای پەتاکە. یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لۆس ئەنجلۆس ئەوەندە لەگەڵ کەیسەکانی کۆڤید ١٩ ماندوو بوو کە ناچار بوو لە دوکانێکی فرۆشیی خەڵات قوربانییەکان چارەسەر بکات. ئەمە بارودۆخی راستەقینەی کاروبارەکانە لە دەولەمەندترین وڵاتی جیهان.

پرسێکی چینایەتی

ترۆتسکی جارێکیان بە ئاماژەدان بە وتەی فەیلەسوف سپینۆزا Spinoza وتی ئەرکی ئێمە:" نە گریانە و نە پێکەنین ، بەڵکو تێگەیشتنە." بە بەردەوامی پێمان ئەوترێت کە پێویستە یەکبگرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنی هاوبەش- دوژمنێکی دڵڕەق، لاسار،و نەبینراو کە پێ‌ی ئەوترێت کۆڤید ١٩. " ئێمە لە هەموو ئەمانەدا پێکەوەین" – ئەمەیە سلۆگانی هەڵەو دوو ڕوویی کە دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتداران هەوڵ ئەدەن سەرنجی ئێمەی لەسەر راستی ڕوون و ئاشکرا لابدەن کە پەتای ئێستا پرسێکی چینایەتییە.

و لەگەڵ توندبوونەوەی پەتاکەدا داکشانێکی ئابوری قوڵ. قەیرانی ئابوری جیهان توند لە ئەمریکای وەشاند. لە کاتی پەتاکەدا ٤٠ ملیۆن ئەمریکی لە بێکاریدا ناونووس کران. وەک هەمیشە ، هەژارانن کە زۆرترین ئازار ئەچێژن.

لە ساڵی ٢٠١٩دا بانکی یەدەکی ئەمریکا رایگەیاند کە لە هەر ١٠ئەمریکی چوارکەسیان هیچ جۆرە پارەیەکیان لەسەرهەژمارەکانیان نییە بۆ ڕووماڵی ٤٠٠ دۆلار لە خەرجییە چاوەڕواننەکراوەکان. هەر لە چەند مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا بارودۆخەکە وەرچەرخانێکی دراماتیکی بەرەو خراپتر بەخۆوە بینی.

لە زەنگلێدانی مەترسی سەپێنراوی بارودۆخەکەدا، چینی دەسەڵاتدار هەستان بە گرتنەبەری چەند ڕێکاری خێرا. دەوڵەت، کە بە پێ‌ی بیردۆزی بازاڕی ئازاد پێویستە ڕۆڵێکی کەم یان هیچ ڕۆڵێک نەبینێت لە ژیانی ئابوریدا، هەرئێستا بووەتە تەنها شتێک کە پاڵپشتی لە سیستمی سەرمایەداری ئەکات.

لە مارسی ڕابردوودا یاسادانەرانی ئەمریکایی وەک فریاگوزارییەکی ئابوری بۆ کۆمپانیا و خێزانەکان ڕازیبوون بە خەرجکردنی بڕی ٢،٤ تریلیۆن دۆلار وەک هەوڵدانێک بۆ کەمکردنەوەی دەستتەنگییەکانی ئابوری کە ملیۆنەها خێزان ئازاریان پێوە ئەچەشت. لە ڕاستیدا زۆربەی ئەم پارانە لە زیاد مەسرەفی و خەرجی دەوڵەمەندان بەهەدەردران، بەڵام بێشک ئەو پارانەی کە بە بێکارەکان دران خزمەتیان بە کەمکردنەوەی کارکردەکانی قەیران لەسەر هەژاترین و تەنگپێهەڵچنراوین بەشەکانی کۆمەڵگا کرد.

بەڵام پشتگرییەکە لە هاوینەوە وردە وردە داخوراوە و کەمبووەتەوە، و چەند کلیکە پرۆگرامی هاوکاریی – لە نێویاندا سوودو دەرماڵەکانی کرێکارانی کاتیی و ئەو خەڵکانەوەی کە زیاد لە ٦ مانگ بێکارن – لە کۆتایی دیسەمبەردا ڕوو لە کۆتایی ئەکەن. لەگەڵ کشانەوەی پشتگیریی حکومەت، ژمارەی ئەو خەڵکانەی کە بەهرەمەند نین لە خواردنی گونجاو، یان لە دانی کرێ‌ی مانگانەی خانوو و چەند خەرجی تر دوائەکەون ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن.

برسیەتی لە ئەمریکا

ژمارەیەک خەڵک هەرئێستا خۆیان لە بارودۆخێکی نائومێدانە ئەبیننەوە. بە خێرایی کارەکانیان لەدەستدا، و دووچاری لەدەستدانی خانووەکانیانن. هیچ داهاتێکیان نییە، و پارەی تەواویان بۆ دابینکردنی خۆراک لەسەر مێزەکانیان نییە. لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهاندا، ملیۆنەها خێزان دووچاری برسیەتی ئەبن.

نەبوونی ئاسایشی خۆراکم لە ساڵی پارەوە دوو هێندە بووە، و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ساڵی ١٩٩٨ەوە، ئەو کاتانەی کە بۆ یەکەمجار دەستکرا بە کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر توانایی خێزانە ئەمریکییەکان لە دابینکردنی خۆراک. بە پێ‌ی دواین ئاماری نوسینگەی census هەر لە هەشت ئەمریکی یەکێکیان لە هەندێ جار یان لە زۆربەی کاتەکان لە مانگی نۆڤەمبەردا خواردنی تەواوی نەبووە. بانکی خۆراکیی سانفرانسیسکۆ-مارین San Francisco-Marin ئاماری ٦٠هەزار خێزانیان ئامارکردووە ، کە دوو هێندەی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاکەیە. لە ١٤ی دیسەمبەردا هەواڵەکانی بی بی سی ڕایگەیاند:

" هەروەها برسیەتی تازە نییە لە ئەمریکا. پەتاکە توندترین کاریگەریی هەبووە. نائاسایشی خۆراک بوووتە پرسێکی نەتەوەیی بەربڵاو کە چەند ناوچەی دەوڵەمەندی بێبەری نەکردووە"

"هەر لەسەرەتای نۆڤەمبەرەوە، زۆر دوور لە یانەی گۆڵفی نەتەوەیی ترامپ لە ڤێرجینیا، لە ناوجەیەکدا کە کەمترین ڕێژەی برسیەتی هەیە لە وڵاتەکەدا ڕێکخراوی خۆراکبەخشینی Loudoun Hunger Relief هەفتانە خۆراکی بە ٧٥٠-١١٠٠ خێزان بەخشیوە، کە چوونەسەری ٢٢٥% ی ڕێژەی هەفتانەیە بە بەراورد لەگەڵ بارودۆخی پێش پەتاکە."

"بەڕێوەبەری جێبەجێکار، جێنیفەر مۆنتگۆمریJennifer Montgomery : چاومان بە کەسانێک کەوت کە پێشتر پیویستییان بەم جۆرە سەرچاوانە نەبوو.

" زۆر ڕوون بوو، ئەم جۆرە کەسانە لەباری مووچەوە دووربوون بۆ کەوتنە بارودۆخێکی تەنگژەی لەم جۆرەوە"

لەخۆباییبوونم تێپەڕی

عومەر لایتنەر Omar Lightner، ٤٢ساڵ و شۆفێری شاحنە لە فلۆریدا، لە مانگی فێبریوەری بە هۆی پەتاکەوە کارەکەی لەدەستدا. لەو کاتەوە لەگەڵ ژن و مندالەکانیدا لە مۆتێکلی جاکسئۆنڤڵ Jacksonville لەسەر پاشەکەوتکراوەکانی پێشتری ژیان ئەکات. پارە پاشەکەوتکراوەکانی بە خێرایی تەواو ئەبن.

