کۆرۆنا ڤایرۆس و قەیرانی جیهانیی سەرمایەداری

جارێکیان لینین وتی: سەرمایەداری ترسێکە بێ کۆتایی، ئەگەر ئەتانەوێت ڕاستی ئەم وتەیە بزانن، تەنها شەوانە بڕواننە شاشەی تەلەفیزیۆنەکانتان. هەموو شەوێک چەند دیمەنی مەترسیداری ئازاربەخشی مرۆڤەکان لە تێکشکان و داڕمان و مردن کە دووچاری ملیۆنان ژن و پیاوو منداڵی ئەم سەرگۆی زەوییە ئەبنەوە ئەبینین، لە وێنای شتێک ئەچێت کە نازانم ئێوە چۆن وێنای ئەکەن وەک بیرکردنەوە لە پەتای تاعونی بۆبۆنیک ( مەرگی ڕەش) کە لە سەدەی چواردە سەریهەڵدا ، یان یەکێک لە دیمەنە ترسناکەکانی قەسیدەی دۆزەخی دانتی، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە مێژووی کۆنەوە نییە. یان یەکێک لە دەقە ئەدەبییەکانی سەدەی ناوەڕاست نییە، بەڵکو لێرەدا پرسەکە پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە، یان بە دیوەکەی تردا بە مردنەوە کە دووچاری ملیۆنان و ملیۆنان لە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بووەتەوە کە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە.


Source

بەو بۆنەوە ئەم قەیرانە کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتەکان دائەنێت، لە دەوڵەمەندەکەیانەوە کە ئەمریکایە و دواتر دێمە سەر ئەم بابەتە بە وردتر، بەڵام بێگومان ئەو وڵاتە زۆرانەشتان بیر نەچێت کە زۆرینەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێک ئەهێنن، کە تەنانەت پێش ئەم مەترسی و پێش ئەم پەتایەش بە واقعی لە لێواری برسیەتیدا ژیانیان ئەکرد. لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوون ، گەلانێکی هەژار و ژنانی هەژار و مندالان لە تێکۆشاندا بوون بۆ بژێوی ژیانیان لە ناوچە هەژارنشینەکانی کەلکوتا و لاگوۆس، و چەندین ولاتانی تر.

ئەوەی کە ئەیبیین بە ڕاستی ئەگەر ئەوەندە جدی نەبووایە، لە کۆمیدیایەکی ئەکرد! چۆن ملیۆنان مرۆڤی هەژار و کەمدەرامەت بە دوای یەکدا ڕیزیان بەستبووە بۆ پارێزگاریکردن لەو ڕێکارەی کە بە ” دوورکەوتنەوەی کۆمەلایەتی” ناو ئەبرێت. نازانم بۆرژوازی لە کوێوە ئەم زمان و چەمکە تازانە ئەهێنن کە هەر چەند خولەک جارێک لەگەڵ هەر چوونە پێشەوەی ڕووداوەکاندا داهێنانی تێدا ئەکەن.

” دوورکەوتنەوی کۆمەلایەتی” ” بەدوورگرتنی خۆیی” ” دەستەکانتان بشۆن” . دەستەکانتان بشۆن لە گەڕەکێكی هەژارنشینی وەک کەلکوتا کە دەیان و دەیان خەڵک پیکەوە ئەژین لە بارودۆخێکی ناتەندروست و هەژاری تۆقێنەردا گاڵتەجارییەکی ئابڕوبەرانەیە ! کە ژمارەی خەڵکە بەندکراوەکان زیاد بکەیت هەروەکو نارێندا مۆدی( سەروۆکوەزیرانی هیندوستان-وەرگێڕ) ئەو مرۆڤە قێزەونە دواکەتووە ، بەڵێ مۆدی هاوڕێی بۆریس جۆنسون و هاورێی سەرۆک ترامپ بە فعلی ملیار مرۆڤی لە ماڵەکانی خۆیاندا بەند کردووە، پێت وایە کە ئەم مرۆڤانە ئەبێت چۆن ژیان بکەن؟ من نازانم، لەوانەیە خوا هەر خۆی بزانێت! تەنانەت چەند وێنەیەک لەسەر تەلەفزیۆنەکان هەبوون، چەند وێنەی تۆقێنەری ئەو خەڵکە هەژارو کەمدەرامەتە و بێسەرپەنایە، تەنانەت ماڵێکیان نییە ڕووی تێبکەن، ئەم ڕێکارە تەنانەت لە لەندەن و نیویۆرکیش ئەڵێن. ئەو خەڵکانە زۆرن کە هیچ ماڵ سەرپەنایەکیان نییە و داوایان لێئەکەن کە بگەڕێنەوە مالەکانیان. ئەبێت چی بەو خەڵکانە بڵێیت، بەو ملیۆنان خەڵکەی کە لە هیندوستان لەسەر شەقامەکاندان و هیچ سەرپەنایەکیان نییە، من بە چاوانی خۆم بینیمن. بارودۆخێکی تۆقێنەرە، هیچ شوێنێکیان نییە کە ڕووی تێبکەن. ئەو خەڵکانە بە تایبەت کرێکارە کۆچکردووەکان لە شوێنەکانی تری وڵاتەکەوە هەر ئێستا دەریان ئەکەن، کاتێک ئەڵێم کە دەریان ئەکەن مەبەستم ئەوەیە وەک مامەڵەیان ئەکەن وەک مێگەل، زۆر بە دڕندەییانە لێیان ئەدرێت، هێزەکانی پۆلیسی مۆدی لێیان ئەدەن. چەند وێنەیەک هەبوون لەسەر رووداوەکان. وێنەیەکی تر هەبوو لە ژنان و منداڵانی کەمدەرامەت و هەژارو خەڵکانێک کە بە چەند سۆندەی پەستانی زۆر لە مەوادی پاکەرەوە ئەپرژێنران. تەنانەت کەس نازانێت چ جۆرە ژەهرێک لەو گازەدا هەیە بەڵام زۆر بێبەزاییانە پیایاندا ئەپرژێنرا. ئەو وێنەیە تەنانەت بووەتە هۆکاری ئابڕووچوونێک بۆ هیندوستان کە خەڵک لێرەدا چۆن لەگەڵ ئەم دڕندەیی‌یەدا ڕاهێنراون. بەڵام ئەوەی کە بەدەستی هێنن و پێیئەگەن چییە؟ ئەو سەدان هەزار و ملیۆنە لە کرێکارانی کۆچکردوو کە دەرئەکرێن لە شارە گەورەکان. ئەبێت ڕوو لە کوێ بکەن؟ ئەوان تەنها یەک جێگایان هەیە کە ڕووی تێبکەن. ئەبێت سەدان میل ببڕین بە برسێتی و لە بارودۆخێکی ناخۆشدا تا بگەڕێنەوە دێهاتەکانی خۆیان. لە هەژارترین ناوچەکاندا دەستشۆرێکی تەندروستی لێنیە. ڕوو لە کوێ بکەن کە ئەم تاعونە مەترسیدارە لەگەڵ خۆیاندا بڵاو ئەکەنەوە.

ئەم ڕێکارە دڕندانەیەی کە مۆدی و چەتەکانی حکومەتەکەی بەسەر خەڵکدا ئەیسەپێنن ئەبێتە هۆکاری زیاتری بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە سەرتاسەری هیند بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو، و بێگومان ئەرکی گران و قورستر لێرەدا ئەکەوێتە سەرشانی هەژارترین و داماوترین توێژەکانی کۆمەڵگا. ترسێکی بێکۆتایی بەڵێ ئا ئەمەیە، ئەمە تەنها بەسەر وڵاتە هەژارەکاندا ئەچەسپێت.

ئێوە ئەزانن کە سەرەتای سەرهەڵدانی کابووسەکە، لەبەرئەوەی کابوسێکی ڕاستەقینەیە، تەنها بڕواننە کاردانەوەی ئەوانەی کەسانەی حوکممان ئەکەن، مەبەستم کاردانەوەی چینی دەسەڵاتدارە. ئەم خەڵکانە وا پێئەچێت کە بەرپرس بن لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا، ئەو خەڵکانەی کە لانی کەم واپێئەچێت چەند بیرۆکەیەکیان هەبێت، بیرۆکەی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخێکی لەم چەشنە. لە لایەن بۆریس جۆنسون و دۆناڵ ترامپەوە، بەڵێ دۆناڵد جەی ترامپ کە پێم وابێت وتی کە “تەنها شێوازێکی سادەی ئەنفلەوەنزایە. شتێکە و هیچ کاریگەرییەکی وای نییە” بەردەوام بن لە کارکردن، لەبەرئەوەی کارکردن گرنگترە، وانییە ئەمە گرنگترە؟ بەردەوامبن لە کارکردن، گوێ مەدەن بە تەندروستیتان، گوێ مەدەن بە تەندروستی خێزانەکانتان، هیچ شتێک بایەخی نییە ئەگەر مردن کۆتاییتان پێبهێنێت، بەردەوام بن لە کارکردن بۆ پارێزگاریکردن لە بەردەوامبوونی سیستمەکەمان! بۆ ئەوەی قازانجێکی زیاتر بەدەستبهێنن بۆ خاوەن بانک و سەرمایەدارە ئەمریکییەکان کە لە نێویاندا دۆناڵد ترامپ خۆیەتی. ئەمە ئەخلاقی ئەو سیستمەیە ئەبێت باوەڕ بەمە بکەین.

