جیهانێکی بێ کێشە: پەیامی ساڵی نوێی‌(٢٠٢٤)ی ئالان ودز

پۆلۆنیۆس: ئاغای من چی ئەخوێنیتەوە؟

هاملێت: وشە، وشە، وشە. (شکسپیر)

کاتێک وێرانەیەکیان دروست کرد، ناویان لێنا ئاشتی. (تاسیتۆس)

لە نێو چ جیهانێکی نایابدا ئەژین! لە ڕۆژی سەری ساڵدا لەناکاو لە خەو هەڵسام و بۆم دەرکەوت هیچ کەسێک هیچ کێشەیەکی نییە. بەڵی لە ڕاستیدا. تۆ ئەوەت بە دروستی خوێندەوە. پاش چاوەڕوانیەکی زۆر. ئیتر هیچ کێشەیەکمان نییە، جگە لە ‘پرسەکان’ نەبێت. ڕاستە، وا دیارە ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی پرسێکەوە بمریت. بەڵام با لەسەر بابەتێکی ناخۆش نەدوێین.

بە بەردەوامی بارودۆخەکان باشتر ئەبن. لەگەڵ ئەوەی لە یەکەمی ڕۆژی ساڵی نوێ لە جێگاکەت هەڵئەستیت، دوای ئەوەی بڕێکی زۆر خواردن و خواردنەوەت لەکاتی ئاهەنگگێڕانی گۆڕینی زستاندا خواردووە، لەوانەیە نیگەرانی ئەوە بیت کە لە دەرئەنجامیدا چەند کیلۆیەکی تر کێشت زیادی کردبێت.

چیتر نا! ئیتر قەڵەو نەبیت، ئەوا تەنها کێشت زیادە یان لەوانەیە کەمێک گۆڕابیت. بەڵام نەخێر! تەنانەت ئەمەش نییە. چونکە هیچ بەدیلێکی سیاسی ڕاست و جێگای ڕەزامەندی بۆ خودی وشەی ‘قەڵەو’ نییە. هەروەها پێویست بە یەکێکیش ناکات. چونکە، پێشبینی چی بکە – قەڵەویی تەنها ڕێگەیەکی ترە بۆ ئاماژەکردن بە جەستەیەکی جوان. کەواتە نیگەران مەبن.

لەم جیهانە نوێیە نایابەدا کە گشت ناسۆری و ناخۆشییەکان بۆ هەمیشە دوور ئەکەونەوە، ژمارەیەکی بێکۆتایی پێشکەوتنی گەورە ئەبینین کە هەموو دۆزینەوەکانی تا ئێستای ڕەگەزی مرۆڤ لە سێبەردا بەجێدێڵن.

بۆ نموونە مرۆڤەکان چیتر هیچ کاتێکی بەنرخ بەفیڕۆ بۆ قسەکردن لەگەڵ یەکتر بەفیڕۆ نادەن – کە خوویەکی تەواو بێمانایە، و هەر لە یەکەم ساتەوەختی دۆزینەوەی نەفرەتی زمانەوە مرۆڤەکانی تووشی دەردەسەری و ئازار کردووە! لەم جیهانە نوێ و ورووژێنەرەی پۆستمۆدێرنەدا، ژن و پیاوان ڕێگایەکی نایابیان بۆ توڕهەڵدانی ئەم نەفرەتە بە شێوەیەکی ڕیشەیی و بۆ هەمیشە بەدی کردووە!

ئەگەر لەناکاو هەستمان بە حەزی گەیاندنی شتێک بە کەسێک بکەین، ئەوا ئاگاداری ئەکەینەوە کە ئەمانەوێت " لەگەڵیدا شتێک هاوبەش بکەین". لە ڕۆژە دوورەکانی گەنجێتیمدا، ڕەنگە مرۆڤ نهێنییەک یان کیسێک شیرینیی لەگەڵ یەکتر هاوبەش کردبێت. لە ئێستادا چیتر نا، وا پێئەچێت!

هەروەها ئیتر پەیوەندی تەلەفۆنی بێزارکەر تووشی ئازار نابین. بەڵکو ئاگادار ئەکرێینەوە کە کەسێک بەنیازە "پەیوەندیمان پێوە بکات"[reaches out]. لە ڕابردوودا ڕەنگە مرۆڤ دەستی هاوکاریت [reach out to]بۆ کەسێک درێژ بکردایە کە مەترسی خنکان یان کەوتنە خوارەوەی لەسەربوو. بەڵام بەو پێیەی چیتر لەمەودوا ڕووداوە ناخۆشەکانی لەم جۆرە لە جیهانە نوێیە نایابەکەماندا قەدەغە ئەکرێن، ئەوا مرۆڤ تەنها "پەیوەندییەک ئەکات[و:زۆربەی کات بە مەیڵی ئەلکترۆنی یان تەلەفۆنکردن]".*

ئەم جۆرە گۆڕانکارییە موعجیزەئامێزانەی زمان ئێستا ئەوەندە باو بووە، کە مەترسییەکی جددی هەیە کە بۆ هەمیشە لە دەروونی مرۆڤەکاندا جێگیر بن. ئێستا ئەگەر وەک من تا ڕاددەیەک بەم ئەگەرە بێزار بووبیت، ئەوا نیگەران مەبە. چونکە سەیرکەن! مژدەی دڵخۆشی و ئارامی لەسەر زەوی و نیازپاکی بۆ هەموو دانیشتوانی هەسارەی زەوی ئەخوازم.