رایگەیاند " پاشەکەوتکراوەکانم ٢٢ هەزار دۆلار بوون کاتێک چووینە بارودۆخی مانەوەی بەردەوامەوە لە مۆتێڵەکە. ئەمە بووە خەرجکردنی١٧٣٠٠ دۆلار لێمان، ماوەکەشی بە کۆبۆنەکانی خواردن بەخەرج دران. ئەمە هاوکاری زۆری کردین. بەڵام ئێمە دوو منداڵی ئۆتیزممان هەیە کە پێویستییان بە دەرمان و تێراپی therapy هەیە کە بۆیان خەرج بکەین.

کاتێک لایتنەر بەردەوام ئەبێت لە گەڕان بە دوای کاردا، گەورەترین و خێراترین نیگەرانیی ئەوەیە کە چۆن خانوویەک بۆ خێزانەکەی دابین بکات. ماوەی چوار هەفتەیە کرێکەیان دواکەتووە و هەرئێستا دووچاری چۆڵکردنین. وەک یەکێک لە یاساکانی (سیاسەتەکانی) چۆڵکردن لە مۆتێڵەکە ئەو کەلوپەلانەی کە بە ناپێویست پۆلێن کراون ئەبێت لە ژوورەکانیان لاببرێن. ئەم هەفتەیە تەلەفزیۆنەکەیان بوو، یەکێک لەو پێداویستیانەی کە بۆ هێمنکردنەوەی کوڕەکەیان جەمال پێویستیانە، کە ئۆتیزمبوونی بەمانای بێتوانایییەتی لە قسەکردن.

لایتنەر ئەڵێت:" ئێمە خێزنێکی پێنج کەسین، هیچ سەرپەنایەک لە ئێستادا نییە کە ئێمە بگرێتەخۆ".

" لەخۆباییبوونم تێپەڕی. ئێمە لە ئێستادا بێ سەرپەناین. پیاوێک بووم کە هەمیشە پڕ بووم لە خۆبایی. هەمو ژیانم کارم کردووە. ئێمە هەمیشە خانوویەکی جوان و ئوتومبیلێکی باشمان هەبووە"

" ئەزانم کە چۆن پێگەیشتم – ئەبوایە کار بکەم بۆ بەدەستخستنی ئەو کەرەستانە. و ئێستاش بێ هیچ هەڵەکردنێک لە لایەن منەوە لێم دوورئەخرێنەوە"

ئەمە ڕاستییە، ڕووی دڕندانەی سەرمایەدارییە لە سەدەی بیست و یەکدا. هیچ شتێکی تر نییە. لە یەکی جەنیوەری ٢٠٢١دا بۆ لانی کەم ١٢ ملیۆن ئەمریکی وشەکانی ساڵی تازەی پڕ لەخۆشی Happy New Year زرنگانەوەیەکی پووچ و تاڵی هەبوو.

ساڵێکی تازەی پڕ لە خۆشی بۆ دەوڵەمەندەکان

بەڵام هێ‌ی! با زۆر دڵتەنگ و خەمگین نەبین. هەموو هەواڵەکان هەر خراپ نەبوون. لە قوڵایی ئەم دەریا کۆتایی نەهاتووەی نەهامەتی، ئازارچەشتن، برسیەتی و گیانلەدەستدانی مرۆڤەکان، بە دڵنیایی‌یەوە خەڵکانێک زۆر باشیان کرد! ئەو کاتانەی کە ٤٠ ملیۆن ئەمریکی لیستی بێکارییان پڕ ئەکردەوە، بلیۆنێرەکان ڕوانییان کە سامانەکانیان بە بڕی زیاتر لە نیو تریلیۆن دۆلار زیاد ئەکەن. بۆ ئەم خەڵکانە بە دڵنیایی‌یەوە ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی پڕ لە خۆشی بوو. بە تەواویش هیچ گومانکردنێک نییە کە ساڵی ٢٠٢١ پڕ لە خۆشی تر ئەبێت.

تەنها بڕواننە پرسی خاوەنی ئەمازۆن جێف بیزۆس Jeff Bezos . بوو بە یەکەمین کەس هەتا ئێستا کە بڕی سامانی ئاشکراکراوی لە ٢٠٠ ملیار تێپەڕێت. هەر لە سەرەتای مانگی مارسەوە کاتێک کە ئەمریکا یەکەمین مردنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمار ئەکرد، سامانی بەڕێز بیزۆس بە بڕی ٤٧ ملیار دۆلار هەڵئاوسا. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە خۆشییەکانیان دەربڕن!

بەڕێز بیزۆس لە چرکەیەکدا بە بەراورد لەگەڵ کرێ‌ی کرێکارێکی ئەمریکی لە هەفتەیەکدا زۆر زیاتر بەدەست ئەخات. تێکڕای پیاوێکی ئەمریکی خاوەن شەهادەی بەکالۆریۆس بە درێژایی هەموو تەمەنی کارکردنی بڕی ٢.٢ ملیۆن بەدەست ئەخات، بەڵام بەڕێز بیزۆس تەنها لە ١٥ خولەکدا بڕی ٢،٢ ملیۆن دۆلار ئەچیتە سەر سەرمایەکەی.

بە سامانە ١٩٠ ملیار دۆلارەکەیەوە، ئەوەندە دەوڵەمەندە کە تێکڕای خەرجکردنی یەک دۆلار لە لایەن ئەمریکی‌یەکەوە بەراورد ئەکرێت بە خەرجکردنی ٢ ملیۆن دۆلار لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری ئەمازۆنەوە. سامانەکەی دوو ئەوەندی سامانی شانشینی بەریتانیایە، و بە ئەندازەی سەرجەم داهاتی ناوخۆیی چەند وڵات گەورەترە.

بەڵام ئەو تەنها نەبوو لەو چارەنووسە باشەیدا. سەرمایەداری گەورەی گازینۆ شێڵدن ئادڵسن Sheldon Adelson بینی سامانەکەی بە بڕی ٥ ملیار دۆلار هەڵکشا، لە کاتێکدا ئیلۆن موسک Elon Musk بینی سامانەکەی بە بڕی ١٧،٢ ملیار دۆلار هەڵکشا. لە کۆکردنەوەی هەموو ئەو ژمارانەدا بلیۆنێرەکانی ئەمریکا سامانەکانیان لە سەرهەڵدانی پەتاکەوە هەتا ئێستا بە بڕی سەرجەم ٦٣٧ ملیار دۆلار هەڵکشان.

هەروەک ئاماژەمان پێدا، بەشێکی زۆری ئەو سامانە تازەکانیان ڕاستەوخۆ لە بەخشینە دڵکراوەکانی کیسەی(خەزێنەی) گشتیەوە هاتوون. لەو بڕە زۆرەی کۆمەک کە لە لایەن حکومەتەوە بۆ بەگژداچوونەوەی قەیرانەکە پێشکەش کران . پشکی شێرەکان راستەوخۆ چوونە گیرفانی بەسامانترین ١% ە ەکانەوە.

ئینجا یاساکانی باجی هاوڕێ‌ی- سەروەت و سامان ئەو ملیاردێرانە لە لوتکەدا ئەهێڵێتەوە. ئەمە ئەو ڕێگا یاسایی‌یانەیە کە دەوڵەمەندەکان ئەیگرنە بەر بۆ خۆلادان لە دانی باج . لە ساڵی ٢٠١٧دا لێکۆڵەرەوان هەڵیانسەنگاند کە ١٠%ی داهاتی ناوخۆیی خزێنرابوونە بەهەشتی باجەکان و لە دەرەوەی وڵات حەشاردراون. لە لێکۆڵینەوەیەکی ٢٠١٢دا دەرکەوت کە بڕی ٣٢ تریلیۆن دۆلار لە لایەن دەوڵەمەندترین خەڵکانی جیهانەوە لە دەرەوە ڕاگیراون.

قڵشتی کەنداوئاسای جیاکەرەوەی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران بە ئاراستەی ڕۆخێکی قوڵی دەستپیڕانەگەیشتوو پەلی کێشاوە. جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی قوڵترکردووەتەوە و دۆخێکی تەقیویان لە کۆمەڵگا دروست کردووە. ئەم ڕاستی‌یە سەرنجڕاکێشانە لە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی واشنتۆندا جەخت کراونەتەوە.