ئەزانن هەندێک جار گوێبیستی هەندێک گەمژە ئەبم ئەڵێن : ئۆه ئێوەی مارکسییەکان تیۆرییەکی هەڵکردووتان لەگەڵ مرۆڤدا هەیە، ئێ باشە، خۆ پێش هەر شتێک سەرمایەدارەکانیش هەر مرۆڤن، وا نییە؟ پێم وایە کە ئەوانیش دوو قاچ و دوو چاو دوو باڵیان هەیە، هەناسە وەرئەگرن و هەناسە ئەدەنەوە و بەم شێوەیە. بەڵکو پێم وابێت هەندێکیان توخمی زیرەکیشان هەیە. بەڵی بەڵێ بەڵام ئەوان لە سەروون، تەنانەت پێش ئەم بارودۆخەش وەزعیەتی بایۆلۆجییان ئەچنەوە سەر هەمان جۆر وەک باقی مرۆڤایەتی، ئەوان پێش هەرشتێک سەرمایەدارن، خوێنمژەکانن، ئامانجی یەکەمیان لە ژیان و مەبەستی یەکەمیان لە ژیان ، تەنها بوونیان لە ژیان بریتییە لە خوێمژینی ملیۆنان خەڵک، و تەنانەت باردوخێکی دەروونی سایکۆلۆژی هاوئاهەنگیان هەیە لەگەڵیدا، ئەخلاقێکی هاوئاهەنگیان هەیە لەگەڵیدا. بەراستی ئەمە زۆر جێی گاڵتەجاڕییە بە ڕاددەیەک کاتێک ئەیانەوێت موحازەرەی مارکسیەکان دابدەن لەسەر بابەتی ئەخلاق. ئەزانن کە ترۆتسکی نامیلکەیەکی زۆر باشی دەربارەی ئەوەی ” ئەخلاقی ئێمە و ئەخلاقی ئەوان”(بڕوانە ئەم بەستەرە بۆ بنینی نامیلکەکە) کە بە دەرفەتی ئەزانم بانگەوازتان بکەم بۆ خوێندنەوەی بە شێویەکی جدی. بەڵێ تەنها بڕواننە ئەخلاقیان.

ئەو بوونەوەرە ئەبینن کە لە لە باڵەخانەی ژمارە ١٠ داونینگ ستریت حوکم ئەکات: دۆمینیک کەمنگز (Dominic Dummings) یان ڕاسپۆتین کە لە لایەن هاوڕێ نزیکەکانیەوە پێ‌ی ئەناسرێت، ئەو تاوانبارە، ئەو ڕێگرە هەڵنەژێردراوە، ئەو فێڵبازە. ئەو بوونەوەرە هەڵنەبژێردراوە کە تەحەکوم بە بۆریسن جۆنسونەوە ئەکات ویەک زەڕرە عەقڵی لە سەرا نییە، ئەمەیە هۆی ئەم گاڵتەجارییە . هەر لە سەرەتاوە پێشنیاری ئەوەی کرد ، بێگومان ئەو تەنها کەس نەبوو، پێشنیارێکی بیرۆکەیەکی شێتانەو گەمژانەی کرد ، پێم وابوو پێیان ئەوت ” بەرهەڵستی مێگەل یان بەکۆمەڵ” (herd immunity) وانییە، شتێکی لەم بابەتە بوو: بەرهەڵستی مێگەل” هەر لەبەر ئەمەیە کە ئەبێت وەک مێگەل مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، ئەوەی جێ‌ی گاڵتەیە ئەوەیە کە بەڕێز کەمینگز بەم دواییانە خۆی توشی ڤایرۆسەکە بووە، ئەوەی کە من تەنها بیری لێئەکەمەوە ئەوەیە کە ئەو ئێستا ئەندامێکی مێگەلەکەیە، یان شتێکی لەو بابەتەیە!

بەهەرحاڵ ئەمە بیرۆکەکە بوو. کە پێ‌ی ئەوت تیۆری، بەو بۆنەیەوە کە دوێنێ بیستم لە چەند شوێنێک پەیڕەوکراوە. ئەم فێڵبازە خۆی باوەڕی بە ” تیۆری باشترکردنی نەوە”( eugenics) هەیە. “باشترکردنی نەوە” ئەزانن ئەمە بە بەواتای چییە؟ ئەمە تیۆری ژوورەکانی گازە، تیۆری ڕەگەزپەرستییە. لە ڕاستیدا بنچینەی باوەڕی نازییەکانە، بەڵێ داروینیی کۆمەڵایەتی و لەم جۆرانە. بەڵێ ئەو باوەڕی تەواوەتیی بە تیۆری باشترکردنی نەوە هەیە. ئەم کەسە، ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیەتی چینی دەسەڵاتدار ڕەنگ ئەداتەوە، ئەمە تەنها بە ڕێکەوت نییە. هیچ شتێکی تازە لەمەدا نییە. تێمبگەیەنن، بەڕیز کەمینگز خۆی هەڵبژاردەیەکی دابڕاو نییە لەم ڕووەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ڕیشەکەی بۆ مێژوویەکی دوورتر ئەگەڕێتەوە.

بەڵی ئەگەر ئێوە وەک من سەرسامێکی ئەدەبی ئینگلیزی بن، ئەدەب بە شێوەیەکی گشتی و چالز دیکنز و ڕۆبەرت مارلفز بە تایبەت. ئەگەر ئەتانەوێ دەربارەی ئینگلتەرا لە سەردەمی فیکتۆریا بزانن ئەوا پێویستتان بە خوێندنەوەی بارودۆخی چینی کرێکاری ئینگلتەرا لە لایەن ئەنگلسەوە هەیە. بەڵام بخوێننەوە و پێش هەرشتێک چیرۆکەکانی چارلز دیکنز بخوێننەوە نایابن. وەسفێکی ڕاستەقینەی ئەو بارودۆخە دژوارەیە کە خەڵک تیایدا ئەژیان، یەکێک لە باشترین و بەناوبانگترین کارەکانی هەیە، هەمووان ئەبێت ئەوە بزانن، کتێبەکە بە ناوی ( سروودی کریسمەس ) ” christmas carol” ئەزانن کە لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن وەک فیلم پەخش ئەکرێت لە هەموو جەژنێکی کریسمسدا، باسی چیرۆکەکە ناکەم و لەوانەیە خۆتان بیزانن، بەلام کاراکتەری (کەسایەتی) بنەڕەتی تیایدا بریتییە لە سەرمایەدارێکی گەمژە و شەڕانگێز و پیسکە بە ناوی سکروج (Ebenezer Scrooge ). کاتێک کە جەژنێکی کریسمس دێت و وەک عادەتێک لە ڕۆژی جەژنیشدا کرێکارەکان هەر کار پێئەکات بێ هیچ بەزەییەک. ڕۆژێکیان هەندێک لە بەڕێزە خێرخوازەکان دێن بۆ سەردانکردنی بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە لە پێناو هەژاراندا، بێگومان ئەو شتەیە کە ڕەدی ئەکاتەوە. بۆچی ئەبێت پارەکانی بدات کە بە هیلاکی و زەحمەتی دەستی کەوتوون بۆ ژمارەیەک لە خەڵکانی بێکار! ئەو دوو بەڕێزە لە چینی ناوەراست کە مەبەستی باشیان هەیە داوایان لە ‘سروشتە چاکەکەی’ سروج کرد کە بێگومان ئەو نیەتی ! بەڵام بەهەر حاڵ داوایان لە بەڕێز سکروج کرد و پێیان وت: لەوە تێناگەیت ئەگەر خواردن نەدەیت بەو هەژارانە ئەوا لە برسانا ئەمردن وەڵامدانەوەی سکروج چی بوو؟ ئەمەتان بیر نەچێت لە کریسمسدا وتی: زۆرباشە لێیان گەڕێن با بمرن، با بمرن ئەمە ژمارەی زیادەی دانیشتووان( surplus population) کەم ئەکاتەوە”. ڕێژەی دانیشتوانی زیادبوو کەم ئەکاتەوە!

