سەرەتایەك بۆ ماتریالیزمی مێژوویی

كاتێك تەماشای مێژوو دەكەین، وادەردەكەوێت فەوزایەك یان پرۆسەیەكی پڕ لە ناكۆكی بێت. ڕووداوەكان لە سەرلێشێوانی شۆڕشەكان، جەنگەكان، ماوەی گەشە و داڕووخاندا لەناودەچن. ململانێی چینەكان و نەتەوەكان لە ناو فەوزای گەشەی كۆمەڵایەتیدا دەخولێنەوە. چۆن دەتوانین لەم ڕووداوانە تێبگەین و ڕوونیان بكەینەوە كە وادەردەكەون هیچ ڕیشەیەكی عەقڵییان نییە؟

Original: here - Translaion: Karzan Aziz

لە سەرەتادا، مرۆڤ بەدوای دۆزینەوەی ئەو یاسایانەدا دەگەڕا كە حوكمیان بەسەر ژیانەوە دەكرد و جیهانیان ئاراستە دەكرد. تیۆرەكان هەر لە دیدی سەروسرووشتییەوە تاوەكو ڕابەرایەتی مرۆڤە مەزنەكان بەشێوەی جیاواز جیاواز لە هەوڵی دۆزینەوەو ڕوونكردنەوەی ئەمەدابوون. هەندێك بڕوایانوایە لەبەرئەوەی هەر كەسێك سەربەخۆ لەوانیتر كردار دەنوێنێت بۆیە تیۆرییە گشتییەكانی سەبارەت بە كۆی گەشەی مرۆڤ بێ‌ بایەخن.

بۆ نزیكەی دوو هەزار ساڵە بیرۆكەكانی پەیمانى كۆن (جێنەسس) لە ڕۆژئاواداباڵادەستە. ئەوانەی هەوڵی ڕەخنەكردنی ئەم ئایدیانەیان دەدا بە شوێنكەوتووانی شەڕو شەیتانیان ناودەبردن. لەكاتێكدا كە هێشتان تەمەنی قبووڵكردنی تێڕاوانینی دژە ئاینیانە دەربارەی مێژوو و پەرەسەندن كورتە.

بۆ چینی سەرمایەدار و بیرۆكراتەكانی نێو زانكۆ و قوتابخانە و ناوەندەكانی فێربوون، دەبێت مێژوو ڕەهایانە بەشێوەیەكی لایەنگیرانەو بێ‌ هیچ پەیوەستییەك بە ئێستاوە بەشێوەیەكى ئەكادیمى وەك وانە بووترێتەوە. بە مەبەستی پاكانەبۆكردن بۆ سرووشتی ناوەكیی و جەوهەریانەی قۆرخكاری سەرمایەدارانە و، هەروەها ئانارشییەتی ئابووریانەی هەناوی ئەم قۆرخكارییە هەردەم جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەفسانەی چینەكان و خاوەندارێتی تایبەت هەمیشە بونیان هەبووە. لەگەڵ ئەمەشدا، لەلایەن ناوەندە ئەكادیمییە گەورەكان و پرۆفیسۆرەكانەوە ژمارەیەكی زۆر لەو بەرهەمانە نووسراون و خراونەتە بازاڕەكانەوە كە لە پرۆسەی گەوجاندندان بۆ بەهەڵەدابردنی ماركسیزم و لەسەرووی هەمووشیەوە چەمكی ماتریاڵیزمیی مێژوویی.

ماركسیستەكان بایەخی زۆر بە لێكۆڵینەوەی مێژوو دەدەن: نەك لەبەر خوودی مێژوو بەڵكو لەبەر ئەوەی كە خوێندنەوەی مێژوو پێمان دەبەخشێت. بەبێ‌ تێگەشتن لەگەشەی ڕووداوەكان ناتوانین داهاتووش بە ڕوونی ببینین. لینین، بۆ نموونە، پارتی بۆلشڤیكی  بۆ شۆڕشی ئۆكتۆبەری ساڵی 1917 ئامادەكرد لەڕێگەی خوێندنەوەو شیكارێكی وورد بۆ كۆمۆنەى پاریس و ڕووداوەكانی ڕوسیای ساڵی 1905 و فیبریوەری 1917ەوە.

بەم مانایەیە كە ئێمە دەتوانین سوود لە خوێندنەوەی مێژوو وەربگرین. ماركسیزم بریتییە لە زانستی گۆشەنیگاكان بە بەكارهێنانی میتۆدی ماتریالیزمی دیالێكتیكی لە كرنەوەی گرێكانی نێو پرۆسەی گەشەی مێژوودا.

فەلسەفەی ماركسیزم تاقیكرنەوەو خوێندنەوەی شتەكان نییە لە دۆخی وەستاندا، بەڵكو لە دۆخی جووڵان و بزاوت و ژیاندا. ڕووداوە مێژووییەكان وەستاو نین و بریتین لە پرۆسە. هەرچەندە پەرەسەندن مانای ئەوە نییە كە شتەكان لە نزمەوە بۆ بەرز هاتوون. وەكو لینین دەڵێت:  ژیان و كۆمەڵگا بەشێوەی دیالەكتیكی گەشە دەكەن، نەك وەكو هێڵێكی ڕاست، بەڵكو وەك بازدانی گەشەیی و قەیران و شۆڕش و پچڕان و گۆڕینی ژمارە بە جۆر و پاڵنەری ناوەكی كە لەڕێگەی ئاراستەو هێزی جۆراوجۆری ناكۆكەوە دەردەكەون و سەرهەڵدەدەن.

ئەنگڵز پێیوایە كە دیالەكتیك بریتییە لە بنەڕەتی سەرەكی فكر كە تێیدا، ناتوانین لەسەرەتادا وەكو ئەوە لە جیهان تێبگەین كە بوونی-ئامادەی شتە ئاڵۆزەكان لەخۆبگرێت، بەڵكو جیهان بریتییە لە كۆیەك پرۆسە كە تێیدا شتەكان كەمتر لە وێنە عەقڵییەكان لە مێشكماندا سەقامگیر ناكەن. چەمكەكان بە گۆڕانێكی نەپچڕاودا بۆ ناو بوون دێن و كۆتایشیان دێت. 

ئەم میتۆدە لە شێوەدا، ماتریالیستییە. بیرۆكە و تیۆر و بەرنامەی حیزبەكان لە ئاسمانەكانەوە دانەبەزیون، بەڵكو هەمیشە ڕەنگدانەوەی جیهانی ماتریالی و بەرژەوەندییە ماتریالییەكانن. وەك چۆن ماركس ڕوونیدەكاتەوە كە مۆدی بەرهەمهێنانی ژیانی ماتریالی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و سیایی و فكری بەشێوەیەكی گشتی ڕەنگڕێژ دەكات. ئەوە ئاگایی مرۆڤ نییە كە بڕیار لەسەر بوونی كۆمەڵایەتییان دەدات، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوە بوونی كۆمەڵایەتییە كە بڕیار لەسەر ئاگاییان دەدات.

ماركس بە بەكارهێنانی ئەم میتۆدە توانی ئاماژە بەو ڕیگا گشتگیرە بكات كە تێیدا پرۆسەكانی سەرهەڵدان و گەشەسەندن و لاوازبوونی سیستمە ئابووری-كۆمەڵایەتییەكان ڕوودەدەن. مرۆڤ خۆی مێژووی خۆی درووستدەكات، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئەو مۆتیڤانەی خەڵك و كۆمەڵ دەجووڵێنێن كامانەن، یان چی دەبێتە هۆی بەریەككەوتنی بیرۆكە و كۆششە ناكۆكەكان؟ سەرجەم ئەم ململانێ‌ و ناكۆكی و بەریەككەوتنانەی نێوان مرۆڤەكان لە كوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟ هەلومەرجە ئۆبێكتیڤەكانی بەرهەمهێنان لە ژیانی ماتریالیدا كە دەبنە هۆی بنەڕەتی چالاكی مێژوویی مرۆڤ چین و كامانەن؟

یاسای گەشەسەندنی ئەم هەلومەرجانە چییە؟ ماركس، بۆ هەموو ئەم پرسیارانە، سەرنجمان بۆ خوێندنەوەیەكی سیستماتیكیانەی مێژوو ڕادەكێشێت وەكو پرۆسەیەكی تاقانە كە لەگەڵ هەمەچەشنی و دژیەكێكانیدا، هێشتان یاسای سنووردار و دیاریكرا و ئاراستەی دەكات.

كۆمیونیزمی سەرەتایی

مرۆڤە سەرەتاییەكان نزیكەی سێ‌ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لە جۆرێكی گەشەسەندووی مەیموونەوە گەشەیانكردووە. بەرەبەرە، مرۆڤە سەرەتاییەكان لە دارستانەكان و جەنگەڵەكانەوە بەرەو دەشتەكان كۆچیانكرد: گواستنەوەیەك كە بەهۆی زیادبوونی ئەزموونی خۆگونجاندن و كاری دەستی ئەو مرۆڤانەوە هاتەبوون، هەروەها جەستەی ئەم مرۆڤانە ڕێكتربووەوە یان وەستاوتربوویەوە.

لەكاتێكدا، ئاژەڵەكانیتر ئەندامی دیكەی بەرگرییان هەبوو بۆ بڕین و قووڵكردن و هەڵكەندن و خۆگەرمكرنەوە، ئەو مرۆڤانە هیچ كام لەمانەیان نەبوو. ئەوەی مرۆڤەكان بۆ مانەوە لە ژیان دەیانتوانی بەكاریبهێنن دەستەكان و عەقڵیان بوو. لەڕێگەی هەوڵدان و هەڵەكردنەوە فێری بەهرە و توانستی جیاوازبوون كە توانییان ئەم ئەزموونانەیان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكیتر دەستاودەست پێبكەن. پەیوەندیگرتن لە ڕێگەی قسەكردنەوە پێویستییەكی زۆر گرنگ بوو. 

هەروەكو ئینگلز دەڵێت زاڵبوون و هەژموونیەتی مرۆڤ بەسەر سرووشتدا لە دەست و كارەوە دەستیپێكردووەو ئاسۆی مرۆیی بۆ داهاتوو گەشكردەوە. ژن و پیاو بوونەوەری كۆمەڵایەتین كە ناچارانە پێویستیان بە هاتنەوەیەك و هاریكاری یەكتر هەبووە لەپێناو مانەوەدا. جیاواز لە هەموو شانشینە ئاژەڵییەكانیتر، توانییان گشتاندن بكەن و بیربكەنەوە.

كار لەگەڵ درووستكردنی كەرەستەكاندا دەستیپێكرد. لەڕێگەی كەرەستەكانەوەبوو مرۆڤ توانی ژینگەكەی لەپێناو پێویستییەكانیدا بگۆڕێت. وەك ئینگلز دەڵێت ئاژەڵەكانی دیكە كاریان گۆڕینی ژینگەیان نییە، بەڵكو تەنها بەكارهێنانیەتی، ئەمە لەكاتێكدا كە مرۆڤ بە ئامادەیی لەنێو جیهاندا گۆڕان چێدەكات. مرۆڤ بە گۆڕانەكانیەوە خزمەت بە ئامانجەكانی دەكات و كۆنتڕۆڵی دەكات. ئەمە دوا جیاوازی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەكانی دیكەیە، ئەم جیاوازییەش تەنها لەڕێگەی كارەوە هاتووەتە بوون.

فۆرمە ئابوورییەكان زۆر ساكاربوون. مرۆڤ بوونەر یان ئاژەڵێكی ناوازە و تایبەتە، بە گرووپ دەستیان بە گەڕان كردووە بۆ دەستكەوتنی خۆراك. ئەم ژیانە كۆچەرییە بەتەواوی لەژێر سایەی گەڕاندا بووە بۆ خواردن. شوێنەوارناسەكان بەم كاتە مێژووییە دەڵێن چاخی بەردین. بۆ نموونە هێنری مۆرگن كە ئەنترۆپۆلجیستێكی كۆنە ئەم چاخە بە چاخی دڕندەیی ناوزەد دەكات. هێشتان پاش هەزاران ساڵیش بەم چاخە، خاوەندارێتی تایبەت درووست نەبووبوو. هەرشتێك كە درووستدەكرا، كۆدەكرایەوە یان بەرهەمدەهات بە خاوەندارێتی گشتی یان بە موڵكی كۆمۆن دادەنرا.

لەنێوان دە بۆ دوازدە هەزار ساڵ پێش ئێستادا، ماوەیەكى نوێى گەشەسەندووتر سەریهەڵدا كە بە چاخى نوێى بەردین یان بەربەریەت ناسرا. لەجیاتى گەڕان بە دواى خواردندا، هەندێ پێشكەوتنى گرنگ لەبوارى بەرهەمهێنانى دانەوێڵە و ماڵیكردنى ئاژەڵدا هاتەئاراوە. لێرەوە، ژن و پیاو توانییان ئازادانە لە ناوچەیەكى دیاریكراودا نیشتەجێببن و سەرئەنجام كەرەستەى دیكەیان بۆ كارە نوێكانیان بەرهەمهێنا، هەروەها ئابوریى بەرهەمهێنانى خۆراك داهێنرا. كۆمەڵە و خێڵە سەقامگیرەكان لەم ساتە مێژووییەدا سەریانهەڵدا. تەنانەت تاكو ئەم ساتەش، بەهۆى كۆمەڵە هۆكارێكەوە خێڵگەلێك  لە ئەفریقا، باشورى هێمن و باشورى ئەمریكادا هەن، لەم قۆناغەى بەربەریەتدا دەژین. بەڵام هێشتان لەگەڵ لەدایكبوونى نیشتەجێبوونى هەمیشەیشدا، نیشتەجێبوونى تایبەت (private) تاكو ئەو ساتە نەهاتبووە بوون؛ بە پێچەوانەوە، شوێنە گەورەكانى نیشتەجێبوون بۆ بەكارهێنانى گشتى و كۆمۆن دروستكرابوون. لەم قۆناغەدا، هیچ خێزانێكى تایبەت بوونى نەبوو.