دواین هەڵوێستی دۆناڵد ترامپ

بۆ دەستخستنی تێڕامانێکی عەقڵانی لەسەر کارکردنی مێشکی ئاڵۆزاویی ترامپ، ئەرکێکە کە مێشکێکی یەکجار گەورەتری ئەوێت لە چاو نووسەری ئەم چەند دێڕانەی ئێستا. لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواویی ئەستەم نییە گەر مەزەندەو لێکدانەوەیەکی ئاگاهانە دەربارەی هاندانەکانی لە پرسی ئێستادا بکەین.

کۆنگرێس هەر لە هاوینی ڕابردووەوە دەربارەی پاکێجی نوێی هاندان لە پەیوەند بە کۆرۆنا ڤایرۆسەوە گەیشتووەتە ڕێگایەکی داخراو. بڕیاربوو پاکێچەکە هاوکاری نزیکەی ١٢ ملیۆن کرێکاری ئەمریکی بکات کە ڕووبەڕووی کشانەوەی دەرماڵەکانی هاوکاری بوون لە ٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٠.

هەریەکە لە کۆماریی‌یەکان و دیموکراتەکان لە نێو چەند پرسی تریشدا پێکەوە سازان کە هاوکارییەکانی بێکاری تاکو کۆتایی مارس درێژ بکەنەوە، بەڵام لە حەپەسان و واق وڕمانی هەمووندا سەرۆک ڕەدی کردەوە کە واژۆی خۆی لێبدات لە سەر ئەو بنەمایەی کە بڕی ئەم هاوکاری‌یە یەکجار کەم و ڕەزیلانەیە( کە بە ئاشکرا ئەمە دروستە) و گوایە ئەو لە پاڵ ئەمریکی‌یە هەژارەکاندایە لەبەرامبەر مشتی داخراوی کۆنگرێسدا( کە ئەمەش بە تەواویی نادروستە).

ڕاستی ئەوەیە کە ئەو بڕە داماوەی(زۆر کەمەی) کە دیاریکرا دەرئەنجامی تاکتیکە درێژخایەنەکانی کۆمارییەکان بوو –یانی حزبەکەی ترامپ خۆی- ئەگەر سەرۆک پێچەوانەی ئەمەبوو ئەکرا زۆر پێشتر تێڕوانینەکانی خۆی ڕوون بکردایەتەوە، و بەمەش کات و دەردەسەرییەکی زۆری بگەڕاندایەتەوە، بەڵام ئەمەی نەکرد.

لە ڕاستیدا، پشتگیری لە پێشنیارە ئەسڵیەکە کربوو و تا دواین سات بێدەنگی لێکرد کاتێک کە فاتوورەکە خرایە سەر مێزەکەی، تەنها چەند هەفتەیەکی کەم پێش دەرکردنی فەرمانی چٶڵکردنی نوسینگەکەی لە کۆشک. ئیتر زۆر ڕوونە کە ئەم دوو پرسە لێکجیانەبوون.

لێرەدا دوو شت زۆر ڕوونن. یەکەم ئەوەیە کە ترامپ زۆر پەیوەستە بە پلەو پایەوە وەک سەرۆکی گەورەترین هێزی جیهان، و هیچ پەلەی نییە لە کۆکردنەوەی جانتاکەیدا. بەڵکو بە پێچەوانەوە تا دواین سات هەوڵی خۆلکان و ئاڵان بە دەسەڵاتەوە ئەدات بە هەمان ئەو بێئومێدی‌یەی کە پیاوێکی نوقمبوو دەست بۆ پووشێک ئەبات. بەڵام بەدبەختانە لە دواین هەفتەکانی دوای هەڵبژاردنەوە جێوڕێ‌ی بەرەو لاوازبوونی زیاتر چووە. لە جوڵانێکی بێئومێدانەی پاسەوانی دواوەدا، کە دواین وەستانی کەستەر Custerمان بیر ئەهێنێتەوە ، دۆناڵد ترامپ دواین سەرکێشی کرد و بۆ ڕووتێکردنی سوپاکەی بەرەو ئاڵاکە فووی بە بوقەکەدا کرد.

ئەوەی بووە نیگەرانکردنی لە ڕاددەبەدەری ترامپ ئەوەبوو تەنها ژمارەیەکی کەم لە سیانتۆرە کۆمارییەکان بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە چوون. تەنانەت لایەنگرە زۆر دڵسۆزەکانی لە هیرارشی( هەرەمی پلەوپایەی) پارتە کۆمارییەکەیدا، کە هاوسەنگی هێز هەڵئەسەنگێنن، بە دەرئەنجامێکی لۆژیکی باش گەیشتن کە خۆلادان لە مەترسیی زۆر باشترە لە ڕووبەڕووبوونەوەی.

بۆ خۆشکردنی زیاتری ئاگرەکە، چەند هاندەرێکی ساختەکار ( کە ژمارەیان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر ئەبن) تۆمارێکی دەنگییان بڵاوکردەوە کە سەرۆک سوکایەتی بە وەزیری دەرەوەی ویلایەتی جۆرجیا براد ڕافسپێرگەر Brad Raffensperger ئەکات لە "دۆزینەوەی" ١١٧٨٠ بۆ هەڵگەڕانەوەی سەرکەوتنی جۆ بایدن لەو ویلایەتە. پێئەچێت ئەمە فاکتەرێک بێت لە بڕیاردانی سیناتۆرەکانی کۆمارییەکان. بەجێیانهێشت هەروەک چۆن جرجەکان کەشتی‌یە نقومبووەکە هەڵدێن.

ئەم جۆرە لە کارکردی ترسنۆکانەی نادڵسۆزی، وەڕسکردنێکی بێئەندازە قوڵی پیاوێکە کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ئەم جۆرە لە سەرپێچیکردن ڕانەهاتووە. وێناکردنی ئەوە کە ئەم خیانەتکردنە گەورەیە بێ سزا نابێت جێ‌ی بیرکردنەوە نییە. بەم شێوەیە، کاتێک هەندێک خەریکی پێچانەوەی خەڵاتەکانی کریستمەس بوون، دۆناڵدەکەی ئێمە خەریکی ئامادەکردنی سورپرایزێکی کریستمەس بوو بۆ هاوڕێ کۆن و لایەنگرانەکانی- خەڵاتێک کە هەروا بە سادەیی و خێرایی بیر نەچێتەوە.

تەنانەت ئەگەر ئەمە بە مانای ئەوەش بێت کە ملیۆنان هەژاری ئەمریکی دووچاری برسیەتی ئەبن، ئەو لە مێژوودا تۆمار ئەکرێت کە سەرۆکێک بووە و ویستویەتی پارەی زیاتر بدات بە هەژاران. ئەمە گومانی تیدا نییە کە درۆ بوو، لەبەر ئەوەی ئەم سەرۆکە بە تەواویی هونەری درۆکردنی بردووەتە ئاستێکی باڵاتر.

بەڵام شتی سەرەکی ئەوە نییە کە چی دروستە، بەڵکو ئەوەیە کە خەڵک بە چی باوەڕ ئەکەن کە دروستە. و ئەو شتەی خەڵک باوەڕی پێئەهێنێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیدا زۆر سوودی ئەبێت، کاتێک دۆناڵد ترامپ، بە پێچەوانەی (ژەنەراڵ کەستەر)*ەوە ئەیەوێت جارێکی تر لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا سوار بێتەوە.

مرۆڤ ئەتوانێت تەنها وێنای ئەو هەستە خۆشی‌یە پڕ لە قین و تانەئامێزە بکات لەگەڵیدا کاتێک سەرۆک بە کتوپڕی دەستی خۆی لەسەر دۆکیومێنتە هێرشبەرەکە گلدایەوە.، ئەمە هاوشێوەی هەڵدانی نارنجۆکێکە بۆ ڕیزی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا.

" فەرموون هاوڕێکانم، کریستمەستان پیرۆز و ساڵێکی نوێ‌ی خۆشی"!