بەو بۆنەیەوە بڵێم ئەمە تیۆریەکی زانستییە، بۆ کەسێکی تاوانباری کۆنەپەرست و زۆر قێزەون کە ناوی ماڵزەسە (Malthus)، قەشە ماڵزەس وەک ئەوەی مارکس وەسفی کردووە، کە تا ئەم کاتەی ئێمەش بیرۆکەکانی دەستاودەستی پێئەکرێت.

بە تەواوەتیی عەقڵیەت و ئەخلاقی ڕاستەقینەی بۆرژوازی ڕەنگ ئەداتەوە، باوەڕم پێناکەن؟ باشە ئەمە بە ئاسانی ئەسەلمێنم، ئەگەر بوارێک دەرفەتم بدەن چەند ساتێک بۆ ئەوەی مەبەستمە بیدۆزمەوە( ئالان بە کتێبخانەکەیدا ئەگەڕێت- وەرگێڕ) بەڕێزێک لە تەلەگراف کە ڕۆژنامەی بۆریس جۆنە پێم وابێت گەنجێکە کە ناوی جێرمی وارنەرە ڕۆژنامەنوسێکە لە تەلەگراف تویتێکی ( جریوە) بڵاو کردۆتەوە و وتویەتی [سەرەتا رێم بدەن کە بیخوێنمەوە بۆتان، باش گوێبگرن لەوەی کە نوسیویەتی] ” با زۆر ڕاشکاوانە بین ، لە دێدگای ئابوری بێلایەنەوە بە تەواویی [ بێگومان بێلایەن، وانییە] ، لە دێدگای ئابوری بێلایەنەوە بە تەواویی کۆڤید نۆزدە ئەتوانێت کە سوودێکی مامناوەندیشی بۆ ماوەیەکی درێژ هەبێت[ وتویەتی ماوەیەکی درێژ، سوودی مامناوەندی هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ، بەڵی وا ئەڵێت، ئەمە چۆنە؟ ] لە ڕێگای قەلاچۆکردنی[ قەلاچۆکردن : ئەم تێرمە بۆ مشەخۆرەکان و شتی لەو بابەتە بەکاردێت] لە ڕێگای قەلاچۆکردن بە شێوازێکی ناهاوتای بەتەمەنە نەخۆشەکان” فەرموون! ئائەوە بوو کە باسم کرد. لە ڕێگای ڕۆژنامەنووسێکەوە، ڕۆژنامەنوسێکی بۆرژوازیی بەڕێز. بێگومان ئەم تەنها نییە. پێیان وتم کە سەرنجی هاوشێوەی لەم بابەتە هەبووە، تەنانەت هەندێک لە دکتۆرەکان ئەمەیان ڕاگەیاندووە. نازانم چی ڕووی داوە لەو کەرتە دووڕووە( مەبەستی کەرتی تەندروستییە – وەرگێڕ) لەم حاڵەتانەدا لە ئەڵمانیا و هۆڵەنداش هەمان شت ئەڵێن، ئای کە شتێکی باشە ئەو بەتەمەنانە ئەمرن! ئەبێت بمرن لەبەر ئەوەی ئەمە قورساییەکان سوکتر ئەکەنەوە! ئەوانەی کە بە شێوەییەک ڕێک پێشکەشی ئەکەن بۆ پاشەکەوتکردن پارە لەو کەسانە! بەڵێ، ئەوان بە بارێکی قورس لەسەر شانی کۆمەڵگا وەسفیان ئەکەن هەرلەبەر ئەوەیە کە ئەبێت قەلاچۆبکرێن ! ئەزانن هەروەک ئەوەی کە چۆن لە کەنەدا یان ئالاسکا سەگی ئاویی ئەکوژن! بیرم نەماوە کە لەسەریان ئەدرێت. بەڵام ئەگەین بەمە لە دواین وێستگەدا. لە ڕێگای لێدان لە سەری پیرەکانەوە، بۆ نا !! ئەمە زۆر خێراتر و زۆر کاریگەرترە!!!

بەڵام گوێبگرن ؛ ئەمە گاڵتەکردن نییە. ئەوەی کە وەسفی ئەکەم بۆ ئێوە دۆستان و هاورێیان ئەخلاقی ساردو قێزەونانەی سەرمایەداریی و چینی دەسەلاتدارە. ئەو خەڵکانەی کە کۆمەڵگا بەڕێوە ئەبەن. دوێنێ ئەندرۆ کۆمۆ وتی پێم وابێت سەرۆک شارەوانی نیویۆرکە و لە ئیکۆنۆمیست بڵاوکراوەتەوە[ بە کتێبخانەکەیدا ئەگەڕێت و ئەڵێت لە شوێنێک دامناوە] ، بەو بۆنەیەوە ئای لە پەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە کە سەرنجڕاکێشە ئەبینن؟! ئەمە ئەبینن؟! چی ئەڵێن ، هەژماریکردنی دژوار( grim calculas ) هەژمارکردنی دژوار چییە؟ با فەقەرەی یەکەم بخوێنینەوە، ئاوا ئەلێت، بەم شێوەیە دەست پێئەکات” وا بێنە پێشچاو کە دوو نەخۆش هەیە و دووچاری دوو پەتای مەترسیدار بوون و تەنها یەک ئامێری هەناسەدانی دەستکردمان هەیە، ئەمە ئەو بژاردەیەیە کە ڕووبەروی زۆربەمان بووەتەوە، بەڵێ ئەمە بژاردەکەیە. ئەمە تەنها یاریکردن بە وشەکان نییە. یان شتێکی لەم بابەتە. ئەمە ڕاسستییە! ئەمە واقعیەتەکەیە! کەرتی تەندروستی نیشتمانی لە بەریتانیا دەرگیری کەمی ئامێری هەناسەدانی دەستکردە وەک هەموو کەرتە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی تر لە سەرتاسەری جیهان، دەرگیری کەمی ئامێرەکەن بە شێوەیەکی زۆر. بەم شێوەیەیە ئێمەی بەم ئاستە گەیاندووە. هەر لە ئێستادا هەمان ئەو بارودۆخە وەسفکراوەی پێشوومان هەیە، نەک تەنها لە نێوان دوو نەخۆشی داماو بەڵکو لە نێوان سەدان نەخۆشی داماو تەنها لە بوونی یەک ئامێری هەناسەدان و لەوەش خراپتر بە بێ بوونی هیچ ئامێرێک. ئەمە ڕاستییەکە! ڕاستییەکە و حکومەتەکان لە سەرتاسەری جیهان لەم تاوانە بەرپرسیارن. لە ڕووی ” پێوانەی ژیانی مرۆڤ ناکەین بە دۆلار” ئەمەی زۆر بە وریاییەوە دەربڕیوە. ئەمە ئیحساسێکە و شایەنی پیاهەڵدانە. بەڵام بەڕیز کۆمۆ بەداخەوە هیچ ڕەزامەند نییە لەسەر ڕاستییەکان بەڵکو بە پێچەوانەوە. ئایا پێتان وایە کە نرخی ژیانی مرۆڤێک هەمان نرخی ژیانی مرۆڤێکی ترە لە سایەی هەمان سیستمدا! وام لێمەکەن پێبکەنم!! بێگومان نەخێر. لە کۆتاییدا ئەو مرۆڤانەی کە زۆر هەژارن و ئەو توێژانەی کە زۆر داماون و مرۆڤە بەتەمەنەکان و …هتد گیان لە دەست ئەدەن.

