سەرمایەداری هەڕەشەی گەڕانەوەمان لێدەکات بۆ سەدە تاریکەکان!

ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاسۆکانی ئابوری جیهانیی ڵێڵتر ئەبن. حکومەتەکان هەموو شتێکی خۆیان بۆ دەربازبوون لە بارودۆخەکە خستۆتە گەڕ، بەڵام هەموو زەخیرەکانی خۆیان لە دواین قەیراندا لەدەستداوە. هیچ ڕێگایەکی دەربازبوون لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا نییە.


پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وێرانی لە سەرتاسەری جیهان بەدوای خۆیدا ڕائەکێشێت. کۆمەڵگا دائەخا و بەرهەمهێنان توشی ئیفلیجی ئەکات، هەرلەبەر ئەمەیە کە سەرمایەداری دەرگیری قەیرانێکی وجودی‌یە* لەگەڵ داڕمانێك کە هاوکات کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگاکان دائەنێت.

پانتایی قەیرانەکە زۆر گەورەتر ئەبێت لە هەر قەیرانێکی پێشووتر کە دەرگیری بووین- گەورەتر لەوەی ساڵەکانی ٢٠٠٨ ، و گەورەتر لەوەی ١٩٢٩-١٩٣٣ . لێشاوی بێکاری بە تۆڵەوە جارێکی تر سەرهەڵئەدەن، ئەو کاتانەی ملیۆنان کەس کارەکانی خۆیان لەدەست ئەدەن. سکرتێری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ستیڤن مونچن (Steven Mnuchin,) ئاگاداری خۆیدا کە ڕەنگە بێکاری تا ڕاددەی ٢٠% هەڵکشێت، لەگەڵ کاریگەری دانان لەسەر دەیان ملیۆنانی تر. ئەمە لە کاتێکدا کە ڕێژەی بێکاری ١٠% ی لە کاتی داڕمانی ٢٠٠٨دا تۆمارکردبوو.

هەرئێستا دامەزراوی چێشتخانە نیشتمانییەکانی ئەمریکا پێ‌یان وایە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا لانی کەم ٥ تا ٧ ملیۆن کرێکار کارەکانیان لەدەست ئەدەن. دامەزراوەی گەشتوگوزاری ئەمریکاش ڕایگەیاند بێکاری تا ڕاددەی ٤،٦ ملیۆن کرێکار لە کۆتایی مانگی داهاتوودا هەڵکشێت.

قەیرانی جیهانیی

قەیرانەکە زۆرتوند کاریگەری لە چینی دەسەڵاتدار داناوە. لە ساڵی ١٩٣٨دا ترۆتسکی باسی ئەوەی کردووە کە چۆن چینی دەسەڵاتدار بە چاوداخراوییەوە بەرەو ڕووی کارەسات لێژ ئەبوونەوە. هەمان وێنای ئەمڕۆیە. ترس لەهەر جێیەک بوونی هەیە.

وڵاتی چین کە هێزی بزوێنەری جیهانی سەرمایەداری بوو لە ڕابردوودا ئێستا لە شکستێکی ڕەهادایە. بانکی ئەڵمانی (Deutsche Bank) پێشبینی کردووە کە تێکڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (GDP) ی چین لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای ٣٧،١% دابەزێت، کە پێشتر دابەزینێکی چاوەڕواننەکراوبوو. هەردوو پرۆسەی ناردن و هێنانی بەرهەم داڕووخاون، و بەشێکی یەکجار گەورەی ئابوریش بە تەواوی داخراون.

چیتر وڵاتی چین ناتوانێت هاوکاری دەربازکردنی جیهان لە داڕمان بکاتەوە، هەروەک لە دەیەی ڕابردوودا ئەنجامیدا. لە جیاتی ئەوە ئەبێتە بارگرانییەک بۆی. دوای داڕمانی ٢٠٠٨ حکومەتی بیجینگ پەمپی بلیۆنەها دۆلاری بە ئامانجی بەردەوامی ئابوری کرد. بە پێچەوانەی باقی جیهانەوە، ئابوری چین دەرگیری داکشان نەبووەوە و بەڵکو بەردەوام بوو لە گەشەکردن بە بڕی ١٠% لە ساڵێکدا. بەڵام ئێستا بەهۆی قەرزی زۆر و نەبوونی بازاڕەوە کاتی ئەمەش بەسەرچووە.