دۆناڵد ترامپ ڕازی بوو بە زانینی ئەوە، تەنانەت ئەگەر بە زۆریش ناچار بە بەجێهێشتنی کۆشکی سپی بکرێت، بە دەنگدانەوەیەکی گەورە نەک بە بۆڵەبۆڵ ئەمەی کرد. ئەم جوڵەیە ترس و حەپەسانێکی لە نێو کۆنگرێسدا خوڵقاند. بەڵام ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە لە داهاتوودا دێت هیچ نییە.

زۆرانبازیی‌یەکە

دیموکراسیەتی بۆرژوازیی ڕووەکێکی شکەندەیە، تەنها ئەتوانێت لە خاکێکی تێربوودا گەشونما بکات. لە باری مێژوویی‌یەوە ئیمتیازێکی تایبەت بە پێشکەوتووترین و گەشەکردووترین وڵاتی کۆمەڵگای سەرمایەدارییە، کە چینی سەرمایەدار ئەوەندە سامانی زێدە بەهای بە ئەندازەی کافی لە کۆمەڵگا بەرهەمهێناوە لە توانایدا بێت ئیمتیازاتێک بدات بە چینی کرێکار و بەوهۆیەشەوە کولکردنی لێوارە تیژەکانی خەباتی چینایەتی و ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی ناکۆکی کراوەی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان.

بۆ ماوەیەکی زۆر – زیاد لە ١٠٠ ساڵ بۆ وڵاتانێکی وەک ئەمریکا و بەریتانیا- چینی دەسەڵاتدار لە دروستکردنی پلەیەک لە هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرکەتوو بووە ، نەک بە بەکارهێنانی هێزی ڕاستەوخۆ بەڵکو زیاتر بە جۆرێک لە ڕێککەوتنی مێرخاسانە(جەنتڵمان)، سازشکردنی نێوان چینە ناکۆکەکان.

لە پرسی بەریتانیادا، لە ڕێگای هەردوو پارتی کۆنسێرڤەتیڤەکان و پارتی کرێکارانەوە پێ‌ی گەیشتوون کە لە دەسەڵاتدا بە شێوەی یەک دوای یەک (متناوب)حکومەتیان کردووە، بێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەسەڵاتی سەرمایە. جۆرە ڕێکخستنێکی هاوشێوەی لەم چەشنە لە ئەمریکاش لە بەشکردنی دەسەڵات لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا هەبووە.

لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە سازشکردنە ڕووپۆشێک بووە کە خزمەتی بە شاردنەوەی دابەشبوونە بنەڕەتییەکانی نێو کۆمەڵگا، و ڕێگری لە سەرکێشی جدی بەو بارودۆخە کردووە. بە پێ‌ی وشەکانی گەورە نوسەری ئەمریکی Gore Vidal : " کۆمارەکەمان تەنها یەک پارتی هەیە – پارتی موڵکدارێتی- بە دوو باڵی ڕاستڕەوەوە." بەڵام قەیرانی سەرمایەداریی هەموو شتێکی گۆڕیوە. دابەشبوونی توند و گەشەکردووی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان بە ئاراستەی شکاندنی ئەم کۆدەنگییە کۆنە چووە.

لە هەموو جێگایەک، لەژێر ڕووکەشی هێمنانەی ساختەدا، ناڕەزاییەکی بەجۆشهاتوو هەیە. خۆی لە هەڵچوون و سەرهەڵدانی دەورەیی لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا دژ بە سیستمی کۆن، دامەزراوەکانی، حزبە سیاسی‌یەکانی، سەرکردەکانی، و بەهاو مۆراڵەکانی سیستمەکە نمایش ئەکات. ئەوە ڕاستە ئەم توڕەیی‌یە لاوازیی لە دەربڕینی سیاسی‌یانەی ڕووندا هەیە، ئاڵۆزاوەو پێکەوەگرێدراو نییە، و لەوانەشە لە هەندێک کاتدا خەسڵەت و ڕوانگەیەکی دواکەوتووانەی هەبێت.

ئەم لاوازییە لە ڕۆشنبوون مەسەلەیەکی کتوپڕ نییە. ئەمە دەرئەنجامی لاوازی فاکتەری (سەبجەکتیڤ) نابابەتییانەیە. لە ڕاستیدا مارکسیزمە ڕەسەنەکان بۆ ماوەیەکی مێژوویی زۆرە پاشەکشەیان پێکراوە، و بواری کراوەیان بۆ هەموو جۆرە ڕیفۆرمیستە شڵەژاو، و چەپەڕیفۆرمیستەکان کردووەتەوە کە لە بنەڕەتدا هیچ ڕوانگەیەکی ڕۆشنیان نییە، و لە باری ئۆرگانیکی‌یەوە بێتوانان لە پێشکەشکردنی چارەسەر بەو کێشە گڕگرتووانەی کە دووچاوری جەماوەرێکی بەرینی کۆمەڵگا ئەبنەوە.

لە بێئومێدی‌یاندا بە دوای ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئەگەڕێن، جەماوەری بەرینی خەڵک بەدوای دەربڕین و دەرچەیەکدا ئەگەڕێن کە توڕەیی‌یەکانی خۆیان دژ بە نادادپەروەریی‌یەکانی ئەم سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یە کە ئیعتبارو ڕاستگۆیی خۆی لە دەستداوە نمایش بکەن. ئەم ناڕەزایەتی‌یانە لەوانەیە لەلایەن کەسانێکی دیماگۆجی ڕاستڕەوی بێ ویژدانەوە هاوشێوەی ترامپ بقۆزرێنەوە.

بەڵام لەم جۆرە لە جوڵان و بزاوتنی سەرلێشێواویی و تێکەڵبوونەدا زۆر گرنگە (بنەڕەتییانەیە) کە فێربین لە جیاکردنەوەی ئەوەی کە چی دواکەتووانەیە لەگەڵ ئەوەی کە ڕەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکی گرێنەدراو (پچڕپچڕ)ە دژ بە بارودۆخی ئێستا، و بە دڵنایی‌یەوە نەک بە هۆکاری فاکتەری کەمبایەخ و کارتێکردنی هەستیارانەوە(emotional impressionism) توڕهەڵبدرێن.

ئیمپرێشنستە (ئینتباعی‌یە)ڕووکەشی‌یەکان وەک پاوڵ ماسۆن Paul Mason لە بەریتانیا و خەڵکانێکی زۆر کە بە چەپی نێونەتەوەیی ئەناسرێن تەنها توخم (لایەن)ە دواکەوتووەکانی ترەمپیزم ئەبینن، کە گەمژانە لەگەڵ فاشیزمدا ئەیچوێنن، بە بێ پیشاندانی کەمترین تێگەیشتن لەوەی کە بە دروستی فاشیزم چی‌یە. ئەم سەرلێشواوی‌یە هیچ یارمەتی ئێمە ناکات لە تێگەیشتنی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەم دیاردە گرنگە.

ئەم تێڕوانینە بێمانەیە ڕاستەوخۆ ئەوان ڕووەو زەلکاوی سیاسەتی هاوکاریی چینەکان ئاراستە ئەکات. بە بردنە پێشەوەی تێڕوانینی هەڵەی "کەمتر شەڕانگێز" بانگەوازی کرێکاران و ڕێکخراوەکانیان ئەکەن کە لەگەڵ چینی دوژمن یەکبگرن، یانی لیبراڵە بۆرژوازییەکان، کە بانگەشەی ئەوە ئەکەن گوایە پارێزگاریی لە "دیموکراسی" ئەکەن.

لەوەش خراپتر، بە لێدانی بەردەوامی چەنگ* دەربارەی گوایە مەترسی فاشیزم، چینی کرێکار لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێکهاتنێکی فاشیزمی ڕاستەقینە لە داهاتوودا بێچەک ئەکەن، هەروەک ئەبینین، ستراتیژە جدی‌یەکانی سەرمایە لە چاو چەپە نەزانە ساختەو کۆنە مارکسیەکانی وەک پاوڵ ماسۆن لەوەی کە چی ڕووئەدات زۆر باشتر تێئەگەن.

