مارکس دەربارەی ڕاپەڕینی هیندییەکان و توندوتیژی ستەملێکراوان و دووڕوویی ئیمپریالیستی!

ئەم کورتە وتارەی خوارەوەی کارڵ مارکس کە لە ساڵی ١٨٥٧ لە ڕۆژنامەی نیویۆرک دەیلی تریبیوندا بڵاوکراوەتەوە، سەرنج ئەخاتە سەر ئەو یاخیبوونەی هیندییەکان کە لە هەمان ساڵدا دژی کۆمپانیای (British East India) سەریهەڵدا. مارکس لە چەند دێڕێکی کورتدا دووڕوویی کۆمەڵگای ڕێزداری ئینگلیزی کە بارودۆخی ترسناکی توندوتیژی یاخیبوواندا هەڵئەلەرزێت ، ڕەخنەئەگرێت؛ کە بەرهەمی دەیان ساڵەی چەوساندنەوەیە. قسەکانی مارکس بۆ ئەمڕۆ بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ئیسرائیل-فەلەستین بایەخێکی زۆریان هەیە.

لە ڕێڕەوی چوونەپێشەوەی ڕاپەڕینەکەدا کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند، یاخیبووان وەڵامی دڕندەیی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیایان بە کوشتنی شەش هەزار سەرباز و هاوڵاتی مەدەنی دایەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو. ئەم خوێنڕشتنە چەندین جار لەلایەن ئینگلیزەکانەوە تۆڵەی بۆکرایەوە، بە کوشتن و گیانلەدەستدانی ٨٠٠ هەزار هیندی ، هەم ئەوانەی لە یاخیبوونەکەدا بەشداربوون کوژران و هەم ئەوانەش کە لە لێکەوتنەکانی تۆڵەکردنەوەکاندا لە برسێتی و پەتاکانی دواتریدا بوونە قوربانی.

هەروەک ئەوەی مارکس ئاماژەی پێئەکات، نەک هەر دڕندەیی دەسەڵاتی بەریتانیا بووە هۆی تۆڵەکردنەوەی خوێناوییانە لەلایەن یاخیبووەکان بەڵکو چینە دەسەڵاتدارەکانی بەریتانیا و ئەوروپاش بە دڕندەیی زۆر لەوە خراپتر بە درێژایی مێژووی خۆیان تاوانبار بوون. مارکس ئەنووسێت: "جۆن بووڵ (مەبەست لە کاراکتەری نمونەیی خەڵکی ئینگلیزە بەرگپۆش بە ئاڵای بەریتانیاوە) تا گوێچکەکانی ئەبێت لە هاوارەکانی تۆڵەکردنەوەدا نوقم بووبن"، " تا وای لێبکات، ئەوە لەبیرکات کە حکومەتەکەی ئەوە بەرپرسیارە لەو ئازارگەیاندنانەی کە ترووکاون و ئەو ڕەهەندە بەرفراوانانەی کە ڕێگەی پێداون بیانگرنە بەر".

ئەکرێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەمان ئەو لێدوانە بۆ حکومەتی کۆنەپەرستی ئیسرائیل لەئەمڕۆدا بەکاربێت (لەگەڵ بەرژوەندخوازە ئیمپریالیستەکانیدا) کە بە درێژایی دەیان ساڵ فەلەستینییەکانیان چەوساندەوە و کوشت، بێشکۆیان کردن، و سەرەتاییترین مافەکانیان لێزەوتکردن، و کاردانەوەی توندوتیژیی گەورەیان بەرامبەریان پیادە کرد.

هەروەها مارکس ئاماژە بەو زیادڕۆیی و درۆ ڕاشکاوانە ئەکات کە لە ڕۆژنامەکانی لەندەن (واتە دەزگای پڕوپاگەندەی چینی دەسەڵاتداری بەریتانیا) سەبارەت بە مەترسی و ترسناکیی یاخیبوونەکە لەو کاتانەدا بڵاوکراونەتەوە، کە مەبەست لێی هەڵخراندنی خەڵکە بۆ نێو جەنجاڵییەکانی ڕق و تووڕەیی، و ڕیزکردنیان لە پشت وەڵامەکانی تۆڵەکردنەوە. ئێستا ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی گەمارۆ و پەلاماری غەزە ئەدات،هەڵبەت بە پشتیوانی و هاوپەیمانی تەواوی ڕۆژئاوا، لە کاتێکدا دەزگاکانی ڕۆژنامەگەریی پڕن لە هەموو جۆرە وردەکارییەکانی چەواشەکاری دڕندەیی حەماس (ڕاستەقینە و دروستکراوەکان)، و چالاکانە هاندەری کوشتن و بڕین و تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیلن.