ئەمریکا، گەورەترین ئابوری جیهان هەرئێستا لە توانەوەدایە. دیسانەوە بانکی ئەڵمانی (Deutsche Bank) پێشبینی ئەکات کە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ئابوری ئەمریکا بە ڕێژەی ١٢،٩% ڕوو لە دابەزین ئەکات، ئەمەش گەورەترین داکشانە بە درێژایی هەشتا ساڵی ڕابردوو، کە پێئەچێت ئەمەش ژمارەی واقعی نەبێت چونکە بە بەردەوامی پێشبینییەکان ڕوو لە دابەزین ئەکەن.

بەهەمان شێوە یابانیش لە بارودۆخی داکشانی ئابوریدایە، هەروەک چۆن دەرگیری یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەفریکا بووەتەوە. هیچ وڵاتێک لەم قەیرانە ڕزگاری نابێت. ئەمە قەیرانێکی جیهانی سەرمایەدارییە.

هەروەک پێشتر ڕوونمان کردەوە(بڕوانە بابەتی سەرمایەداریی ئەمریکا) جیهان زۆر پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا ووردە ووردە خاو ئەبۆوە، و ڕووەو داکشانێکی گەورە ملی ئەنا. ڤایرۆسەکە تەنها پەلەپیتکەی خێراکردنی ئەمە بوو – ڕووداوێک کە دەرخەری پێداویستییەکی قوڵترە. هەر شتێک ئەیتوانی پەلەپیتکەی تەقاندنی داکشانەکە بوایە کە چاوەروانی ڕوودان بوو.

هەر ئێستا چینی دەسەلاتدار لە بارودۆخی ترسێکی گەورەدایە، ترسێک لە داڕمانی تەواوەتیی سیستمی سەرمایەداری. داخوازی کاڵا(Demand) بە هەمان شێوەی دابینکردنی کالا (Supply) زۆر بە توندی دابەزیون. زریانێکی نمونەیی‌یە کە لە بارودۆخێکی خراپتردا ڕووی نەئەدا.

ئارمەگێدن (دواین وێرانکاری گەورە یان دواین جەنگی نێوان باش‌و خراپ)

جیهان هێشتا لە دواین کاریگەرییەکانی داڕمانی ساڵی ٢٠٠٨ ساڕێژ نەبووەتەوە. دارێژەرانی سیاسەت هەموو زەخیرەی خۆیان بۆ بە گژداچوونەوەی قەیرانەکە بەکارهێنا. زۆر کەمیان بۆ ئەم شەپۆلە نوێ‌یەی هەرەسی ئابوری پێماوە. چەند مانگ لەمەوپێش، بەڕێوەبەری پێشووی بانکی بەریتانیا مێرڤین کینگ(Mervyn King) باسی لە ئەگەری دواین جەنگی وێرانکاری دارایی کرد، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە هەزار هێندەی ئەو کاتە خراپترە کە پێشبینی ئەکرا.

پاش دوودڵی‌ و هەڵلەرزین، یەدەکی فیدراڵی ئەمریکا ڕێژەی قازانج(سوو)ی بۆ ٠،١% دابەزاند و بە لێشاویی دووسەد بلیۆن دۆلار لە پێناو ڕزگارکردنی گیانی بازاڕی گرێبەستەکان(bond market) خەرج کرد. پلانی ئەوەشیان هەیە کە پەمپی ١،٢ تریلیۆن دۆلاری ئابوری تریش کە پێشتر وێنەی نەبووە بە ئامانجی ڕزگارکردنی سیستمەکە بکەن( کە لە نێویدا ٧٠٠ بلیۆن دۆلاری بۆ کڕینی سامانە) سەرباری ناکۆکییەکانی نێو کۆنگرێس لەمڕووەوە.

