پەیامی ‘ساڵی نوێ‌’ی ئالان ودز ٢٠٢٢: لە فیلمەکانەوە بینیم!

لە بەرەبەیانی ٢٠٢٢دا هاوارەکانی’ ساڵێکی نوێ‌ی بەختەوەریی’ زەنگێکی بۆش بوو بۆ زۆرینەی خەڵک، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵک هیچ دڵخۆش نین. لە ڕابروودا، لە ساتە سەختەکاندا، خەڵک لەنێو ئاییندا بۆ دڵنەوایی ئەگەڕان. بەڵام لە ئێستادا، کەنیسەکان چۆڵن و لە جێگەیدا خەڵکەکان مەیلیان بە پەنا بردن بۆ یانەو باڕەکانی گەڕەک، یان سینەماکان هەیە، کە لەمڕۆدا بووەتە شتێکی وەک ئەفیونێکی مۆدێرن بۆ خەڵک. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژمارەیەکی زۆریان داخراون، هیچ شوێنێکیان نییە بۆ پشوودان جگە لە مانەوە بە دیار تەلەفزیۆنەکانەوە.

[Source]

لەم کاتانەی ساڵدا، کۆمپانیاکانی تەلەفزیۆن لە سەرتاسەری جیهان بە مامەڵەی تایبەت دڵی بینەرەکانیان خۆش ئەکەن: بەلێدانەوەی بێ کۆتاییانەی فیلمە کۆنەکانی هۆلیوود.

ڕێژەیەکی بەرچاو لەم فیلمە کۆنانە مۆرکێکی(کاراکتەرێکی) ئایینی‌یان هەڵگرتووە. لە وەڵامدانەوەی زەنگلێدانی ڕوولەلێژیی ئامادەیی کەنیسە. بەدڵنایی‌یەوە دەسەڵاتداران بڕیاریان داوە لەڕێگای موعجیزەی مۆدێرنی سێتی تەلەفیزیۆنەوە، بە هێنانی خودا بۆ نێو ماڵەکان چەند توخمی ڕووحیی بڕژێننە نێو ئاهەنگەکانی کۆتایی ساڵەوە.

ئەم موعجیزەیە زۆر زۆر دیارترە لەهەر دانەیەکی تر کە لە بایبڵدا بتوانیت بیخوێنیتەوە. کە پێمان ڕائەگەیەنێت خودا نهێنی‌ئامێزە و ئامادەگیی سیمایەکی تەواو شاراوانەی هەیە. سەرباری ئەوەی جاروبار، زۆر بە دەگمەنیی، بۆ خەڵکانێکی یەکجار تایبەت خۆی نیشان ئەدات، تەنانەت گەر لە فۆرمێکی ناڕاستەوخۆشدا بێت( زۆربەی کات لە ڕێگای قسەکردنەوە).

لە ئێستادا، سوپاس بۆ جادووگەرییەکانی هۆلیوود، ملیۆنەها خەڵکی هێناوەتە بەر ئامادەیی خاوەن دەسەڵاتی بێسنوور.  کە ئاشکرایە لێکچوونێکی سەیرو ناسروشتیانەی وەک چارلتۆن هێستۆن(Charlton Heston) ئەکتەری زۆر ناسراوی ڕۆڵە ئایینییەکان، کۆمارییەکانی باڵی ڕاستڕەو، و سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی چەکوتەقەمەنی ئەمریکا هەیە.

لە ئێستادا، ئەو خودایەی هەرچییەک بێت کە بەڕێز هێستۆن باوەڕی پێهێناوە، بە دڵنیایی‌یەوە خودای ئاشتی نییە. لە ٢٠ی مەی ٢٠٠٠دا، لە کۆنگەری ١٢٩ی (NRA)دا چەکە چەخماخەکەی (flintlock – فلينتلوك) سەردەمی جەنگی شۆڕشگێڕانەی بەرز کردەوە و ڕایگەیاند ئەگەر حکومەت ئەیەوێت ئەم چەکە دەستبەسەر بگرێت ئەوا ئەبێت لە “دەستە، ساردە، مردووەکانیدا’ بیبەن.