منداڵەكان موڵكى هەموو خێڵەكە بوون. لە قۆناغى كۆمیونیزمى سەرەتاییدا (دڕندەیى و بەربەریەت، كە هەر یەكێك لەم قۆناغانە نزمتر و بەرزتربوو لە ئەویتر بەشێوەى یەك لە دواى یەك)، هیچ خاوەندارێتییەكى تایبەت و چین و نوخبەى خاوەن ئیمتیاز و دەزگا (ئەپارەتووس)ى پۆلیسى و تایبەتى سەركوتكەر، وەكو ( دەوڵەت )، لەئارادا نەبوون. خێڵەكان خۆیان بەسەر یەكەى كۆمەڵایەتى بچوكتردا دابەشببوون كە پێیان دەوترا تیرە و هۆز و بەشى بچوك. لەڕاستیدا ئەمانە، گروپى خێزانى زۆر گەورەبوون كە هێڵى خێزانى خۆیان تەنها لە هێڵى مێینەوە درێژ دەكردەوە. ئەمە ئەوەبوو كە ناوی لێنرابوو كۆمەڵگاى دایكسالارى. بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئایا چۆن دەكرا ئەمە ڕووبدات، یان چۆن جیاكردنەوە و دەستنیشانكردنى باوكى ڕاستەقینەى منداڵ بەم شێوەیە مەحاڵ دەبوو؟ ڕێگە پێنەدراوبوو ئەگەر پیاوێك بیویستایەت لەگەڵ ژنێك لە هەمان تیرە یان هۆزدا بمایەتەوە یان بژیبایەت، بۆیە، خێڵەكان لە هاوپپەیمانێتییەك لە تیرەكان درووست كرابوون. لە هەندێ كاتى دیاریكراودا، فۆرمێك لە هاوسەرگیرى گروپى لەنێوان تیرەكاندا بوونى هەبوو.  

 

ئەم فۆرمە بێ چینەى كۆمەڵگا بەڕادەیەكى زۆر دیموكراتى بوو. هەموو كەسێك لە شورادا كۆدەبوویەوە بۆ بڕیاردان و یەكلایكردنەوەى هەر پرس و ڕووداوێك كە ڕووى دەدا، وە سەركردە و سەربازەكانیان بۆ مەبەستى تایبەت هەڵدەبژێردران. وەك ئەوەى كە ئینگلز لە كتێبەكەیدا ئاماژەى پێداوە، ڕیشەكانى خێزان، خاوەندارێتى تایبەت و دەوڵەت:

"ئەم دەستورە چەند جوانە بە هەموو سادەییەكانیەوە! نە سەرباز و نە جێندرمە و نە پۆلیس، نە خانەدانى و پاشا و نە ڕاسپێردراو لەسەر تەختى پاشایەتى و نە دادوەر و نە زیندانى و نە سكاڵاى یاسایى، بەڵام هێشتانیش كاروبارەكان بە نەرم و نیانى و لەسەرخۆیى بەێوەدەچوون. هەموو دەمەقاڵێ و ناكۆكییەكان لەلایەن هەموو كۆمەڵگاوە یەكلادەكرێنەوە كە تێیدا بەشدارن، یان لە هۆزەكە یان خێڵەكە یان لەلایەن هۆزە جیاوازەكانەوە لەنێو خۆیاندا ئەمە ئەنجامدەدرێت. تەنها لە هەندێ كەیسدا نەبێت كە تۆڵەى خوێن، بە پلەیەكى زۆر دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەو سزاى مەرگەى كە ئەمڕۆ هەمانە بە ڕوونى و سادەیى فۆرمێكى مەدەنیانەى ئەم تۆڵەى خوێن سەندنەوەیەیە، كە كەوتووەتە ژێر كاریگەرى سود و زیانەكانى شارستانییەتەوە. خێزانى كۆمۆنیستى هاوبەشى پێكراوە لەلایەن ژمارەیەك خێزانەوە، زەوی موڵكى خێڵە، تەنها باخچەكان بەشێوەیەكى كاتى دەبن بە موڵكى خێزانەكان. ناكرێت هەژار و بێدەرەتان هەبن – خێزانە كۆمۆنیستەكان و هۆزەكان ئەركەكانى خۆیان دەزانن بەرامبەربە بەساڵاچووان، نەخۆشەكان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان. هەموو ئازاد و یەكسانن – بە ژنیشەوە. هێشتان جێگاى كۆیلە نابێتەوە، تەنانەت جێگاى ملكەچپێكردنى خێڵە بیانییەكانیش نابێتەوە".

بۆ میسرییە كۆنەكان كە خاوەندارێتى تایبەتیان وەكو خودایەكى پیرۆز دەبینى، هەروەها بە چاوى سوكایەتییەوە لەم كۆمەڵگایانەیان دەڕوانى. بەڵام بۆ خەڵكە خێڵەكییەكان، خاوەندارێتى تایبەت شتێكى نامۆ و نەزانراو بوو. مێژوونووس "هێكیوێڵدەر" دەڵیت هندییەكان پێیانوابووە كە "رۆحە مەزنەكە لەپێناو چاكەى كۆمۆن و گشتیدا زەوى دروستكردووە، وە هەموو ئەو شتانەشى كە تێیدایە، كاتێك وڵاتى دروستكرد و یارى و گەمەى تەواوى پیبەخشى نەیویست چاكەكە تەنها بۆ هەندێك بێت، بەڵكو بەسەر هەموواندا دابەشیكرد.

لە ژیانى كۆمۆندا، هەموو شتێك بۆ مرۆڤ و نەوەكانیەتى. هەر شتێك كە لەسەر زەوى دەژى، هەر شتێك كە لە زەوییەوە دەڕوێت، وە هەموو ئەوانەى كە لە ڕووبار و ئاوەكاندان بە شێوەیەكى یەكسان بە هەمووان بەخشراوە، وە هەموو كەسێك خاوەندارێتى لە پشكى خۆى دەكات".

خاوەندارێتى هاوبەشى خێڵەكیانە بەرمەبناى هەوڵى گەشەى خێزانى تایبەت بوو، هەروەها گەشەى بنیاتنانى ماڵ و خانوى تایبەت بوو شانبەشانى نیشتەجێبوونى كۆمۆنى. بە تێپەڕینى كات، دواتر زەوى هاوبەش لەپێناو خاوەندارێتى هەرەوەزانە و بە كۆمەڵى خێزانیدا بۆ هەر خێزانێك دابەشكرا. خێزانى دایكسالار ڕێگاى بۆ باوكسالارى خۆشكرد (هەیمەنەى نێرسالارى)، كە زۆر سەرەكیبوو لە هێشتنەوەى خاوەندارێتى هەرەوەزى یان پێكەوەییدا.

هەرچەندە، پێویستە وەك خێزانى ئەمڕۆ لەو خێزانانە نەڕوانین. وەك پۆل لافارگ دەڵێت: "خیزان بۆ كۆتاترین و سادەترین دەربڕین كەرتنەكرابویەوە، وەك ئەوەى كە ئەمڕۆ خێزان كورتكراوەتەوە، كە پێكهاتووە لەم سێ گرنگترین توخمانە: باوك، دایك وە وەچە؛ پێكهاتووە لە باوك وەك سەرۆكى دانپێدانراوى خێزان؛ ژنى شەرعى، هەروەها ژنە كۆیلە بەكرێگیراوەكانى بۆ ئارەزووى سێكسى كە لەژێر ئاسمانى هەمان ماڵدا دەژین؛ منداڵەكانى و برا بچووكەكانى، لەگەڵ ژن و منداڵەكانیاندان، هەروەها خوشكە شونەكردووەكانیان: خێزانێكى لەم شێوە لە ئەندامگەلێكى زۆر پێكهاتبوو.

گەشەى خاوەندارێتى تایبەت لە قۆناغەكانى دواترى كۆمۆنیزمى سەرەتاییدا لەلایەن ماركسییەكانەوە بە توخمەكانى كۆمەڵگاى نوێ لەقەڵەم دەدرێت كە لەنێو كۆمەڵگاى كۆنەوە سەرچاوەیگرتووە. لەكۆتاییدا ئەم كەڵەكەبوونە چۆنایەتییانەى توخمە نوێكان بووبەهۆى پچڕان و دابڕانە چۆنایەتییەكە لە كۆمەڵگاى كۆن. لەگەڵ گەشەى كەرەستەى نوێدا و بەتایبەتى لە كشتوكاڵدا، ئەو بڕیارە درا كە دەبێت كێ خاوەندارێتى لەو كەرەستە و ئامرازانە بكات؟ خاوەندارێتى لە كەرەستەكان، چەكەكان، كانزا نوێكان، لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە، ئەو كەرەستانەى كە ئەمانە دروستدەكەن، وایكرد كە خێزانەكان دژ بەو ئاستەى ژیان ڕابوەستنەوە كە بریتیبوو لە ململانێى سامناكى ژیان و مەرگ بە هێزى سروشتەوە.

پاشان بەهۆى گەشەى زیاترى هێزەكانى بەرهەمهێنانەوە (سەرەتا بازرگانى لەنێوان جڤاتە جیاوازەكاندا گەشەیكرد)، نایەكسانى لەنێو كۆمەڵگادا سەریهەڵدا. ئەمە كاریگەرییەكى قوڵى لەسەر نەزم و ڕێكخستنە كۆنەكە هەبوو. بۆ یەكەمجار، ژن و پیاو توانییان "زیادە" لەسەروى پێویستییەكانیانەوە بەرهەمبهێنن، كە ئەمە بووبەهۆى بازدانێكى شۆڕشگێڕانەى ڕوولەپێش لە مرۆڤایەتیدا.

لە ڕابردوودا، كە جەنگ لەنێو دوو خێڵدا ڕوویدەدا، هەر بە دیل گرتنێكى وەك كۆیلە، دەبوو بە هەوڵێكى نائابوریانە. لەگەل ئەوەشدا، دەستبەسەر تەنها دەیتوانى خواردن بۆ خۆى بەرهەمبهێنێت. نەیدەتوانى هیچ زیادەیەك بەرهەمبهێنێت. تەنها سود و قازانجى كەسى دەستبەسەر لەوەدابوو خواردنى كەمى پێبدرایە و پاشان وەكو سەرچاوەیەكى گۆشت بەكاربهێنرایەت. ئەمە بنەرەتى مرۆڤخۆرى بوو.

بەڵام ئەو كاتەى كە زیادە بەرهەمدەهات ئیتر پاراستنى كۆیلە بە شێوەیەكى ئابوورى سەركەوتنى بەدەستهێنا كاتێك كە كۆیلە ناچار دەكرا بۆ ئاغاكەى كاربكات. دواتر، ئەو زیادەیەى كە لە زیادبوونى ڕێژەى كۆیلەدا دەستدەخرا لەلایەن چینێكى نوێى خاوەن كۆیلەوە دەستى بەسەرداگیرا. بەڵام ئایا چۆن كۆیلەكان كۆنترۆڵدەكران و ناچاردەكران بە كاركردن؟ لە ڕێگەى زۆرەملێ و ناچاركردنە كۆنەكە. هەر تاكێك ئازاد و جەنگاوەر بوو.

بەرهەمهێنانى بەرهەمى زیادە فۆرمە كۆنەكانى كۆمەڵگاى تێكشكاند، بووبە هۆكارى جیابوونەوەى چینەكان. بوونى ئەم چینانە ئەو دەزگایانەى دەخواست كە بۆ ناچاركردن و ملدانى چینێك بۆ چینەكەى تر پێویستبوو. دەوڵەمەند و هەژار، خاوەن زەوى و كرێگرتە، قەرزدەر و قەرزار هەموو رووكارى خۆیان لە كۆمەڵگادا دروستكرد. ئەو هۆزانەى كە لە ڕیشەوە بەهۆى پەیوەندى خوێنییەوە یەكەى كۆمەڵایەتی بوون، دەستیانكرد بە هەڵوەشانەوە و لەبەریەك ترازان. دەوڵەمەندەكانى نێو هۆزە جیاوازەكان خاڵى هاوبەشى زیاتر و بەرژەوەندى زیاتریان پێكەوە هەبوو لەوەى لەگەڵ هەژارەكانى نێو هۆزەكەى خۆیاندا هەیانبوو.