بڕیارەکە بەڵێ ئەڵێن ” ئەبێت چەند بڕیاری قورس بدەین” ئەمە بەبەردەوامی ئەڵێنەوە، “بریاری قورس” بەڵام ئایا بۆ ئەبێت بڕیاری قورس بدەین؟ ئێمە ئەڵێین [ بێگومان ئێمە نا] بەڵکو پزیشک و پەرستارە ماندووەکان، بەتایبەی پزیشکەکان کە بە ڕاستی هەوڵ ئەدەن لە بارودۆخێکی قورسدا بەهۆی کەمی سەرچاوەکان، بەهۆی ئەو ڕێگایەی کە مەبەستدارانە کەرتە تەندروستییەکان پێیدا تێئەپەڕن ، دزینیان و خراپکردنیان و دزینی سەرچاوەکانی لە دەیەی رابردوودا لانی کەم لە دەیەی رابردوودا. ئەو پزیشکە داماوانەی کە تەنانەت هیچ جلوبەرگێکی خۆپارێزیی گونجاویان نییە. من لەمە تێناگەم، مەبەستم ئەوەیە کە لەوانەی لە کۆتایی ژیانمدا شتێک گەمژە بووبم! نازانم، بەڵام تێیناگەم! ئێوە لێ‌ی تێئەگەن؟! لەمە تێناگەم، لانی کەم مانگێک تێپەڕیوە بەڵکو زیاتر لە مانگیک لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە، ئاگاداری تەواوەتیی ئەمە بوون، بەڵکو پێش و دوای ئەمەش، بەو بۆنەیەوە چەند پەتای تر هەبوون لە ڕابردوودا ، لە ڕابردووی زۆر نزیک. بۆچی کەمی لە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە؟ لە هەموو جێگایەک. لەوانەیە جگە لە چین و کۆریای باشوور نەبێت. بەڵام لە ئەمریکا ! لە دەوڵەمەندترین وڵاتی سەر زەوی. لە بەریتانیا! کە ئەویش بە هەمان شێوە هەژار نییە، بۆچی کەمی لە ئامێری هەناسەدان هەیە؟ نەک تەنها لە ئامێری هەناسەدان بەڵکو لە کەلوپەلە سەرەتاییەکانی وەک دەستکێش، دەستکێشی نەشتەرگەریی، یان دەمامک. ئایا بەرهەمهێنانی دەمامک چەندی تێئەچێت؟ و چەند کاتی ئەوێت بۆ بەرهەمهێنانی ئەم پێداویستییانە؟ گاڵتەجاڕییە! سەرباری ئەمەش دوای مانگێک هاوارێکی گشتی لە لایەن پزیشکان و پەرستارەکانەوە هەموویان لە سەرتاسەری جیهان، لە وڵاتە هەرە پیشکەوتووەکان جارێ با باسی ئەفریکا و ئاسیا نەکەین و تەنانەت زۆر قورسە بیریشی لێبکەیتەوە. ئەو خەڵکە داماوە کە هیچ شتێکیان نییە. بەڵام لە ولاتە پێشکەتووەکانی وەک بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئیتالیاو لە پێش هەموویانەوە ئەمریکا. هاوارێکی گشتی هەبوو ” هیچ ئامرازێکی خۆپارێزیمان نییە!” من قسە لەسەر ئەو کەسانە ئەکەم کە هەر ئێستا لە هێڵی پیشەوەدان. واتە پزیشک و پەرستارەکان” هیچ هۆکارێکی خۆپارێزی سەرەتاییمان نییە!” . ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی ئامۆژگاریی ڕۆشنی خستووەتە ڕوو، ئەڵێن کە نابێت لە کەسانێک نزیک ببیتەوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە بن لە بارێکدا ئەگەر جلوبەرگی خۆپارێزیی بەتەواوی داپۆشراوت لەبەردا نەبێت کە هەموو لەشت دابپۆشێت. ئەگەر بڕواننە وێنەکان ئەبێت زۆر بە بەخت بن ئەگەر بەرکۆشیان لەبەردا بێت بەڵام قۆڵیان ڕووتە و بەکتریاکان ئەتوانن لەسەری کۆببنەوە، ئەگەر زۆر بە بەخت بن ئەوا دەمامک ئەپۆشن، چاوەکانیان ، بەڵی چاوەکانیان دانەپۆشراوە. ئەم ڤایرۆسە بە تەواویی دوژمنکارانەیە و پێئەجێت بەر هەر شوێنێکی لەشمان بکەوێت ئەگەر بەدەرەوە بن. بۆیە ئەمە تاوانکارانەیە!

ئێستا هەوڵ ئەدەن بە شێوەیەکی فێڵبازانە سوود لەم قەیرانە وەربگرن ، هەمیشە ئەم کارە ئەکەن، وانییە ، هەمیشە ئەم کارە ئەکەن. بە تایبەت بەریتانییەکان زۆر تایبەتمەندن لەم بوارەدا هەروەک خۆتان ئەزانن ئا “بەڕاست وەک جەنگ وایە ” هەروەک ترامپ ئێستا ئەیڵێت. هەمان ئەو ترامپەی کە ماوەیەک لەمەوبەر، ماوەی چەند هەفتە لەمەوبەر ئەیوت” نەخێر، نەخێر بەهەمان شێوەی ئەنفلوەنزایەکی سووکە. قەیناکا کێشە نییە ، بێزەحمەت ئەتوانن بچنەوە سەرکار؟! و هەروەها وتی” هەموو شتێک لەگەڵ هاتنی جەژنی لێبورن کۆتایی دێت” بەڵام نەیوت کە جەژنی لێبوردەیی لە کام ساڵ! جەژنی لێبوردەیی کام ساڵ! ئەمەی گۆڕی دواتر، ناچاربوو کە بیگۆڕێت. مەبەستم ئەوەیە ئەم خەڵکانە ئەڵێن ئێستا ” نا، نا، نەخێر بارودۆخێکی فریاگوزاریی نیشتمانییە، هەروەکو جەنگ وایە” گوێتان لەمە بووە؟ بەڵێ ” هەمان شێوەی جەنگە”، ئێمە ڕووبەرووی دوژمنێکی شاراوەین. شتێک لەوە خراپتر نییە. لە دوژمنێکی نادیارو شاراوە. ئەبێت ئەو دوژمنەت لادیار بێت کە جەنگی لەگەڵیدا ئەجەنگیت.

هەروەها، ئەزانن چی هاوڕێیان؟ ئەزانن دواتر چییە، هەرلەبەرئەوەیە کە” ئەبێت هەموومان هاوکاری یەکتر بکەین”!! بەڵێ، بەڵێ هاورێیان ئێمە هەموومان لە هەمان کەشتیدان و ئەبێت هاوکاری یەکتر بکەین! ئەبێت یەکێتیەکی نیشتمانی هەبێت! و بەم شێوەیە لە بەریتانیا پێشنیاری بیرۆکەی دامەزراندنی حکومەتێکی یەکێتی نیشتمانییان کرد ، بەهەرحاڵ، ئەمە بێگومان ئابڕووبەرانەیە لەبەر ئەوەی ناڕوانێتە دوورتر لە خۆی. بەکورتی ئەرێ کوا جلوبەرگی خۆپارێزیی؟! لەبەر ئەوەی مانگێکی تەواوی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵێ کاتێک وتیان و درۆیان کرد، ئەوان دۆر ڕیز ئەکەن! نازانم ئەگەر خەڵاتێکی نۆبڵ هەبێت بۆ درۆکردن. پێم وایە کە بۆریس جۆنسون و ئەو خەڵکە دزانە یەکەمین کەس ئەبن کە خەڵات ئەکرێن. زۆر گەمژانە درۆ ئەکەن، هەموو شەوێک درۆ ئەبەخشنەوە، درۆکان نەخۆشم ئەخەن! بڕواننە تەلەفزیۆنەکان، بە بەردەوامیی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ساز ئەکەن چی ئەڵێن؟ ئۆو، نەخێر هیچ کەموکورتیەکمان لە جلوبەرگی خۆپارێزیی نییە! دنیایەک ماسکمان هەیە، ملیۆنان لەوە و ملیۆنان لەوەی ترمان هەیە، وێنەی کۆگاکان پیشان ئەدەن، بەلام نازانم ئەو کۆگایانە لە کوێن لەوانەیە لە شەنگای و یان جێگایەکی تر بن نازانم. بەڵام بە دڵنیایی لەم وڵاتەدا نییە. خەرمانێکن و ئێمە ئەم ئامرازانە ئەگەیەنین ! و کاتێک کە ڕۆژنامەنوسەکان پرسیاریان لێئەکەن کە کەی ئەو دابینکردنانە ئەگەن ؟ وتیان ASAP( هەر زۆر بە خێرایی ) ئەمە ڕێک بە مانای ئەوەیە کە بچن بۆ دۆزەخ! پرسیاری گەمژانە مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەو مەوادانە ناگەن، بە هەمان ئەو بڕە داواکراوانەو بە خێرایی ناگەن بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤەکان. ئەمە دەرئەنجامی کۆتاییە. ئەمە ئەو پرسیارەیە هاوڕێیان. نەک تەنها لە چەوساندنەوەی ئابوری ئەم و ئەو ، بەڵکو مەسەلەی ژیان و مردنە، و تەنانەت ژمارەیەکی زۆری خەڵک گیانیان لەدەستدا. لە ئیسپانیا زیاد لە دە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. لە ئیتالیا پێم وایە پانزە هەزارکەس گیانیان لەدەستدا. لە ئەمریکا بەڕێز ترامپ هەمان ئەو کەسەی کە ئەیوت ” هەمان شێوەی ئەنفلۆنزایەکی سادەیە. و تەنها بەدەرکەوتنی ڕۆژ کۆتایی دێت” ، [ ئالان بە پێکەنینەوە بەردەوامی بە قسەکان ئەدات- وەرگێڕ ] ئەیوت: “ئەم ڤایرۆسە ناتوانێت بەرگەی ڕۆژ بگرێت” بە بۆچوونی ئەو ، هەمان ئەو ترامپە ئێستا ئەڵێت ” باشە، لەوانەیە بەختی ئەوەمان هەبێت، ئەگەر بە بەخت بین، لەوانەیە سەد هەزار حاڵەتی مردنمان هەبێت” ئۆو بەڵێ “سەد هەزار ژمارەیەکی زۆر خراپ نییە ” هەروەک ڕایگەیاند. ئەمەی لەسەر تەلەفزیۆن ڕاگەیاند” بەڵی لەوانەیە زۆر لەوە زیاتر بێت ، لەوانەیە چارەکە ملیۆنێک “. هیچ کەسێک نازانیت بێگومان بەتایبەتیش ترامپ. ئەمەیە لە ئێستادا هەستی ترسی گەورەو بڵاو لە نیویۆرک. بە بۆنەوە ئایا ئەزانن کە ژمارەی مردووەکانی ئەمریکا لە چین زیاترە بەهۆی ئەم پەتایەوە. زیاد لە ٥٥% لە دواین ڕێژەدا کە بیینم و لە بەرزبوونەوەشدایە. نیویۆرک یەکێک لە خراپترین شارەکانی دنیایە. دەوڵەمەندترین شار لە جیهان و لەم بارودۆخە دژوارو کابووساویەدایە! ئێستا ئەگەر ئەمە ئاماژەی شکستی حکومەت و ئەو سیستمە نەبێت کە لەسەری دامەزراوە ئیتر من نازانم چی ترە!