لەمڕۆ بەدواوە چیتر کەس لە شەڕێکدا ناکوژرێت. تەنها ‘دەرئەچێت[taken out]. لە ڕۆژانی گەنجیمدا، نەریت بوو کە کچە هاوڕێیەکم ببەمە دەرەوە، بەزۆری بۆ هۆڵێکی سەما یان بۆ شوێنێکی لەو جۆرانەی کە ناوزڕاو بوون. بەڵام لەئێستادا ئەگەر بڵێم کە بەنیازم ژنەکەم بەرمە دەر[Take ... Out] ، ئەوە شتێکی ترسناک و مەترسیدار لەو بارەیەوە لە ئارادایە. **

جگە لەوەش لە هەموو شەڕەکانی سەردەمی نوێماندا هیچ کۆمەڵکوژییەک دژ بە بێتاوانەکان ڕوونادەن. لەجیاتی قوربانییەکانی مەدەنییەکان (کە تا ئەمڕۆش لە هەموو شەڕەکاندا زۆر باو و ئاسایین)، تەنها "زیانی لاوەکی" هەن.

ئێستا تەنها بیهێنە بەرچاوت ئەگەر پابلۆ پیکاسۆ (کە تا ئێستاش کەسایەتییەکی ڕقلێبووەیە لە نێو لێکۆڵەرە مۆدێرنەکاندا) ئەمڕۆ شاکارە گەورەکەی دژە جەنگی خۆی نەخشاندبا، ئەوا ناوی گێرنیکا(Guernica) بەڵکو ناوی 'زیانی لاوەکی' ئەبوو. هەرچەندە، بە جۆرێک، پێناچێت تەواو هەمان مانایان هەبێت.

ئەو نەخۆشییە پۆستمۆدێرنانەی کە تووشی مێشکی زۆرێک لە خوێندکاران و نزیکەی هەموو مامۆستایانی زانکۆ بووە، ئەکرێت کورت بکرێتەوە بۆ ئەو چەمکە سادەیەی کە هەموو شتێک بە وشە پێناسە ئەکرێت، هەر بۆیە بەردەوام وشەی “گێڕانەوە” دووبارە ئەکەنەوە.

بەڵام ئێمە ماتریالیستین نەک ئایدیالیست و تێئەگەین کە تەنها گۆڕینی وشەیەک جەوهەری هیچ شتێک ناگۆڕێت. شکسپیر بە باشی باسی ئەوەی کرد کاتێک گوڵ هەر ناوێکی هەبێت، بۆنی خۆش ئەبێت. لە کاتێکدا هەندێک کەرەستەی تر هەن، هەر ناوێکیان هەبێت، بۆنێکی ناخۆشیان لێدێت.

لە بایبڵدا ئەخوێنینەوە کە: “لە سەرەتاوە وشە بوو.” لە وەڵامدانەوەی ئەمەدا شاعیر و بیرمەندی گەورەی ئەڵمانی گۆتە(Goethe) وەڵامی دایەوە: “لە سەرەتاوە کردەوە بوو”. لەم مشتومڕەدا ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە پشتگیری لە بۆچوونەکەی گۆتە بکەین، لەبەر ئەوەی تەواو ڕوونە کە ژن و پیاو لەگەڵ یەکدا پێکەوە مامەڵەیان کرد– واتە بەشداربوون لەو چالاکییە خێرایانەی کە پێویستن بۆ پاراستنی ژیان – زۆر پێش ئەوەی پەرە بدەن بەو شتەی کە ئێمە ئێستا وەک زمان ئەیناسین.

بەڵام بۆ ئەکادیمیستەکانی چینی ناوەند، وشە هەموو شتێکە. ئەو ناوەندەن کە تێیدا ئەژین، ئەو هەوایەی کە هەناسەی پێئەدەن و دواجاریش بلیتێکە بۆ بوون و ژیانێکی ئاسوودەیی. بۆیە هەوڵدان بۆ باشترکردنی(گۆڕینی) کۆمەڵگا لە عەقڵی سادەیاندا تەنها بۆ یەک شت کورت ئەکرێتەوە کە ئەویش گۆڕینی وشەیە.

هەرگیز بە بیریان نایەت کە مرۆڤ بە گۆڕینی وشەیەک، بچووکترین ئاستی گۆڕانکاری لە بارودۆخیاندا ڕوونادات. لەمەش خراپتر، تا ئەو ڕادەیەی ئەم قسە بێمانایە سەرکەوتوو ئەبێت لە کاریگەریکردنە سەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، بە ناچاری لە ئەنجامدا ئەبێتە هۆی کەمکردنەوەیان بۆ ئاستی گەمژەکان (لەم چوارچێوەیەشدا گەڕان بەدوای بەدیلێکی سیاسی دروستدا بە تەواوی ئەبێتە شتێکی زیادەو ناپێویست).

وردە بورژوازی کە بەشوێن پێی پەروەردگاردا هەنگاو ئەنێت ، ژن و پیاو لە خەیاڵدانی خۆیدا ئەخولقێنێت: نەوەیەکی کۆیلە لە بوونەوەرانی لاواز، و لە هەمان کاتدا خۆدەرخەر(خۆنمایشکەر)، بێتوانا،و سەر تا خوار ئیفلیج بوو، و جگە لە چەنەدانی بێکۆتایی و سەرکردن بە کۆشی خۆیاندا بەکەڵکی هیچ شتێکی تر نایەن و ناگونجێن.

دادگای لێۆڵینەوە نوێیەکان

ئەم شۆڕشە سەرسوڕهێنەرە بەڕوونی لە زماندا گرنگییەکی کولتووری گەورەی هەیە. سەردەمانێک ڤاتیکان لیستێکی درێژی لە چەندین کتێبی لە ئیندێکسێکدا هەبوو بە ناوی Librorum Prohibitorum (بە لاتینی بە مانای لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکان) ئەم کتێبانە لەلایەن دەسەڵاتی کەنیسەی ڕۆمانی کاسۆلیکییەوە قەدەغە کران و بە مەترسی بۆ سەر عەقیدەی ڕۆمانی کاسۆلیکی یان ئەخلاقی ناسێنرابوون.

بڵاوکردنەوەی ئەو فەهرەستە لە ساڵی ١٩٦٦ وەستێنرا، و کرایە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی. بەڵام ئێستا نەوەی نوێ‌ی لێکۆڵەرانی دادگای پۆست مۆدێرنیزم سەرقاڵی دووبارە دروستکردنەوەی ئەو لیستە ناوزڕاوەن.