كۆمەڵگاى كۆیلەداری

سەرەڕاى ئەو هەموو ترس و تۆقانەى كە یاوەرى ئەمەیكرد، سەرهەڵدانى كۆمەڵگاى چین لەو كۆمەڵگانەى كە لەگەشەى زیاتردابوون بەشێوەیەكى گەورە لەپێشەوەچووندا بوو. بۆ یەكەمجار لەو كاتەوەى كە مرۆڤ لە مەیمونى جۆرى (ئەیپ)ەوە گەشەیكرد، بەشێك لە كۆمەڵگا ئازادبوو لە كارى تەنها و تەنها دەستگرتن بە بوونەوە. ئەوانەى لەو كاتەدا خۆیان لە كار ئازاد كرد، كاتەكانى خۆیان بۆ زانست و فەلسەفە و كلتور تەرخانكرد. كۆمەڵگەى چین بە پیاوانى ئاینى و پلەدارانیەوە جۆرێك لە شارەزایى بەهرەداری وەكو كارى دەستییان لەگەڵ خۆیاندا هێنا. بەهانە مێژووییەكە و ئەركى چینى باڵادەست ئەوەبوو هێزە بەرهەمهێنەرەكان پێشبخەن و لەوێوە كۆمەڵگە ببەنە پێشەوە. ڕێك لەم كاتەدابوو كە شارستانیەت سەریهەڵدا.

پاشان دەزگا تایبەتەكان لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندییەكانى چینى باڵادەستدا، دروستكران. هێزى پڕچەكیان لە پیاو، بە ئامانجەكانیانەوە، دادگاكانیانەوە، جێبەجێكاران و ...هتد،ەوە بنیاتنا، هەروەها ئەو یاسا نوێیانە بوون بە پێویستى كە پێویستبوون بۆ پاراستنى خاوەندارێتى تایبەتى بۆ ئەوانەى كە خاوەن كۆیلە بوون. دەوڵەت بە پاشكۆ و زیادەكانیەوە هاتە ئاراوە و ئازادى و یەكسانى خێڵە كۆنەكان توشى دواشكست بوویەوە. ئایدیا و ئەخلاقیاتى نوێ گەشەیانكرد بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ڕێكخستنە نوێیە كۆمەڵایەتیی و ئابورییەكە. لە سەدەى حەوتى پێش زایندا، ئەریستۆكراتیەتى خێڵەكى یۆنان بووبە چینێكى باڵادەستى خاوەن كۆیلە لەگەڵ خاوەندارێتیكردنى زەویوزاریشدا. بەپێى فەیلەسوفى كۆنى یۆنانى، ئەرستۆ، زۆرینەى دانیشتوانى ئەتیكا بەكۆیلەكرابوون.

لەگەڵ گەشەى دەوڵەت-شارەكاندا، بەرزبوونەوەى زیاترى كاردابەشكردن، زیادبوونێكى بەرچاوى بەخۆیەوە بینى. نەك تەنها لەنێوان شارۆچكە و وڵاتاندا، بەڵكو لەنێوان بازرگانى و داراییدا، لەنێوان بازرگان و سوخۆراندا؛ توانایى دەستى نوێ سەریانهەڵدا لەگەڵ دەستەى هونەرى زیاتر بۆ بەرهەمهێنان و دروستكردنى چێژ و كلتورى چینى باڵا.

پاڵنەرى دەوڵەت شارەكان لە كۆیلەى زیاتر و زیاتردا بووبەهۆى جەنگى بەردەوام. لە جەنگى دژ بە مەكدۆنیا لەلایەن ڕۆمانەكانەوە لە ساڵى 169ى پێش زایندا،  بە تەنها لە ئیپرەس حەفتا شار تاڵانكران و ڕوخێنران و پاشان سەدو پەنجا هەزار كەس لە دانیشتوانەكانیان وەكو كۆیلە فرۆشران. ئەمە لەكاتێكدا كە ئابورى و داهاتى كۆیلە وێرانكەر و لەكیسچووبوو، هەروەها بۆ مانەوەى، پێویستى بە كۆمەكێكى بەردەوامى كۆیلە هەبوو بۆئەوەى جێگاى ئەوانەى پێبگرێتەوە كە بریندار بوون یان كوژران. هەرچەندە، دووبارەبەرهەمهێنانەوە بە شێوە سروشتییەكەى لەنێو كۆیلەكاندا زۆر خاوبوو بەهۆى سنوردارێتییەكەیانەوە، بۆیە تەنها میتۆدى پڕكردنەوە بریتیبوو لە داگیركردن.

هەرچەندە كۆیلە زۆر لە جوتیار كەم بەرهەمهێنەرتر بوو، بەڵام بڕى كەمتر لە تێچوونى هێشتنەوەیان بەرامبەر بە جوتیار وایكرد كۆیلایەتى بەسودتربێت. یەكگرتنەوەى كشتوكاڵكارە ئازادەكان وایكرد ژمارەیەكى زۆر بەرەو شارەكان هەڵبێن بۆپێكهێنانى ئەو كۆمەڵگا كۆیلانەى كە لە چینخراون و لە ژێر-چینەوە بوون ((de-classed lumpenproletariat. ئەم چینەى دووەمیان پشتیى بە خێرى چینە باڵاكان دەبەست، كە یارییە سێركییەكانیان بۆ چێژ بۆ ئەنجامدەدان. لەم سەردەمەدا بوو كە بزوتنەوەى شۆڕشگێڕیى مەسیحى دەركەوت. بە شێوەیەكى ڕەسەن، گروپێكى سەرەتایى سێكتى كۆمۆنیزمى بە ڕقێكى قوڵەوە بەرامبەر بە ڕۆمانییە داگیركەرەكان و خزمەتكارى دەوڵەمەندەكانیانەوە توانییان سەركەوتنێكى گەورە بە پشتیوانى هەژار و چەوساوەكان تۆماربكەن. ئەم مەسیحییە شۆڕشگێڕانە بۆ ئەوە ئامادەكرابوون كە چینە باڵادەستەكان بڕوخێنن و "ئاسمان بهێننە سەر زەوى". 

بۆیە لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕاونران و بێبەزەى و بێڕەحمانە بە بەهانەى خیانەت دژ بە ئیمپراتۆر كوژران. پاشان، مەسیحییەت دواى پاكبوونەوەى لە ڕقى بەرامبەر بە چین، بۆ پلەى ئاینى دەوڵەت بەرزبوویەوە. چینى باڵادەست، مەسیحییەتى وەكو چەكێك بۆ خەڵەتاندن و بێدەنگكردنى چینەكانى خوارەوە بەكارهێنا بۆ ئەوەى وایان لێبكات بە بەش و پشكى زەمینى خۆیان ڕازى بن و هانى ئەوەیان بدات كە دەست بە وەهمەكانیانەوە بگرن سەبارەت بە ژیانێكى باشتر لە پاش مەرگ. هەتا خاوەن كۆیلەكان دەیانتوانى زیادەى زیاتریان لە خراپ بەكارهێنانى كۆیلەكاندا دەستدەكەوت، ئەوا بەفیڕۆدان و دەستنەگیرى و زیرەكى و لوتبەرزى و بێ ئیشییان زیاتر دەبوو. هەڵگیرسانى جەنگەكان تا دەهات زیاترو زیاتر دەبوون لەپێناو زیادكردنى ڕێژەى كۆیلە لەڕێگەى داگیركارییەوە، ئیمپراتۆریەتى ڕۆمان زیاد لە سنور خۆى درێژ كربوویەوە. جەنگەكان بەبێ جەنگاوەران ئەنجامنەدران و باشترین جەنگاوەرانیش بریتیبوون لە كشتوكاڵكاران. بەشێوەیەكى خێرا ئەم توێژە توایەوە و لەناوچوو، وە لە جێگایاندا، جاشى بیانییان بە پێدانى پارەیەكى زۆر دەهێنا. سەردەمى "كۆیلەى هەرزان" بەخێراى كۆتایى پێهات كە لەگەڵ خۆشیدا كۆتاى بە ئیمپراتۆریەتەكانى كۆیلە هێنا. سەرەڕاى شۆڕشگێڕە كۆیلەكان – كە بەناوبانگترینیان لەلایەن سپارتاوە پێشڕەوى كرا – بەڵام كۆیلەكان نەیانتوانى ئەوە بسەلمێنن كە چینى شۆڕشگێڕ دەتوانێت كۆمەڵگا بەرەوپێشەوە ببات. وەك ئەوەى كە ماركس دەیوت، ململانێى چین "بە شێوەیەكى گشتى یان بە دووبارە بنیاتنانەوەیەكى شۆڕشگێڕانەى كۆمەڵگا یان بەوێرانبوونێكى هاوبەشى چینە ململانێكەرەكان كۆتایدێت". ماركسیستى ئەڵمانى "كارل كاوتسكى"، ئەوەیخستەڕوو كە "كۆچە گەورەكان" لێشاوى ئیمپراتۆریەتى ڕۆم بەهۆى گروپە ئەڵمانییە دڕندەكانەوە، ماناى زوو كاولبوونى كلتورێتى باڵاى گەشەسەندوو نەبوو، بەڵكو ماناى ئەنجامى كۆتایى شارستانیەتێك بوو كە خۆى لەسەرەمەرگدا بوو، وە هەروەها ئاماژەبوو بۆ فۆرمەلەبوونى بنەڕەتێك لە گەشەكردنى شارستانیەتێكى نوێ".

شارستانیەتە گەورەكانى كۆیلە هەنگاوێكى گەورەیان لە بەرەوپێشچوونى كۆمەڵگادا سەرڕێخست. تووشى سەرسوڕمان دەبین لە بەرامبەر دەستكەوتە كلتورییەكانى میسرییە كۆنەكان و بابلیەكاندا. یونانى و ڕۆمەكان توانییان مەعریفەى زانستى بۆ چەندین پێگەى باڵا بەرزبكەنەوە. فەیلەسوف، هیرۆ، پرەنسیپ و بنەما سەرەكییەكانى مەكینەى هەڵمى دۆزییەوە. بەشدارییە داهێنەرانەكانى ئەرخەمیدس و پیساگۆراس و یوكلید، پرەنسیپە بنەڕەتییەكانى بیركارییان تا ئاستێك بردە پێشەوە كە لە ڕێگەیەوە ئیتر سەرەتاكانى ئەندازیارى میكانیكى دەركەوتن. سەرەڕاى ئەمانەش، كۆمەڵگاى كۆیلە گەشتە سنورەكانى خۆى و گەنینى ناوخۆى و پاشانیش هۆكارە دەرەكییەكان بوونەهۆى ڕوخانى.

سەرهەڵدانى فیودالیزم

"دوا سەدەكانى لاوازبوونى ئیمپراتۆریەتى ڕۆم و داگیركردنى لەلایەن بەربەریەكانەوە بووبەهۆى لەناوچوونى ژمارەیەك لە هێزى بەرهەمهێنەر: كشتوكاڵ لاوازبوو، پیشەسازى لەبەردەم ویستى بازاڕدا شیبوویەوە، بازرگانى نەما یان بەشێوەیەكى توند بەهەڵواسراوى مایەوە، ژمارەى دانیشتوانى شار و دێهاتەكان كەمیانكرد". (كارل ماركس، ئایدۆلۆژیاى ئەڵمانى). بۆ چەند سەدەیەك، بەربەریەكان ئەوروپایان بەڕێوە دەبرد؛ لە ڕۆژهەڵات، گۆتەكان، ئاڵمانییەكان و هانەكان؛ لە باكور و ڕۆژئاوا و سكەندەناڤییا؛ لە باشوریش، عەرەبەكان. هەروەها لە داگیركردنى ناوچەكانیاندا، شارۆچكەكانیان تاڵانكرد و لە ناوچە گوندنشینەكاندا سەقامگیربوون، لەو جێگەیەى كە بەهۆى كشتوكاڵى سەرەتاییەوە لێیدەژیان.

لەم جڤات و كۆمەڵانەدا، سەرۆك گوندیان هەڵبژارد، هەرچەندە، بە تێپەڕبوونى كات، سەرۆك گوندەكان لەلایەن هەمان خێزانەوە دەستنیشاندەكران. سەرۆكى خێزانە خاوەن ئیمتیازەكە، پشتاوپشت دەبوو بە سەرۆكى سروشتى هەڵبژێردراو. گوندەكان لە جەنگى بەردەوامدابوون لەگەڵ گوندەكانى دراوسێیاندا، كە بە دابەشكردنى زەوى داگیركراو و پێدانى گەورەترین بەشى بە سەرۆكەكە، كۆتایدەهات. لێرەوە، سەركردەكە دەبوو بە بەهێزترین و خاوەنى زۆرترین موڵك لە جڤاتەكەدا. لەكاتى جەنگ و كۆششكردندا، سەركردەكە گەرەنتى پاراستنى بە ئەوانە دەدا كە بەڵێنى جێبەجێكردنى ئەركەكانیان دەدا و خزمەتى سەربازییان پێشكەش بە سەرۆك دەكرد. دواتر ئەم كشتوكاڵكەرانە دەیانتوانى لەبەرامبەر جۆرێك لە ستایش و تەقدیردا واز لە خزمەتى سەربازى بهێنن.