ئایا ئەزانن کە هیچ دوودڵییەک لەوەدا نییە ” کە ئێمە هەموومان لە هەمان بارودۆخداین” . ئەمە درۆیە، ئێمە هەموومان پێکەوە هەمان بارودۆخمان نییە. چۆن دۆناڵد ترامپ تێستی خێرای کۆڤید نۆزدەی بەدەستهێنا و دەوڵەمەندەکانی تریش لە ئەمریکا ئەتوانن بەهرەمەند بن لە تێستی خێرا. لە کاتێکدا کە پزیشکەکان نەتوانن تێستەکە لە ئەمریکا بکەن؟ ئەمە چۆن ئەبێت. شازادە چارلی چۆن توانی تێستەکە بکات کە ئەویش توشی ڤایرۆسەکە بووە، بەهەرحاڵ خۆشحاڵم بەوەی کە گوێبیستی ئەوەم کە لە جێگەدا کەوتووەو ئەتوانین هەموومان پشوو بدەین. توانی کە تێستی خێرا بەدەست بهێنێت. بۆریس جۆنسونیش تێستی خێرای بەدەستهێنا مات هانکۆکی (Matt Hancock) وەزیری تەندروستیش بە هەمان شێوە بەهرەمەند بوو لە بەدەستهێنانی تێستی خێرا و هەموویان کاتی تەواویاویان لە چارەسەرییەکە بەدەستهێنا. دەوڵەمەند و بەهێز و خاوەن نفوزەکان ، بەڵێ ئەوان باشن. زۆریان لێنامرێت، و ئەتوانیت گرەویش لەسەر ئەوە بکەیت! ژمارەیەکی زۆری ئەوان لە مەیتخانەکاندا نابینیت کە خەریکی دووبارە کردنەوەی نەخۆشخانە گەورەکانن کە دروستر بڵێم لە مەیتخانەکان ئەچن! لەو ناوچەیەی کە من لە باشوور لێ‌ی ئەژیم لە ناوەندی میلانیەم، نەخێر ئەمە مەسەلەیەکی جدییە.

ئەزانن کە ئەمە پرسی ئەوە نییە کە” هەموومان پێکەوەین” هیچ کاتێک وا نەبووە. شتی وا ڕاست نییە لە جەنگێکی ئاساییدا. بابەتەکان لە سەرەتای جەنگەوە هەر ئاوا ئەبن! کە “ئاڵای نیشتمانی ئەشەکێتەوە!” و “ئێمە هەموومان پێکەوەین!” ، ” نیشتمان ڕزگار بکەن!” و گاڵتەجاڕیەکانی تری لەم بابەتە. بەڵێ ئەوان هەرئێستا هەمان فیڵ بەکارئەهێنن. بەڵام فێڵەکە سەرناگرێت. سەرناگرێت و لەوانەیە بۆ کورتماوە سەربگرێت و کاریگەری لەسەر خەڵکانێک دابنێت، خەڵکیش پێویستی بە بینینی جۆرێک لە ڕێکارەکانە کە پێ‌ی هەڵئەسن یان ئەوانەی کە پەیمانیان پێدراوە لە سەرەتادا.

لێرە ژمارەیەکی زۆری بەڵێنمان هەن، بەڵام کردەوەی زۆر نییە. ژمارەیەکی زۆری بەڵێن، بەو بۆنەوە هەموویان درۆن بەڵام بەهەرحاڵ، کورتکراوەی قسەکانم هاوڕێیان ئەوەیە کە ئەم پرسە چینایەتییە، بەڵێ چینایەتییە.و بە ڕۆشنی کەلێن و قڵشتەیە کە پڕناکرێتەوە ، ئەو کەلێنەیە کە لە کۆمەڵگا سەریهەڵداوە لە هەر جێگایەک لە نێوان دەوڵەمەندەکان و ئێمەی هەژار و لاواز و مەحروم و بێکارەکان و بەتەمەنەکان و ….هتد. کەلێنێکە و قابیلی پڕکردنەوە نییە. جارێکی تر ئەم قەیرانە کە پرسی کۆڤید نۆزدەیە ئەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان، و دڵنیایی لە چەند شتێک ئەداتەوە کە پێشتر ئەزانران.

ئێستا لە تێڕوانینی مارکسیزمدا ئەبێت ئەوە بڵێم کە بە دڵنیایی ئێمە هاتنی ئەم پەتایەمان پێخۆش نییە، و کێ ئەبێت هاتنی پەتایەکی لەم چەشنەی بەلاوە خۆش بێت. بەڵام ئەبێت ئەوە بڵێم کە زۆر وتراوە و بە بەردەوامی ئەگوترێتەوە کە قەیرانی ئابوری کە بایەخدانێکی تری جدییە گوایە هۆکارەکەی کۆڤید نۆزدەیە. نەخێر ئەمە ڕاست نییە! بە هەموو شێوەیەک ئەمە ڕاست نییە! ئایا ئەزانن کە ئێمەی ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی دۆکیومێنتێکمان نوسی لە مانگی نۆی رابردوودا. پێش ماوەیەکی زۆر لە بیستینی پەتای ڤایرۆسەکە نوسیمان، بە ڕاستی بە ئامارو ژمارەوە ئەوەی کە پێ‌ی ئەوترێت “گەشەی ئابوری” یان ” ساڕێژبوونەوەی ئابوری” ڕوونکردەوە. بەهەرحاڵ دەستی کردبوو بە پووکانەوە و زۆر فشەڵ (لاواز و بێتوانا)بوو. ڕامانگەیاند کە ئەم بارودۆخە ئەکرێت زۆر با سادەیی بگۆڕدرێت بە داڕمانێکی قوڵو ڕاشمانگەیاند کە لە داڕمانی ساڵانی ٢٠٠٨ بەدواوە قوڵتر ئەبێت، و هەرواش ئەبێت. ڕامانگەیاند کە ئەکرێ لە ڕوودانی هەر رووداوێکەوە سەرهەڵبدات، ڕووداو لە بوارە فەلسەفیەکەی بریتییە لە ڕووداوێک(Event) کە ئەکرێت ڕووبدات (Happen) یان نەدات بۆ نمونە وەک قەیرانی بۆرسە یان جەنگ لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست، یان تەنانەت تویتێکی گەمژانە لە لایەن سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. هەریەکێک لەو شتانە ئەکران ببنە هۆکاری تەقانەوەی بارودۆخەکە بۆ داڕمانێکی قوڵتر. هیچ شتێک لەوانە نەبوون و بەڵام کۆڤید نۆزدە بوو کە ئەم ڕۆڵەی گێڕا و خزمەتی بەوە کرد کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. چ کاریگەرییەکی هەیە؟ داڕمانێکی تۆقێنەرانەیە، داڕمانێکی فەلەکیانەیە! مەبەستم ئەوەیە دواین ئامارەکانی ئەمریکام بینی کە تاکو ئێستا ٦،٦ ملیۆن کرێکار لە ئەمریکا داوای بیمەی بێکاری ئەکەن، سەرباری ئەمە ٣،٣ کرێکاری تریش، پێم وابێت ٣،٣ ملیۆن بوو لە کۆتایی هەفتە کە بەمەش ژمارەکە بەرز ئەبێتەوە بۆ دە ملیۆن تەنها لە ماوەی هەفتەو چەند ڕۆژێکدا. ئەم ژمارانە پێشبیننەکراو بوون لە ڕابردوودا و بێکاریی تا ڕادەیەکی یەکجار مەترسیدا بەرز ئەبێتەوە وەک ڕۆکێت لە هەموو جێگایەک.