سوپایەکی ڕاستەقینەی سانسۆرەکانی "ڕاستی سیاسی" بە پەرۆشەوە هەموو بەرهەمە ئەدەبییەکان ئەپشکننەوە - بۆ هەموو ئەوانەش کە بە شێوەیەکی گشتی بە بەرهەمی شایستە و بلیمەت دائەنرێن – بۆ پاکژکردنەوەیان لە هەموو شوێنەوارێکی بیدعە.

چاپە نوێیەکانی بەرهەمە پڕفرۆشەکانی ڕۆماننووسی بەریتانی ڕۆالد داڵ(Roald Dahl) کە بریتین لە کلاسیکەکانی ئەدەبیاتی منداڵان وەک چارلی و کارگەی شوکولاتە(Charlie and the Chocolate Factory) و ماتیڵداو جەیمس و قۆخی گەورە (Matilda and James and the Giant Peach) ،لە هەوڵێکدا تا کەمتر کاریگەر بن و زیاتر ئاسانتر بن، داڕێژراونەتەوە.

ڕودیارد کیپلینگ(Rudyard Kipling) زۆر خراپتر کرا. ئەو بە دڵنیاییەوە سنوورەکانی بەزاندووە. بەڵێ بەتەواوی ئەوە ڕاستە کە زۆرێک لە بەرهەمەکانی مۆری عەقڵیەتی لایەنگری ئیمپریالیزمیان هەڵگرتووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش کیپلینگ نووسەرێکی بەتوانا بوو کە نوێنەرایەتی بیرکردنەوەی سەردەمی خۆی ئەکرد. لینین خۆی سەرسام بوو بە کیپلینگ، چونکە بە وردی باسی زمان و دەروونناسیی سەربازە ئاساییەکەی بەریتانیای ئەو سەردەمەی ئەکرد.

و دواتریش شکسپیر هەیە! بۆچی بیخوێنینەوە؟ ئاخر ئەو ناسراوە کە سپی پێست بووە و بە توندیش گومانی مەیلی هێترۆسێکسوالیتی هەبووە. ئەگەر ئەمانە بەس نەبن تا بە تەواویی سەرکۆنە بکرێت، ئەوا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز پێمان ڕائەگەیەنێت کە ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان ڕەتیئەکەنەوە کە شکسپیر بخوێنن.

شاعیرە بەدبەختەکەی ئەڤۆن(شکسپیر) تۆمەتبارە بە لیستێکی درێژ لە تاوانەکان، لەوانە پەرەپێدانی " ڕەگەزپەرستی، هۆمۆفۆبیا، چینایەتی، دژە جوو و ژنکوژیی". چەند تۆمارێکی خراپ نین بۆ یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی جیهان!

هەروەها چالاکییەکانی ئەو لێکۆڵەرە نوێیانە تەنها لە ئەدەبدا قەتیس نابنەوە. هونەرە تەشکیلییەکان حاڵیان لەوان باشتر نییە. لەم دواییانەدا، سەرۆکی خوێندنگەیەک لە ویلایەتی فلۆریدا ناچار بوو دەست لەکاربکێشێتەوە، دوای ئەوەی هەڵمەتێکی خراپ لەلایەن هەندێک لە دایک و باوکەکانەوە بە دژی بەڕێخرا، بەوهۆیەوە کە بوێر بووەو وێنەی داودەکەی مایکل ئەنجێلۆ پیشانی قوتابییەکانی بدات، کە کەسایەتییەکی پیاوێکی جوانە کە ڕۆژێک پێش ئەوەی حەوا بناسێت، وەک ئادەم ڕووت بووە.

ئەمەش بە “پۆرنۆگرافی” سەرکۆنە کرا. کەواتە ئەو ڕۆژە دوور نابێت کە وەک سەردەمی ڤیکتۆریا هەموو پەیکەرێک خۆی لە بارودۆخێکدا ببینێتەوە کە بە گەڵایەکی هەنجیری گەورە داپۆشراوە تا بەشە تایبەتەکانی جەستەی بشارێتەوە، لە پێناو پاراستنی هەستی ناسکانە و ئیدعای ئەخلاقی بینەرانێک تا هەستەکانیان بریندار نەبن.

ئێستا ئەگەر مرۆڤ لە ڕوانگەی پێشوەختە زانینەکانی ئێستاوە حوکم بەسەر تەواوی هونەر و ئەدەبدا بدات، ئەوا شتێکی کەمی بەنرخ ئەمێنێتەوە.

دوای ئەوەی ئەو شایستە کولتورییە مرۆڤایەتییانەی کە لە ماوەی چەندین سەدەدا بنیاتنراون، ئەڕوخێن، تەنیا چەند بەرهەمێکی بێ ڕەنگ و بێزارکەر و بێکۆتایی، بێزارکەری ڕاستگۆیی سیاسی ئەمێننەوە، و مرۆڤایەتیش لە دەرئەنجامی ئەم وێرانکردنە کولتوورییە بێمانایانەدا هەژارتر ئەبێت.

ڕاستە ئەم لێکۆڵەرە مۆدێرنانە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە لۆژیکییە کە پێویستە ئەم جۆرە کارانە فڕێ بدرێنە نێو ئاگرەوە. بەڵام ئارام بگرن! لە سبەی ڕۆژی نزیکدا ئەمەش ئەبینین.

لەکاتێکدا بەوپەڕی ئارامییەوە چاوەڕوانی ئاگری دادگای ئەم لێکۆڵەرانە ئەبین کە سەرجەم بەرهەمە ئەدەییەکانی ڕابردوو بێڕەحمانە بخرێنە ناوی، لەپێناو ڕزگارکردنی ڕوحی ئەبەدیی و پاکژیی زمانەوانیمان، چەند ڕێو شوێنی کەم ڕیشەیی، بەڵام بەهەمان کاریگەریی یەکسان جێبەجێ ئەکرێن.

لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا ناونیشانی نوێ بۆ لیستی ئەدەبیاتی زاهید زیاد ئەکرێن: کلاسیکەکانی وەک چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریم، شکسپیر، ئینفێرنۆی دانتێ و چەندانی تر، کەوتوونەتە ژێر سانسۆرەوە بە ڕاددەیەک کە سانسۆرکردنەکەی جۆزێف ستالین بە بەراوردکردن لەگەڵیدا زۆر نەرم و نیانتر دەربکەوێت.

بۆ ئەوەی تەنها یەک نموونە وەربگرین، لە چیرۆکە بەناوبانگەکەی بەفرە‌سپی (Snow White)[و:چیرۆکێکی ئەفسانەیی ئەڵمانی‌یە] لە چیرۆکەکانی گریمدا، ئەو خانمە گەنجەی کە باسی لێوە ئەکرێت لە دارستانەکەدا هەندێک کات بە خۆشی لەگەڵ حەوت قەزەمدا کە پێکەوە ئەژین بەسەر ئەبات.

ئێستا ئەوەی بە باشی بیرم مابێت لەو ماوەی پێکەوەژیانەدا هیچ شتێکی ناخۆش ڕووی نەدا. حەوت قەزەمەکە سەرجەمیان چەند کەسانێکی بچووکی تەواو ڕێزداربوون و زۆر دڵخۆشکەر و شادمان و یارمەتیدەر بوون. جگە لەوەش وەک زۆربەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، هەموو شتێک بە خۆشی کۆتایی دێت. تەنها لە جادووگەرە خراپەکە کە بەو کۆتاییە ئەگات کە شایستەیەتی.

لە دوو سەدەی ڕابردوودا زۆربەی خەڵک زۆر دڵخۆش بوون بەم چیرۆکە نایاب و ڕێمناییکەرە. ڕاستە لە وەشانی ڕەسەنی خۆیدا هەندێک وردەکاری تا ڕادەیەک ترسناک لەخۆئەگرێت. بەڵام ئەوە تایبەتمەندییەکی هاوبەشی هەموو بەرهەمە فۆلکلۆرییە سەرەتاییە ڕاستەقینەکانە، کە ڕەگ و ڕیشەیان بۆ ئەفسانە و ڕێوڕەسمە ئایینی‌یە کۆنەکان ئەگەڕێتەوە.

زۆربەی خەڵک درک بەوە ناکەن کە براکانی گریم زانای جدی بوون. ئەوان بە پێچەوانەی فێڵبازە پۆستمۆدێرنەکانی ئێستای ئێمە، زانای زمانەوانیی ڕاستەقینە بوون کە چیرۆکی ئەفسانەیی‌یان کۆئەکردەوە، نەک بۆ سەرگەرمی منداڵان، بەڵکو لەپێناو گەڕان بە بەدوای لێکۆڵینەوەکانیاندا لەسەر پەرەسەندنی زمان و زاراوەکانی ئەڵمانیا.

لەڕاستیدا، وەشانی چیرۆکەکانی گریم کە بە شێوەیەکی گشتی ناسراون، لە مێژە بۆ لابردنی لایەنە مەترسیدار و ترسناکەکانی سانسۆر کرا، و تا ئێستاش هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەم چیرۆکە نایابانە هەرگیز کاریگەری نەرێنییان لەسەر مێشکی منداڵان هەبووبێت. لە ڕاستیدا هەمووان زۆر دڵخۆش بوون لەگەڵ چیرۆکەکان. واتە تا ئەو کاتەی لێکۆڵەرە زمانەوانییەکانمان بە ئاگادارکردنەوە و کتێب و مۆم و مقەستی گەورەوە گەیشتن و تا لێ‌ی ببڕن.

کێشەکە هەروەک ئەوەی ئەیبینن، ئەوەیە کە لە جیهانە نوێیە ئازاکەماندا، قەزەمەکان بوونیان نەماوە. کەواتە ئێستا لە جیاتی هاوڕێ کۆنەکانمان، بەفرە‌سپی مەحکومە بەوەی بوونێکی تاڕادەیەک خەمناک بە هاودەمیی "کەسانێکی ئالنگاری کورتبین" تێپەڕێنێ.

ڕەنگە بڵێیت هەمووی باش و نایابە. بەڵام ئەبێت چی لەگەڵ بایبڵدا بکرێت؟ ڕەنگە مرۆڤ بە بەتاڵی بەناو سەرجەم سجلی ئەدەبیاتی جیهانیدا بۆ دۆزینەوەی بەرهەمێک بگەڕێ کە هێندە پڕ لە چیرۆکی ترسناکی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، حەرام، و ئەشکەنجەدانی دڕندانە و هەموو جۆرە شتێکی کابووساویی تر بێت، کە لە هەڵدانەوەی هەر پەڕەیەکی بۆ ئەوی تر بازمان بۆ هەڵئەدات.

بە دڵنیاییەوە کاتی ئەوە هاتووە ئەم دەقە ترسناکە ژنکوژی و ڕەگەزپەرست و توندوتیژییە بە تەواوی بسڕدرێتەوە تا بەردەوام نەبێت لە زیانگەیاندن بە گەنجان؟

بەڵام لەسەر ئەم پرسە، سانسۆرە زمانەوانییەکانمان بە تەواوی بێدەنگن. هەرچەندە ئەوان خۆیان وەک داهێنەرانێکی قارەمان نیشان ئەدەن کاتێک بە مقەستەکانیانەوە ئەکەونە گیانی بەرهەمە ئەدەبیاتە گەورەکان، بەمەش نووسەرە مردووەکان کە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، لاواز ئەکەن، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی کڵێسا و چینی دەسەڵاتدار، پێئەچێت ئەوەندە ئازا نەبن.