بەڵام بە گەڕانەوەمان بۆ ڕووداوەکانی واشنتۆن. لە بنەڕەتدا، ئەوەی دەستنیشانی ئەکەن ئەو ڕاستی‌یەیە جەمسەرگیریی لە کۆمەڵگا گەیشتوووتە خاڵی شلۆق کە دامەزراوە دیموکراسیەکانی بۆرژوازیی بۆ ڕووخاندن تاقی ئەکرێنەوە. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە چینی دەسەڵاتدار و نوێنەرە سیاسییەکانی لەهەر جێیەک ترسیان لێنیشتووە لەهەر ئاکارو ڕەفتارێکی ترامپ.

وەک ستراتیژێکی سیاسی، ترامپ هیچ ڕەچاوکردنێکی جدی تەحەمول ناکات. وەک کەسێکی ئەزمونگەرای نەزان، ئامانجی تەنها لە ژیاندا بریتی‌یە لە خود شکستی و دەستگرتن بە دەسەڵات و پلەو پایەوە. ئەمە بە دروستی ڕەچەتەیەکی زۆر سادەی کەسێکە کە هیچ پرنسیپێکی پێناسەکراوی لە هیچ جۆرێک نییە.و سەرباری ئەوەی بە شێوەیەکی تایبەت هیچ زیرەکیش نییە، لە لایەن خوڵقێنەرەکەیەوە دۆسێکی (جورعەیەکی) بێئەملاو ئەولای فێڵبازیی ئاژەڵێکی نزمی پێبەخشراوە.

ئەو هەرگیز ئاشتبوونەوەی لەگەڵ بیرۆکەی لە دەستدانی نوسینگە لە هیچ شتێکی ناپەسەندی وەک هەڵبژاردن نەکرد. ئەو پێشتر لە بیری خۆیدا ئەوەی دانابوو کە ئەنجامەکان ساختەکراون( چ ئەگەری لێکدانەوەیەکی تر لێرەدا ئەبێت هەبێت بۆ شکست؟) هەربۆیە کردەوە ئاکامەکانی دواتری بە تەواویی چاوەڕوانکراوبوون.

پاش ئەوەی لە لایەن سەرکردە کۆماری‌یەکانی هاوڕێ‌یەوە هەستی بە خیانەت کرد (کە زۆریان ڕقیان لێیەتی، بەڵام هەموویان لێ‌ی ئەترسن) ،وەرچەرخایەوە بۆ خاڵە جێمتمانەکەی پشتگیریکردنی: بنکە جەماوەری‌یەکەی، کە سەرباری هەر شتێک، بە دڵسۆزییە نەلەقاویی‌یەکەی بۆ ئەو پیاوە ئەمێنێتەوە کە ترامپ وەک دەنگ و تەنیا هیوای خۆیان لە بێهیوایی گەندەڵی و بێدەربەستی واشنتۆندا ئەبینن.

هەربۆیە هیچ جێگای سەرسوڕمان نەبوو کە هەوڵی کۆکردنەوەو ڕێکخستنی ئەم بنکەی جەماوەرییەی دا ،هاوشێوەی دواین هەڵدانی ئومێدبڕاوانەی قورمارچییەک لە فڕێدانی زاردا. ئەمە بە دڵنیایی‌یەوە کارێکی پڕ لە مەترسی بوو کە ئەنجامی بدات، بەڵام دۆناڵدەکەی ئێمە وەک هەموو قومارچییەکانی تر پێئەچێت شاگەشکە بێت لە کاتی جوڵە پڕمەترسییەکان بە تایبەت ئەو کاتانەی کە گرەوەکان لە ئاستێکی باڵاتردا بن.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی تر لەمەوە لێشاودێنێ. ئەو پیاوەی بە کردەوەکانی، هەموو هێڵە شکەستەکانی نێو کۆمەڵگای ئەمریکی قوڵتر کردووەتەوە، و شتێکی خوڵقاندووە زۆر لە هاوشێوەی جەنگی نێوخۆیی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان ئەچێت، ئێستا جەنگی بەسەر پارتەکەی خۆیدا ڕاگەیاندووە، کە هەڕەشەی دوولەتکردنی سەر تاخواری پارتی کۆمارییەکارییەکانە.

بە تەواوی قسەکردنە سەرشێتانەکانی ڕوونبوون لە هاندانی شەڕانگێزە پڕتووڕەکانی دەرەوەی کۆشکی سپی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس و بەوپێ‌یەش(هیوای خواست)بۆ ڕێگەگرتن لە دڵنییدانی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی جۆ بایدن. بەڵام جێ‌ی سەرنجدان بوو، کە ئامانجی سەرەکی ترامپ دیموکراتەکان نەبوو بەڵکو کۆمارییەکانی نێو کۆنگرێس بە تایبەت ، و بە تایبەتیش جێگری سەرۆک مایک پێنس Mike Pence کە هانیدا بۆ ڕێگەگرتن لە بەستنی کۆبوونەوەکە.

هەرچەندە لە دەماودەمی ئەمەدا، پێنس و سەرکردە سەرەکییەکانی تری کۆمارییەکان بڕیاریاندابوو کە ئیتر بەسە. لە ڕاستیدا، لە ترامپ جیابوونەوە،و ترامپیش لێیان جودا بووەوە، بەم کردەوانە برینی قوڵ زیانی بە پارتی کۆمارییەکان گەیاند کە هەروا بە سادەیی ساڕێژ نابێتەوە. لەتبوونێکی کراوەش لە ڕیزی کۆمارییەکاندا بە تەواوی دوور نییە.

ئەستەمە پێشبینیکردنی ئەوەی گەر مستەر ترامپ هیچ کەتن و فێڵێکی تری لە هەگبەیدا پێش مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ هەبێت. هەر لە یەکەم کاردانەوەیدا، ئەوە ڕوونە بەهۆی ئەو هەموو هێرشانەوە کەلە هەموو لایەکەوە ئەکرێنە سەری هاوسەنگی خۆی لە دەستداوەو لە هەوڵی زاڵبووندایە بەسەر پاشەکشەپێکردنێکی خێرادا. ئەمە بنکەکەی بەرەو شڵەژان پاڵپێوە ئەنێت، بێ ڕازیکردنی دوژمنەکانی لە کۆنگرێس کە خوازیاری ڕاستەوخۆ لابردنین لە نوسینگەی کۆشکی سپی.

شتێک لێرەدا زۆر ڕوونە. چینی دەسەڵاتدار بە دواین کارکردی سەرنجڕاکێشی(پاڵەوانیی) ترامپ هیچ کەیفخۆش نەبوون. هێزەکانی پۆلیس ( لەبەر هەر هۆیەک بێت ڕوون نییە) پێئەچوو ئامادەساز نەبوون. بەڵام ئەتوانین زۆر لەوە دڵنیابین کە لە یەکەم ڕۆژی ڕێ‌و ڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێدا هێزەکانی یاسا و سیستمەکە بۆ دووبارەنەبوونەوەی شڵەژانەکانی دوێنێ سازو ئامادە ئەبن، کە هەر یەکێک هەوڵی تێکدانی ئاهەنگەکە بدات ئەوا بە کەللەسەرێکی ورد و خاشبووەوە خەڵات ئەکرێت.

دۆناڵد ترامپ لە دواین جاردا درکی بەوە کردووە کە یاری‌یەکە کۆتایی هاتووە. پەیمان ئەدات کە بە هێمنی‌یەوە بڕوات. بەوپەڕی درکەوە ئەمە ئەکات کە ئەڵتەرناتیڤ ئەوەیە لە باڵەخانەکانەوە بە پاسەوانیی ئەو گەنجە جل شینانە بەرەو نزیکترین ئوتومبیلی پۆلیس بچێت. هەمیشە بە گریمانەکردنی ئەوەی پێشتر بەهۆی دوورخستنەوەی نوێوە لانەبراوە.- ئەمجارەیان بە تاوانبارکردنێکی جدی تری وەک" هەڵگەڕانەوە" دژ بە کۆمار.