بانکی ناوەندی ئەوروپا (ECB) پلانی بۆ کڕینی زیاتر(سەربار)ی ٧٥٠ بلیۆن دۆلاری گرێبەستەکان( جگە لەوەی کە پێشتر پەیمانی ١٢٠ بلیۆن دۆلاری دابوو) ڕاگەیاند کە قەرزی حکومەتن. سەرباری ئەمە ئەیانەوێ ٢٠ بلیۆن دۆلاری تری مانگانەی قەرزەکان بکڕن بۆ هاوکاریکردنی حکومەتەکانی ئەوروپا.

ئیتالیا- کە لە بارودۆخێکی یەکجار ناسکدایە لە ڕووی قەرزە لێشاوەکانیەوە- داخوازی ڕێکاری ئابوری زیاترە بۆی، و داوای برۆکسلی کردووە بۆ دانانی سندوقێکی ڕزگارگەری ٥٠٠ بلیۆن دۆلاری. هەرچەندە کە بانکی ناوەندی خاوەنی ٣٦٤ بلیۆن دۆلار قەرزی ئیتالیایە و وا چاوەڕوان ئەکرێت کە بڕی ١٥٠ بلیۆن دۆلاری تریش بکڕێت. بەڵام بانکی ناوەندی وابەستەی یاسایەکە کە ڕێگری لێئەکات ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەک لەسەر سی‌ێ قەرزەکانی وڵات. ئەمە ئەو ئاستەیە کە بەم زووانە پێ‌ی ئەگەن. وتووێژەکان بۆ لابردنی ئەم ڕێگرییە هەر ئێستادا لە ئارادایە. بەڵام ئەم سیاسەتی" بێسنوور"ییە توڕەیی ئەڵمانیا و بوندیسبانک (Bundesbank ) کە دەزوولەی کیسەی پارەکانیان لە چنگدایە لێکەوتۆتەوە.

بانکی ناوەندی (ECB) ڕێکارەکانی خۆی بە "پرۆگرامی فریاگوزاری پەتا" ناوبردووە. بەڵام زیاتر بە "پرۆگرامی فریاگوزاری تۆقین! ئەچێت. ترسیان لە هەڵئاوسانی قەیرانی قەرزی زیاتری ناوچەی یورۆ هەیە کە زگماکی بارودۆخەکەیە.

هەروەها بانکی ئینگلاند بە دوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا ڕێژەی سوودی بۆ ٠،١% دابەزاند. ئەمە بەمانای تۆمارکردنی نزمترین ئاستە بە درێژایی ٣٢٥ ساڵی ڕابردوو لە تەمەنی دامەزراندنی خۆی. بەڕێوەبەری بانک ئاندرو بایلی (Andrew Bailey ) ( ئێستا لە لایەن هاوڕێکانییەوە بە Bailout Bailey ناوئەبرێت) – مەبەست لە Bailout ڕزگارکەر لە ڕێگای پارەدانەوە – وەرگێڕ) بارودۆخەکەی " بە تەواوەتی بێوێنە" ناساند لەگەڵ بازاڕێکی دارایی کە " لە ناڕێکی سنوورەکانیدا"یە . تەنانەت هەڕەشەی بە داخستنی بازاڕەکان لە سایەی ئەم بارودۆخە شازانەدا کرد.

بەریتانیا بە تایبەت دەرگیری قەیرانەکەیە لەبەر ئەوەی هەرئێستا لە هەژماری خۆیدا خاوەنی کورتهێنانێکی گەورەیە . ئەمە بەمانایە دێت کە پشتی بە دارایی دەرەکی بەستووە. وەبەرهێنەرانێک لەگەڵ ئەم داواکارییە گەورانەی نەختنیە (cash) دا، بەهای سوودیش بەرز ئەکەنەوە. کەدواجار توانای حکومەت لە قەرزکردن و خەرجکردندا ئیفلیج ئەکەن.

حکومەتی پارێزگاران لە نێوان تاشەبەردو شوێنێکی ڕەقدا گیریان خواردووە. سەرباری مەترسیەکان بڕیاری پەیمانیان بە پێشکەشکردنی ٣٣٠ بلیۆن پاوەند وەک هاوکاری بۆ بەگژداچوونەوەی قەیرانەکە دا.

یابان پاکێجێکی فریاگوزاری ٢٧٥ بلیۆن دۆلاری ڕاگەیاندووە، کە ئەمەش ئەچیتە سەر خەرمانەی ئەو قەرزە لێشاوانەی لە قەیرانەکانی ڕابردوودا کەڵەکە کراون.