کاتێکیش دواین جار، لە تەمەنی پێگەییوانەی ٨٤ ساڵیدا، چوو بۆ چاوپێکەوتنی دروستکەری چەکەکەی لە ٥ی ئاپڕڵی ٢٠٠٨،دەستەکانی نەک تەنها بە هەڵگرتنی چەکەکە بەڵکو هەروەها بە سامانێکی بەڕێزانەی ٤٠ ملیۆن دۆلاریشەوە تەواو گەرم بوون.

” کاتێک خودا بینی ئەو قازانجە شیرینانەی لە فرۆشیی چەکی وێرانکەردا بەدەست ئەخرێن، یەکجار باش بوون”

ئینجا خودا وتی:

” ئاشتی لەسەر زەوی، هەستێکی چاکوپاکانەیە بۆ مرۆڤ”

بەڵام زۆریش نا، کاتێک بۆ کارگوزاری (بزنس ) خراپ بێت …

مەترسی ڕۆبۆتی شێت

پاش ئەم تۆفانە ترسناکە بێکۆتایی‌یەی فیلمە ئاینییەکان، لەپێناو دڵخۆشکردنەوەمان پاڵەوانانی تەلەفزیۆن بە خێرایی  بە زنجیرەیەکی بێکۆتایی لە فیلمە کارەساتبارەکان مامەڵەمان لەگەڵدا ئەکەنەوە، کە جیهان هەڕەشەی وێرانکردنی بەم جۆرە تۆقێنەرە یان جۆرێکی تر لەسەرە. یەکێک لە بابەتە دووبارەبووەکانی ئەم فیلمانە ئەوەیە جیهان بەم زووانە لە لایەن ڕۆبۆتەکانەوە دەستی بەسەردا ئەگیرێت.

ئەو بیرۆکەیەی ژیری دەستکرد (artificial intelligence) هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی، و ئامێرە ‘زیرەکەکان’ ژنان و پیاوان وەلائەنێن، زۆر بە سادەیی جێگای بابەتی بوونەوەرە خورافییەکانی گۆل (ghoul)، مرۆڤە خوێنمژەکان، و دڕندەکانی فرانکشتاین کە بابەتی فیلمە تۆقێنەرەکانی کۆن پێکئەهێنن، گرتووەتەوە. بەڵام ئەمە تەنها خەیاڵێک(فەنتازی) نییە- بەرهەمی ساتە تاریکەکانی پشووی دەروونیی مرۆڤ- بەڵکو بنەمایەکی واقعیانەی ماددی هەیە.

ئەو پێشکەوتنە بەرچاو و سەرنجڕاکێشانەی زانست و تەکنەلۆژیا، بەدەر لە خێروبێریی، وەک بەڵاو نەفرەتێک چاوی لێئەکرێت، لە باری مەنتقییەوە وا بڕیارە ئەم پێشکەوتنانە ببنە مایەی کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن، و مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێک کە کۆیلایەتی جێگای بە ئازادی بگیرێتەوە،و بواری تەواو بۆ گەشەی ماتە وزەکانی خەڵک دابین بکات.

بەڵام واقعیەت زۆر جیاوازترە.

زۆر دەمێکە کارڵ مارکس ڕوونی کردووەتەوە کە، لە سایەی سەرمایەداریدا هێنانە پێشەوەی ئامێری نوێ بێ ئەملاو ئەولا ئەبێتە زیادکردنی بێکاریی و سەعاتکاری زۆریش بۆ ئەو خەڵکانەی کارێکیان هەیە. ملیۆنەها خەڵک لە دەرئەنجامی ئۆتۆماتیزەکردن دووچاری لەدەستدانی کارەکانیان ئەبن،و تەکنەلۆژیای نوێ ئەیانکاتە شتێکی زیاد لە پێویست.