دەسەڵاتى لۆردەكانى ئەم گوندە بۆ گوندنشینەكانى دەورەبەر فراوانتر دەبوویەوە. "لۆردەكان قەرزدارى دادپەروەرى، كۆمەك و پارێزگاریكردن بوون لە بەكرێگیراوانى، پاشان ئەوانیش لەبەرامبەر پاشادا قەرزدارى دڵسۆزى و ملكەچى دەبوون". (لافارگ، پەرەسەندنى موڵك). جەنگ و داگیركارى بووبەهۆى زیاتر جیابوونەوەى ئەم پەیوەندییە دەرەبەگییانە. لۆرد و بارۆنەكان پێكەوە لەگەڵ پیاوە چەكدارەكانیاندا، هیرارشیەت و هەڕەمێكى نوێى كۆمەڵایەتییان پێكهێنا، كە لەڕێگەى ئەو كارەوە بەهێزكرابوو، دەدرا بە ژێردەستەكانیان. وەك ئەوەى لافارگ ڕوونیكردەوە: "هەر زوو كە دەسەڵاتى خانەدانى فیوداڵ دروستبوو، لەبەرامبەردا، بووبە سەرچاوەى كێشە بۆ وڵات كە بەرگریكردنى درایە پاڵ. بارۆنەكان بۆ فراوانكردنى ناوچەكانیان هێزیان گەورەتر دەكرد، هەمیشە لەم پێناوەدا یەكتریان دەخستە شەڕى بەردەوامەوە، تەنها ئەوە نەبێت كە ناوبەناو لەڕێگەى ڕاگەیاندنى هودنەوە (دۆخى نە شەڕ و نە ئاشتى) كە ئەویش بەهۆى كات و كارى جوتیارى و كێڵانى زەوییەوە بوو ئەگینا شەڕیان ڕانەدەگرت، ئەگینا هەمیشە لە جەنگى بەردەوامدابوون.

ئەوەى نەدەكوژرا دەبەزێنرا، كتوپڕ و بەتەواوى لە هەموو خاوەندارێتییەك خاڵی و بێبەشدەكرا، وە دەبوون بە ژیردەستەى ئەو داگیركەرەى كە دەستى بەسەر بەشێك لە خاكەكەیان و ژێردەستەكاندا دەگرت. وردە بارۆنەكان لەپێناو قازانجى بارۆنە گەورەترەكاندا ونبوون، ئەوانەى كە بوون بە فیوداڵى خاوەن زەوى شاراوە و پاشان دادگاى پاشایى كە تێیدا ژێر دەستەكان ناچار بە بەشداربوون دەكران.

كە پەیوەندییە فیوداڵییەكان پێگەیشتن، زۆربەى زەوى كێڵگەى ئەوروپا بەناوى مانۆرەكانەوە (كێڵگەى دەرەبەگ) دابەشبوبوون، هەر مانۆرێك لەلایەن لۆرد و پلەدارى خۆیەوە خاوەندارێتى لێدەكرا كە ئەركیان بەڕێوەبردنى موڵكەكان بوو. زەوى بە پیتى كشتوكاڵى بەسەر دوو بەشدا دابەشبوبوو، نزیكەى سێ بەشى موڵكى لۆردەكە بوو (كە پێیدەوترا دێمینز)، لەكاتێكدا ئەوەى دەمایەوە بریتیبوو لە یەك لەسەر سێ بەسەر ژێر دەستەكاندا، دابەشدەبوو. لەوەڕگا و تەختە و مێرگەكان وەكو زەوى كۆمۆن بەكاردەهێنران – كە لەڕاستیدا مانەوە (بقاء) یەكى سەرەتایى كۆمۆنیزمى بوو. ئامانج لە كشتوكاڵ هەنگاونانى گەورەى بەرەوپێشچوون بوو لەگەڵ داهێنانى "سیستەمى سێ كێڵگەیى" (كە بریتییە لە چاندنى دانەوێڵە لە وەرزى جیاواز جیاوازدا بە گوێرەى وەرزەكە و لەڕێگەى دابەشكردنى زەوییەكە بۆ سێ بەش.و.ك). ژێردەستە و ملكەچەكان هەرچەندە، هاوبەشى دەكەن لە زەوییەكەدا، بەڵام پارچەپارچەبوونى زیاترى بەخۆوە بینى كە دابەشبوو بەسەر كێڵگەدا، كە مەبەست لێى ئاوەڕۆ و چاندنى بەرهەمهێنانى زۆر بوو.

ئەو ستراكتۆرە كۆمەڵایەتیەى كە لەسایەى دەرەبەگایەتیدا گەشەیكرد، بووبەهۆى سەرهەڵدانى چین و گروپیتر. چوارچێوە كۆمەڵایەتییەكە لە ستراكتۆرى هەرەمێك دەچوو، كە پاشا، ئەریتۆكراسى، پیاوانى كڵێسا و سەرۆك قەشە، سەرۆكى بوو. لە خوار ئەمانەوە، خاوەن مافە تایبەتەكانى وەكو بارۆنەكان،  حاكمى شار، خانەدانەكان، ئەسپ سوارەكان، دەهاتن. لە پلەكانى خوارەوەى ڕێكخستنە كۆمەڵایەتییەكەدا، پیاوە ئازادەكان و خزمەتكار و ئەڵقە لەگوێ و كۆیلەكان دەهاتن.

نەك وەك ئەمڕۆ، كە جەستەى سەرەكى سەروەت و سامان لە كارگەكانەوە بەرهەمدێت، ئەو كات زەوى دەیتوانى نزیكەى هەموو پێویستییە كۆمەڵایەتییەكان بەرهەمبهێنێت. بۆیە زەوى بووبە گرنگترین موڵك لە سیستەمى دەرەبەگایەتیدا. تاكو كەسێك زەوى زیاترى هەبوایە، ئەوا هێز و دەسەڵاتى زیاتریشى دەبوو. چینى باڵادەست دەستیان بەسەر زەوییەكاندا گرتبوو، ئەو زەوییانەى كە ژیانى جوتیارانى لەسەر بەندبوو. بەشێوەى تیۆرى، پاشا خاوەنى هەموویان بوو، بەڵام لەڕاستیدا هەندێك ناوچە و زەوى فراوان بەخشرابوون بە حاكمان، ئەو حاكمانەى كە موڵكى بەكرێدانیان لە بەرامبەردا پێدەخشین، وە ئەوانەى كە ژمارەیەكى زۆرى ژێردەستەیان هەبوو، زەوى كەمتریان پێدەدرا. دەبوو هەموو خزمەتیان پێشكەش بە باڵاكانیان بكردایە لە زەمانەتكردنى كرێى پیاوە چەكدارەكان، هتد.

جوتیار كرێچى لۆرد بوو، نەك وەك كۆیلە كە خاوەنى هیچ شتێك نەبوو. جیاواز لە كۆیلە، جوتیار بەرژەوەندییەكى یاسایى لەو پارچە زەوییەدا هەبوو. مافى زیاترى لە كۆیلە هەبوو: نەدەتوانرا بفرۆشرێت (تەنانەت خێزانەكەشى نەدەفرۆشرا)، هەندێك سەلامەتى بۆ دابینكرابوو، هەرچەندە، ڕێژە و پلەى جوتیارى و ئەركەكانى گۆڕانیان بەسەردا دەهات. لە بەرامبەر ئەم مافانە و زەوییەكەدا، جوتیارەكە ناچار دەكرا بۆ چەند كاتێك لە هەفتەكەدا بۆ لۆردەكە كار بكات، ئەمە بەبێ ئەوەى لەبەرامبەردا هیچى پێبدرێت. داخوازى خزمەتگوزاریترى لە كاتى دروێنەدا لێدەكرا (لە ڕۆژانى خێروبەرەكەتدا)، هەروەها هەر كاتێك كە لۆردەكە پێویستى بە كۆمەك و هاوكاری هەبوایە، ئەوا دەبوایە ئەو پێویستییانەى لۆردەكە یەكەمین شت بن بۆ بەدیهێنان. جوتیارەكە بۆینەبوو زەوییەكە جێبهێڵێت، وە ئەگەر منداڵەكانى هاوسەرگیرییان ئەنجامبدایەت لە دەرەوەى ئەو شوێنە، ئەوا پێویستى بە ڕوخسەتى لۆرد دەبوو، ئەگەرنا، مافى جێهێشتن و كارنەكردنى لەسەر زەوییەكەى بۆ ماوەیەكى كەمیش نەبوو. باج بەسەر میراتى جوتیارەكەدا سەپێنرابوو، هەروەها میراتگریى ژن پێویستى بە مۆڵەتى سەرگەورەى دەرەبەگەكان هەبوو.

ڕێكخستنى نوێی كۆمەڵایەتی كە بنەڕەتەكەى خاوەندارێتى زەوى بوو، بووبەهۆى سەرهەڵدانى پیشكەوتنى زیاتر لە هێزى بەرهەمهێنان. ئەو بەها زیادەیەى ئەمجارە كە لەلایەن كارى جوتیارەوە بەرهەمدەهات لەلایەن چینى ئەریستۆكرات و چینى باڵادەستى پیاوانى ئاینییەوە دەستى بەسەردا دەگیرا. بە دەربڕینى مێژوونووس، مێلى: ڕاستییەكى ئاشكراى ئابورییە كە ڕێژەى بەرهەمهێنان زیاتر دەبێت، كاتێك دەستورێكى ئازادترى كۆمەڵگا، كرێكارەكان لە بەشى زیاترى زامنكراوى بەرهەمى كارەكەیان، دڵنیادەكاتەوە. بە دەربڕینێكیتر، فۆرمە كۆمەڵایەتییە ئازادترەكان كاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر هاندانى بەرهەمهێنان هەیە".

بەهۆى جیابوونەوەى چینە نوێكانەوە، فۆرمى نوێی دەزگاى دەوڵەت لەپێناو پاراستنى فۆرمەكانى موڵكى دەرەبەگایەتیدا، لەدایك بوون. ئەخلاقیات و ئایدۆلۆژیاى نوێ كە لەم فۆرمانەوە سەریانهەڵدا، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانى پێكەوە گرێدایەوە. كەنیسە كە هەمیشە لە بەهێزتربووندا بوو، بنەڕەت و ڕیشەى ڕۆحییان خستە پاڵ ڕێكخستن و نەزمە نوێكە و هەروەها پاپاكان لە پاشا و ئیمپراتۆر بەهێزتربوون، كە بەڕێژەى نزیكەى سێ و نیو لەسەر چوارى لە پشكى خاكى مەسیحیەتى لەژێردەستدا بوو. ئەو باج و سەرانەیەى كە كۆدەكرایەوە دەیكردە دە لە سەدى هەموو داهات و شمەك و هتد. بەشێوەیەكى گشتى، دەرەبەگایەتى لە سەنتەرەوە بە لاوازى مایەوە تاكو سەرهەڵدانى پاشایەتى موتڵەق لە سەدەى شازدەدا.

سەرئەنجام، جەنگى بەردەوامى بارۆنەكان ناوچە پەراوێزەكانى هەژاند كە تێیدا بارۆنە چەتەكان هێز و دەسەڵاتى خۆیانیان بنیاتنابوو، لەگەڵ ئەوەشدا بوبون بە مەترسى لەسەر پاشایەتى ناوەند (مەركەزى).  ململانێى پاشایەتى ناوەند بۆ ملكەچكردنى ناوچەكانیتر، یەكێك بوو لە تایبەتمەندییە دیارەكانى سەردەمەكە. كۆتا بەزین و شكستى ئەم لۆردانەى ژێر قەڵەمڕەوى پاشایەتى لەگەڵ كۆشش و جەنگە بەردەوامەكەیاندا، ڕێگاى بۆ گەشەكردنى بازرگانیانى خۆشكرد بۆ ئاستێكى بەرزتر. بازرگانى لە ئاستێكى نزمدابوو. ئەوە زەوی بوو كە لە ڕاستیدا بەشێوەیەكى فیعلى توانى هەموو شتێك بەرهەمبهێنێت. ئەوە ئابورییەكى سروشتى بوو بەرەو ئیكتیفاى زاتى. هەرچەندە، لەگەڵ دەركەوتنى خاچپەرستەكاندا، هەروەها هەوڵەكانیان لەپێناو خاكى پیرۆزدا، پێداویستى نوێ سەریانهەڵدا، وە ئەو بازرگانانەى كە ئەم پێداویستییانەیان دابیندەكرد، دەستیانكرد بە دامەزراندنى پێشانگاى گەورە لە فەڕەنسا، بەلجیكا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا و ئیتالیا. ئەم پێشانگا كاتییانە ڕۆڵێكى گەورەیان لە گەشەى بازرگانى ئەوروپادا بینى، وە هاوكارى دروستبوونى چینێكى بەهێزى بازرگانە دەوڵەمەندەكان بوو. پەیوەندى پارە دەستیكرد بە داخورانى چاكەتە ڕێكەكەى بەر كۆمەڵگاى دەرەبەگ.

گەشەى شارۆچكەكان دەست لەناو دەست لەگەڵ گەشەى بازرگانیدا ڕوویدا. چینى بازرگانان كە لە شارۆچكەكانەوە سەریانهەڵدا، توشى بەركەوتن بوونەوە لەگەڵ ستانداردە نەریتییەكان و كۆت و بەندەكانى دەرەبەگایەتیدا. بۆ نموونە، كەنیسە مامەڵەكردنى لەگەڵ سودا بە تاوان دەبینى، وە بڕیاری دەركردنى هەر كەسێكى لە كەنیسە دابوو كە مامەڵە بە سووەوە دەكات.