بە سروشتیی، بۆ ئەم تۆمەتە وەڵامێکی ئامادەکراویان هەیە. ئەڵێن ئامانجمان ئەوەیە کە خۆ لە بابەتە زیانگەیاندەکانی بە هەستیاری خەڵک نەدەین. بەو پێیەی ئایین بابەتێکی زۆر هەستیارە، ئەبێت بۆچوونەکانمان بخەینە لاوە، و بەردەوام بین لە ڕێگەدان بە ژەهراویکردنی مێشکی ملیۆنانەها خەڵک، هەروەک چۆن بە درێژایی هەزاران ساڵی ڕابردوو ئەو کاریگەرییە گەورەیەیان کردووە.

چیرۆکی دووشەڕەکە

بە باسکردنمان لەسەر ئایین، با سەرنجمان بخەینە سەر ئەو ڕووداوانەی کە لەبەر چاوماندا ڕووئەدەن. ئەفسانە هێزو دەسەڵاتێکی تایبەتی خۆی بەسەر مێشکی ژنان و پیاواندا هەیە – تەنانەت لەسەر کەسانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی عەقڵانی و زیرەکیشن. کۆنەپەرستی ئایینی بۆ چەندین سەدەیە بۆ پاساوهێنانەوەی ترسناکترین دڕندەییەکان، بەکارئەهێنرێت. و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

لەکاتێکدا ئەم دێڕانە ئەنووسم، هێزێکی سەربازیی نەتەوەیەکی دەوڵەمەند و زلهێز بۆ لەناوبردنی گەلێکی بچووک، هەژار، ستەملێکراو کۆئەکرێتەوە، کە بە توندوتیژیی زۆر لە زێدی خۆیان هەڵکەنراون و بەزۆر ناچارکراون لە ناوچەیەکی بچووک و چڕ و پڕی دانیشتوودا، کە ئەکەوێتە نێوان ئیسرائیل و میسر ژیان بکەن.

ئەم تاقمە دەسەڵاتدارەی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ، بانگەشەی ئەوە ئەکەن کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. و بەو شێوەیەش بوو. بەڵام فەلەستینییەکانیش ئەو مافەیان هەیە کە بەرگری لە خۆیان بکەن،و ئەمەشە کە لە بەرامبەر ئەگەرە ترسناکەکاندا هەوڵی بۆ ئەدەن.

ناتانیاهۆ چۆن پاساو بۆ دەرکردنی زۆرەملێی فەلەستینییەکان لەو خاکانە ئەهێنێتەوە کە چەندین نەوەیە تێیدا ئەژین و نیشتەجێن؟ بێگومان بە ئاماژەدان بە بایبڵ. بە سادەیی جەخت لەوە ئەکاتەوە کە لە کاتێکدا لە ڕابردووی دوور و پڕ لەئەفسانە‌دا، "خودا ئەم خاکەی پێداوین." بەو پێیەی بەداخەوە خودا لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە، چاوەڕوانی ئەوەمان لێئەکرێت کە بە لێدوانەکەی وەک بەڵگەیەک ڕازی بین.

بەڵام ئێمەی مارکسیستەکان باوەڕمان بە ئەفسانەکان نییە، جا چ ئایینی بن یان شتی تر. ئەبێت لە فاکتەرە مادییەکانەوە بەدوای هۆکارەکانی شەڕدا بگەڕێین کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە مرۆڤێکی نەبینراوی سەرووی هەورەکانەوە نییە، کە هەزاران ساڵە یەک وشەی لەگەڵ هیچ مرۆڤێکدا نەگوتووە، و هەربۆیە ئەتوانرێت ئیرادەی ئەو بەهەر شێوەیەک کە مرۆڤ هەڵیبژێرێت لێکبداتەوە.

پەلاماردانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایین و بەرگری لە خۆکردنەوە نییە. هەموو شتێک پەیوەندی بە تۆڵەسەندنەوە و خواستێکی شاراوەی دەستەی دەسەڵاتداری ئیسرائیلەوە هەیە بۆ لەناوبردنی غەززە بە تەواویی و ڕاگوێزانی دانیشتووانەکەی بەرەو بیابانی میسر.

لەگەڵ چڕبوونەوەی چەوسانەوەی ستەمکارانەی دەوڵەتی بەناو ئۆتۆنۆمی فەلەستین لە کەناری ڕۆژئاوا و چالاکییە توندوتیژییەکانی باندە نیمچە فاشیستەکانی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان، ئەکرێت ئەم پەلاماردانەش وەک هەوڵی ناتانیاهوو بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی کێشەی فەلەستین وەربگرین.

بێگومان سروشتییە ئەم بانگەشەیە بە شەپۆلێکی تووڕەیی توندوتیژیی لەلایەن گرووپی دەسەڵاتداری ئیسرائیل و لایەنگرانییەوە بەرەو ڕوو ببێتەوە. بەڵام ڕاشکاوانە، بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیدارانەی دۆخەکە، ڕەچاوکردنی هەستی مرۆڤەکان لێرەدا تەواو لاوەکییە.

دووڕوویی گاڵتەجاڕانەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بە تەواوی بەهۆی هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی میدیاکان بەرامبەر بە شەڕەکانی غەززە و ئۆکرانیا ئاشکرا ئەبێت. ئەمەش جارێکی تر لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەدا بە ڕوونی دەرکەوتەوە.

لە ٢٨ی دیسەمبەردا ڕووسیا گەورەترین هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگیی ئەنجامدا. ئامانجەکانی لە سەرانسەری ئۆکرانیا پێکا، تا ئەگاتە شاری لڤیڤ لەسەر سنووری پۆڵەندا. کە بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنان بوو بۆ هێزەکانی ڕۆژئاوا لە ئۆکرانیا.

بە وتەی ئۆکراینییەکان ژمارەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان بە کۆی گشتی ١٦٠ یان تێپەڕاندووە.