کاردانەوەی چینی بۆرژوازی چییە لە بەرامبەر ئەمەدا، چارەسەری چییان پێیە بۆ ئەمە؟ باشە ئێمە پێشتر ئاماژەمان پێدا. ئەگەر پرسیارم لێبکەن ئایا هیچ ئامرازێک هەیە کە بۆرژوازی بەکاربهێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە داڕمانەکەو لێکەوتەکانی، وەڵام ئەدەمەوە و ئەڵیم بەڵێ بێگومان ئامراز هەیە کە باش ئەیزانن چییە و دوو ئامرازی بنەڕەتی بریتین لە : یەکەم کەمکردنەوەی نرخی سوو ، و دووەمیش زیادکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت(کینێسیانیزم)[ Keynesian economics] * . ئێستا بژاردەی یەکەم لە توانادا نییە، لەبەرئەوەی نرخی سوو خۆتان ئەزانن لە سفر نزیک بووەتەوە، ئەگەر بۆ خۆی هەر ئێستا سفر نەبێت! لەبەر ئەوە ناکرێت ئەم ئامرازە بەکاربهێنرێت. ئەم ئامرازە بە فیعلی بەکارهێنرا لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بە ئامانجی پاڵنان بە ئابورییەوە. بەڵام دووەمیین ئامرازیان کە تایبەتە بە زیادکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت بۆ خۆی کێشەیەکی گەورەیە سەرباری ئەوەی کە دەست بۆ ئەمە ئەبەن. بەڵی ئەمە ئەکەن. بابەتێکی جێ سەرنج و تێڕامانە ئەوەی کە ئەیکەن، بەڵام هەروەک ئێوە ئەیبینن لە ڕوانگەی تیۆری سەرمایەدارییەوە، لە ڕوانگەی بەرپرسانەی ئابوری سەرمایەدارییەوە ئەمە هیچ بایەخێکی نییە. ئەمە ئابوری ڤیدۆیە(Voodoo)یە هاوڕێیان.

کە چۆن قەرزی کەڵەکەبووی زۆر هەبوون لە قەیرانی پێشووتری ساڵانی ٢٠٠٨ ، ئەو کاتانەی کە هەستان بە ڕزگارکردنی بانکەکان هەروەک بیرتانە، لە ڕاستیدا هەستێکی زۆر ناسکیان بەرامبەر بانکەکان و سەرمایەدارەکان هەیە! هەستان بە ڕزگارکردنیان و خەڵکیش ئەبوایە باجەکەی بدەن. ئەمە مانای ١٠ ساڵ لە سیاسەتی دەستپێوەگرتن ڕوون ئەکاتەوە. ئێستا بڕواننە ئەو ژمارانەی لە ئەمریکادان، ژمارەکان زۆر ڕوونن. ساڵی ٢٠١٢ ماوەی حەوت مانگی خایاند تا هەستان بە ڕێکارەکان، بەڵام ئەمجارەیان تەنها دوو هەفتەی خایاند لەبەر ئەوەی ترساون، ئەوان بە ڕاستی ترساون. دەستیان کرد بە پەمپدانی ئابوری بە بڕی دوو تریلیۆن دۆلار، ئەمانە ژمارەی یەکجار زۆرن هاوڕێیان. دواین جار لە ساڵی ٢٠٠٨ ، پێم وابێت ئەو کاتە ژمارەکە تەنها یەک تریلیۆن دۆلار بوو و زۆر کافی بوو ئەو کاتە. پارەیەکی یەکجار زۆرە! ئەمە جگە لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و ..هتد، هەموو حکومەتەکان هەمان ڕێکار ئەگرنە بەر. ئەوان بە خۆشحالییەوە بێڵکاری (Shoveling) بە پارەی دەوڵەتەوە ئەکەن. بۆچی ؟ نەک بە ئامانجی یارمەتیدانی چینی کرێکار، ئەمە درۆیە و هەموویان ئەیانەوێت بەو شێوەیە وێنای بکەن. نەخێر. ئەمانە فرمێسک ڕشتنی هاوکاری یەکجار گەورەن بۆ کۆمپانیا گەورەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سوودو قازانجی کۆمپانیا گەورەکان، بۆ دانی فاتورەکانی سەرمایەداریی. بەو بۆنەوە سەرمایەداران خۆیان چەند ڕێگای زۆریان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەمانە. بەڵام نەخێر جارێکی تر دەوڵەت. بەڵێ دەوڵەت جارێکی تر دەست تێوەرئەدات بۆ ڕزگارکردنی سیستمی سەرمایەداری، ئەمە سەرنجڕاکێشە وانییە؟ داواتان لێئەکەم کە بۆ تەنها خولەکێک بیربکەنەوە لەم لۆژیکە. بەدێژایی ساڵان و چەند دەیە لانی کەم سی ساڵ ئەبێت کە ئێمە بە کەمپینەکانی پروپاگەندەی بەردەوامیی بۆرژوازیی دەرخوارد ئەدرێین، بۆ کاریگەری دانان لەسەر ئەوەی کە هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت سەلماندی کە موڵکدارێتی گشتی هیچ سوودێکی نییە و سۆسیالیزم هیج سوودێکی نییە! پلاندانانی ناوەندی هیچ سوودێکی نییە! بژی ئابوری بازاڕ و بازاڕی ئازاد! ڕاست ئەکەم یان نا ؟ پێم وایە کە من ڕاستگۆم . دەوڵەت هەروەک شارەزایانی ئابوری ، ئەوانەی کە چەندین نازناویان لە پاڵ ناوەکانیانەوە ڕیز کردووە. وتیان تەنها ڕۆڵی دەوڵەت ئەوەیە کە خۆی بە دوور بگرێت لە ئابوریی، بەدوای ئەمانەدا بگەرێن، بەدوایدا بگەڕێن و کتێبەکانی خوێندن چاولێبکەنەوە. ئاوایان ئەوت. دەوڵەت هیچ دەورێکی نییە. ئەبێت هیچ ڕۆڵێک لە ئابوریدا نەگێڕێت. باشە، بەڵام ئێستا بارودۆخ چۆنە؟ بەهەمان ئەو شێوەیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ڕوویدا. ئابوری جیهان لە لێواری هەرەسهێناندایە. لە سەر ئەژنۆکانی خۆی چۆکی داداوە. کێ ڕزگاری کرد، دیسانەوە دەوڵەت! هەمان ئەو دەوڵەتەی کە وا بڕیار بوو هیچ ڕۆڵێک نەگێڕێت، ئەمە سۆسیالیزمە وانییە؟! بێگومان نەخێر، سەرباری ئەمەش پلاندانانی ناوەندییی و ڕێکاردانانی ناوەندیی کوان؟ ئەو شتانە لە کوێن لە ئێستادا؟

نەم ئابوری بازاڕی ئازادە ڕوو لە کوێ ئەکات؟ ئێوە وەڵامم بدەنەوە. ڕوو لە هیچ شوێنێک ناکات هاوڕێیان. ئابوری بازاڕی ئازاد مایەپووچە، کۆتایی هاتووە، گەندەڵە، بێتوانایە، بە تەواوی داماوە لە ئەنجامدانی هەر چارەسەرێک بەتایبەت لە قەیرانێکی لەم جۆرەدا. هەموو بەرپرسیارێتییەک بۆ چارەسەری ئەم پشێوییە ئەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت. دەوڵەت تریلیۆنەها دۆلار پیشکەش ئەکات، ئەمە ئابوری کینیزمە. تەنانەت زۆرێک لە سیاسییە ڕیفۆرمخوازەکان لە نێو پارتی کڕێکاریدا بەڵکو تەنانەت هەندێک چەپێکیش کەوا بڕیارە زیاتر تێگەیشتووتر بن، بەلام بە هیچ شێوەیەک وا نین. نەمانە ئەڵێن، ئابوری کینیزی (Keynesian economics) چارەسەرە. ” ئەکرێت سەرمایەداریمان هەبێت، بەڵام ئەبێت سەرمایەدارێکی باش (nice capitalist) بێت!” جۆرێک لە سەرمایەداریی دەوڵەتی پێم وابێت. سەرمایەداریی بە ڕوویەکی هاوڕێیانەو خۆشەوە! بەڕاستی ئەبێت زۆر بە بەخت بیت کە شتێکی لەم جۆرەت دەستکەوێت! ئەمە موستەحیلە. لە زانستی ئاژەڵدا وەک ئەوە وایە کە پڵنگێکی مرۆڤ خۆر فێر بکەیت کە چۆن گژوگیان بخوات لە جیاتی گۆشت! هەوڵ ئەدەیت و سەرکەوتوو نابیت و لە دواین وێستگەدا خۆت لە گەدەی پڵنگەکەدا ئەبینیتەوە. ئەمە هەڵەیە. ئێستا بیربکەنەوە، ئەبینن ئەگەر هیچ جۆرە لۆژیکێک لە هەموو ئەمانەدا هەبێت. ئەگەر وتتان ئەی (A) ئەبێت بڵێیت ئەی، بی، سی، و دی(A,B,C,D ..).