لیۆ هیوبەرمان، لە كتێبە زۆر باشەكەیدا بەناوى "شمەكە زەمینییەكانى مرۆڤ"، سروشتى بەیەكدادانەكەمان بۆ باس دەكات: "سەرتاپاى ژینگەى دەرەبەگایەتى، ژینگەى لە قاڵبدان و سنورداركردن بوو، لەكاتێكدا، سەراپا ژینگەى چالاكى بازرگانى ژینگەى ئازادى بوو. زەوى شارۆچكەكان موڵكى لۆردە دەرەبەگەكان، قەشەكان، خانەدانەكان و پاشاكان بوون. سەرەتا، ئەم لۆردە دەرەبەگانە بە بێ جیاوازى چاویان بڕیبووە سەر زەوى شارۆچكەكانى خۆیان وەك چۆن چاویان بڕیبووە زەوى ناوچەكانى دیكەش. هەموو ئەم فۆرمانە (حاكمیەتى دەرەبەگایەتى، باج دانان و خزمەتگوزارى) دەرەبەگانە بوون، كە پشتیان بە خاوەندارێتى زەوى و زار بەستبوو. وە گۆڕانى ئەم فۆرمانە لەو كاتەوە گۆڕانى بەسەرداهات، بایەخەكە گۆڕا بۆ سەر شارۆچكەكان. دەستورویاسا و دادپەروەرى دەرەبەگایەتى وەكو داب و نەریت چەسپیبوو، بۆیە گۆڕانیان زۆر زەحمەت بوو. بەڵام بازرگانى بە سروشتى خۆى چالاكە، تواناى گۆڕانى شتەكانى هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئارامى خۆڕاگرتنى نییە لەبەرامبەر سنورە داخراوەكاندا. لەبەرئەمەش بوو كە نەتوانرا بازرگانى لە چوارچێوە دەرەبەگایەتییە توندەكەدا ڕامبكرێت.

بۆیە پێویسبوو تەحەداى پەیوەندییە كۆنەكان بكرێت بۆئەوەى بگۆڕدرێن. شارۆچكەكان دەستیانكرد بە داواكردنى ئازادى و سەربەخۆى، وە بەرەبەرە دەستورى شارۆچكەكان، هەندێكیان لەڕێگەى ڕێككەوتنەوە و هەندێكیتریان لەڕێگەى زەبر و هێزەوە، ملكەچكران. خودى بازرگانى بووبەهۆى سەرهەڵدانى فۆرمى نوێ لە سامان. چیتر زەوى تەنها سەرچاوەى هێز و ئیمتیاز نەبوو، چونكە ئەوەى كە پارە لە بازرگانیدا بەدەستى دەهێنێت، گەلێك لە زەوى گرنگتربوو. لە شارۆچكەكاندا دەوڵەمەندى ساماندارى ئۆلیگارشى لە دایكبوو كە لە ڕێگەى سیستەمى سەندیكا (نقابە)وە هەم دەستى بەسەر بەرهەمهێنانى تاكدا گرت و هەم گۆڕیشى. لەگەڵ كار دابەشبوونى زیاتردا، سەندیكاى پیشەوەران دامەزرا كە لە سەرۆكى سەندیكا و شاگردەكان و كرێكارە لێهاتوو و شارەزاكان پێكهاتبوو. وە تاكو سامانى زیاتر و زیاتر بەرهەمدەهات، سەرۆكى سەندیكاكان ( خاوەنكاران) كەوتنە بەرداشى ململانێیەكى توندەوە لەگەڵ كرێكارە بەهرەدارەكاندا. لە سەدەى پانزەدا، یەكێتى كرێكاران بەشێوەیەكى فیعلى بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەكانیان دامەزرا. 

داهێنانى ئابورى پارە (كە تایبەتمەندییەكى زۆر بچوكى كۆمەڵگاى كۆیلە بوو) بەهێواشى سیستەمى دەرەبەگایەتى لاوازكرد. یاسا و داب و نەریتەكان بەو شێوە گۆڕان كە بتوانن خزمەت بە پێشكەوتنە نوێكە بكەن و تەبابن لەگەڵیدا. لەگەڵ هەڵهاتنى جوتیارەكان بۆ شارۆچكەكان لەپێناو دەستكەوتنى سامان، بەهاى پارە پەیوەندییە كۆنەكانى بەرزكردەوە، كرێی كار گۆڕا بۆ موڵكى بەكرێگیراو. كاریگەرى نەخۆشى تاعونى ڕەش، لە سەدەى چواردەدا، گوڕى زیاترى بەم پرۆسەیەدا. مێژوونوسان مەزەندەى ئەوە دەكەن كە لەنێوان 30 بۆ 50 لەسەدى دانیشتوانانى ئینگلاند، ئەڵمانیا، وڵاتە نزمەكان و فەڕەنسا، بەهۆى تاعونە گەورەكەوە لەناوچوون. لەبەرامبەردا، ئەمە بووبەهۆى كەمبوونەوەى یەك لەدوا یەكى كار، خاوەن زەوییەكانى ناچاركرد كرێی دەستى كار لەپێناو زاڵبوون بەسەر گرانى و زەحمەتییەكاندا، دابهێنن.

سەرهەڵدانى پاشایەتى موتڵەق

وەك ئەوەى دەزانین دەوڵەت-نەتەوە هەمیشە بوونى نەبووە. مەیل و پەیوەندى خەڵك لەگەڵ دەوڵەتدا نەبووە، بەڵكو لەگەڵ لۆرد و شارۆچكە و ناوخۆ و سەندیكادا بووە. خەڵكى خۆیان بە فەڕەنسى و ئینگلیز و هتد، لەقەڵەم نەداوە، بەڵكو خۆیان لەگەڵ شار و شارۆچكەكاندا ناسیوەتەوە. هەموو مەسیحییەك ئەندامى كەنیسەى كاتۆلیكى ڕۆم بوو، كە فەرمانڕەوایى خاكى قەڵەمڕەوى مەسیحى دەكرد، وە بەهۆى ئەمەشەوە، گەورەترین هێزى بەسەر هەموواندا هەبوو.

لەگەڵ گەشەى سامان لە شارۆچكەكاندا، چینێكى سەرمایەدار سەریانهەڵدا، ئەمانە ئەو هەلومەرجانەیان خواست كە گونجاوبوون بۆ گەشەیەكى ڕێلێنەگیراوى بازرگانى. ڕێكخستن و ئاسایشیان دەویست. ململانێى سەربەخۆیى شارۆچكەكان لەدەستى سەرگەورە دەرەبەگەكان، شەڕو پێكدادانى نێوان بارۆنە ناوخۆییەكان، ئەو دزى و تاڵانییەى كە بە دوایدا هات، هەموو پێكەوە هۆكارى سەرهەڵدانى دەسەڵاتێكى ناوەندى (مەركەزى) بوون كە بیتیبوو لە دەوڵەت-نەتەوە.

بگرەو بەردەى نێوان پاشایەتى ناوەندى و بارۆنە گەورەكان ( كە ململانێی نێوان دوو بەشى چینى فەرمانڕەوا بوو) بە سەركەتنى پاشا كۆتایی پێهات. پاشا لەلایەن دەوڵەمەند و چینى ناوەڕاستەوە پشتگیریكرا، كە هەڵسان بە تەرخانكردنى پارە بۆ دروستكردنى ئەو هێزە چەكدارەى پێویستبوو. سەرهەڵدانى دەوڵەت-نەتەوە پێكەوە لەگەڵ پاشایەتى ناوەندیدا ریگاى بۆ گەشەى ئابورى گەورەتر خۆشكرد. لەبەرامبەر هاماهەنگییەكەیاندا، پاشا مافى مۆنۆپۆڵكردن و ئیمتیازاتى بە هەندێك لە بەشى چینى ناوەڕاستدا، وە قۆناغى دواتر ئامادەكرابوو بۆ بەریەككەوتنى نەتەوە-پاشا و بەرژەوەندییەكانى كەنیسەى نێودەوڵەتى.

كۆتایى سەدەى 15 ، سەرەتاى گەشتى دۆزینەوەكانى بەخۆوە بینى. پیاوانى وەكو كۆلۆمبەس و ڤاسكۆ داگاما، لەلایەن دەوڵەمەندەكانەوە پشگیرى داراییان دەكرا لەپێناو دۆزینەوەى خاكى نوێ بۆ قۆرخكردن و "بڵاوكردنەوەى وشەى خودا". كۆمپانیا سەرمایەدارییە هاوبەشەكان لە پێناو بایەخدان و زیادكردنى داراییەكى مەزنترى قۆرخكردن، هاتنە دامەزراندن، كە ئامانجیان تاڵانچێتى و قازانج بوو.

لەگەڵ قازانجە زەبەلاحەكانى گەشتەكانى دۆزینەوەدا، زۆر دەوڵەمەند و سەرمایەدار بوون بە چەق و سەنتەرى هێز و سامان. خانەدان، ئەریستۆكرات و پاشاكان بوون بە قەررزدارى بازرگانە دەوڵەمەندەكان. خێزانێكى خاوەن بانك، فوگۆرسەكان، تەنانەت دەسەڵاتى ئەوەیان هەبوو بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە كێ دەبێت بە ئیمپراتۆرى ئیمپراتۆریەتى پیرۆزى ڕۆم! گەشەكردنە نوێكانى ئابورى ڕێگاخۆشكەربوون لەبەردەم دروستبوونى پێكهاتەیەكى سەرمایەدارانەدا. لەگەڵ گەشەى هێز و سامانى بۆرژوادا، بنەڕەتى ئابورى دەرەبەگ دەستى بە هەڵوەشانەوە كرد. لەم پەیوەندییە نوێیانەوە، بەها و ئایدیا و فەلسەفە و ئەخلاقیاتى تازە پەرەیانسەند. چینى باڵادەستى كۆن كەلەڕەقانە بەرگرییان لە گۆڕانەكان دەكرد.

وەك ماركس ڕوونیكردەوە: "لە قۆناغێكى دیاریكراودا لە گەشە، هێزە بەرهەمهێنەرە ماتریالییەكانى كۆمەڵگا دەكەونە بەر بەیەكدادان لەگەڵ پەیوەندى هێزە هەنوكەییەكانى بەرهەمهێنان یان – ئەمە بە زاراوە یاساییەكەى دەربڕى هەمان شتە – لەگەڵ پەیوەندییەكانى خاوەندارێتیدا لەنێو ئەو چوارچێوەیەى كە تائێستا خستویانەتەكار. ئەم پەیوەندییانە، لە فۆرمەكانى گەشەكردنى هێزەكانى بەرهەمهێنانەوە، دەبێت بە كۆت و بەندیان. پاشان سەردەمى شۆڕشێكى كۆمەڵایەتى سەرهەڵدەدات". دواتر، ماركس ئەمەى بۆ زیاد دەكات: "هیچ ڕێكخستنێكى كۆمەڵایەتى ناڕوخێت پێش ئەوەى هەموو ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەى كە شیاوە بۆى و گەشەیانكردووە، نەڕوخێن، هەروەها پەیوەندى نوێی باڵاى بەرهەمهێنانى دیكە هەرگیز ناتوانێت جێگەى پەیوەندییە كۆنەكان بگرنەوە تاكو ئەو هەلومەرجە ماتریالیانەى كە پێویستن لە چوارچێوەى كۆمەڵگا كۆنەكەدا، گەشە نەكەن و پێنەگەن.

كۆمەڵگا كۆنەكە لەماوەى سەردەمەكەى پێشوودا كەوتە بەر هێرش و لاوازبوون. لەوانەیە یەكێك لە گەورەترین تەحەداكان لەبەرامبەر ڕێكخستنە كۆمەڵایەتییە كۆنەكەدا بریتی بوبێت لەو هێرشەى كرایە سەر كاتۆلیسیزم. لەو سەردەمەدا، كەنیسە بە تەنها دەزگایەكى ئاینى نەبوو، بەڵكو سەنگەر و قەڵاى سەرەكى پاراستنى ڕیكخستنە كۆمەڵایەتییەكەشبوو. جگە لەوەى كە خاوەن زەوییەكى بەهێزبوو، لەهەنكاتدا، باجێكى زۆرى لە هەموو كەس كۆدەكردەوە، دادگا و مافى تایبەتى خۆى هەبوو، دەستى بەسەر پەروەردەدا گرتبوو وە شێوى بە ڕووكارى سیاسى و ئەخلاقى خەڵك بەخشیبوو. وەكو ئەوەى جارێك چارلسى یەكەم دەڵێت: "لەكاتى ئاشتیدا، خەڵك هێندە لەلایەن مینبەرە ئاینییەكانەوە فەرمانڕەوایى دەكرێن هێندە لەلایەن شمشێرەوە فەرمانڕەوایى ناكرێن". كەنیسە سانسۆرى كتێبى كردبوو، هەروەها ئەو هەڕەشەیەى بەكاردەهێنا كە گەر هاتوو كەسێك لە یاساى كڵێسا دەربچێت ئەوا لە كڵێسا بەدەر بكرێت. دەوترێت ئەم سەردەمە سەردەمێكى زۆر ئاینى بووە، بەڵام ئەم زیاڕۆییە هەڕەمەكانە لەلایەن مێژوونووسانەوە فویتێكراوە. ئاین هێندەى پاساوهێنانەوەبوو بۆ دەستگرتن بە ڕیكخستنە كۆنەكەوە، هێندە بۆ ئەوە نەبوو خەڵك لەژێر ئامۆژگارییەكانى ئینجیلدا بەردەوامێتى بە ژیانیان بدەن. هەموو شتێك، بە فكرى سیاسیشەوە، بە زارەوە ئاینییەكان دەردەبڕان و تەعبیریان لێدەكرا. ئەوانەى كە خوازیارى هێرشكردنە سەر سیستەم و كەمنرخاندنیان هەبوو، پێویستیان بەوەبوو هەر لە سەرەتاوە بەرامبەر بە مۆنۆپۆڵى كاتۆلیسیزم بوەستنەوە. لە سەرەتاى سەدەى شازدەوە، پاشایەتییە ڕەهاكان كەوتنە ململانێوە لەگەڵ كەنیسەى كاتۆلیكدا. چاكسازى پرۆتستانتەكان كە لەلایەن "لوسەر"ەوە ڕابەرایەتیكرا، چەكى پێشكەشكرد بەرامبەر بە هێزى پاپایى. لە ئینگلاند، هێنرى هەشتەم جەنگى دژ بە كاتۆلیسیزم بەرپاكرد و هەڵیكوتایە سەر سەروەت و سامان و شوێنە ئاینییەكانیان، كە لە جەنگە گرانەكانى ئەوروپا و ئایرلەنداوە بڵاوبوبویەوە.