هێرشەکە بەسەر بەرگرییەکانی ئۆکرانیادا زاڵبوو. لاوازییە چارەنووسسازەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکراینای ئاشکرا کرد. زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە (وردەکارییەکان لەلایەن کیێڤەوە ئاشکرا نەکراون). بەڵام چەند خەڵک کوژراون؟

سەرەتا ئەو ژمارەیەی خراوەتەڕوو، ١٨ حاڵەتی کوژران بوون. دواتر ئەمەش بۆ نزیکەی سی کوژراو زیادکرا. وەک هەمیشە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ کاتێکی بەفیڕۆ نەدا کە ئەم هێرشە وەک تاوانێکی جەنگیی دڕندانە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان بناسێنێ.

شتێکی نامۆ لە هەموو ئەمانەدا هەیە.

پێئەچێت ئامانجی هێرشەکە زیاتر لاوازکردنی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا بووبێت، بەجۆرێک کە توانای بەرەنگاربوونەوەی پێشڕەوییە گەورەکانی ڕووسیای نەبێت. ئەوە ئێستا ئەگەرێکی زۆرو ڕوونە. بەڵام مەبەست لەم هێرشە هەرچییەک بووبێت، بە دڵنیاییەوە قەتڵوعامکردنی خەڵکی مەدەنی نەبووە.

هەڵدانی زیاتر لە ١٦٠ مووشەک و فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوان (بەپێی سەرچاوە ئۆکرانیاییەکان) لە هێرشەکاندا لە سەرانسەری ئۆکرانیا، ئاماژە بە ژمارەیەکی زۆر زۆری قوربانییەکان ئەکات، کە لانیکەم ژمارەیان چەند سەد کەسێک ئەبێت. بەڵام ئەو ئامارانەی کە سەرچاوە فەرمییەکانی ئۆکرانیا خستیانە ڕوو، تەنها نزیکەی سی کوژراو بوون.

ئێستا، پێویست ناکات ئەوە بڵێین کە مردنی تەنانەت تاکە یەک کەسیش بۆ خۆی تراژیدیایەکە. بەڵام ئەگەر ئەم ژمارانە بەراورد بکەین، لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژییە خوێناوییەی کە ڕۆژانە بەهۆی ئەو بۆردومان و تۆپبارانە بێشومارانەی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل بەسەر خەڵکی غەززەدا ئەیبارێنن، ئەوا جیاوازییەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زۆر ڕوونە.

سەرنجتان ڕائەکێشم بۆ ئەو هەڵمەتە چەند مانگە پڕ لە هاتوهاوارەی کە بۆ ڕەوانەکردنی ڤلادیمێر پوتین بۆ دادگای لاهای بەڕێخرا تا وەک تاوانبارێکی جەنگ دادگایی بکەن. بەڵام هیچ هەڵمەتێکی هاوشێوە بۆ تۆمەتبارکردنی ناتانیاهۆ بە تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو شتە گاڵتەجاڕانەی پێی ئەوترێت "یاسای نێودەوڵەتی" بوونی نییە.

ئەم بێدەنگییە هەموو ئەو شتانەی کە پێویستە لەبارەی پێوەرە ئەخلاقییەکانی ئەو خەڵکانەی کە خۆیان بە بەرگریکاری دیموکراسی و چارەنووس و مافی مرۆڤ بیانزانین، پێئەڵێت.

حکومەتی ئەفریکای باشوور بە تەنها بوێری ئەوەی کردووە کە ئیسرائیلییەکان بە شەڕی قڕکردن لە دژی خەڵکی غەززە تۆمەتبار بکات. کاردانەوەی حکومەتی ئیسرائیل بە تەواوی پێشبینیکراو بوو. تووڕەیی ئەوان بێسنوور بوو. - چی، ئێــمە؟ دەستدرێژکارین؟ بەڵام ئێمە تەنها هەوڵی بەرگریکردن لە خۆمان ئەکەین لە دژی شەڕانگێزیی. ئایا ئێمە مافی بەرگریکردنمان لە خۆمان نییە؟”

ئەمە نموونەیەکی دووڕووییە لە ئاشکراترین شێوەکانی خۆیدا. ئێمە لەسەر وشەکان قسە ناکەین، تەنها ئەوە نەبێت کە بڵێین ئەگەر ئەمە جینۆساید نەبێت، بە دڵنیاییەوە زۆر لێیەوە نزیکە.

خەڵکی گەمژە و بێهەڵوێست کەوتوونەتە ناو ئەو تەڵەیەی کە دەستەبژێری دەسەڵاتداری ئیسرائیل ئامادەیان کردووە. دەیان ساڵە بە شێوەیەکی دووڕوویی‌یانە لە هۆلۆکۆست و ئەو تاوانە ئەهریمەنییانەی لە ڕابردوودا بەرامبەر گەلی جولەکە ئەنجام دراون، کەڵکیان وەرگرتووە.

سروشتی‌یە کە هەموو مرۆڤە خاوەن بیرکردنەوە دروستەکان ئەو تاوانانە سەرکۆنە بکەن، و بە دژی ژەهری هەڵوێستی دژە جوویی بوەستنەوە. بەڵام ئەمە نابێ و ناکرێت وەک چێکێکی سپی بۆ ناتانیاهۆ و کۆنەپەرستە ئەهریمەنییەکانی ناو حکومەتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکەی لێکبدرێتەوە بۆ ئەنجامدانی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک.

ئاماژە بەو کوشتارانە ئەکەن کە حەماس و گروپەکانی تر لە ٧ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیان دا. ئەمە دڕندەییەکی ترسناک بوو. بەڵام ناتوانیت بە ئاماژەدان بە کردەوەیەکی قێزەونی تر پاساو بۆ کردەوەیەکی شەرمەزارکەرانە بهێنیتەوە.

کۆمەڵکوژییە خوێناوییەکانی دژ بە ژنان، پیاوان و منداڵان لە غەززە تا ئێستا لە ٣٠ هەزار قوربانی نزیک بووەتەوە، بە بێ هەژمارکردنی ئەو قوربانییانەی تر کە لە ژێر داروپەردووی شوقە و خانووە بۆردومانکراوەکاندا نێژراون. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرەنگاربوونەوەی حەماسەوە نییە.