تەقینی بڵقەکان(مەبەست لە شکستی بازاڕە)

حکومەتە سەرمایەدارەکان هەموو شتێکی خۆیان لە قەیرانەکە بەکارهێنا. بەڵام لەوەش دڵنیا کە ناتوانن بەر بە داڕمانەکە بگرن. هاوشێوەی شەمەندەفەرێکی خێرای بێ ستۆپە. هەموو ئەوانەی کە لە توانایاندا بێت ئارامکردنەوە و هیواخواستن بە بارودۆخێکی باشترە. توانجنووسیک وتی: " ئەم سیستمە بە دروستی بۆ هێرشکردنێکی لەم چەشنە دانەڕێژراوە".

هیچ هۆکارێکی تریان بۆ گۆڕینی هەرەس لە داواکردندا(demand) پێ نییە، کرێ‌ی کار کەمکراوەتەو ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش کارەکانیان لەدەستداوە. هەوڵەکانیان هاوشێوەی ڕاگرتنی هەرەسهێنانی شاخە بەفرینەیە بە ئامێرێکی لەحیمکردن. هەموو ئەو پارانەی کە پەمپی ئابوری پێئەدەن جگە لە بەهەدەردان هیچی تر نیە و هیچیش بۆ ڕزگارکردنی سیستمەکە ناکات.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەوڵی پرۆگرامی ئاسانکاریی چەندایەتی(Quantitative Easing) لە سەرتاسەری جیهان دران. ئەمانە دواتر بە مەبەستی دژایەتیکردنی بەرهەمهێنانی دژبەیەک(diminishing returns) درێژکرانەوە ، بەڵام هەرکاتێک کە پەمپی پارەی هەرزانیان بۆ ئابوری کرد ئەبنەوە سەرهەڵدانی کێشەو گرفت لە جێگای تر. ئەم پارانە بە ڕەحەتی (funnel) بۆ دووبارەکڕینەوەی پشک (share buy-backs ) و بڵقەکانی سامان (asset bubbles ) بەکاربران، کە دەرئەنجامەکەی بووە درێژترین بازاڕی ڕوولەسەر مێژوودا. ئێستا شتەکان پێچەوانە ئەبنەوە.

بازاڕی جیهانیی پشکەکان هەرەس دێنن. بە دڵنیاییەوە، ئەمانە وەک هەمیشە بە " چاکسازییەکان" خاڵبەندی کراون. بەڵام ئاراستەکە هەر ڕوولەخوار بوو. بە پێی ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت لە (20/3/20) شکستی بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا زۆر لە داڕمانی ۆڵستریت(Wall Street )ی ساڵی ١٩٢٩ خێراترە. داڕمانەکە دەرئەنجامی بازاڕێکی مەودا درێژیی چوونەسەری نرخەکانە(bull market). هەموو دەستکەوتەکانی" نەڕاندنی بیستەکان"( Roaring Twenties) لە ناوبران. هەرئەمڕۆ پێنوێنی داوجۆنز بە بڕی ٣٢% ڕووی لە دابەزین کرد.

ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت جارێکی تر ڕایگەیاند" بەسادەیی نازاین کە پشکەکان تا چەند ڕوو لە خوار ئەکەن، بەڵام بە دڵنیایی خێرایی پرۆسەی فرۆشتن(sell-off) لە تێڕوانینێکی مێژوویی‌یەوە جێگای نیگەرانی و دوودڵییە".

مارکس ڕاستگۆ بوو

بە پێچەوانەی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ ، قەیرانەکە سەراپاگیرە. هیچ کەسی لێ بەدەر نیییە. باردۆخەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە تاریکی زیاتر ئەکات، ئەو کاتانەی کە چەند بەشی زیاترو زیاتر پێ‌ی کاریگەر ئەبن. بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایە.

چینی دەسەڵاتدار تا ڕاددەیەکی زۆر بێتوانایە. هەوڵی فڕێدانی پارە بۆ سەر کێشەکە ئەدەن. بەلام ئەوەی کە ڕووئەدات بە سادەیی قەیرانی دارایی نییە (کە خراپتر ئەبێت)، بەڵکو قەیرانێکی سیستماتیکی خودی سیستمی سەرمایەدارییە.