شۆڕشى سەرمایەدارانە

هەمەچەشنیى پیوریتانیزمى كالڤین (ڕێبازێكى پشت بەستوبوو بە كارەكانى جۆن كالڤن لە ئینگلاند كە زۆر كاریگەرى لەسەر كەلتورى پیوریتانیزم هەبوو. و.ك) لەگەڵ ئەخلاقیات و ڕووكارى ئەو چینى ناوەڕاستەى كە لە شارۆچكە و وڵاتدا لە سەرهەڵداندابوو دەگونجا، لەگەڵ پێداگیرى لەسەر پشت-بەخۆبەستن و سەركەوتنى كەسیدا. لەو ساتەدا چینى ناوەڕاست پاش خۆگونجاندن لەگەڵ بەڵاى هەڵئاوسانى دراو لەنێوان ساڵانى 1540-1640ئامادەبوو بۆ خێرا هەستانەوە ، كە تێیدا نرخ چوار هێندە بەرزبویەوە و ململانێى لەگەڵ چینى باڵادەست و فەرمانڕەوادا لە هەڵكشان و بەرزبونەوەدابوو. لە ئینگلاند، ململانێی نێوان بۆرژواى نوێ و ڕیكخستنە كۆنەكە شێوەى جەنگى ناوخۆى لەخۆگرتبوو. سوپاى نمونەیى ئۆلیڤەر كرۆموێڵ ڕابەرایەتى چینى ناوەڕاستى كرد بۆ ململانێى چەكدارى دژ بە پاشا و ڕێكخستنە كۆنەكە. لە ساڵى 1649، لە ملى پاشا درا و كۆمارێكى سەرمایەدارى ڕاگەندرا. كرۆموێل، بۆ پشتگیرى پشتى بە سوپا دەبەست، خۆى وەكو سەرۆكى سوپاى دیكتاتۆرى بۆناپارتیست (ئایدۆلۆژیایەكى سیاسیبوو كە لەلایەن ناپلیۆن بۆناپەرتەوە درێژەى پێدرا) دامەزراند. توخمەكانى دیموكراسى باڵى چەپ و پشتیوانانى ( یەكسانى خوازان و پرۆتستانتە ڕادیكاڵەكان)، كە هەڕەشەبوون لەسەر مافى موڵكایەتى سەرمایەدارانە، پێویسبوو بێبەزەییانە دابمركێنرێتەوە. لەو كاتە بە دواوە ڕژێمەكە پشتى بە بنەڕەتێكى بەرتەسكى كۆمەڵایەتى بەست – كە هێزە چەكدارەكان بوو. ڕژێمى سەرمایەدارى لەژێر ئەم هەلومەرجە قەیراناوییە ڕەخنەییانە خۆى بۆ مۆدێلى فەرمانڕەوایى بۆناپارتیستى تاكەكەسى بچوككردەوە.

ستراكتۆرە دەرەبەگیەكان لەگەڵ كۆشكى لۆردەكان و پاشایەتیدا لەبەریەك هەڵوەشانەوە. چینى باڵادەستى پێشو بەزێنرا، هەروەها چینە نزمەكان لە شوێنەكانى خۆیان مانەوە.

ململانێى پەرلەمانتارەكان دژ بە پاشا لەلایەن مێژوونووسان و تەنانەت هەندێك لە هاوچەرخەكانەوە وەكو ململانێ دژ بە ستەمكار و لەپێناو ئازادیى ئاینیدا دەبینرا، بەڵام وەكو ئەوەى ماركس دەڵێت: "هەر وەك ئەوەى كە كەسێك ناتوانێت بەو شێوەیە بڕیار لەسەر كەسێك بدات وەك ئەوەى كە بیر لەخۆى دەكاتەوە، كەواتە كەسێك ناتوانێت بڕیار لەسەر سەردەمێكى لەم چەشنەى گواستنەوە لەڕێگەى ئاگاییەكەیەوە بدات، بەڵام بەپێچەوانەوە، پێویستە لەڕێگەى دژیەكى ژیانى ماتریالییەوە ئەم ئاگاییە ڕوونبكرێتەوە، لەو بەربەرەكانێیەى لەنێوان هێزە كۆمەڵایەتییەكانى بەرهەمهێنان و پەیوەندییەكانى بەرهەمهێناندا هەیە.

یەكێك لە سەركردەكانى شۆڕشى ڕوسى، لیۆن ترۆتسكى، جارێك دەڵێت: "هەمیشە شۆڕشگێڕەكان لەمێژوودا دژە-شۆڕش بەدواى خۆیاندا دەهێنن. هەمیشە دژە-شۆڕشەكانیش كۆمەڵگا دەگەڕیننەوە بۆ دواوە، بەڵام نەك هێندە بۆ دواوە كە خاڵى دەسپێكى شۆڕشەكە بووە". بۆیە لەساڵى 1660-1689 بۆرژواى گەورە پەلەپەل دەستیكرد بە سازشكردن لەگەڵ توخمەكانى "بۆرژوا"ى ئەریستۆكراسى. پاشایەتى و كۆشكى لۆردەكان گەڕێنرابونەوە، هەرچەندە لەو كاتە بەدواوە هەرگیز نەیانتوانى هەمان ڕۆڵى پێشینەكانیان ببیننەوە، بەپێچەوانەوە، بوون بە بەشێك لە دەوڵەتى سەرمایەدارى. پیاوانى موڵكدارى بۆرژوا نیگەرانى خۆیانیان بە داهاتووەوە بەستبووەوە، هەروەها هێشتنەوەى ڕێكخستنە نزمەكان لەجێگەى خۆیاندا لەگەڵ هێز و دەسەڵاتیاندا كە بە وریاییەوە لەژێر چاودێریدابوون.

دواى سەد ساڵ، شۆڕشگێڕیى فەڕەنسیى سەرمایەدارى بۆ گەشتن بە كۆتایى بەردەوامێتى هەبوو بەبێ ئەوەى هیچ سازش و تەنازولێك بكرێت. شۆڕشى فەڕەنسى وەكو هاوشانە ئینگلیزەكەى، بە پەرتبوون و دابڕنێك لە چینى باڵادەستەوە دەستپێكرد. پاشا و وەزیرەكانى كەوتنە ناكۆكییەوە لەسەر سیاسەت و پۆلیسییەك بۆ دوركەوتنەوە لە مایەپوچى (موفلیس) دەوڵەت لەگەڵ پەرلەماندا (كە خانەدانێتى دەنوێنێت، ئایندارى باڵا، دەستەى دادگا و هتد.). داواى دووەمیان دژ بە ستەمكارى حكومەت بووەهۆى كوشتارێكى پیشبینى نەكراو و ئاژاوەگێڕى لە شەقامى شار و شارۆچكەكاندا. دامركاندنەوەى نیگەرانیی ڕێكخستنەكانى چینەكانى ناوەڕاست و خوارەوەى دژ بە ڕژێمەكە بەدواى خۆیدا هێنا.

جۆرج رود دەڵێت: "هەڵسانەوەى خانەدان"، لەوانەیە پەردە-لادەر بێت زیاتر لەوەى شۆڕشێك بێت كە بە كۆمەكى چینەكانى ناوەڕاست و خوارەوە بە كردەیەكى هاوبەش دژ بە ئەریستۆكراتیەتى پاشا، كردەیەكى ناوازە بێت لە ئەوروپاى هاوچەرخدا". لەسەروى هەموشیەوە، سەرەڕاى هەوڵەكانى ڕیفۆرم، نەیانتوانى ڕێگرى بكەن لەسەرهەڵدانى شۆڕش لە خوارەوە.

وەك لە هەموو شۆڕشە پۆپیولار و باوەكاندا خەڵك بەسەر شانۆى مێژوودا دەتەقنەوە. خۆبەختكەرترین هاتە پێشەوە و بۆ دوور پاڵى بە شۆڕشەوەنا. ڕژێمى دەرەبەگایەتى كۆن و ئەریستۆكراتیەت لەنێوان ساڵانى 1789 و 1793 دا، بەتەواوى ڕاماڵران. ڕژێمەكە لەلایەن شۆڕشگێڕانى چینى ناوەڕاستەوە سەركردایەتی دەكران، جاكۆبییەكان، كە لەلایەن خەڵكى عامەوە پشتگیرى دەكران كە پێكهاتبوون لە كرێكارانى كرێى دەست و بەرهرەدارە بچوكەكانى كارى دەستی. گۆڕانێك لە ساڵى 1794 لەلاى ڕاستەوە روویدا لەگەڵ حكومەتى فرە سەرۆك و دەستەجەمعییەوە كە دەهاتە سەر دەسەڵات. ئەمە لەبەرامبەردا ڕێگاى بۆ دژە-شۆڕشێكى سیاسى خۆشكرد، كە چەشنە ڕژێمى یاسا و ڕیكخستنى ناپلیۆن پۆناپەرتى هێنایە سەر دەسەڵات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێكخستنە كۆنەكە تێكشكێنرا، هەروەها مافەكانى بۆرژوایى موڵكایەتى وەكو خۆیان مانەوە. گۆڕانى هێزى سیاسى بە گۆڕانێكى كۆمەڵایەتى ڕوولەدوا هاودەمى نەكرا، بەو مانایەى، بۆ دوا گەڕانەوەى بۆ ڕێكخستنى دەرەبەگایەتى نەهێنایە ئاراوە، بەڵام گۆڕانێكى سیاسى بوو كە لەڕێگەى بەشە جیاوازەكانى چینى سەرمایەدارى خۆیەوە سەرڕیخرا.

سەركەوتنى سەرمایەدارى

شۆڕشە گەورەكانى بۆرژوازى ڕێگاى بۆ هاتنى سەرمایەدارى خۆشكردبوو. گۆڕانەكانى كشتوكاڵ، لەو جێگایەى كە موڵكى دەرەبەگایەتى كۆن هەڵوەشابویەوە و بەسەر جوتیارەكاندا دابەشكرابوو، گەشەى كشتوكاڵى سەرمایەدارى دڵنیاكردبووەوە. لە ئینگلاند، گۆڕینى بەشێك لە ئەریستۆكراسى پێش شۆڕشەكە، زەمینەى بۆ وێرانكردنى ژیانى جوتیارى خۆى سازكردبوو. ئێستا حكومەتەكان لە جیاتى ئەوەى وەكو ئامێرى جوڵاندن و وەستاندنى بازرگانى و پیشەسازى كار بكەن، فیعلییەن بوبوون بە پاڵەوانى هۆكارەكەى.

لەڕیگەى دزى و چەتەیی، پەرژینكردن و تاڵانكردن و پێشبڕكێوە، تاكو دەهات ئامرازەكانى بەرهەمهێنان لە دەستى ژمارەیەكى كەمتر و كەمتردا دەمانەوە. كاولبوونى جوتیارى هێزیكى زۆرى كارى لە شار و شارۆچكەكاندا خستەوە. ستراكتۆرى چین ساكارتر بوویەوە. لەسەرێكەوە سەرمایەدارەكان بوون و لە سەرەكەى ترەوە پرۆلیتاریا بێ موڵكەكان بوو. هەموو ئەوەى كە ئەم كرێكارانە خاوەندارێتییان لێدەكرد، بریتیبوو لە تواناى كاركردنیان. تاقە ڕێگاى ژیان و مانەوەیان، فرۆشتنى هێزى-كاریان بوو بە سەرمایەدارەكان لەبەرامبەر وەرگرتنى كرێى كار و دەستیان. بەهاى بەرهەمهێنانەى ئەوەى پرۆلیتاریا لە پرۆسەى بەرهەمهێناندا بەرهەمى دەهێنێت لەو بەهایە زیاترە كە لەبەرامبەریدا وەكو كرێ وەریدەگرێت، بەهاى زیادەى كار و بەرهەمەكەى لەلایەن سەرمایەدارانەوە دەستى بەسەردا دەگیرێت. لە گەڕانیدا بەدواى قازانجدا، لەنێو پێشبڕكێى ڕكابەرەكاندا، چینى سەرمایەدار ناچارە بە داهێنانى میتۆدى نوێی بەرهەمهێنان، لەم ڕەهەندەوە، سەرمایەدارى هەمیشە بە شێوەیەكى مێژووى ڕۆڵێكى بەرەوپێشبەرانەى بینیوە لە بەرپاكردنى شۆڕش لە هێزەكانى بەرهەمهێناندا. هەناردەكردنى كاڵاكانى و پاشان سەرمایە ڕابەرایەتى چینى سەرمایەدار دەكات لە دروستكردنى "جیهانێك لەسەر وێنەى خۆى". بەرەبەرە هێزەكانى بەرهەمهێنان و تەكنیك و زانست لە قەبارەى ئەو دەوڵەت نەتەوەیە گەورەتر بوون كە پێشتر دەیپاراستن.