با وا بڵێین ئەم قەیرانە کۆتایی هاتووە، ئەمە بە دڵنیایی ڕوو ئەدات لە کۆتاییدا، کۆڤید نۆزدە لە کۆتاییدایە. ئەو کۆمپانیا گەورانە لە کۆتاییدا پێکوتەکە ئەدۆزنەوە کە دوای ١٨ مانگ ئەبێت[نازانم بە دڵنیایی بەڵام ئەمە هەر ڕووئەدات] لە کۆتاییدا و ئەگەڕێینەوە ژیانی ئاسایی خۆمان. بەڵام ئایا ئەگەڕێینەوە ژیانی ئاسایی خۆمان ؟ ! باوەڕ ناکەم! هیچ باوەڕ ناکەم! ئەگەر ئێوە پێتان وابێت ئەوا هەڵەن. بڕوانن هەموو حکومەتەکانی جیهان لە ژێر باری قەرزێکی زۆردا نوقم ئەبن کە هیچ وێنەی نەبووە ، بار ئەبن تا دوورترین ئاست بەم بارگرانییە مەترسیدارە. پرسیارێکم هەیە هاوڕێیان، پرسیارێک بۆ ئێوە، هەوڵ بدەن کە وەڵامم بدەنەوە، پرسیارێکی زۆر سادە، کێ باجی ئەمە ئەدات؟ کێ فاتورەی ئەم هەموو پارە زۆرو زەبەندەیە ئەدات کە قەرزکراون، بەو بۆنەیەوە بڵێم کە قەرزیان کردووە. قەرز ئەبێت بدرێتەوە، ئەگەر قەرزێکتان وەرگرت ئەبێت بیگەڕێننەوە ، ئەمە ئەو خەوشەیە(عەیب)ە کە تیایەتی. ئێستا سێ بژاردەتان ئەخەمە بەردەست ئەڵێم ئەوەی کە نایگەڕینێتەوە، سەرماریەدارانن کە نایگەڕێننەوە! خاوەنی بانکەکان نایگەڕێننەوە! دەوڵەمەندەکان نایگەڕێننەوە! شازادە چارلز نایگەڕێنێتەوە! بۆریس جۆنسون نایگەڕێنێتەوە! دۆناڵد ترامپ بە دڵنیایی نایگەڕێنێتەوە! نەخێر بەڵکو ملیۆنان خەڵکی ئاسایی ئەبن، کرێکاران، خانەنشینە بەتەمەنەکان، بێکارەکان بە ژنان و پیاوانەوە، خوێنداکارن و هەمووان. ئێوەن کە باجەکەی ئەدەن و لە ڕاستیدا ئەبێت بە تەجروبەیەکی ئازاربەخش، ئایا پێتان وایە کە ئێوە لە کاتی دەستپێوەگرتندا (austerity) ژیانتان کردووە پێشتر لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ؟ ! هێشتا هیچتان نەدیوە! بەڵی بەڵام من ئەمە زیاد ئەکەم : ئەگەر کەسێک هەیە بە جدییەوە وا پێشبینی ئەکات کە کرێکارە بەریتانی و ئەمریکی و فەرەنسی و یابانییەکان ڕازی ئەبن بە کەمکردنەوە و بڕینی بیمە مەترسیدارەکان و پەلاماردان بۆ سەر ئاستی ژیانیان، پێم وایە ئەبێت جارێکی تر بیر بکاتەوە! نەخێر چی ئەبینن لێرەدا هاوڕێیان، ئەوەی وێنای ئەکەم بریتییە لە کۆتایی ڕەچەتەیەک بۆ تەقینەوەیەکی گەورەی ناکۆکی چینایەتی لە هەموو جێیەک. من ئەم تێڕوانینەم لێرە و لەوێ ئەخەمە ڕوو، بەڵێ، نازانم کە چەند ئەخایەنێت تا ئەو کاتەی کە ڕوو ئەدەن، بەڵام پێم وا نییە کە کاتێکی زۆریان بوێت. لەبەر ئەوەی لە ژێر قبوڵکردنی ڕووکەشی و بێدەنگی وگوێڕایەڵیدا هەڵچوونێک لە بێزاری و توڕەیی وبێهوایی هەیە کە بەدوای دەروازەیەکدا ئەگەڕێت و بێتە دەرێ. بە دڵنیاییەوە دێتە دەرێ. ڕێگایەک ئەدۆزێتەوە بۆ هاتنە دەر. هەر ئێستا ئێوە ئەمە لە ئیتالیا ئەبینن، سەرهەڵدانی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و ناڕەزایەتی عەفەویی کرێکارانێک کە بێزاربوون لە ناچارکردنیان بە چوونەوە سەرکارگەکان، کە توشی نەخۆشییەکە ئەبن و ئەیانگوێزنەوە بۆ خێزانەکاینان و بەم شێوەیە. ئەمە لە هەموو جێگایەک ڕووئەدات، ئەزانن کە شەوی ڕابردوو بۆ نمونە، کاتژمێر هەشتی شەو شێوەیەک لە وەک خۆپیشاندان هەبوو کەسێک بانگەوازی بۆ کردبوو نازانم کێبوو، بەلام خەڵکەکە چوونە دەرەوە. با وا دابنیین کە ئەوانیش لە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایتین ، هەموویان پێکەوە هاتنەوە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان ، دەنگە دەنگیان بە قاپ و قاچاخەکانیان ئەکرد و چەپڵەیان بۆ هاوپشتییان لێئەدا. بۆ کێ ؟ نەک بۆ هاوپشتیکردنی بۆریس جۆنسون و حکومەتەکەی هەرگیز! ئەوان نەبوون کە خەڵکەکە سڵاوی بۆیان ئەنارد! خەڵک کرێکارانێکی باشن، تەندروستن و نیازێکی پاکیان هەیە. خەڵکانی مرۆڤ بە واتای وشە و هاوپشتیییەکی تەواویان لەگەڵ برایان و خوشکانی خۆیان هەیە کە لە نەخۆشخانەکادا کار ئەکەن. چەپڵەیان بۆ لێئەدان. ئەمە هاوپشتییەکی چینایەتی (class solidarity) بوو. بەڵی ئەوە بوو، بەو بۆنەوە ئەم بەیانییە لەگەڵ پۆڵ مۆرفی (Paul Murphy) لە دەبڵن(Dublin) قسەم کردو وتی چەپڵە لێدانەکە لە دەبڵن لە ناوچە کرێکارییەکاندا زۆر زیاتر بوون و کەمتریش لە گەڕەکی چینە ناوەندییەکەدا. ئەمە هیچ نەبووە جێگای سەرسامبوونی من. ئەمە پرسێکی چینایەتییە هاوڕێیان هەر ئێستا لەم قۆناغەدا، خەڵک گومانی قوڵی لێنیشتووە بە هۆی سیاسەتەکانی حکومەتەوە بۆ ئەو کارانەی کە ئەنجامی ئەدات و ئەنجامی نادات. ئەم توڕەییە بەندکراوەیە، بەندکراوە، بەڵام بە بەندکراوی نامێنێتەوە بۆ ماوەیەکی درێژ و بەرەو پێشەوە هەنگاو ئەنێت. لەگەڵ وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراودا لە ناکۆکی چینایەتی. من هەرگیز لەگەڵ ئەو خەڵکانە یەکناگرمەوە ، بەداخەوە کە ژمارەیان زۆرە و خۆیان بە چەپ ناساندووە[ئەڵێم خوا لەم چەپە بمانپارێزێ!] زۆربەیان بێکەڵکن و هیچ فێر نەبوون بەو بۆنەوە هێشتا فێرنابن. ئەزانن کە ئەم خەڵکانە بە دەوری خۆیاندا ئەگەڕێن و سەرگەرمی پێکە بیرەکەی خۆیانن یان بەدەوری پەرداخی چای ڕووەکی دەوریان بەستووە لەوانەیە حەز لە بیرە نەکەن. گلەیی ئەکەن و ئەڵێن : ئای لەو بارودۆخە دژوارە، ئای بڕواننە ئەوە، ئەوە کۆنەپەرستییە کە ئەگاتە دەسەڵات و تڕوهاتی لەم بابەتە. ئەو خەڵکە دۆڕاوانە من پێیان ئەڵێم ماسییە مردووەکان. نەخێر پاشەرۆژی ڕاستەقینە ئەو گەنجانەن کە بە واقعی هاتوونەتە مەیدانی ژیانەوە تەنانەت پێش ئەم بارودۆخە لە پرسی ژینگە کە نمونەیەکی ترە لەوەی چۆن سەرمایەداریی هەسارەکەمان وێران ئەکات. ئەمە پاشەڕۆژە، نەوەیەکی نوێ ڕائەپەڕێت و دێتە مەیدانی ژیان و زۆربەیانن هەروەک خۆتان ئەیبینن.