ئێمە بابەتەکەی مارکس بە تەواوی بڵاو ئەکەینەوە، و بانگهێشتی هەموو خوێنەرانمان ئەکەین کە هاوتەریبییەکانی بابەتەکە لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەمڕۆ بە وردی چاودێری بکەن.

ڕاپەڕینی هیندییەکان

ئەو دەستدرێژییە ئابڕووبەرانەی کە (سیپۆی)یە یاخیبووەکان لە هیندوستان ئەنجامی ئەدەن، بەڕاستی ترسناکن، قێزەونن، جێگای دەر وێناکردن و پێناسەکردنن - وەک ئەوەی مرۆڤ ئامادەی بەرەوڕووبوونەوەیان بێتەوە- تەنها لە شەڕەکانی یاخیبوون، شەڕی نەتەوەکان، ڕەگەزەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئایین؛ بە یەک وشە، هاوشێوەی ئەوەی ئینگلتەرای ڕێزدار چەپڵەی بۆلێئەدات کاتێک لەلایەن ڤۆندییەکانەوە(Vendeans) بۆسەرکۆمارییە شینەکان (فەڕەنسا) ئەنجامدرا، لەلایەن گەریلاکانی ئیسپانیاوە بۆسەر فەرەنسییە بێدینەکان ، لەلایەن سێرڤییەکانەوە (Servians) بۆسەر هاوسێ ئەڵمانی و هەنگارییەکانیان، لەلایەن کرواتییەکانەوە بۆسەر یاخیبووانی ڤیەننا، لەلایەن گاردە گەڕۆکەکانی کاڤایناکەکانەوە (Cavaignac’) یان لە لایەن دیسەمبەریستەکانی بۆناپارتەوە بۆسەر کوڕ و کچەکانی فەرەنسای پرۆلیتاریا.

هەرچەندە کردەوەو ڕەفتاری (سیپۆی)یەکان [سباهییەکان : چەکدارە هیندییەکان] ناوزڕاوانە بێت، بەڵام تەنیا ڕەنگدانەوەیەکە لە فۆرمێکی چڕی، کردەوەو ڕەفتارەکانی ئینگلتەرا خۆی لە هیندوستان، نەک تەنها لە سەردەمی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتییەکەی لە ڕۆژهەڵات، بەڵکو تەنانەت لە ماوەی دە ساڵی دوایی داگیرکارییە درێژماوەکەیدا. بۆ وێناکردنی(کاراکتەرایزەرکردنی) ئەم یاسایە، هەر ئەوەندە بەسە بڵێین کە ئەشکەنجەدان دامەزراوەیەکی ئۆرگانیکی (سیاسەتی باجدان)ەکەی بووە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شتێک هەیە هاوشێوەی تۆڵەکردنەوە: و یاسایەکی تۆڵەکردنەوەی مێژوویی‌ ئەوەیە کە ئامرازەکانی نەک لەلایەن خەڵکانی بێتاوان (چەوساوە)، بەڵکو لەلایەن خودی تاوانبار (چەوسێنەر) خۆیەوە دروست ئەکرێن.