ئیمپریالیزم

ماوەى نێوان 1870 بۆ 1900 دابەشبوونى جیهانى لەنێوان هێزە سەرەكییەكاندا بەخۆوە بینى. لە ساڵى 1870دا، یەك لە دەى ئەفریقا دابەشبوو: لە 1900دا نۆ لە دەى "كیشوەرە تاریكەكە" لە دەستى بەریتانیا، فەڕەنسا یان یەكێك لە ئیمپراتۆریەتە ئەوروپییەكاندا بوو. لە ساڵى 1914دا ئەم دابەشبوونەى جیهان كۆتایى پێهات، وە سەرمایەدارى گەشتە باڵاترین قۆناغى ئیمپریالیزمی خۆى. متمانە و مۆنۆپۆلى گەورە لە ماوە سەرەتاییەكەى پێشبڕكێكە هاتەگۆڕێ. "دەوڵەت زیاتر و زیاتر بە مۆنۆپۆڵكردن و دەزگا داراییەكانەوە دەنوسایەوە و بە ڕێژەیەكى ڕوو لە زیادبوون لە بەرژەوەندییدا كاریدەكرد. بەرهەمهێنان لەم سەردەمەدا، لەلایەن هەناردەكردنى خودى سەرمایە خۆیەوە هاودەمیدەكرا" (لینین).

قۆناغى ئیمپریالیزم لەگەڵ خۆیدا مەترسى جەنگى جیهانى دەهێنێت، بە نموونە لە ململانێدا لە پێناو بازاڕى نوێدا، هتد. بەهۆى دابەشبوونى جیهان و گەشەى مەزن لە بەرهەمهێناندا، ئێستا تەنها لەڕێگەى دووبارە دابەشكردنەوەیەكى نوێی جیهانەوە بازاڕەكان بەدەستدەهێنرێن، كە بەبێ خۆلادان لە ئاستێكى جیهانیدا، ڕوو لە ململانێ و ناكۆكییە. جەنگى جیهانى لەلایەكەوە ئاماژە بە ناكۆكییەكانى نێوان خاوەندارێتى تایبەتى ئامرازەكانى بەرهەمهێنان دەكات و دەوڵەت نەتەوە لەلاكەى ترەوە. بەڵام جیاواز لە كۆمەڵگاكانیترى پێشوو، سەرمایەدارى مەرج و ڕیشە ماتریالییەكانى لەپێناو ڕێكخستنێكى سۆسیالیستى نوێدا دابینكرد، كە دەتوانێت گەرەنتى بەشى پێویستیى بۆ هەمووان بكات.

پرۆلیتاریا تاكە چینى شۆڕشگێریی ڕێك و یەكگرتووە كە بتوانێت شۆڕشى سۆسیالیستى بگەیەنێتە مەبەست و ئامانجى خۆى. ئەمە لە پێگەى تایبەتى بەرهەمهێنانى كۆمەڵایەتییانەوە سەرچاوە دەگرێت. چینى كرێكار دیسپلینكراون و ناچاركراون بەوەى لە كارگەكاندا هەماهەنگى بكەن لە پرۆسەى بەرهەمهێناندا. خۆى لەناو دەستەى بازرگانى گەورەتردا ڕێكدەخات و پاشان حیزبى سەربەخۆى خۆى پێكدەهێنێت. وەك ئەوەى ماركسیزم دژ بە هەموو تیۆرەكانى ترە، لە هەمانكاتدا، ئایدیۆلۆژیایەكى ڕوون پێشكەشدەكات و دەست بە ئەركەكەیەوە دەگرێت لە ڕووخانى سەرمایەداریدا. حیزبى بۆلشەفیك، كە لەلایەن لینین و ترۆتسكییەوە سەرۆكایەتى دەكرا، مۆدیلێكى ژیانكردنی پێشكەش بە كریكارانى جیهانكرد. جوتیار و چینەكانى ناوەڕاست بەهۆى پێگەى كۆمەڵایەتییانەوە، ڕۆڵى سەركردایەتییان نییە. جوتیارەكان لە دەوروبەرى شارەكان و گوندەكان بڵاوبوونەتەوە، وە هیچ چەمكگیرییەكى ڕاستەقینەیان بۆ یەكگرتنەوە و نێودەوڵەتیگەرایى نییە. ئەم چینانەى ناوەڕاستى كۆمەڵگا یان دەبن بە شوێنكەوتەى بۆرژوا یان شوێنكەوتەى پرۆلیتاریا.

بەڕاستى جوتیارى، كەرەستە كلاسیكەكەى بۆناپارتیزم – ڕژێمێك بوو بناغەگرتوو لەسەر هێزە چەكدارەكان، هاوسەنگى نێوان چینەكانى ڕادەگرت. لە سەردەمى ئیمپریالیزم و بۆگەنبوونى سەرمایەدارى مۆنۆپۆڵیدا، ئەگەر چینى كرێكار سەركەوتونەبوایە لە ڕاكێشانى چینەكانى ناوەڕاستدا بەرەولاى ئاڵاى سۆسیالیسم، ئەوا دەكەوتنە نێو ئامێزى بەرپەرچدەرەكانەوە.

یاساى ناڕێك و پیشكەوتنى پێكەوەبەستوو

لە ئێستادا سەرمایەدارى ، لە سیستەمێكى پێشكەوتوخوازى كۆمەڵایەتیدا، بووە بە كۆت و بار بەسەر بەرهەمهینان و پێشكەوتنى زیاترى مرۆڤایەتییەوە. ماركس بڕوایبوابوو كە پرۆلیتاریا سەرەتا لە وڵاتە پێشكەوتووەكانى سەرمایەدارى وەك بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسادا، دەسەڵات دەگرنە دەست. هەرچەندە، بە زمانى لینین، سەرهەڵدانى ئیمپریالیزم و سەرمایەدارى، لە ڕوسیا "لە لاوازترین لینك و پەیوەندییدا دەپچڕێت".

كۆمەڵگا بە هێڵێكى ڕاست گەشە ناكات، بەڵكو بەگوێرەى یاسا ناڕێكەكانى گەشەى كۆمەڵگا لە پێوەرى جیهانیدا، بە شێوەیەكى بەردەوام و نەگۆڕ بەهۆى داهێنانى بەرهەمى نوێ و ئایدیا لە سیستەمى كۆمەڵایەتى جیاوازەوە پێچەوانە دەبێتەوە. دواكەوتوویى ڕوسیاى نیمچە-دەرەبەگ بەهۆى زۆربەى تەكنیكە مۆدێرنەكانى بەرهەمهێنان لەناو شارەكاندا بوبە پرۆسەیەكى تەواوكراو، ئەویش بەهۆى ئەو زۆر و زەبەندەییەى بڕى سەرمایەى بیانى لە فەڕەنسا و بەریتانیا. پیشەسازى پرۆلیتاریاى نوێ كە ماوەیەكى نزیكى پێش ئەوە هاتەبوون، پێشكەوتوترین ئایدیاكانى چینى كرێكارى قبوڵكرد: كە بریتیبوو لە ماركسیزم.

لە زۆرێك لە وڵاتە گەشە-نەكردووەكاندا،  جەراعەتى قێزەونى ڕیفۆرمى زەوى، ئۆتۆكراسى، چەوساندنەوەى نەتەوەیى و وەستان و مەنگبوونى ئابوورى، سەرجەم بوونەهۆى نیگەرانى گەورە. ئەركەكانى شۆڕشى بۆرژوازى دیموكرات كە دارێژەرى بنەڕەتى گەشەى سەرمایەدارانەیە، یان ئەوەتا بەشێوەیەكى جوزئى جێبەجێكراوە یان بەهیچ شێوەیەك جێبەجینەكراوە.

چینى سەرمایەدار لەم وڵاتانەدا زۆر درەنگ هاتە سەر شانۆ بۆ گێڕانى هەمان رۆڵى هاوشانە شۆڕشگێڕەكەى لە سەدەى حەڤدە و هەژدەدا. وەك ئەوەى لە ڕوسیاى پێش ساڵى 1917، كە زۆر لاواز بوون و لەڕێگەى هاوسەرگیرى و قەرزى حكومەتەوە بۆ موڵك و خانو (مۆرتگج)بە هەزاران تەل و بەند بە زەویداران و ئیمپریالیستەكانەوە بەسترابوونەوە. ئەمانە ئێستا هەردووكیان ڕقێكى هاوبەشیان لە سەرهەڵدانى پرۆلیتاریایە. چینى سەرمایەدارى نەتەوەپەرست زیاتر حەزدەكەن خۆیان بە ڕێكخستن و نەزمە كۆنەكەوە پەیوەست بكەنەوە لەوەى مەیلیان بدەن بە چینە نزمەكان كە هەوڵى بەئەنجامگەیاندنى شۆڕشێكى دژە-دەرەبەگایەتى دەدەن.

تاكە چینێك كە تواناى بەرپاكردنى شۆڕشى هەبێت پرۆلیتاریە ئەویش لەڕێگەى كۆكردنەوەى بەشە هەژارەكانى جوتیاران لەدەورى خۆى. جارێك كە چینى كرێكار لە ساڵى 1917 دەچێتە دەسەڵات، دەتوانێت زەوى بە جوتیارەكان بدات، دەتوانێت ئیمپریالیستەكان وەدەربنات و وڵات یەكبخاتەوە. هەرچەندە، پرۆلیتاریا لەم پێوەرانەدا ناوەستێت و بەڵكو هەنگاو دەنات بۆ پێشەوە بۆ ئەركە سۆسیالیستییەكان: لەوانە بەنەتەوەییكردنى پیشەسازییە سەرەكییەكان و زەوى و دەزگا داراییەكان.

شۆڕشى ڕوسیا گرنگترین ڕوودابوو لە هەموو مێژووى مرۆڤایەتیدا. بۆ یەكەمجار چینى كرێكار دەسەڵات دەگرنە دەست، سەرمایەدارەكان و زەویداران و شەلاتییەكان دەسڕنەوە و "دەوڵەتى دیموكراتى كرێكاران" ڕێكدەخەن. ئەمە سەرەتاى شۆڕشى نێودەوڵەتى سۆسیالیستییە و بە تەواوى تیۆرى شۆڕشى ئەبەدی دووپاتدەكاتەوە.

بەداخەوە، خیانەتى شۆڕشى سۆسیالیستى لە ئەڵمانیا، هەروەها وڵاتانیتر، وایكرد كە شۆڕشەكە بكەوێتە گۆشەگیرى دواكەوتویی و خاپوربوونى وڵاتەوە. كاولكارى جەنگ، نەخوێندەوارى بەكۆمەڵ، جەنگى ناوخۆ، شەكەتى و ماندوێتى، ئەرك و ماندوبونى زۆرى خستەسەر شانى چینى كرێكارى لاواز، هەروەها بەشدارییانكرد لە ڕوودانى شكستى شۆڕشەكەدا. ئەوە ئەم هەلومەرجە بابەتییانەبوون كە هاندەرى گەشەى بیرۆكراتیزم بوون لەناو دەوڵەت و دەستەى بازرگانى و حیزبدا. ستالین لەسەر پشتى ئەم چینە بیرۆكراتییە نوێیە گەشتە دەسەڵات. تاك لە مێژوودا خۆى نانوێنێتەوە، بەڵكو بەرژەوەندییەكانى گروپ و چین دەنوێنێتەوە.

ستالینیزم و دیكتاتۆریەتە وەحشیگەراییەكەى لە حیزبى بەلشەفیك و شۆڕشى سۆسیالیتەوە گەشەى نەكرد، بەڵكو لە گۆشەگیرى و دواكەوتوویى ماتریالى و ڕوسیاوە سەریهەڵدا. دیموكراسیەتى كرێكارانى لەپێناو پاراستنى ئیمتیازات و دەسەڵاتی خۆیدا، لەناوبرد.

سەرەڕاى ئەوەى ڕژێمى ستالینیزمى پشتى بە فۆرمە نوێكانى موڵكایەتى بەست لەوانە بەنەتەوەییكردنەوەى پیشەسازى و پلانى بەرهەمهێنان. سۆڤیەتییەكان (ئەنجومەنى كرێكاران) و دیموكراسیەتى كرێكاران لەنێو دژە-شۆڕشى ستالینیستى سیاسیدا وێرانبوو. چینى كرێكارى ڕوسیا تەنها لەڕێگەى شۆڕشێكى سیاسى نوێوە دەتوانێت دیموكراسى كرێكاران بگەڕێنێتەوە كە لە سایەى فەرمانڕەوایى لینین و ترۆتسكیدا بوونى هەبوو. ئەمە ماناى گەڕانەوە نییە بۆ سەرمایەدارى، بەڵكو كۆتاییهاتنە بە نوخبەى ئیمتیازدارى بیرۆكراتیك، وەكو ئەوەى كە خەڵكى عام خۆى بەشدار دەبن لە بەڕێوەبردنى كۆمەڵگا و دەوڵەتدا.