ئەوە ڕوونە کە بۆردومانی ئامانجە مەدەنییەکان کارێکی هەروا بەڕێکەوت نین. دەستئەنقەستانە هەموو دانیشتووان ئەکرێنە ئامانج، چونکە بە وتەی هەڵۆ ئیسرائیلییەکان، هەموویان وەک حەماس خراپن، و شایەنی هەموو ئەو شتانەن کە تووشی ئەبن.

بەرکەوتنی گەلێک بە زوڵم و ستەم لە ڕابردوودا، هیچ مافێکیان پێنادات کە ئەمڕۆ کردەوەی توندوتیژی و ستەمکاریی بەرامبەر گەلێکی تر ئەنجام بدەن. لە مێژوودا چەندین جار ئەمە ڕوویداوە کە گەلێک پێشتر چەوساوە و کۆیلە بووە، بووە بە دڕندەترین ستەمکار.

سەردەمانێک ئەمریکا خۆی کۆلۆنییەک بوو کە لەلایەن بەریتانیاوە ئەچەوسایەوە. بەڵام چیتر وا نییە. ئەمڕۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکا بۆتە هێزێکی بەهێزی ئابووری و سەربازی کە هەوڵی ملکەچکردنی هەموو جیهان بۆ ژێرسایەو هەژموونی خۆی ئەدات، و بە شێوەیەکی سیستماتیکی هەر نەتەوەیەک کە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی بدات، لەت و پەت ئەکات.

ئایا هیچ شتێکی هاوبەش لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیلی ئێستا و ئەو جولەکە هەژار و گۆشەگیرکراوانەی کە پێش جەنگی جیهانی دووەم لە گەڕەکەکەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا ئەژیان، هەیە؟ پرسیارەکە خۆی لە خۆیدا سەیر و گاڵتەجاڕانەیە.

دووڕوویی ئیمپریالیستی

بانگەوازەکانی بۆ ڕاکێشانی ئیسرائیل بۆ دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای، ئەتوانێت دەرئەنجامی کەم یان هەر هیچی نەبێت.

لە پراکتیکدا هیچ ڕێگەیەک نییە کە ئەمە جێبەجێ بکرێت. لە هەر حاڵەتێکدا، هاتوهاوارەکان بۆ ‘یاسای نێودەوڵەتی’ یان ‘یاسای مرۆیی’ بە تەواوی پووچ و بێمانان. سۆلۆنی گەورە، نووسەری دەستووری ئەسینا، ئەڵێت: “یاسا وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە وایە. بچووکەکان دەگیرێن و گەورەکان دەیدڕێنن”.

لە باری پراکتیکییەوە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەمە. لە هەر حاڵەتێکدا، تانەدان لە "یاسای نێودەوڵەتی" یان "یاسای مرۆیی" کون دەنگ دەدات. سۆلۆن(Solon)ی گەورە، نووسەری دەستووری ئەسینای ئەمریکا دەڵێت: یاسا وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە وایە. بچووکەکان تێیدا گیر ئەخۆن، و گەورەکانیش ئەیدڕێنن”.

دوای زیاتر لە دوو هەزار ساڵ، شتێکی زۆرمان تا ئیزافەی بکەینە سەر ئەو لێدوانە کورت و ڕوونە. نە ئیمپریالیستەکان و نە ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک بچووکترین بایەخیان بە یاساکە و بە نیگەرانییە مرۆییەکانی نییە. ئەوان لە ڕێگای شەڕی دڕندانەیانەوە دژ بە خەڵکی غەززە زۆر بە ڕوونی ئەمەیان نیشان داوە.

هەڵسوکەوتی ئیدارەی بایدن لە شەڕی غەززەدا واوەتر لە هاوبەشیکردن تێئەپەڕێت. ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەشدارێکی چالاکە لە هێرشی خوێناوی بۆ سەر خەڵکی بێدیفاعی غەززە. حەقیقەت ئەوەیە کە ئەم شەڕە تاوانکارییە بەبێ پشتیوانی چالاکانەی واشنتۆن نەیئەتوانی تەنانەت یەک ڕۆژیش زیاتر بخایەنێت.

ئەوە ڕاستە کە کوشتوبڕی ئەهریمەنئاسای خەڵکی سڤیل لە غەززە کاریگەری کارەساتبارانەی لەسەر وێنای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا هەبووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان نیشانی دا کە بە تەواوی لە ئەنجامدانی هەرکارێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامە دووبارەبووەکان سەبارەت بە پرسی فەلەستین، بێ توانایە. بەڵام ئەنجامی دەنگدانەکانی لەنێو خودی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشک ئەخاتە سەر پەرەسەندنی گۆشەگیرییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان.

سەرەڕای ئەم ڕاستییەش، ئیدارەی بایدن سەرسەختانە پشتیوانی بێمەرجی خۆی بۆ ئیسرائیل لە شەڕ دژی گەلی فەلەستین ڕاگەیاندووە. ئەو ڕاستییەی کە لە ژێر فشاری ڕای گشتیدا ناچار بوو داوای ڕوانگەیەکی "میانڕەوتر" لەلایەن ئیسرائیل و زیادکردنی "یارمەتییە مرۆییەکان" بکات. بە تەواوی بێمانان.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تەرخانکردنی بڕی 14.5 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل پەسەند کردووە، و ئیسرائیلییەکان تا سەر ئێسک بە هەموو جۆرە چەکێکی وێرانکەر پڕچەک ئەکەن، کە بۆ کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە بەکارئەهێنرێن.

ئەمریکییەکان هەموو هەوڵێک بۆ تێکدانی بانگەوازەکانی ئاگربەست ئەدەن، کە ناتانیاهۆ هیچ نیازێکی نییە پێیان ڕازی بێت. لە هەمان کاتدا لێدوانی دووڕووانە ئەدەن، و بە ئەدەبەوە داوا لە ئیسرائیلییەکان ئەکەن کە هەموو هەوڵێک بدەن تا لە کاتی بۆردومانکردنی دڕندانەیان بۆ سەر دانیشتووانی غەززە خۆ لە زیانی مەدەنی دوور بگرن.