بەدڵنیایی‌یەوە ئەمە کۆتایی پرسەکە نابێت، بە پێچەوانەوە دراما ڕاستەقینەکە تەقریبەن تازە دەستی پێکردووە. پاش بردنەوەی دوو کورسی لە ئەنجومەنی پیران لە جۆرجیا، جۆ بایدن ئێستا تا ڕاددەیەک کۆنترۆڵێکی ئامنی بەسەر کۆنگرێسدا هەیە. هیچ بیانوویەکی نابێت بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو سیاسەتانەی کە لایەنگرەکانی چاوەڕوانین.

بەڵام قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری، کە بەهۆی قەرزی ئێجگار زۆرەوە دژواتربووە، بە مانای ئەوەیە کە ئیدارەی بایدن زۆر بە خێرایی چاوەڕوانی ئەو ملیۆنان خەڵکەی کە بە "کەمتر شەڕانگێز" دەنگیان بۆ داوە هیوابڕ ئەکات. بوار بۆ دەورەیەکی نوێ و زریان ئاسا لە خەباتی چینایەتی ئەکاتەوە، کە کۆمەڵگای ئەمریکی سەرتاخوار ئەگۆڕێت،ڕێگایەک بۆ نەشونماکردنی شۆڕش ئەکاتەوە.

ستراتیژەکانی سەرمایە دەرئەنجامەکانی وێنە ئەکەن.

دەرئەنجامەکانی ئەم بارودۆخە بۆ نوێنەرە دووربینەکانی چینی دەسەڵاتدار زۆر بە ڕوونی بەرچاوو ئاشکرا ئەبن، ئەو نوێنەرانەی کە تێگەیشتنێکی ڕوونتر هەیە بۆ دێدگاوتێڕوانینەکان لە چاو چەپە ئینتباعی و نەزانەکان کە واوەتر لە لووتی خۆیان نابینن.

فاینەنشیەڵ تایمز لە ڕۆژی ٢٩ی دیسەمبەر وتارێکی لەژێر ناونیشانی " فۆرمێکی تر لە سەرمایەداری ئیمکانی هەیە" لە لایەن دەستەی نوسەرانەوە واژۆی لێدراوە، یانی مۆری دەستەی نوسەرانی یەکێک لە جێباوەڕترین ڕۆژنامەکانی چینی بۆرژوازیی لێدراوە. هەربۆیە جێ‌ی بایەخە سەرنج لەسەر بابەتەکە بە درێژی بدەین.

ئەم شتانەی خوارەوەی تێدا ئەخوێنینەوە:

هێمنی ماوەی پشووی کرستمەس ئەو ساتەیە بۆ بیرهێنانەوەی ئەوەی چۆن چیرۆکی لەدایکبوون پێناسەی خێزانی مەسیح ئەکات: بەچەند یاسای گاڵتەجاڕیی دەرکرا،بێ هیچ سەرپەنایەک جێهێڵرا،لە باردۆخێکی ناشکۆدا منداڵی بوو.

ئەتوانین سەرنجی ئەوەش بدەین، کە بارودۆخی داڕماو ودژواریان چۆن پێناسەی چینی باڵادەست لە دەوڵەمەندترین کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە بەخۆیەوە بینیبێتی ئەکات. پەتاکە تیشکێکی ناجۆری خستە سەر بەشە ناسک و لاوازەکانی بازاڕی کار لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان.

زۆربەمان پشت ئەبەستین- لە کاتێکی دیاریکراوی ژیانماندا- بەو خەڵکانەی کە ڕەفەکان پڕ ئەکەن، خواردن ئەگەیەنن و دابەش ئەکەن، نەخۆشخانەکان پاک ئەکەنەوە، و چاودێری کەسانی بەتەمەن و پەککەوتە ئەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەو پاڵەوانە نەناسراوانە کرێ‌ی کەم وەرئەگرن، کاری زیاتر ئەکەن، لە بارودۆخێکی ناهەمواری کار و نەبوونی سەلامەتی شوێنی کاردا کار ئەکەن.

زاراوەیەکی نوێ داڕێژراوە بۆ پێناسەکردنیان- پریکاریات(precariat) کە گونجاوە. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کار شکستی هێناوە بۆ دابینکردنی داهاتێکی جێگیر و گونجاو بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک. ئەمە خۆی لە کرێ‌ی وەستاو(نەگۆڕ)، ناڕێکی داهات، نەبوونی هیچ جۆرە پاشەکەوتکردنێکی دارایی بۆ کاتی فریاگوزاری، نزمی ئاسایشی کار، هەلومەرجی کارکردنی دڕندانە ئەبینێتەوە– تاڕاددەی چەند ڕووداوەی تۆقێنەری وەک دانانی ژنانی دووگیان لە دەستشۆر تا منداڵەکانیان لەوێ ببێت نەبا شفتی کارکردنیان لەدەست بدەن.

ژمارەیەکی زۆر لە چوونەسەری مەترسی بێخانەولانەیی، پەتاکانی پەیوەست بە مەوادی بێهۆشکەر و نەخۆشییەکانی ئەلکهول ئەناڵێنن. سیستمەکانی سوودمەندی ئەتوانن یارمەتیدەر بن- بەڵام لە هەمان کاتدا ئەتوانن خەڵکانی تەنگپێهەڵچنراو و بێدەسەڵات لە ڕێکارە ئیدار‌یە شێواوەکان بەگیربهێنن(Catch-22s)[ مەبەست لە سیستمێکە خەڵکی ئاسایی بەهۆی مەرجە ناکۆکەکانییەوە نەتوانێت لێ‌ی دەرباز بێت- وەرگێڕ].

ئەمە کێشەیەکی ماوەدرێژە(کۆنە)، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە توندی چڕتر بووەتەوە. زۆربەی کارەکان لە پریکاریات بوونی فیزیکی لە خزمەتگوزاری دەستیی کرێکار ئەخوازن، کە کرێکاران دووچاری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەکەنەوە و لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆشدا(lockdowns) دووچاری کەمی داهاتیان ئەکاتەوە.

گرفتە سەرەکی‌یەکە لێرەدا داڕێژراوە بە شێوەیەکی ڕوون کە جێگای تێڕامانە. بەڵام چارە چی‌یە؟ نوسەر پێمان ڕائەگەیەنێت کە:

"ئەرکێکی ئەخلاقی‌یانە کە یارمەتی خەڵکانی خاوەن پێداویستترین بدەین. بەڵام دەرکێشانی خەڵک لە بارودۆخی نیگەرانبوو بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەچنە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خەڵکانی دەوڵەمەندەوە"

بەڕاستی هەست دەربڕینەکان جێگای ستایشن! ئەم دێڕانە بەناوبانگترین جیرۆکی چارلس دیکنز Charles Dickens مان بیر ئەهێننەوە- سرودەکانی کرستمەس (A Christmas Carol) ئەو کاتانەی سەرمایەداری شەڕانگێزو ڕەزیل سکروج (Scrooge) بەرەبەرە خۆی بە چاککردنی ڕەفتارەکانی و بەشداریپێکردنی بەشێک لە سامانەکەی لەگەڵ هەژاران و نەداران ڕازی ئەکات و بەوشێوەیە بەگشتی لەو ڕێگەیەوە ئەبێتە جۆرێک لە پیاوچاک(مێرخاس).

ئەم کۆتایی‌هاتنە پڕ لە هەست و نەستە بە دڵنیایی‌یەوە لاوازترین بەشی چیرۆکەکەیە و تەنها خواستی ئایینی و خەونی بەئاگاهاتووی نوسەرەکەی ئەگوێزێتەوە. بەشی ڕاستگۆ بەهادارەکەی سەرەتاکەیەتی، کە زۆر بە وردی‌یەوە مۆراڵی ڕاستەقینەی سەرمایەداریمان بۆ پێناسە ئەکات.

پێئەچێت نوسەرانی وتارەکەی فاینەنشیەڵ تایمز بە شێوەیەکی ناڕەحەت بەئاگابن لە بێکاریگەریی هەموو هەوڵێک بۆ بانگەوازکردنی سروشتی چاکەی کەمینە بەدڕەوشتە دەوڵەمەندەکەی کە دەستیان بەسەر کۆمەڵگادا گرتووە لەسەر بنەمای" ئەرکی ئەخلاقی یارمەتیدانی نەدار و هەژاران".