گواستنەوەى سۆسیالیستى بەرەو كۆمەڵگایەكى نوێ و باڵاتر دەڕوات لەڕێگەى شكاندنى ئەو كۆت و بەندانەى كە لەسەر بەرەوپێشچوونى هێزەكانى بەرهەمهێنانن. بەربەستى خاوەندارێتى تایبەت و دەوڵەت نەتەوە سڕاونەتەوە، ڕێگادان بە موڵكى بەكۆمەڵایەتیكراو بۆ ئەوەى بەشێوەیەك بەرنامەڕێژى بۆ بكرێت كە لە بەرژەوەندى زۆرینەدا بێت.

ناكرێت شۆڕشى سۆسیالیستى لە یەك وڵاتدا سنوردار بكرێت، بەڵكو شوڕشى جیهان دەخاتە سەر پێ و نەزمى رۆژ. جیهانى ئابورى و جیهانى دابەشكراوى كار كە لەلایەن سەرمایەدارییەوە بەرهەمهاتووە، پێویستى بە چارەسەرێكى نێودەوڵەتى هەیە. وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەوروپا زەمینە خۆشدەكەن بۆ فیدراسیۆنێكى جیهانى وڵاتەكان، هەروەها پلاندانانى نێودەوڵەتى بەرهەمهێنان. ئەم پلانە لەبەرامبەردا، بنچینە و بنەڕەتێكە بۆ تەرخانكردنى "بەرهەمهێنانى شتومەك و ڕەزامەندى و قایلبوونى هارمۆنى لە ویستەكانى مرۆڤدا".

یەكێك لە ئەركەكانى چینى كرێكارى سەركەتوو بریتیبوو لە تێكشكاندنى ئامێر و مەكینە. لە هەموو كۆمەڵگاكاندا، "دەوڵەت، وەكو ئۆرگانێكى چینى فەرمانڕەوا، ئۆرگانێك بۆ چەوساندنەوەى چینێك لەلایەن چینێكى دیكەوە، هاتە بوون".ئەمە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى ئەو پرسیارەى كە، ئایا چینى كرێكار پێویستى بە دەوڵەت هەیە؟ ئەنارشییەكان لەبەرامبەر ئەم پرسیارەدا نەخێر هەڵدەبژێرن. بەڵام لەو تێگەشتنەدا شكستیان هێناوە كە پێویستە فۆرمێكى هێز و زەبر هەبێت  بۆ پاراستنى زەویدارەكان و خاوەن بانكەكان و سەرمایەدارەكان لە شوێنەكانى خۆیاندا. بەهۆى ئەمەوە پێویستبوو پرۆلیتاریاى نوێ جۆرێك لە دەوڵەتى نوێ بنیات بنێت بۆ نوێنەرایەتیكردن لە بەرژەوەندییەكانى. لە دەوڵەتى كرێكاریدا، زۆرینە كەمینەیەكى زۆر بچووكى سەرمایەدارى پێشووى بەدەستەوەیە و لەژێر چاودێریدایە، هەروەها لێرەوە، دەوڵەتى بیرۆكراتی زەبەلاحى كۆن نابێت بە پێویستى ئێستا. وەكو ئەوەى ترۆتسكى پێیباشبوو بەم شێوەیە ناویان بهێنێت، "دیكتاتۆریەتى پرۆلیتاریا" یان دیموكراسى كرێكار، بەشێوەیەكى فراوان، فۆرمە باڵاكانى دیموكراسى بۆرژواى بەرینتر و گەورەتر كرد.

ماركس دیموكراسى بۆرژووا بەوە پێناسە دەكات كە بریتییە لەوەى كرێكارەكان هەر پێنج ساڵ جارێك بڕیار دەدەن كە كام بەش لە چینى حاكم لە پەرلەماندا بە هەڵە بەرژەوەندییەكانیان دەخوێنێتەوە. هەر كەسێك دەتوانێت ئەوە بڵێت كە خۆى دەیخوازێت،  بە خستنەبەردەستى ئەوەى كە بۆردەكانى قۆرخكردن كرداریانە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە دەبێت چى بكرێت.

دەوڵەتى نوێى كرێكاران دیموكراسى لە سیاسییەوە بۆ دیموكراسى ئابورى درێژ دەكاتەوە لەگەڵ بەنەتەوەییكردنى قۆرخكارییە گەورەكاندا. ئۆرگانە نوێكانى دەسەڵات، وەكو سۆڤیەتییەكانى ڕوسیا، كە لەسەر خەڵك و چەكدار دامەزرابوو، هەروەها "جەستەى كاركردن، جێبەجێكەر و لەهەمانكاتدا شەرعى"یشى پێكهێنا. بیرۆكراسیەت لەلایەن، بەشداربوونى خەڵك و عەوامەوە لە بەڕێوەبردنى دەوڵەت و كۆمەڵگادا، جێگەیدەگیرێتەوە. پرۆلیتاریاى پاریس لە ساڵى 1871 و ڕوسیا لە 1917 لەپێناو بەرگریكردن و پاراستنى چینى فەرمانبەراندا ئەم پێوەرانەى خوارەوەى ناساند:

1-هەڵبژاردنى پلەداران لەگەڵ مافى لێپێچینەوە.

2-نەبوونى سوپاى نیزامى، بەڵكو خەڵكى چەكدار.

3-هیچ كەسێكى ڕەسمى زیاتر لە كرێكارێكى شارەزاى بۆ نابێت.

4-پلە و پێگەكانى نێو دەوڵەت لەناو خەڵكدا دەستاودەستیان پێدەكرێت یان دەخولێنەوە.

لەگەڵ كەمكردنەوەى هەفتەى كاركردندا، جەماوەر بوارى ئەوەیان پێدەبەخشرێت كە لە كارى دەوڵەتدا تێوەبگلێن، هەروەها كلیلى كەلتور و زانست و هونەر بەدەستبهێنن. وەك ئەوەى ئینگلز وتویەتى، ئەگەر هونەر، زانست و حكومەت لەدەستى كەمینەدا بۆ پاراستن بهێڵرێتەوە، ئەوا دواتر هەموو ئەمانە لەبەرژەوەندى خۆیاندا دەخەنەگەڕ، وەك ئەوەى كە لە وڵاتە ستالینیستییەكاندا ڕوویدا. دەوڵەت بە شێوەیەكى مێژوویى لەگەڵ سەرهەڵدانى كۆمەڵگاى چیندا سەریهەڵدا. بەهۆى ئەمەوە، زۆر لە سەرەتاوە، دەوڵەتى كرێكار بەرەو كزبوون و نەمان دەچێت، لەبەرئەوەى چینەكان خۆیان لەنێو كۆمەڵگادا دەتوانەوە. هەر لەبەر ئەمەشبوو كە ئینگلز دەوڵەتى كرێكار یان پرۆلیتاریاى بە "نیمچە-دەوڵەت" لەقەڵەمدا.

لینین لە "دەوڵەت و شۆڕش"دا دەڵێت: "لەسایەى سۆسیالیزمدا بەشى زۆرى دیموكراسى "سەرەتایى و بیدائى" بەبێ خۆلێلادان زیندودەبێتەوە، لەبەرئەوەى بۆ یەكەمجار لە مێژووى كۆمەڵگاى شارستاندا، جەماوەرى خەڵك بەش و لایەنێكى سەربەخۆ هەڵدەبژێرن، نەك تەنها سەربەخۆ لە دەنگدان و هەڵبژاردنەكاندا، بەڵكو لەگەڵ ئەوەشدا سەربەخۆ لە كارگێڕى ڕۆژانەى دەوڵەتیشدا. لەبەرامبەر ئەمەدا، لە سۆسیالیزمدا هەموو كەسێك فەرمانڕەوایەتى دەكات و هەر زووش بەوە ڕادێت كە كەسیتر فەرمانڕەوایى نەكات".

لەم قۆناغە نزمەى سۆسیالیزمدا وەك ئەوەى ماركس لە ڕەخنەى پرۆگرامى گۆتەدا پێیدەڵێت، هەر كەسێك دەتوانێت ببینێت، "وەكو ئەوەى لە كۆمەڵگاى سەرمایەداریدا دەردەكەوێت، كە بەهۆى ئەمەوە لە هەموو ڕوویەكەوە بەشێوەیەكى ئابورى و ئەخلاقى و ڕۆشنبیرییانە، ئەوەى كە لە منداڵدانیەوە دێتەدەر". هێشتان مۆركى نیشانەى لەدایكبوونى كۆمەڵگا كۆنەكەى پێوەیە، هەرچەندە خراپ بەكارهێنانى مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بە كۆتا گەشتووە، هێشتان بەرهەمهێنان نەگەشتووەتە ئاستى بەرزى تەواوى تاكو بتوانرێت ڕیشەییەن نایەكسانى و جیاوازى چینایەتى نەهێڵرێن. تا ئەم چركەیەش خەڵك پێوستى بە شوێنكەوتنى ئەم بنەمایەیە: "ئەوەى كە كار ناكات نابێت بخوات". دەوڵەت، سەرەڕاى تایبەتمەندیی گواستنەوەى، وەكو پاسەوان و پارێزەرى نایەكسانى دەمێنێتەوە.

سۆسیالیزم، كۆمەڵگاى بێچین

هێشتان مرۆڤایەتى بە هەنگاوى گەورەى بەرهەمهێنان بۆ پێشەوە، بەرمەبناى پێشكەوتنى زانست و پلانى ئاگامەندانە، پێدەخاتە نێو كایە و بوارى بەرزترى كۆمەڵگاى ڕاستەقینەوە. چینەكان و دەوڵەت لە داهاتوودا بە تەواوى سیس و لاواز دەبن، ئێستا كۆمەڵگا ئەو دروشمە پیادە دەكات "لە هەر كەسێكەوە بەگوێرەى تواناى، بۆ هەر كەسێك بەگوێرەى پێداویستییەكانى". ئەنتى تێزى شارۆچكە و وڵات، كانزا و كارى فیزیكى لەگەڵ شۆڕشى زیاتر لە هێزەكانى بەرهەمهێناندا، لەناودەچن. بە دەربڕینى لینین: "ئاسۆى بەرتەسكى یاساى بۆرژوا"، كە كەسەكان ناچاردەكات بە بێ دڵى و بێ هەستى شایلۆكییەوە خەریكى ژماردن بێت كە ئایا كەسێك نیو كاتژمێر كەمتر لە كەسێكیتر كاری نەكردووە – ئەم ئاسۆ بەرتەسكە دەخرێتەلاوە و كۆتایى پێدێت.

پاشان چیتر پێویستییەك بۆ هەبوونى كۆمەڵگا لە دابەشكردنى بەرهەم و ڕێكخستنى ئەو بڕەى كە دەبێت لەلایەن كەسێكەوە وەربگیرێت، نامێنێتەوە؛ هەركەسە و ئازادانە بەگوێرەى پێویستییەكانى بەشى خۆى دەبات. سروشتى بەربەریئاساى كۆمەڵگاى چین بۆ یەكەمجار و بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت. پێش مێژووى مرۆڤایەتى تەواودەبێت. هێزەكانى بەرهەمهێنانى چینى دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا كە بەدرێژایى هەزاران ساڵ بنیاتنراون ئێستا ریگایان بۆ كۆمەڵگاى بێ چین ئاواڵاكرد كە دەوڵەت و كار دابەشكردن، گۆڕان بۆ ناپێویستى و زیادە. مرۆڤایەتى ئەو ئەركە بە خۆى دەدات كە سروشت داگیر بكات، دەرگاكردنەوە لەبەردەم سەرسوڕهێنەرەكانى زانست و تەكنەلۆژیادا دەكاتەوە. لە زارى ئینگلزەوە، "حكومەتى كەسەكان بە كارگێڕى شتەكان جێگەى گیراوەتەوە".

هەروەها ترۆتسكى دەیخاتەڕوو كە "یەكجار كە مرۆڤ بەر هێزە ئەنارشییەكانى كۆمەڵگاكەى خۆى دەكەوێت، مرۆڤ چیتر دەستدەكات بە كاركردن لەسەر خۆى، لولەكى دڵۆپاندن و دەستكەوانى كیمیاگەر. یەكەمجار، مرۆڤایەتى خۆى وەكو كەرەستەى خاو دەبینێت، یان بەلایەنى زۆرەوە، وەكو بەرهەمێكى فیزیكى و نیمچە-دەرونى تەواونەكراو. سۆسیالیزم ماناى خۆفڕێدانى زەرورەتە بۆناو ئازادى، بەو مانایەى كە مرۆڤى ئەمڕۆ بە هەموو ناكۆكییەكانیەوە و نەبوونى هارمۆنیەتەكەیەوە، ئەو ڕیگایە دەكاتەوە كە لەپێناو ڕەگەزێكى نوێ و بەختەوەرترى مرۆڤایەتیدایە" (لیۆن ترۆتسكى، بەرگریكردن لە ئۆكتۆبەر.)