بەم تێبینە کۆتایی پێئەهێنم، چەند قۆناغێک هەن لە مێژوودا کە ئەبنە چەند قۆناغی گۆڕانکاری قووڵ. هەموو بارودۆخەکە لە خاڵێکی شلۆقدا تێیدا چەندایەتی ئەگۆرێت بە چۆنایەتی بە بەکارهێنانی دەربڕینێکی دیالەکتیکانە. بەڵی لە بارودۆخێکی وادا هەموو رووداوەکان بە خێرایی ئەچنە پێش، لەپێشدا تا ڕاددەیەک ئارام و بە هێواشی بەڕێوە ئەچن، لەپڕ بە خێرایی ئەچنە پێش، بەڵێ خێرا ئەبنەوە و لە کۆتاییدا هیچ گومانم لەوەدا نییە. لە بارودۆخی وادا شاهیدی چەند ئاڵوگۆڕی خێرایی وەک هەورە بروسکە ئاسا ئەبن لە هۆش و بیرکردنەوەدا. من بێزاربووم لەو خەڵکانەی کە خۆیان بە چەپ ئەناسێنن چەپە کۆنەکان لە ڕاستیدا. ئەڵێن ئای نەخێر هۆشیاری جەماوەر زۆر لە خوارەوەیە. تکایە ڕەحم بکەن لەم وتنەوەی ئەم گاڵتەجاڕییانە! چیتر پیر بووم بۆ بیستینی ئەمانە! نەخێر و نەخێر هۆشیاری ئەتوانێت بە خێرایی هەورە بروسکە بگۆڕدرێت لە بارودۆخی وادا و پرسەکە بە تەواوەتی ئەمەیە : کاتێک کە جەماوەری خەڵک دەستئەکەن بە جووڵە، کاتێک کە کرێکاران و گەنجان دەست ئەکەن بە جوڵە و ئەشجوڵێن بە دڵنیایی، هەورەک ئەو چۆن شەو بەسەر ڕۆژدا دێت. پرسی یەکەم کە ئەبێت ئێمە لەم باردۆخەدا پێوەی خەریک بین ئەوەیە کاتێک کە دەست ئەکەن بە جووڵە ئایا ئەو ڕێکخراوە پێویستییە ( زەروری) ئەدۆزنەوە، ڕابەرایەتی پێویست ئەدۆزنەوە کە پێداویستییە گرنگە لە پێناو ڕابەرایەتیکردنی بزووتنەوەکە بەرەو سەرکەوتن کە هیچ بژاردەیەکی تر نییە. سوپا پێویستی بە ژەنەراڵە باشەکان هەیە ، پێویستی بە چەند ئەفسەری باش هەیە، بە سەرۆکایەتی باش هەیە. ئەمەش ئامانجی ئێمەیە، ئەمە ئامانجی مارکسییەکانە، فێربوون لە شتەکان. فەیلەسوف سپینۆزا (Baruch Spinoza) ، بەو بۆنەوە فەیلەسوفێکی زۆرباش بوو جارێکیان وتی” ئەرکی ئێمە نە گریانە و نە پێکەنین، بەڵکو تێگەیشتنە”! بەڵی هاوڕێیان ئەمە ئەرکەکەی ئێمەیە. نەگریان و نە پێکەنین بەڵکو تێگەیشتن! و تەنها بە تێگەیشتنتان لەوەی کە لە کۆمەڵگا چی ئەگوزەرێت و ڕووئەدات و ئەو هێزە ڕاستەقینانەی کە لە ژێرخاندا کارئەکەن و ئەو جیهانە ئەبیینن کە پێشئەکەوێت.

کاتێک کە ئەبێت پوختەی پێداویستییەکان هەڵهێنجێنین. ئەمە بە ڕاستی پێشبڕکێ کردنە لەگەڵ کات و بەم وتەیە کۆتایی بە قسەکان ئەهێنم. چەند کاتێکمان هەن، ئەم قەیرانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە چەند کاتی هەڵچوون و کاتی داچووندا درێژە ئەکێشێت. بۆ چەند کاتێک درێژە ئەکێشێت، بەڵام هیچ دەرچوونێک لە سەر بنچینەی سەرمایەدارییدا نییە. ئەمە جەوهەری پرسەکەیە.چەندکاتێکمان هەیە، بەڵامهەمووکاتەکەمان نییە.

هەربۆیە برایان، خوشکان، دۆستان و هاوڕێیان بانگەوازتان ئەکەم ڕەوتی مارکیستسی جیهانیی و دەروبەرمان و ئەوانەی ئەڕواننە ڕێکخراوەکەمان، تکایە هاوکاریمان بکەن، هاوکاری مارکسیەکان بکەن لە بیناکردنی ئامرازێکی زەروریی، کە گرنگە، داواکراوەو پێداویستییە بۆ گەیاندنی ئەم بزووتنەوە دەرکەوتووە بە ئامانجە کۆتاییەکەی. ئەمە بەندە بە ئێوەوە. پێم وابێت کە ژمارەیەکی زۆر سەیری ئەم پەخشە ڕاستەوخۆیە ئەکەن و ئەیبینن، و دانیشتوون لە ماڵەکانیان و لەوانەیە هەندێک بێزاریش بووبن بەهۆی دابڕینی کۆمەڵایەتییەوە. سوود لەم دابرانە کۆمەڵایەتییە ببینن و هەستن بە خوێندنەوەی باش، کتێبەکانی مارکس، ئەنگلس، لینین و ترۆتسکی بخوێننەوە. ئەو ئەدەبە نایابانە بخوێننەوە کە لە پێگەکەی خۆماندا بڵاویان ئەکەینەوە ( Marxist.com) . هیوادارم کە بڕیاری ئەوە نەدەن کە وەک بینەرو هاندەرێکی نێگەتیڤ لە میژوودا بمێننەوە و چاودێرێکی نێگەتیڤ بن بە سەر ڕووداوەکان، بەڵکو کردەیەکی چالاک بن لە مێژوودا، کرێکاری چالاک بن، بەشداری چالاک بن لە تێکۆشان، هەروەها وەک ئەندام و خەباتگێڕی شۆڕشگێڕ بن لە ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی.

دەقی وتووێژی ئالان ودز لەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە و قەیرانی جیهانیی سەرمایەداری لە شەوی  ٣ ی ئاپڕڵ بە ڕاستەوخۆیی پێشکەشکرا. 

ڕوونکردنەوەکان:

  • ئابوری کینیزیی تیۆرییەکی ئابورییە لە زیادکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت و کەمکردنەوەی باج بۆ هاندانی داواکاریی و دەرکێشانی ئابوری جیهان لە داڕمان
  • ئابوری ڤیدوو(Voodoo) پرۆگرام و نازناوێکە لە سیاسەتێکی ئابوری ساڵانی ١٩٨١ کە چوار ئامانجی هەیە، کەمکردنەوەی رێژەی گەشەی خەرجییەکانی حکومەت، کەمکردنەوەی باج، کەمکردنەوەی ڕێکخستنەکان، کەمکردنەوەی هەڵئاوسان لە ڕێگای توندکردنەوەی خستنەڕوی دراو.
  • بەرهەڵستی مێگەل یان بەکۆمەڵ (herd immunity) بریتییە لە توشبونی زۆربەی مێگەلێک بە پەتایەکی گوێزراوە تا بەرهەڵستی وەربگرن و بتوانن لەم ڕێگایەوە وردە وردە پەتاکە کۆنترۆڵ بکەن.