ئەمە بۆ چارکس دیکنز زۆر ڕوون بوو، کە هەوڵە پووچەکانی خەڵکانی چاکەکار بۆ بەدەستهێنانی بەخشین لەلایەن سکرووجەوە بە بۆنەی یادی کرستمەسەوە پێناسە ئەکات.

سکرووج وتی: "هیچ زیندانییەک نی‌یە؟" ،"ئایا هیچ شوێنێکی کارکردن نییە؟"

پیاوە مێرخاسەکە وەڵامی دایەوە : " هێشتا لێیەتی"، " پێم خۆش بوو کە بڵێم کەسی لێ نییە"،" زۆربەیان ناتوانن بچن بۆ ئەوێ؛ زۆربەشیان پێیان خۆشە کە بمرن"

سکرووج وەڵامی دایەوە:" ئەگەر حەز بە مردن ئەکەن ، وا باشترە کە بمرن،و زیادەی دانیشتوان کەم بکەنەوە "

لێرەدا دەنگی ڕەسەنی سەرمایەداریمان گوێ لێ ئەبێت: دەنگی ساردی هەژمارکراوی ئابوری بازاڕ،دەنگی کۆنەپەرستانەی ماڵثەس (مەبەست لە (Thomas Robert Malthus ە)) دەنگی پڕ لە ستەم و قازانجپەرست، و خۆویستانەی ژن و پیاوانی دراو کە لە سەردەمی چارلس دیکنزەوە هەتا ئێستا بە نەگۆڕی ماوەتەوە.

لە درککردن لە بێکاریگەری بانگەوازی غەریزەی چاکەی سەرمایەداران، بانگەوازی بەرژەوەندی‌یە خۆییەکانیان(تایبەتەکانیان) ئەکات(خۆویستی و چڵێسی‌یان)، ئەوەتا ئێمەین، هەموو پێکەوە لەسەر زەوی‌یەکی پتەوترداین!

مەسەلەکە تەنها ئەوە نییە کە باشبژێوەکان زیانی زۆریان پێئەگات ئەگەر بەردەوامی جەمسەرگیریی ئابوریی ببێتە هۆکاری ڕەکردنەوەی سەرمایەداریی بە تەواویی، بەڵکو زۆرتریشیان لە چارەسەرکردنیدا چنگ ئەکەوێت. "

بەڵام هیچ ئەندازەیەک لە ئامۆژگاری ئەخلاقیی، هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەم بوونەوەرانە ناکات. بەهەمان ئەو شێوەیەی کە کاریگەیی لەسەر سکرووج نەکرد. ئەوە شتەی وای لە سکرووج کرد کە خۆی بگۆڕێت پێدوایستییە ئەخلاقی‌یەکان نەبوون، بەڵکو ترس - ترس و دڵەڕاوکێ‌ کە لە لایەن جنۆکەکانەوە بەرهەم هاتبوون و دیکنز ناردبوونی بۆ ڕاوکردنی سکرووج.

هەربۆیە، نوسەری فاینەنشیەڵ تایمز بڕیارێکی ژیرانە ئەدات لە ترساندنی بۆرژوازییەکان لە ڕێگای ڕووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ دەرئەنجامە حەتمی‌یەکانی بارودۆخی ئێستا. ئەگەرێکی زیاتر تۆقێنەرترە لەو گیانەی کرستمەس کە هێشتا نەهاتووە.

" ئەو گروپانەی بەهۆی ئاڵوگۆڕە ئابورییەکان دواکەوتن بە شێوەیەکی بەربڵاو بەو دەرئەنجامە ئەگەن کە لێپرسراوان بایەخ بە کێشەو گرفتەکانیان نادەن- و لەوەش خراپتر، بەڵکو ئابوری‌یان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆستۆتەوە لەبارەمبەر ەئو خەڵکانەی کە لە کەناردان."

"بە هێواشی بەڵام بە دڵنایی‌یەوە، ئەمە سەرمایەداری و دیموکراسی ئەخاتە ناکۆکییەوە لەگەڵ یەکتر. هەر لە کاتی قەیرانی دارایی جیهانی‌یەوە، ئەم هەستکردنە بە خیانەتکردن بووەتە هۆکاری تەغزیەکردنی پەرچەکرداری سیاسی توند دژ بە جیانگیریی و دامەزراوە دیموکراتییە لیبراڵییەکان."

" لە دەرئەنجامی ئەم پەرچەکردارە توندەدا لەوانەیە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو نەشونما بکات، لە کاتێکدا کە بازاڕی سەرمایەداری لە جێگەی خۆیدا ئەهێڵێتەوە، بەڵام لەو کاتانەی ناتوانێت بەڵینەکانی لە بەرامبەر ئەو خەڵکانەی لە باری ئابورییەوە وردوخاش بوون بەجێبهێنێت، ئیتر مەسەلەکە تەنها پەیوەندی بە کاتەوە هەیە پێش ئەوەی کە بارودۆخەکە دژ بە سەرمایەداری خۆی بشکێتەوە، و دژ بە سامانی ئەو خەڵکانەش کە سوودمەندن لێ‌ی"(هێلی تەئکیدکردنەوەکان هی منن، ئالان ودز).

ئۆو ، بەڵێ، ستراتیژناسە بۆرژوازییە جدی‌یەکان زۆر باشتر لە ڕیفۆرمیستە کەمبینەکان لە ئاماژەو کاریگەرییە شۆڕشگێڕییەکان تێئەگەن. ئەتوانن ئەوە ببین کە ئەملاوئەولاکردنی توندوتیژی لە بیرکردنەوەی گشتیدا ڕووەو ڕاست زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت ببێتە ئامادەسازی زۆر توندتری وەرچەرخان ڕووەو چەپ، بە ئەندازەیەک کە جەماوەری ناڕازی( چەکدار بە شەن، لە پێشنیاری بەراوردکردن لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسی و شۆڕشی جوتیاران)بە ئاراستەی دژی سەرمایەداری بچەرخێت.

وتارەکە بەردەوام ئەبێت:

"پەتای کرێ‌ی کەم، پیشەی نادڵنیا ڕەنگدانەوەی شکستی بڵاوبوونەوەی میسۆدەکانی بەرهەمهێنانی زۆر پێشکەوتووە لە سنورەکانی ئابورییەوە بۆ ناوچە دووردەستەکان. تەنها بوونی پریکاریات سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرچاوە- مرۆیی، فیزکی و ڕێکخراوەییەکان لەدەست ئەچن."

" ئابوری جەمسەرکراو نەک تەنها نادادپەروەرانەیە، بەڵکو ناکاریگەریشە."

بەڵێ، ئەمانە هەمووی بەتەواویی ڕاستە. سیستمی سەرمایەداریی بە دڵنایی‌یەوە زەرەرمەند و ناکاریگەرە. ئێمە ماوەیەکی زۆرە ئەمە ئەزانین، بۆیە ئەبێت بە سیستمێکی تر جێگای بگیرێتەوە- سیستمێک کە لە سەر بنەمای ئابورییەکی هاوئاهەنگ و پلان بۆ داڕێژراوی عەقلانیی کە هێزە بزوێنەرەکەی بریتی‌یە لە تێرکردنی پێداویستییەکانی زۆرینە، نەک پێشبڕکێ‌ی سەرشێتانە بۆ بەدەستهێنانی سامانێکی ناشایستە بۆ کەمینەیەک.

هیچ هەڵاتنێک لەم دەرئەنجامە نییە. بەڵام بە تەواویی لەودیو تێگەیشتنی ئەم نوسەرە زۆر بە ئاگایەمانە، کە بەو دەرئەنجامە ئەگات( بێ خستنەڕووی هیچ هۆکارێک) کە: " ئەڵتەرناتیڤەکان زۆر خراپترن بۆ هەمووان".

هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە بۆچی ئەبێت بەم چەشنە بێت. نوسەر هیچ شتێکی تر لەودیو سیستمی سەرمایەداریی‌ ئێستاوە کە بوونی هەیە نابینێت، هەربۆیە خەون بە چاکسازیی سیستمەکەوە بەرەو باشتر ئەبینێت. بەلام سەرمایەداریی چاکسازیی تێدا ناکرێت، هەروەک ڕیفۆرمیستە گەمژەکان وێنای ئەکەن. خۆیان بە ڕیالیست(واقعی) دائەنێن. لە ڕاستیدا، ئەوان خراپترین جۆری یوتوپیاییەکانن(خەیاڵپڵاوەکانن).

نوسەر ئەڵێت" لە پێناو ڕزگارکردنی سەرمایەداریی پێوستە لەسەر شوێنکەوتووەکانی" پۆڵشی کەنارە زبرەکانی بکەن"

" ڕەشەباکان ئەگۆڕێن"، بە سەرکەتوویی‌یەوە نوسەر ڕایئەگەیەنێت:

" سیاسی‌یەکان لە جۆ بایدنەوە تا بۆریس جۆنسۆن دەسەڵاتی ڕێپێدراویان هەیە بۆ" دووبارە دروستکردنەوە بە شێوەیەکی باشتر"؛ پارێزەرانی ئابوری ئەرثەزۆکسی (توندباوەڕ) وازیان لەو تێڕوانینە هێنا کە نایەکسانی نرخی گەشەکردنە. سەرمایەداری ئەکرێت وای لێبکرێت بۆ پاراستنی شکۆی هەمووان"\

چەند وێنەیەکی جوانە!

هەموو شتێک هەربۆیە ئەگۆڕدرێت بە خەونبینی جۆرێکی جیاوازتر لە سەرمایەداریی – ناسکتر، نەرم و نیان تر،و زۆر مرۆڤانەتر. بەهەمان شێوەی دیکنز کە خەونی بە سکروجێکی ناسک، نەرم ونیان و مرۆڤانەترەوە ئەبینی. پیویست بە وتن ناکات. خەونەکە تەنها بێهوودە و یوتوپیایی‌یە وەک ئەوانی تر.

بۆچی ئێمە گەشبینین

" بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە،قەیرانەکە تا ئێستا هاوشێوەی مشکەکوێرەیەکی باشی کۆن چاڵەکەی دوور هەڵئەکەنێت" مارکس بۆ ئەنگلز ٢٢ ی فێبریەوەری ١٨٥٨

سیستمی سەرمایەداریی نەخۆشە، نەخۆشە تا ڕاددەی مردن. نیشانەکانی ئەمە زۆر بە ڕوونی دیارن. لە ژێر ڕووکەشدا. لەهەموو شوێنێک توڕەیی، کینە، بێزاری ، ڕقێکی ئەستووری بەجۆشهاتوو دژ بە سیستمی ئێستا، و دژ بە مۆراڵی پڕ لە ساختەکەی، نادادپەروەریی، نایەکسانی بەرگەنەگیراو، بێدەربەستی لە بەرامبەر ئازارەکانی مرۆڤ ... هەیە.

دامەزراوە کۆنەکان، کە پێشتر بە ڕێزەوە لێ‌یان ئەڕوانرا. ئێستا لە لایەن لێشاوی جەماوەرەوە بە بێڕێزییەکی بێ ئەملاوئەولاوە لێ‌ی ئەڕوانرێت، هەست ئەکەن کە فێڵیان لێکراوە و فەرامۆش کراون. سیاسی‌یەکان، دادوەرەکان، پۆلیس، میدیا، کەنیسەکان- هەموویان بە وێنەی نەناسراو و گەندەڵکار وێنا ئەکرێن.

دامەزراوە فەرمییەکانی دیموکراسی بۆرژوازیی بنەمای خۆیان لەسەر ئەو خەمڵاندن(پێوابوون)ە داڕشتبوو کە قڵشتی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران ئەتوانرێت لە چوارچێوەی سنورێکدا جڵەوگیر بکرێت. بەڵام بەردەوامی گەشەی بێڕاددەی نایەکسانی چینایەتی جەمسەرگیری‌یەکی کۆمەڵایەتی وای لە کۆمەڵگا خوڵقاندووە کە بۆ ماوەی چەند دەیەیە بەخۆوەی نەدیوە.

میکانیزمە ترادیشیۆنەڵەکانی(سوننەتییەکانی) دیموکراسی بۆرژوازیی تا سنوور و تەنانەت تا ئەودیوی سنوورەکانیش تاقی ئەکەنەوە. ئەمە زۆر بە ڕوونی لە ڕووداوەکانی کۆتایی ساڵی پاردا لە ئەمریکا بینران.

ڕاپەڕینە خۆبەخۆیی‌یەکان کە سەرتاپای وڵاتی بەدوای کوشتنی جۆرج فلۆید تەنی، و ئەو ڕووداوە بێهاوتایانەی دواتری کە پێشەنگ و دوای هەڵبژرادنەکانی سەرۆکایەتی بوون، نیشاندەری خاڵێکی وەرچەرخانە لە سەرجەم بارودۆخەکەدا. ئا لێرەدا، ئێمە لە هەناوی ئاولەمە(جنین- embryo)دا هێڵە بەرینەکانی گەشەسەندنی شۆڕشمان لە پاشەڕۆژدا هەیە.

ساڵی ٢٠٢١ ئەبێتە ساڵێک کە وێنەی نەبێت. ئایا ئەبێتە ساڵێکی خۆش، هەروەک گەشبینەکان پێشبینی ئەکەن؟ بەڵێ، بە دڵنایی‌یەوە، ئەبێتە ساڵێکی خۆش بۆ کەمینەیەک، کە هۆکارێکیان هەیە بۆ ئەوەی دڵخۆش بن- کەمتر لە ١%ی دانیشتوان، کە خۆشی بێسنوور لە کۆنتررۆڵکردنی ئەو سامانەی کە زۆرینە بەرهەمیان ئەهێنێت ئەبینن.

بەڵام بێشک، بۆ زۆرینە ناکرێت ساڵێكی نوێ‌ی خۆش هەبێت. بۆ ئەوان، پاشەڕۆژ لە سایەی سەرمایەداریدا تەنها نادیارو پڕ لە تاریکی ئەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە سەرسەختی و ئالنگارییەوە گەشبین ئەبین بە پاشەڕۆژ، نەک پاشەڕۆژی سیستمی سەرمایەداریی، بەڵکو پاشەڕۆژی خەباتی چینایەتی شٶڕشگێڕانە کە ئەبێتە لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداریی بۆ هەتا هەتایە.

ڕێگای پاشەڕۆژێکی پڕ لە کامەرانیی پەیوەستە بە دابڕانی تەواوەتیی لە ڕابردوو. ئەو ڕێگایەی لەبەردەممان ئەبێت ڕێگایەکی سەخت ئەبێت. چینی کرێکار ئەچێتە فێرگەیەکی تەواو سەخت و دژوارەوە. بەڵام لەو فێرگەیەوە وانە سەرکەتووەکانی وێنە ئەکات.

پاش ماوەیەکی زۆر لە ناچالاکیی نسبیی.، چینی کرێکار پەل و پۆی خۆی ڕائەوەشێنێت،هاوشێوەی وەرزشوانێک کە خۆی بۆ پێشبڕکێیەکی یەکلاکەرەوە ئامادە ئەکات. ئەمەیە، و تەنها ئەمەیە، کە هیواو گەشبینیمان پێئەبەخشن بە پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی.

مەبەست لە George Armstrong Custer ە

دەربڕینی ئینگلیزییەکە بەم شیوەیە هاتووە To add insult to injury مەبەست لە کارکردنە بە ڕیگایەکدا کە کاروبارەکان بەرەو خراپتر پاڵپێوە بنێت.

چەنگ: (ئامێرێکی موزیکی‌یە)


precariat : زاراوەیەکە پرۆفیسرۆرێکی زانکۆیەکی بەریتانی بەکاری هێنا بۆ پێناسەکردنی توێژێکی چینی کرێكار کە بەهۆی بارودۆخی ئابوری و سیاسی‌یەوە لەوپەڕی نائەمنی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری ژیان ئەکەن

سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزمدا

https://www.marxist.com