یەکەم لێدان (وەشان) کە لە دەسەڵاتی پاشایەتی فەرەنسا درا، لە ئاغاکانەوە سەرچاوەی گرت نەک لە جووتیارانەوە. ڕاپەڕینی هیندوستان لە جوتیارە هیندوستانییەکانەوە دەست پێناکات، کە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە ئەشکەنجە ئەدرێن، بێ‌شکۆ ئەکرێن و ڕاوڕووت ئەکرێن، بەڵکو لە لایەن چەکدارە (سیپۆی)یەکانەوەدەست پێئەکات کە پۆشتە ئەکرێن، خۆراکیان پێئەدرێ و لەلایەن ئەوانەوە قەڵەو ئەکرێن و نازیان پێئەدرێت. بۆ دۆزینەوەی هاوتەریبی لەگەڵ دڕندەییەکانی (ڕەفتارە ئابڕووبەرەکانی) سیپۆییەکان، پێویست ناکات وەک ئەوەی هەندێک لە ڕۆژنامەکانی لەندەن وای نیشان ئەدەن، بگەڕێینەوە سەر مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست، یان تەنانەت لە دەرەوەی مێژووی ئینگلتەرای هاوچەرخیشدا بگەڕێین و سەرگەردان بین. تەنها شتێک کە ئێمە ئەمانەوێت ئەوەیە لێکۆڵینەوە لە یەکەم جەنگی چین بکەین، ڕووداوێک، ئەگەر وا دابنێین، لە دوێنێ‌ی نزیکدا ڕوویدا. پاشان سەربازە ئینگلیزەکان تەنها بۆ خۆشی و لەزەت وەرگرتن، کردەوە قێزەونەکانیان ئەنجامدا؛ هەست و خولیاکانیان نە بەهۆی کۆنەپەرستی ئایینیەوە بەپیرۆز کرابوون، نە بەهۆی ڕق و کینە لە دژی ڕەگەزێکی خۆبەزلزان و داگیرکەرەوە خراپتر کرابوون، نە بەهۆی بەرخۆدانی توندی دوژمنێکی قارەمانەوە ورووژێنرابوون. دەستدرێژییەکانی سەر ژنان، بێڕێزیکردنی منداڵان، سوتان و وێرانکردنی تەواوی گوندەکان،تەنها چەند کردەوەیەکی بێپرنسیپانە و دڕندانە بوون نەک لەلایەن چینییە ماندارینەکانەوە (Mandarin) بەڵکو لەلایەن خودی ئەفسەرانی بەریتانیاوە جێبەجێ و پیادە ئەکران.

تەنانەت لە کارەساتی ئێستاشدا هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر وادابنێین هەموو دڕندەییەکان لە لایەن سیپۆییەکانەوەیە، و گشت شیری میهرەبانیی مرۆڤەکانیش لە لایەن ئینگلیزەکانەوە هەڵئەقوڵێت. نامەکانی ئەفسەرە ئینگلیزەکان بۆنی ڕق و کینەو خراپەکارییان لێدێت. ئەفسەرێک لە شاری پێشاورەوە ئەنووسێت، وەسفی چەکداماڵینی سوارەی نانیزامی دەیەم ئەکات پەنجەی تۆمەتبارکردن ئاراستەی هێزی پیادەی ڕەسەنی ٥٥ ناکات کە فەرمانی پێکراوە جێبەجێی‌ بکات. ئەو بەو ڕاستییە دڵخۆشە کە نەک هەر چەکەکانیان لێ داماڵیوون، بەڵکو پاڵتۆ و پێڵاوەکانیانیشان لەبەر داکەندوون. و دوای ئەوەی ١٢ پێنس [Pence (d) ]یان بۆ هەر کەسێک لێوەرگرتوون، بە ڕێپێوان ڕووەو کەناری ڕووبار، و لەوێشەوە بە بەلەم ڕەوانەی خوارووی ڕووباری ئیندوس کراون، لێرەدا نووسەر زۆر دڵخۆشە بەوەی کە پێشبینی و چاوەڕوانی ئەوە ئەکات کە کوڕی هەموو دایکێک چانسی خنکانی لە ئاوەکەدا ئەبێت. نووسەرێکی تر ئاگادارمان ئەکاتەوە کە، هەندێک لە دانیشتوانی پێشاور بە تەقینەوەی کانگایەکی بچووکی باروت وەک ڕێزێلێنان بۆ ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی (داب و نەریتێکی نیشتمانیی هیندووەکان)، لە ئینزاری شەودا بوون،و سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر کەسانی پەیوەندیدار دەستگیرکراون و" بە شێوەیەک ئازارو ئەشکەنجە دراون (دارکاری کراون)"، "کە بیریان نەچێتەوە".

هەواڵ لە پیندی (Pindee)یەوە گەیشت کە سێ سەرۆکی ڕەسەنی ناوچەکە پیلان ئەگێڕن. سێر جۆن لاورنس (Sir John Lawrence)بە پەیامێک وەڵامی سیخوڕەکە ئەداتەوە و فەرمانی پێئەکات کە بەشداری کۆبوونەوەکە بکات. لەسەر ڕاپۆرتی سیخوڕەکە، سێر جۆن پەیامی دووەمی نارد: “هەڵیانواسن.” سەرۆک عەشیرەتەکان هەڵواسران. ئەفسەرێکی فەرماندەیی شارستانی، لە شاری ئەلاهەباد (Allahabad)ەوە ئەنووسێت؛

" ئێمە دەسەڵاتی ژیان و مردنمان بەدەستەوەیە، و دڵنیاتان ئەکەینەوە کە هیچ درێغییەک نەکەین"

و یەکێکی تر، لە هەمان شوێنەوە :

"ڕۆژێک تێناپەڕێت کە ئێمە دە بۆ پانزە کەسیان (غەیرە شەڕکەر) لێهەڵنەواسین"

ئەفسەرێکی دڵخۆش ئەنووسێت:

“هۆڵمز بە لێشاو هەڵیان ئەواسێت وەک ‘خشت”

یەکێکی تر، وەک ئاماژەیەک بە هەڵواسینی جەستەی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ڕەسەن:

“پاش ئەوە خۆشییەکانمان دەستیان پێکرد”

کەسێکی تری سێهەم:

"ئێمە دادگای جەنگی هەر لەسەر پشتی ئەسپەکانمانەوە ئەنجام ئەدەین، بە هەر ڕەشپێستێک کە ئەگەین یا هەڵیئەواسین یان تەقەی لێئەکەین". لە بێنارێس(Benares )ەوە ئاگادار کراینەوە کە ٣٠ زمیندار(Zemindar) تەنها بە گومانی هاوسۆزی لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیان هەڵواسراون، و تەواوی گوندەکانیان لەسەر هەمان بەهانە بە تەواوی سووتێنراون و تەخت کراون. ئەفسەرێکی خەڵکی بێنارێس کە نامەکەی لە ڕۆژنامەی لەندەن تایمز چاپ کراوە ئەڵێت؛

"سەربازە ئەوروپییەکان کاتێک دژایەتی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکان ئەکەن، بوونەتە شەیتان"

پاشان نابێت ئەوە لەبیر بکرێت لە کاتێکدا دڕندەییەکانی ئینگلیزەکان بە کردەوەی خۆپارێزیی پاڵەوانێتی جەنگ وێنائەکرێن، زۆر بە سادەیی و بە خێرایی ئەگێڕدرێنەوە، بەبێ ئەوەی بچنە سەر وردەکارییە قێزەونەکان لەوبارەوە. تووڕەییەکانی خەڵکی ڕەسەن، هەرچەندە شۆککەرن، بەڵام هێشتا دەستئەنقەستانە زیادڕۆییان پێوە ئەکرێت. بۆ نموونە، ئەو باسە هەلومەرجەییەی کە سەرەتا لە ڕۆژنامەی تایمزدا بڵاوکرایەوە، و دواتر لە تەواوی ڕۆژنامەکانی لەندەن دەرکەوتن، سەبارەت بەو دڕندەییانەی لە دەهلی و میروت (Delhi and Meerut ) ئەنجامدراون، لە لایەن کێ‌وە سەرچاوەیان گرت؟ لە پەرستیارێکی ترسنۆکەوە کە لە بەنگالۆر (Bangalore )،مایسۆر (Mysore)، زیاتر لە هەزار میل دوورتر، هاوشێوەی ئەوە کە باڵندە دوورتر لە شوێنی ڕووداوەکەی هەڵئەفڕیت، گێڕانەوەی ڕاستەقینەی دەهلی خەیاڵی پەرستیارێکی ئینگلیزی نیشان ئەدات کە توانای داهێنانی ترس و تۆقینی گەورەتری تەنانەت لە خەیاڵی دڕندەی یاخیبوویەکی هیندۆیی هەیە.

شێواندنەکان لە بڕینی لووت و مەمک و هتد، بە یەک وشە، ئەو کوشت و بڕە ترسناکانەی کە (سیپۆی)یەکان ئەنجامی ئەدەن، بێگومان هەستی ئەوروپیەکان زیاتر لە چاو بۆمبارانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونەکانی کانتۆن لەلایەن سکرتێرێکی کۆمەڵەی ئاشتی مانچستەرەوە ئەوروژێنن ، یان لە برژاندن(سوتاندن)ی عەرەبەکان کە لە ئەشکەوتێکدا لەلایەن مارشالێکی فەرەنسییەوە کۆکرانەوە، یان لە پێستلێکردنەوەی سەربازانی بەریتانیا (بە زیندووی) بە قامچی چەندپەڕیی ژێر دادگای سەربازی، یان هەر ئامێرێکی تری خێرخوازیی کە لە زیندانە کۆلۆنیەکانی بەریتانیا بەکارئەهێنرێن، دڕندەیی وەک هەموو شتێکی تر مۆدەی خۆی هەیە، کە بەپێی کات و شوێن ئەگۆڕێت. قەیسەر، زانای لێهاتوو، بە ڕاشکاوی ئەگێڕێتەوە کە چۆن فەرمانی کرد چەند هەزار جەنگاوەری گالک (Gallic) دەستی ڕاستیان ببڕدرێنەوە. ناپلیۆن شەرمی لەوە ئەکرد ئەم کارە بکات، ئەو پێی باشتر بوو فەوجەکانی فەرەنسا خۆی کە گومانی کۆماریخوازییان ئەکرد، ڕەوانەی سانت دۆمینگۆ (St. Domingo) بکات، تا لەوێ بەهۆی ڕەشپێستەکان و تاعونەوە بمرن.

ئەو شێواندنە ناوزڕاوانەی کە لەلایەن سیپۆییەکانەوە ئەنجامدراون، مرۆڤ لە پراکتیزەکانی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتینی مەسیحی، یان ڕێنماییەکانی یاسای تاوانکاریی ئیمپراتۆر چارڵزی پێنجەم، یان سزاکانی ئینگلتەرا بۆ تاوانی خیانەتی مەزن، وەک ئەوەی تا ئێستا لە لایەن دادوەر بلاکستۆن (Judge Blackstone)ەوەتۆمار کراوە، بیرئەخاتەوە. دەربارەی هیندۆسەکان کە ئایینەکەیان لە هونەری خۆئەشکەنجەدان بەهرەمەندی کردوون ، ئەوا ئەم ئەشکەنجەدانانەی کە بەسەر دوژمنانی ڕەگەز و عەقیدەکەیاندا هاتووە، تەواو ئاساییەو سروشتی دەرئەکەون و ئەبێت هێشتا بۆ ئینگلیزەکان زیاتر دەرکەون، کە تەنها لەو کاتەوە چەند ساڵانێکە، هێشتا لە فێستیڤاڵەکانی جاگەرنات داهات کۆئەکەنەوە لەپێناو پاراستن و یارمەتیدانی ڕێوڕەسمە خوێناوییەکانی ئایینێکی پڕ دڕندەیی و ستەمگەریی.

هاتو هاوارەکانی "کۆنە تایمزی خوێناویی"، وەک ئەوەی کۆبێت (Cobbett) [نوسەرو ڕۆژنامەنووسی بەریتانی]پێی ئەوت– ڕۆڵی کارەکتەرێکی پڕ تووڕە لە یەکێک لە ئۆپێراکانی مۆزارتدا ئەگێڕێت، کە چێژ لە زۆربەی پارچە ئاوازەکانی بیرۆکەی ئەوەی سەرەتا دوژمنەکەی هەڵواسێت، پاشان بیسوتێنێت، پاشان پارچە پارچەی بکات، پاشان تفی لێبکات، پاشان بە زیندوویی پێستەکانی لێبکاتەوە، وەرئەگرێت- بریتییە لە لەتوپەتکردنی خولیاو کەفوکوڵی تۆڵەکردنەوە بۆ ئەوپەڕی شڕکردن- هەموو ئەم کەفوکوڵی تۆڵەکردنەوەیە گەمژانە دەرئەکەون ئەگەر لە ژێر پەیثۆسی تراژیدیا فێڵە کۆمیدییەکان بە ڕوونی درک نەکرێن. ڕۆژنامەی لەندەن تایمز لە بەشەکەی خۆیدا زیادڕۆیی ئەکات، نەک تەنها بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ. کۆمیدیا بە بابەتێک بەهرەدار ئەکات کە تەنانەت بەسەر مۆلێریشدا تێپەڕیوە، تارتوف (Tartuffe)ی تۆڵەکردنەوە. ئەوەی بە سادەیی ئەیەوێت ئەوەیە کە دەستخستن و زیادکردنی دارایی و پەردەپۆشیی حکومەتە. بەڵام هەروەک چۆن دەلهی هاوشیوەی دیوارەکانی ئەریحا (Jericho ) لەبەردەم هەڵکردنی بادا نەکەوت، پێئەچێت جۆن بووڵییش تا گوێچکەکانی لە هاوارەکانی تۆڵەکردنەوەدا نوقم بووبن، تا ئەوە لەبیر بکات کە حکومەتەکەی ئەوە بەرپرسیارە لەو ئازار گەیاندنانەی کە ترووکاون و ئەو ڕەهەندە بەرفراوانانەی کە ڕێگەی پێداون بیانگرنە بەر.

لەندەن، ٤ی سێپتەمبەری ١٨٥٧

سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزم‌دا