کێشەکە ئەوەیە هێزە نەبینراو کۆنترۆڵنەکراوەکان هەرئێستا کۆنترۆڵیان کردووەتە سەر ژیان و چارەنووسمان. کە دەرگیرو دووچاری ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی بوونیەتی. بە بەراورد لەگەڵ ئەو هەموو ‘تێرمینەیتەر- Terminators ‘ و ‘جۆز- Jaws ‘ و ‘فرانکشتاین’انەی[١] کە ڕووەو بێبابەیخی کاڵ ئەبنەوە. ئەم هێزە نەبینراوانە بریتین لە دەستە شاراوەکانی بازاڕ.

لە جیهانی کابووساوی تێرمینەیتەردا ‘ شتەکان’ ( ئامێرەکان، ڕۆبۆتەکان ) دەستیان بەسەر جیهاندا گرتووە و خەڵک کۆیلە ئەکەن. بەڵام، لە بنەڕەتدا، ئەم کابووسە خەیاڵاویی‌یە هەرئێستا بووەتە حەقیقەتێک. لە سەردەمی ئێمەدا، خەڵکەکان تا ئاستی کەلوپەلەکان نزمکراونەتەوە، و کەلوپەلەکانیش (بەتایبەت دراو) و لەسەرووی ئاستی مرۆڤەوە بە هەند گیراون،ئەبنە چەند هێزی قودرەتمەند کە دەست بەسەر ژیانماندا ئەگرن و چارەنووسمان دیاری ئەکەن. لە جیهانی ڕوولەلێژیی سەرمایەداریدا، نامۆبوون(alienation) بە پلەیەک گەیشتووە کە هەرگیز پێشتر لە مێژوودا نەبینراوە.

ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئاگادارو درک بەوە ئەکەن جیهانەکەمان ڕووبەڕووی وێرانبوون ئەبێتەوە، بەڵام نەک بە ئامێرەکانی وەک تێرمینەیتەری (١،٢،٣)  یان ئەو کەشتی‌یە ئاسمانییە دڕندەیەی لە هەسارەی زۆگ(Zog)ەوە هاتووە، بەڵکو بە مەترسییەک زۆر نزیکتر لە ماڵەوە.

هەورە تاریکەکان باڵیان بەسەر مرۆڤایەتیدا کێشاوە. دوور لەهەر تێڕوانینێکی ئایندە بە گەشبینی‌یەوە، خەڵک بە ترس و دوودڵیەکی ڕوولەسەر سەرقاڵی ئایندەی جیهانن.

ترسی ناعەقڵانی لە جیهانێکی دەستبەسەرداگیراو لەلایەن چەند بوونەوەری نامرۆڤی‌یەوە کە ڕەگەزی مرۆڤ بە کۆیلە ئەگرن لە جێ‌ی خۆیدا نییە، لەبەرئەوەی ئەم وێنە بەئاگاهێنەرانە بە واقعی ڕەنگدانەوەی دروستی ئەو جیهانە واقعەیەن کە تیایدا ئەژین.

لە ڕاستیدا ئێمە لە جیهانی تێرمینەیتەردا ژیان ئەکەین. ئەم بوونەوەرە تۆقێنەرە تەنها ڕەنگدانەوەیەکی شێوێندراوە لە زهنماندا بۆ ئەو واقعەی چواردەوری داوین. جیهانێکی ناعەقڵانی و نامۆ کە خەڵک توانای تێگەیشتنی نییە.

لەجیهانێکی وادا، بیرکردنەوەی عەقڵانیی، سەردەمییانە (باو) نییە. بیرکردنەوەی ژیرانە ئەبێتە شتێکی ناژیربێژیی(نامنطقی). وەک ئەوەی لینین جارێکیان یاداشتی کرد، مرۆڤ لە لێواری تاشەبەردا بیر ناکاتەوە. لە جیهانێکی وادا، واباشترە بەهیچ شێوەیەک هەر بیر نەکەیتەوە. پووچییی فەلسەفەی بۆرژوازیی مۆدێرن زۆر بە باشیی ئەم ئایدیایە ڕەنگئەداتەوە، بەهەمان شێوەی ناماقوڵییەکانی پۆست مۆدێرنیزم.

لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەو گرفتە واقعییەکان، ئێمە ڕووەو سینەماکان بانگهێشت کراوین تا بۆ کەسانێک کە لەلایەن چەند ماسی قرشی هەژارەوە کە بەهەڵە ڕێیان لێتێکچووەو ڕووەو ئەو کەنارانە هاتوون مرۆڤەکان تیایدا مەلە ئەکەن ئەخورێن، پەرۆش بین. یا ئەو ڕۆبۆتە شێتانەی دەسەڵات ئەگرنە دەست،یان ئەو هێزە نەبنینراوانەی ژیانمان کۆنترۆڵ ئەکەن.

ماسیییە قرشەکانی ‘جۆز’ یان ئاگاداربوون لە قرشەکانی سەر وشکانیی

یەکیک لە گۆڕاوە هاوبەشەکانی فیلمە کارەساتبارەکان ئەو ئاژەڵە دڕندانەن کە خۆشییەکی مەزن (و لە هەرە بەسوودترین سەرچاوەکانی پرۆتین) لە خواردنی مرۆڤە بێچارەکان دێنن.

نموونەی ئەمە زنجیرەی فیلمە بەناوبانگەکانی ‘جۆز- Jaws‘ە، کە ئەستێرەی فیلمەکە ماسییەکی قرشە، سیمایەکی دڕندانەی و ئاستێکی نائاسایی لە ژیریی (یان کەم فێڵبازی ئاژەڵی، گەر حەزئەکەیت) هەیە، و مرۆڤە ئاشتیخوازەکان کە تەنها ئارەزوویان بەسەربردنی پشوویەکی هاوینەی خۆشە لە دوورگەی ئامیتی(Amity Island) لە کەنارەکانی نیو ئینگلاند ئەتۆقێنێت.

لەکۆتاییدا، پاش چەندین سەرکێشی تۆقێنەرانە، هاوشان لەگەڵ ئیقاعی سووربوون و دڕندانەی ئەو تێما ناسراوەی دڕندەکە لە دواینجاردا ئەبەزێت. شەپۆل سواربووەکان(surfers) هەست بە دڵخۆشییەکی مەزن ئەکەن- لەگەڵیاندا وەکیلەکانی گەشتکردن، خاوەن ئوتێل و سەرۆکی شارەوانیەکانیش زۆر بەکەیفتر لەوان، هەموو شتێک باشە گەر بە باشیی کۆتایی بێت.

بەدڵناییەوە، جگە لە ماسییە قرشە بەدبەختەکە نەبێت. بەو کاراکتەرە دڕندەیەی لە ڕۆڵەکەیدا هەیەتی،تەنها بیابانەکەی بەدەست خست. وا نییە؟ یان ئەمەی کرد؟ پێم وابێت شاعیری ئینگلیزی کولیرج (Coleridge) [٢]بوو کە وتی ئەدەب ” دوورەپەرێزی خۆبەخشانەی ناباوەڕی‌یەکان”بوو. ئەمە بەتەواویی لە نێو فیلمەکانی هۆلیوودا ڕاستە. ئێمە بانگهێشت کراوین  بۆ بەجێهێشتنی کۆلێژە ڕەخنەگرییەکانمان لە پەنجەرەی بلیتبڕەکان و زۆربەی کاتەکانیش هەستی لۆژیکانەمان سەربەرەو خوارە.

با پێکەوە پرسی ‘جۆز’ وەرگرین. ئایا ئەزانیت ساڵانە چەند مرۆڤ لە لایەن قرشەکانەوە پەلامار ئەدرێن؟ بە پێ‌ی سەرچاوە فەرمییەکان، لە نێوان ساڵی ١٩٥٨ و ٢٠١٩دا تەنها ٤٤١ حاڵەتی هێرشکردنی کوشندانەی قرش هەبووە، کە وا دەرئەکەێت زۆر بێت، بەڵام بە تێکڕایی تەنها حەوت مردنە لە ساڵێکدا.