سیستمەکە خۆی ماندوو کردووە. هێزەکانی بەرهەمهێنان– پیشەسازیی، تەکنیکی، زانست- سنوورە دیاریکراوەکانی دەوڵەتی نەتەوە و موڵکدارێتی تایبەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنانی تێپەراندووە. بازاڕ بە تەواویی بەرتەسکە بۆ ئەو توانای بەرهەهێنانە کە سەرمایەداری دروستی کردووە.

هەوڵیاندا لە ڕێگای بەرفراوانکردنی دەستکردانەی بازاڕ بە دەوری کێشەکەدا خوول بخۆن. بەڵام لەگەڵ هەر دواخستنێکی قەیرانەکەدا- قەیرانی بەرهەمهێنانی زیادە (overproduction) – قەیرانەکە زۆر توندترو گەورەتر ئەبێت کاتێک سەرهەڵئەدات. مارکس زۆر لەمەوبەر ئەمەی ڕوونکردۆتەوە. ڕووداوەکانی ئێستا سەرسوڕهێنەرانە ئەم لێکدانەوانەی پشتڕاستکردۆتەوە.

کابوسی سەرمایەداریی

مەترسی ئێستا بۆ سەرمایەدارن ئەوەیە کە ئەم داکشانە ئابورییە ڕووەو شتێکی گەورەتر پەرە ئەسێنێت، کە ئەویش هەستکردن بە بێهیوایی بە دواڕۆژە. ئەق مەترسییەی کە لە ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ باسی لێوەکرا.

ئەوەی بووە هۆکاری بێهواییەکانی ساڵانی ١٩٣٠ داکشان و داڕمان نەبوون، بەڵکو سیاسەتەکانی هەژارکردنی دراوسێ (beggar-thy-neighbor) بوون کە لە ئەمریکا لە ساڵەکانی ١٩٣٠دا جێبەجێکران. سەرەتای دەستپێکردنی جەنگێکی بازرگانیی بوو کە بووە هۆکاری داڕمانی بازرگانیی، کە سەرمایەداری تەنها بە جەنگێکی جیهانیی ئەیتوانی تێیدا بێتە دەرەوە. ئێستا بەهۆی چەکی ناوەکییەوە ئەم بژاردەیە دوورە.

بە بوونی ترەمپ لە کۆشکی سپی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی " یەکەمجار ئەمریکا" ، مەترسی جەنگی بازرگانی

لە بارودۆخەکەدا ئیمکانی هەیە، دوای هەمووشتێک بە واقعی جەنگی بازرگانی لەگەل چین و ئەوروپا دەستپێکرد.

سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی ئەم قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا بە تاکلایەنەیی هەڵسوکەوتی کرد، دەستی بەداخستنی گەشتەکان لەگەڵ ئەوروپا کرد کە بووە مایەی بێزاربوونی سەرکردەکانی.

جەنگێکی جیهانیی نوێ‌ی بازرگانیی- هاوشان لەگەڵ کێبڕکێ‌ی دابەزینی بەهای دراو-( competitive devaluations) بۆ پاڵپێوەنانی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە بۆ کەسانی تر خۆی لە خۆیدا بە مانای گەورەترین بێهوایی‌یە.

بەڵام بێهوایی ئەمجارەیان مەودایەکی بەرفراوانتری لە چاو نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا هەیە. جیهانی ئەمڕۆ لەهەر کاتێکی تر لێکهەڵپژاو و وابەستەی یەکە. کاریگەرییەکانی بڕیارەکان کە لە واشنتۆن و بیجینگ و برۆکسلەوە دەرئەچن بەهەموو جیهاندا شەپۆل ئەدەن. ئەمە ئەو دێدگایەیە کە ئەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.

قەیرانی ئێستا پەردە لەسەر پەرمایەپووچبوونی تەواوی سەرمایەداریی هەڵئەداتەوە، بە هەڕەشەی گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ چاخە تاریکەکان.