ئەم هەڵسوکەوتە هاوشێوەی ئەوەیە کە بکوژێک بە چەقۆ، قوربانییە بێ بەرگریەکەی بکوژێت و دوای لێبکات کە دەنگە دەنگێکی زۆر نەکات، چونکە لەوانەیە دراوسێکانی بێزار بکات و زیان بە ناوبانگی بکوژەکە بگەیەنێت.

بەڵام هەڵۆکانی واشنتۆن کە لەم بابەتە ناڕازین، بە توندی فشار ئەهێنن تا هێرش بکەنە سەر ئێران. هیچ شاراوە نییە کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەمێکە لە نیازیدایە شکستێکی سەربازی گەورە بەسەر ئێراندا بهێنێت، کە بە مەترسیدارترین توخمەکانی ناسەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەیناسێنێت.

هەر کە ململانێکان لە غەززە دەستیان پێکرد، ئەمریکییەکان دوو کەشتی گەورەی فڕۆکەهەڵگریان بۆ ناوچەکە نارد: یەکێکیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوی تریشیان بەرەو دەریای سوور. مەبەستەکە تەواو ڕوون بوو: هێرشێکی ئاسمانی وێرانکەر بۆ سەر ئێران ئەنجام بدەن.

بەڵام ناتانیاهۆ و تەنانەت ئەو پیرە پیاوەی کۆشکی سپیش ​​درک بەوە ئەکەن کە ململانێی سەربازیی لەگەڵ ئێران ئاسان نابێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە تا ئێستا بە وریاییەوە مامەڵەیان کردووە.

ماوەیەک دوودڵ بوون. بەڵام ئێستا هەموو هۆکارەکان ئاماژەن بۆ ململانێی کراوە. ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە ئەکات کە ئەگەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بەردەوام بێت، کار بۆ دوورخستنەوەی حزبوڵڵا لە سنووری لوبنان ئەکات. هەموو ئەمانە باری دەروونی دوژمنکارانە ئەهەژێنن و دانیشتووان بۆ شەڕ ئامادە ئەکەن.

ئەنجامی کۆتایی هێشتا ماوە ببینرێت. بەڵام هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو بەرمیلێک لە باروت وایە کە چاوەڕێی پریشکەکە ئەکات. پێئەچێت تا ئەو کاتەی ئەم بابەتە بڵاو ئەبێتەوە، قۆناغێکی نوێ و خوێناوی شەڕەکە دەستی پێکردبێت.

و بەم شێوەیە ساڵی ٢٠٢٤ وەک کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠٢٣ دەست پێئەکات: وێنەی ئازارچەشتنی زۆر، قەیرانی ئابووری، دابەزینی ئاستی ژیان، شەڕ و مەترسییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە.

ئەمانە ئاماژەیەکی ڕوونن کە سیستەمی سەرمایەداری پێئەنێتە قۆناغی داکەوتنی کۆتایی خۆیەوە،کە هەڕەشە لە بوونی شارستانیەت و کولتوور و ڕەنگە تەنانەت داهاتووی ژیانیش لە سەر زەوی بکات.

لەم مانگەدا سەدەمین ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ڤلادیمێر ئیلیچ لینین تێئەپەڕێت، کە لەگەڵ لیۆن ترۆتسکی گەورەترین شۆڕشگێڕی سەردەمی مۆدێرن بوون. پێشتر لینین ئەو هۆشدارییەی دابوو کە درێژەدان بە مانەوەی سیستەمی سەرمایەداری نوێنەرایەتی مەترسییەکی هەرە جیددی بۆ سەر کۆی مرۆڤایەتی ئەکات. پێ‌ی وتین کە سەرمایەداری ترس و تۆقینێکی بێکۆتایە. مێژوو قسەکانی لینینی بە تەواوی ڕاستییەوە سەلماندووە.

سەرمایەداران و نوێنەرە سیاسییەکانیان هیچ چارەسەرێکیان بۆ قەیرانی ئێستا نییە. لە ڕێگەی کردەوەکانیانەوە دۆخە خراپەکان هەزار ئەوەندەی تر خراپتر ئەکەن. لە کارەساتێکەوە بۆ کارەساتێکی تر وەک کوێرێک بەرەو کۆتایییەکەی ڕۆ و دائەچێت، و هەڕەشەی پەلکێشانی هەموو جیهانیش لەگەڵ خۆیاندا ئەکەن.

سیستەم لە مردندایە و هیچ جۆرە چاکسازییەک ناتوانێت ڕزگاری بکات. گۆڕانی تەواو و ڕیشەیی سیستمەکە تاکە چارەسەری مومکینە.

ئەوترێت کە لە ساتێکی یەکلاکەرەوەی سەروبەندی شەڕدا، یەکەم ئیمپراتۆری مەسیحی کۆنستنتین ئاڵایەکی بە نیشانەی خاچ بەرزکردەوە، سەربازەکانی بەم هاوارەی جەنگ کۆکردەوە: In hoc signo vinces – “لەژێر ئەم ئاڵایەدا سەرئەکەوین ”

ئەمڕۆ ئاڵای لینین و ترۆتسکی، ئاڵای شۆڕشی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیی، شایستەی ئەوەیە کە کرێکاران و هەموو جەماوەری ستەملێکراو و چەوساوە بەرەو پێشەوە، بەرەو جیهانێکی نوێ و باشتر کە شەڕ و هەژاری و نادادپەروەری ببنە چەند یادەوەریی خراپی ڕابردوو،پێشەنگایەتی بکات.

لەندەن، یەکی جەنیوەری ٢٠٢٤

*لە هەروو نمونەکەدا هـ.ئالان-وشە ئەهێنێتەوە کە هەمان مانا ئەبەخشن، مەبەست لە یاریکردن بە وشەکانە لە جیهانی ئەمرؤدا

سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزم‌دا