بەڵام ئایا چەند ماسی قرش لە لایەن مرۆڤەکانەوە ئەکوژرێن؟ دەرکەتووە مرۆڤ ساڵانە ١٠٠ ملیۆن ماسی قرش ئەکوژێت. یانی لەهەر کاتژمێرێکدا لانی کەم 11416 ماسی قرش لەسەرتاسەری جیهان ئەکوژێت. یانی دوو تا سێ ماسی لەهەر چرکەیەکدا. زۆربەی وڵاتە ڕاوکەرەکانی ماسی کردەوە وێرانکەرەکانی ڕاوکردن بەکاردێنن کە بەرفراوانی بەرپرسن لە کەمبوونەوەی ٧٠%ی جیهانیی ماسییە قرشەکان لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا.

سیستمی سەرمایەداری بە شێوەیەکی بەرنامە داڕێژراو هەسارەکەمان وێران ئەکات،ئەو هەوایەی هەڵی ئەمژین، ئەو خواردنەی ئەیخۆین، و ئەو ئاوەی ئەیخۆینەوە، ژەهراوی ئەکات. ڕاوەدوونانێکی سەرشێتانەی بەدەسخستنی قازانجە لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن لەناو ئەبەن، ئۆقیانووسەکان بە پلاستیک و مەوادی زیانبەخش پیس ئەکەن. هەڕەشەی لەناوچوون لە ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندەوەران – نەک تەنها ماسییە قرشەکان بەڵکو ڕەگەزی مرۆڤیش ئەکەن.

تاعون

چەند هەفتە پێش کرستمەس، چینی باڵادەست سەرکەتوو بوو. بڵاوکراوەکان پڕ لە هەواڵی باش بوون. زانست بەسەر ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدەی نەفرەتلێکراودا سەرکەوتوو بوو. هەمووان بۆ ژیانی ئاسایی گەڕانەوە. بژی ڤاکسین!

یەکێک، لە دێڕە دیارەکانی فیلمی ‘جۆزی دووی’ بیر هێنامەوە

“تەنها ئەو کاتەی باوەڕت بوو کە ئامنە بگەڕێیتەوە نێو ئاوەکە …”

هەروەک برنۆڵد برێخت جارێکیان وتی:” ئەو کەسەی پێئەکەنێت هێشتا هەواڵە ناخۆشەکەی نەبیستووە”. هێشتا پەڕەی بڵاوکراوەکان بەدەگمەنی وشک ببوونەوە کاتێک ئەبووایە سەردێڕی هەواڵەکان جارێکی تر بگۆڕن. هەرئێستا توێژەرەوەکان لەو باوەەڕەدان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ملیۆنەها خەڵکی تر بە کۆڤید -١٩ گیان لەدەست بدەن.

گرفتەکە ئەو کاتە سەریهەڵدا کە بۆ یەکەمین جار، جۆری گۆڕاوی مەترسیداری ئۆمیکرۆن لە باشوری ئەفریکا دەرکەوت. تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا بە نزیکەیی لە سەرجەم وڵاتانی تری جیهان بڵاوبووەوە. و زۆر بە خێرایی لە چەند وڵاتدا لە نێویاندا بەریتانیا، دانیمارک، نەرویج و هەندێک بەشی باشووری ئەفریکا بوونە لانکەی جۆری هەرەبڵاوی ڤایرۆسەکە.

هیچ گومانێک لەوەدا نییە ئۆمیکرۆن، ئەو جۆرە ڤایرۆسە گۆڕاوەی کە زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوون لە سەرئاستی جیهان پێکئەهەێنێت، جێگای دەلتا ئەگرێتەوە. یەکەمین لێکۆڵینەوە لەسەر زانیارییەکانی جۆری بەربڵاوی ئۆمیکرۆن لە بەریتانیا ئەوەی دەرخست هەر تووشبوویەک لانی کەم توانای تووشکردنی سێ کەس یان زیاتری هەیە.

ئەمە هاوشێوەی بڵاوبوونەوەی کۆڤیدە کە لە شەپۆلی یەکەمی سەرهەڵدانی پەتاکەدا لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠دا لە ئەوروپا، پێش سەپاندنی ڕێکارە دژەکان لە بەرامبەری و بەردەستبوونی ڤاکسین بڵاوبووەوە. وەڵامدانەوەی فەرمی زۆرێک لە حکومەتەکان ئەوەیە ئەم نەوە نوێ‌یە زۆر بەخێرایەکی مەترسیدارانە بڵاوئەبێتەوە، بەڵام لە جۆری دەلتا خراپتر نییەو کەمتر ئەبێتە هۆکاری نەخۆشکەوتنی درێژخایەن و مردن، بە تایبەت ئەگەر خەڵک ڤاکسینیان وەرگرتبێت.

هەرچۆنێک بێت ئەم سیناریۆ نوێ‌یە کاریگەریی جدی لەسەر سەرجەم جیهان لە ساڵی ٢٠٢٢دا دائەنێت. هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن بەخێرایی کاریگەری لە کەمکردنەوەی بازاڕی پشکەکان دانا. هەموو ئەو هەژمارکردنە گەشبینانەی پێشتریان سەرەوژێر کرد و ئاستێکی تری لە باوەڕیی چەسپاوی پێشکەشکرد کە پاشهاتی سلبییان ئەبێت، بەجۆریک ڕێگری ئەکاتە سەر سەرمایەگوزاری و گەشە.

تەنانەت پێش ئەم بەرەوپێشچوونەش لە ڕووداوەکاندا، ئاسۆکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە سەر ئاستی دابەزینی ژیان و لە بەرنامەبوونی سەختکردنی ژیانو کاری ملیۆنەها خەڵک، خۆیان تاریک بوون. هەرئێستا دیمەنەکانی ساڵی نوێ بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵک زۆر سەختر ئەبن، ئەمانە لە کاتێکدان کە پشیلە قەڵەوەکان قەڵەوتر ئەبن، و قڵشتی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران بە پردێکی مەزنیش پەیوەند ناکرێنەوە. ئەمە ڕەچەتەیەکی کۆتایی تەقینەوەی ناکۆکی چینایەتی‌یە لە هەر جێیەک.

پەتای جیهانی خزمەتی بە پیشاندانی هێڵە چەوتە قووڵەکانی نێو کۆمەڵگا کرد. بێڕەحمانە تیشکی خستە سەر هەموو خەوشەکانی سیستمی سەرمایەداری، کە لە باری ئۆرگانیکی‌یەوە لە توانایدا نییە هیچ شتێک دژ بەو تاعونە ئەنجام بدات کە ژیانی ملیۆنەها خەڵکی هەژاری وێران کردووە.

زاناکان بە بەردەوامیی ئەوە دووپات ئەکەنەوە تەنها ڕێگا لە تێکشکاندنی پەتاکە دڵنیابوونەوەیە لە ڤاکسینکردنی هەر ژن و پیاو و منداڵێک لەسەر هەسارەکە. بەڵام بۆ ئەمە ئەنجام نادرێت؟

تا ئەو جێیەی ڕێگا بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی هیندوستان، یان لە لادێکانی ئەفریکا دراوە، ئەوا ڤایرۆسەکە بەردەوام ئەبێت لە گەشەو پەرەپێدانانی تەنانەت جۆری نوێ‌ی زۆر مەترسیدارانەتریش کە بە خێرایی لە هەموو وڵاتەکاندا بڵاو ببێتەوە، هەروەک ئەوەی کەیسی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن پیشانی داین.

دەستکەوتنە مەزنەکانی زانستی نوێ و تەکنەلۆژیا بنەما ماددییەکانی جیهانێکی نوێ‌ی خوڵقاندووە- جیهانێک کە تیایدا هەژاری، برسیەتی و بێکاریی ئەکاتە خەونێکی پڕ لە کابووساوی ڕابردوو. تێڕوانینی پێشکەوتنێکی بێ سنوور بۆ مرۆڤایەتی فەراهەم ئەکات.

مارکسیستەکان دەمێکە بەڵگەیان خستووەتە ڕوو کە دوو بەربەستی بنچینەیی ڕێگرن لە بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی. لە لایەک، خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان( ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە پێناو قازانجی تایبەتیی، نەک وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی)، و لە لایەکی ترەوە، دڕندەییەکانی پاشماوەی بەربەریزم، دەوڵەتی نەتەوە.

پرسی پلانێکی سۆسیالیسیتانەی بەرهەمهێنان و پلانێکی نێونەتەوەیی بێ وەڵامن.  بەهۆکارێکی زۆر سادە کە ڤایرۆسەکان، سنوورە نەتەوەییەکان ناناسن. تەنها و تا ئەو جێگایەی بە ئامرازە شۆڕشگێڕییەکان ئەم بەربەست و ڕیگرییانە ڕانەماڵرێن ، هیچ چارەسەرێک بۆ گرفتە هەرە گرنگ و هەنووکەییەکانی هەسارەکە نادۆزرێتەوە.

چارەسەر لە دەستی ئێمەدایە!

بۆشایی ئاسمان، سەنگەری نوێ

پۆتێنسیاڵی مەزنی زانست و تەکنەلۆژیا لە ڕۆژی کرستمەسدا ئاشکراکرا، ئەو کاتانەی تەلەسکۆپی جەیمس وێب (James Webb) لە ئەرکێکدا زەوی بۆ دۆزینەوەی ناوچە هەرە شاراوەکانی بۆشایی گەردوون بەجێهێشت.

وێب جێنشینی تەلەسکۆپی هابڵ(Hubble)ە. بەڵام لە پێشینەکەی زۆر زیاتر قودرەتمەندترە، بە تایبەت لە باری دیقەتەوە ١٠٠ هێندەیە. بە چەندین هۆکار ئەمە گرنگە، بەڵام لەوانەیە لەهەمووی گرنگتر ئەو ڕاستییە بێت کە چاودێرە نوێ‌یەکە بە توانایە لە بڕینی دوورترین شوێنی گەردوونی ناسراو. و بەم پێیەش تیژڕوانین لە ڕابردووی یەکجار دوور.

ئەمە بە مانای ئەوەیە تەلسکۆبە نوێکە بەتوانایە لە گوێزانەوەی وێنەکانی ئەو دەمانەی یەکەمین ئەستێرەکان کۆتاییان بەو تاریکییە هێنا، کە بە پێ‌ی بیردۆزە بڵاوەکان پاش ماوەیەکی کەم لە ڕووداونی بینگ بانگ (Big Bang ) گەروودنی پێچاوەتەوە. کە بەو جۆرەی پێشبینی کراوە 13.8 ملیار ساڵ پێش ئێستا ڕوویان داوە.

زۆرترین مۆدێلی بەربڵاوو قبوڵکراوی گەردوون، کە مۆدێلی هەڵئاوسانی گەردوون (inflationary)ی پێئەوترێت، بۆ یەکەمین جار لە ساڵەکانی ١٩٧٠ ەوە پێشکەش کرا لەپێناو ڕوونکردنەوەی دژ بەیەکەکانی وەشانە سەرەتاییەکانی بیردۆزەکە. دڵنیایی لەوە ئەداتەوە کە گەردوون لە دەرئەنجامی تەقینەوەیەکی بەهێزی ماددەو وزە ڕوویان داوە کە سەرجەم گەردوونی تەنها لە چەند ساتێکی مایکرۆی چرکەدا گرتووەتەوە.

زانای فیزیای فەلەکی لە زانکۆی هارڤارد ڕۆبەرت پ. کریشنەر(Robert P. Kirshner) ،”ئایدیای هەڵئەوسان کاریگەری و دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو”،”هیچ تێبینییەک نەدۆزرایەوە بیسەلمێنێت کە هەڵەیە”. بەڵام ئەمەش زیاد ئەکات :”بەڵام ئەمە، بە دڵنیایی‌یەوە، بە مانای ئەوە نییە کە ڕاستە”( ناشناڵ جیۆگرافیک نیوز، ٢٥ی ئاپڕڵی ٢٠٠٢)

لە ڕاستیدا، تاکو ئێستا چەند گرفتی جدی دەربارەی تیۆرییەکە هێشتا هەن. کەمتر نییە لەو ڕاستییەی کە پێچەوانەیە لەگەڵ یەکێک لە یاسا هەرە بنچینەییەکانی  فیزیا: ئەوەی کە ماددە نە دروست ئەکرێت و نە لەناویش ئەچێت.

یاسای کۆن ex nihilo nihil fit (هیچ شتێک لە نەبوونەوە نایەت) بەربەستێکی گەورەی مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی ئەڵێن پێش تەقینەوەی گەورەی(Big Bang) هیچ ماددە، وزە، بۆشایی، و کاتێک بوونی نەبووە. لە پێناو ڕوودانی شتێکی وادا، پێویستت بە بڕێکی زۆر پێشبینینەکراوی وزە ئەبێت. ئایا ئەم هەموو وزەیە لە کوێ‌وە هات؟

تەنها یەک لێکدانەوە هەیە، و لە جیهانی زانستەوە ئەمانبات بۆ جیهانی پڕ ڵێڵاویی ئایین. نە کەم و نە زیاد لە وەشانێکی تازەی داستانی دروستبوون ئەبێت، هەروەک ئەوەی لە یەکەمین وشەکانی دروستبووندا دەربڕاوە:

“لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەوی دروست کرد “

ئەمە هەروا بە ڕێکەوت نییە، بیگ بانگ لە لایەن دۆگمای کەنیسەوە قبوڵ کراوە، و نە وەشانی بنەڕەتی ئەوەشە کە لایەن قەشەی کاسۆلیکی جۆرج لومتەر [٣]ەوە داهێنراو بوو. ئێستا ئیتر بەڵگەیەکی ڕٶشن و تێکنەشکێنراومان دەربارەی تیۆری ئێستا لائەبێت- تەنها سەلماندنێک بەفیعلی هەژمار بکرێ: سەلماندنی تێبینی‌یە(چاودێریکردنە) فعلییەکانە. گومانی تێدا نییە پیاوانی فاتیکان بە بایەخەوە دەرئەنجامەکان چاودێری ئەکەن، هەروەها مارکسیستەکانیش، بەڵام لە ڕوانگەیەکی پێچەوانەترەوە.

ئەستەمە ئەو تێبینانەی(چاودێریکردنانەی) لە داهاتوودا ئاشکرا ئەکرێن بیانڵێین. لەوانەشە جۆرێک لە تەقینەوە، یان تەنانەت چەند تەقینەوەیەکیش ڕوویان دابێت، بەڵام ئەوەی کە نابینین سەرەتای کات، بۆشایی و ماددەیە کە نە سەرەتایان هەیەو نە کۆتاییش. لە جێگەیدا چەند هێڵکاری کەمڕووناکیی ئەستێرەو هەسارەکانی تر ئەبینن کە بەرەو هەتاهەتایی(infinity) ئەکشێن.

ئەمەیە کە من وەک ماتریالیستێک زۆبە متمانەوە باوەڕم پێیەتی. کێ ئەیزانێت؟ لەوانەیە من هەڵە بم. لەوانەشە کارکری دروستبوون بەو شێوەیەی لە بایبڵدا وەسفی کراوە چاولێبکەن. گەر بەختیش یاوەریان بێت، لەوانەشە لە سەرنجی چاوتروکانێکیشدا خوداش ببینن، سەرگەرمانە لە ساتێکدا سەرقاڵی دروستکردنی هەموو شتێکی بوونە لە نەبوون.

لەو حاڵەتەدا پەنا بۆ پێشبینییەکی تر ئەبەم. خودا ڕیشێکی سپی هەڵچووانە و لێكچوونێکی زۆر سەرسوڕهێنەرانەی چارلتۆن هیستۆنی ئەبێت،و تا ئەو جێیەی بە زمانێکی ئینگلیزی ڕەوان و بە ئەکسێنتێکی ئەمریکی قسە بکات هیچ کێشەیەکیشمان لە پەیوەندیکردن لەگەڵیدا نابێت.

چۆن ئەمە ئەزانم؟

زۆر ئاسانە!

لە فیلمەکانەوە بینیم.

لەندەن، ٢ی جەنیوەری ٢٠٢٢

سەرچاوە : لە بەرگریی مارکسیزمدا