تەنها پلانێکی ئابوری سۆسیالیستییە – کە سەرچاوەکانی هەسارەکە بۆ بەرژەوەندی هەموو خەڵک بەکاردێنێت- نەک چەند مشەخۆرێکی بلیۆنێر- لە توانایدایە چارەسەری ئەم بنبەستی‌یە بکات. تەنها لەناوبردی ئانارشیی سەرمایەدارییە کە لەم کابوس(خەوی ناخۆش)ە ڕزگارمان ئەکات.

ڕوونکردنەوەکان

تێرمی بڵقەکانی سامان(asset bubbles ) لەو کاتانە بەکاردێت کە سامانێک (asset) بۆ نمونە وەک خانوو، ئوتومبیل، زێڕ، .. هتد نرخەکەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد ئەبێت لە کاتێکدا کە بەهای خۆی ئەوەندە نییە.

دووبارەکڕینەوەی پشک (share buy-backs) مەبەست لە دووبارە کڕینەوەی کۆمپانیاکانە بۆ پشکەکانی خۆیان لە بازاڕ، بە مانای دووبارە سەرمایەگوزرایکردنی کۆمپانیاکەیە لە خۆیدا.

ئاسانکاری چەندایەتی (Quantitative Easing ) سیاسەتێکی نەختینەیە، بانکەکان بەکاری ئەهێنن بۆ چالاککردنی ئابوری وڵات ئەو کاتەی کە سیاسەتی نەختینە هیچ دەرئەنجامێکی نییە.

یاسای بەرهەمهێنانی دژبەیەک(diminishing returns ) باردودۆخێکە کە سوود و قازانج تیایدا گەشە ناکەن بە شێوەیەک کە شایانی ئەوەبێت پارەو توانایی زیاتری تێدا سەرف بکرێت.

تێرمی (bull market) مەبەست لەو ماوەیەیە لە بازاڕ کە نرخی تەواوی کالاکان ڕوو لە زیادبوون ئەکەن.

تێرمی نەڕاندنی بیستەکان (Roaring Twenties) بەو ماوەیەی ساڵەکانی ١٩٢٠ ئەوترێت کە ئابووریی بە تایبەت لە شارە گەورەکانی وەک بەرلین، نیویۆرک، لەندەن، پاریس، سیدنی... هتد هاوشان لەگەڵ گەشەی ڕۆشنبیریدا ڕوویان لە هەڵکشان کرد.

تێرمی خێرافرۆشتن (sell-off) بەو بارودۆخە ئەوترێت کە پشکەکان لە هەمان کاتدا فرۆشراون بەشێوەیەک کە نرخەکانی دابەزاندووە.

سیاسەتی (beggar-thy-neighbor) یان هەژارکردنی دراوسێ، لە ئابووریدا بە مانای پەیڕەوکردنی سیاسەتێکە کە وڵاتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە ئابورییەکانی خۆی کێشەو گرفت بۆ وڵاتانی تر زیاد و کەڵەکە بکات.

کێبڕکێ‌ی دابەزینی بەهای دراو (competitive devaluations) شێوازێکی تری سیاسەتی هەژارکردنی دراوسێ‌یە، کاتێک وڵاتی A بەهای دراوەکەی ڕوو لە دابەزین ئەکات لە چاو دراوی وڵاتی B ، هەوڵی فرۆشتنی بەرهەمە نێردراوەکەی ئەکات لە وڵاتی B بە نرخێکی کەمتر، بەڵام کاتێک کە دراوەکەی ئەگۆڕێتەوە هێشتا قازانجتر ئەکات! نمونە ئەگەر نرخی ١ یورۆ بکاتە ١،٥ دۆلار و ولاتی A بەرهەمێکی خۆی بە ١٥ دۆلار لە ئەمریکا بفرۆشێت( واتە بە پارەکەی خۆی ١٠ یورۆ ئەکات، کاتێک کە نرخی ١ یورۆ داببەزێت بۆ ١،٢٥ دۆلار ، ئەوا وڵاتی A هەوڵی فرۆشتنی بەرهەمەکەی خۆی ئەدات بە ١٤ دۆلار-وای پیشان ئەدات کە هەرزان بووە- ، بەڵام کاتێک کە پارەی بەرهەمەکە ئەگۆڕێتەوە بە یورۆ ئەبێت بە ١١،٢یورۆ واتە هێشتا قازانجی کردووە).

سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزمدا